دیسان ئەنفال
Saturday, 21/04/2012, 12:00
٢٤ ساڵ دەرباز دەبێت بەسەر ئەنفالدا ، ئەو ئەنفالەی کە هیچ شتێکی نەپاراست . هەڵبەت ئەنفالی بەعسیەکان یەکەم ئەنفال نە بوو بەسەر کورداندا هاتبێت بەڵکو لە کاتی داگیرکراوی کوردستانەوە دیاردەی ئەنفال بۆتە تەوقی عەزازیل و لە گەردنی کورد ئاڵاوە . ئەگەر ئەنفالی بەعسیەکان بە پاکتاوی جەستەیی و زیندەبەچاڵی کوردانی باشوور کۆتایی هاتبێت ئەوا ئەنفالی تورکە فاشستەکان خەون بە کوشتنی ئیرادەی هەموو کوردان دەبینێت و تەواوی زیندانەکانی بە ئازادیخوازان و مێرمنداڵان پڕ کردووە ، ئەمە جگە لە دۆزینەوەی سەدان گۆڕی بە کۆمەڵ تەنها لەماوەی ئەم دوو ساڵەی ڕابردوودا.
دزێوترین و قێزەونترین ئەنفالی تورک هەوڵدانە بۆ ئازاردانی ڕۆحیەتی کوردان بە لەتوپەت کردنی تەرمی گەریلا و تەجاوزکردن بە منداڵانی زیندانیکراو و بێ هەواڵ هێشتنەوەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان لە زیندانی تاکە کەسیدا.
بە بڕیاری کۆمیتەی دژ بە ئەشکەنجەی ئەوروپا ناسراو بە (سیپیتی) دەبێت حەفتانە پارێزەران سەردانی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان بکەن ، لێ بەڵێ ئەوە نۆ مانگ دەرباز بوو و هیچ هەواڵێک لە بەڕێزیان نییە و تەنانەت پەرێزەرەکانیش لە کونجی زیندان قایم کراون . ئەم کردەوە چەپەڵەی تورکەکان بێ وەڵام نەما و هەر زوو کوردان کەوتنە خۆ و بەشێوەیەکی زۆر مەدەنیانە هەم کردەوەی دەوڵەتی تورک و هەم بێ دەنگی ناوەندە نێودەوڵەتیەکانیان شەرمەزار کرد .
یەکێک لەو دیاردە مەدەنیانە بریتی بوو لە مانگرتن لە خواردنی زیاتر لە ٢٠٠٠ زیندانی ناو زیندانەکانی تورکیا و ١٥ چالاکوان لە ستراسبۆرگی فەڕەنسا ، هەرچی زیندانییەکانە زیاتر لە دوو مانگە لە سەر پەیمانەکەی خۆیان بەردەوامن و چالاکوانانی ستراسبۆرگیش ٥١ ڕۆژی تێپەڕاند و کات لە دوای کاتیش ڕەوشی مانگران خراپتر دەبێت .
ڕەوشی خراپی مانگرتوان و دڕندایەتی دەوڵەتی تورک بوویە هۆی ئەوەی کوردان لە هەموو جیهانەوە بکەونە خۆیان و پشتگیری لە مانگرتوان بکەن . یەکێک لەو شوێنانەش شاری هەولێری دێرین بوو کە ژمارەیەک لە ئازادیخوازان کەوتنە گرەوی مانگرتن لە خواردن ، بەڵام لە چارەڕەشی کورداندا دەسەڵاتدارانی هەولێر لە مەلیک مەلیکتر و لە داگیرکەر دڕندەترن . ئەگەر ناوەندە نێو دەوڵەتیەکان لە بەرامبەر چالاکی کورداندا تەنها بێ دەنگیان هەڵبژاردبێت ئەوا بنەماڵەی بارزانی هەر زوو بە دەنگ هاتن ، بەڵام چ بە دەنگ هاتنێک ؟
ئەو بە دەنگ هاتنەی کە بەعس ئاسا ئەنفالیان دووبارە کردەوە و کەوتنە پەلاماردانی چالاکوانان ، ئەگەر بەعس لە ژێر لمی بیابانەکاندا جێگەیەکی بۆ کوردان دەدیتەوە ئەوا پارتەکەی بارزانی ئەو جێگەیەشی بە چالاکوانان ڕەوا نەبینی و لە چۆڵەوانی و بەر سەرمادا و باراندا بێ ماڵ و لانەی کردن .
ئەم دیاردە دزێوەی بنەماڵە و کابینەکەی نێچیرڤان بارزانی هەمان دیاردەی ساڵی ١٩٩٢م بیر دێنێتەوە کە یەکەمین بڕیاری یەکەم پەڕلەمان بریتیبوو لە شەڕکردن لە بەرامبەر ئازادیخوازانی نەتەوەکەمان و چاوساخیکردن بۆ تورکە فاشستەکان .
ئەم دیاردە دزێوەی پارتەکەی بارزانی هەمان بۆنە تایبەتیەکانی بەعسیەکانم بیر دێنێتەوە کە لە هەر بۆنەیەکی تایبەتدا کۆمەڵکوژییەکی کوردانیان ئەنجام دەدا ، بارزانیش لە یادی ٢٤ ساڵەی ئەنفالدا ئەنفال دەژێنێتەوە .
ئەم دیاردە چەپەڵەی پارتەکەی بارزانی هەمان دیاردەی کۆکوژیەکانی شاری شنۆ و هەورامان و کۆمەڵکوژیەکەی ١٩٩٧ی هەولێری دێرینم بیر دێنێتەوە .
بۆچی هێرشکردنە سەر مانگرتوان ؟
بنەماڵەی بارزانی زۆر دیاردەی ناشیرین و دزێویان تێکەڵ بە فەرهەنگی کوردان کرد ، وەک کورد بە کەمزانین و خۆ بەستنەوە بە داگیرکەران و کورد کوشتن ، بەڵام لە هەموو دیاردەکان دزێوتر ئاشبەتاڵ و دژە شۆڕشییە .
هەر کاتێک باس لە ئاشبەتاڵ دەکرێت بارزانیت دێتە بەرچاو ، هەر کاتێکیش باس لە دژە شۆڕشی و شۆڕش تێکدان دەکرێت یەکسەر پە نجەی شایەتومان بۆ ئیدریس بارزانی درێژ دەکرێت . هێرشکردنە سەر چالاکوانانی هەولێریش لە چوارچێوەی ئەم دوو دیاردەیەدا خوول دەخوات بەم جۆرە :-
١- چۆڵکردنی شاری هەولێر لە چالاکوانان بۆ دووبارە کردنەوەی ئاشبەتاڵە ، چونکە لە کاتی ئاشبەتاڵەکەی بارزانیدا سەرانی بنەماڵە تەواوی کوردستانیان چۆڵ کرد و ڕێگەشیان بە هیچ چالاکوانێکی دیکە نەدا لە مەیدانەکەدا بمێنێتەوە . لە دیدی بارزانییەوە ئەگەر شاری هەولێریش بە چالاکوانان چۆڵ بکرێت ئەوا مانگرتوان ناچار بە ئاشبەتاڵ دەبن و هەمان دیاردەی ئاشبەتاڵ دووبارە دەبێتەوە .
٢- لە کاتی شەڕە کوردکوژیەکاندا ، ئیدریس بارزانی دەیگوت " ئەگەر شۆڕشمان پێ نەکرێت خۆ شۆڕشمان پێ تێک دەدرێت " ، ڕۆژگار ئەوەی سەلماندووە کە بنەماڵەی بارزانی نەک هەر شۆڕشیان پێ نەکراوە بەڵکو هۆکاری بە کۆیلەهێشتنەوەی کوردان و لاوازکردنی شۆڕشی کوردان بوون . هێرشکردنە سەر چالاکوانانی هەولێریش دووبارەکردنەوەی دیاردەی دژە شۆڕشییە ، چونکە ئەو چالاکیە مەدەنییە خۆی لە خۆیدا شۆڕشێکە و قبوڵنەکردنیشی جگە لە دژە شۆڕشی هیچ شتێکی دیکە نییە .
بۆ زانیاری زیاتر کرتە لەسەر ئەم لیبکانەی خوارەوە بکە : -
http://www.pcdk.org/kurdi/page.php?sid=12326 http://www.pcdk.org/kurdi/page.php?sid=12322 http://www.pcdk.org/kurdi/page.php?sid=12323
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست