مافه‌کانی ئینگلیز وه‌کو ساچمه بڵاو بوونه‌وه
Wednesday, 25/02/2009, 12:00
مه‌لیک مه‌حمود:
ده‌یانه‌وێت کار و فه‌رمانێکی پۆلیسییم پێ بسپێرنمن چۆن بۆ ماڵی دنیا شتی وا ناشرین ده‌که‌م!ئه‌م وتاره ده‌رباره‌ی چاوپێکه‌وتنێکی د.که‌مال مه‌زهه‌ر نوسراوه که گۆڤاری لڤین له ژماره‌ی (80)دا له‌گه‌ڵی ساز کردووهکاک که‌مال مه‌زهه‌ر ده‌ڵێت له‌و به‌ڵگه‌نامانه‌دا که باسی کۆنگره‌ی ئاشتیی له پاریس و په‌یمانی سیڤه‌ر ده‌که‌ن هه‌ست ده‌که‌یت به ئاشکرا دیاره ئینگلیزه‌کان به دڵ ویستویانه یاریده‌ده‌ری کورد بن بۆ ئه‌وه‌ی وه‌کو ده‌وڵه‌تانی تر، ده‌وڵه‌تی کوردییش دابمه‌زرێت. به‌ڵام هه‌ر کاک که‌مال خۆی دوا به دوای ئه‌وه ده‌ڵێت: "زلهێزه‌کانی وه‌ک روسیا، ئینگلیز و ئه‌مریکا ئه‌وانیش به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان هه‌یه، خۆ نابێت تۆ بڵێیت ئه‌مریکا من بکه به ده‌وڵه‌ت، ئه‌ویش له سۆنگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیه‌وه بۆ مه‌سه‌له‌که ده‌ڕوانێت، نه‌ک له‌سه‌ر داوای کورد."
له بواری زانستییدا تێکست که ناکۆکیی تێکه‌وت سکوت ده‌کات، ئیتر زیاده‌یه قسه‌ی له‌سه‌ر بکرێت، به‌ڵام له‌ناو کورددا ئه‌م جۆره پره‌نسیپانه ره‌چاو ناکرێن بۆیه ده‌بێت ئه‌و هه‌ڵه‌یه بکه‌م که ئه‌م خاڵانه‌ش له‌سه‌ر قسه‌کانی کاک که‌مال بخه‌مه روو:
یه‌که‌م، کاک که‌مال به دڵ ئینگلیز ده‌خوێنێته‌وه، ئه‌گینا ئه‌وان وه‌کو خۆی ده‌ڵێت کاریان بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان کردووه نه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت پێک بهێنن بۆ گه‌لان. به‌ریتانیا زلهێزێک بوو که پێیان ده‌وت کۆلۆنیالیست. کۆلۆنیالیستیش شه‌رحی ناوێت لای هه‌موو گه‌لانی جیهان، کورد نه‌بێت، ناوی خۆی به خۆیه‌وه‌یه‌تی، گاندی رزگارکردنی هندستان له داگیرکردنی به‌ریتانیا کردی به گاندی.
دووه‌م، نوسراو و تێکست ده‌توانن ببن به که‌ره‌سه‌ی مێژوویی به‌ڵام کاتێک ده‌بن به به‌ڵگه که باسی راستییه‌ک بکه‌ن. ئه‌گه‌ر به نوسین بێت سه‌ددامیش دیموکرات بوو.
سێیه‌م، به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا که هاتنه ناوچه‌که رۆژی 08/11/1918 به‌یانیان ده‌رکرد که ئه‌وان بۆ رزگارکردنی گه‌لانی ژێر ده‌سته‌ڵاتی عوسمانیی هاتوون، خۆیان له‌و بڕوایه‌دا نه‌بوون که ئه‌و درۆیانه ئه‌وه‌نده به‌کاربن. مه‌لیک مه‌حمود که به دیل گیرا ئه‌و گفتانه‌ی دایه‌وه به چاویاندا. شێخ قادری حه‌فید جوانترین پێناسه‌ی ئه‌و مافانه‌ی کردووه که کاک که‌مال دوباره بۆمانی ده‌خاته‌وه پاکه‌ت. شێخ قادر ده‌ڵێت: "مافه‌کانی ئینگلیز وه‌کو ساچمه بڵاو بوونه‌وه." رۆژنامه‌نوسی سویدییش "بیتته هامهرگرێن" ده‌ڵێت: "به‌ریتانیا ته‌نها چه‌کی مه‌عده‌نیی به‌کار نه‌هێنا (1)."
چواره‌م، بۆ کۆبوونه‌وه‌ی ئاشتی له پاریس شێخ مه‌حمود دوو نوێنه‌ری نارد بۆ پاریس، ره‌شید زه‌کی کابان و سه‌ید ئه‌حمه‌دی مه‌ره‌خه‌س. له سوریا و لوبنان به فیتی ئینگلیزه‌کان رێگایان لێ‌گیرا، فه‌ره‌نسییه‌کان گرتیانن، هێنرانه‌وه بۆ موسڵ و حوکمدران (5/36). رۆژی 23/07/1919 جۆرج پێکۆت بۆ وه‌زیری کاروباری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسیی ده‌نوسێت که :"فه‌رمانی توند له سه‌رکرده‌ی گشتییه‌وه له باره‌ی ئه‌م دوو که‌سه‌وه هاتووه که هه‌موو توانایه‌ک بوه‌ستێنرێت بۆ چوونی ئه‌م دوو که‌سه بۆ پاریس و ئه‌وه پیشان بدرێت که هاوپه‌یمانه‌کانمان پابه‌ندی ئه‌وه‌ن که ده‌نگی خه‌ڵکی کوردستان نه‌گاته ئه‌وروپا." هه‌روه‌ها له باره‌ی ئه‌وه‌وه که وه‌فدی ئه‌مه‌ریکیی له بێروت ره‌شید زه‌کی کابانی دیووه ده‌نوسێت که ئه‌و ره‌فتاره ناته‌واوه‌و کۆتایی نامه‌که‌ی به‌مه ده‌هێنێت: "وادیاره که له‌وێش رای گشتیی ته‌واو لایه‌نگری داگیرکه‌ره‌کان نییه (2/23)." به‌ڵام له ناو ژماره‌یه‌ک روناکبیرانی کورددا تا ئێستاش را لایه‌نگری داگیرکه‌ره.
به گوێره‌ی کاک که‌مال ئینگلیزه‌کان له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تدا بووبێت یان فیدراڵی به دڵ ویستویانه هه‌موو مافه نهتهوایهتییهکانی کورد نه‌ک له کوردستانی عێراقدا به‌ڵکو له ئێران و تورکیاشدا بپارێزن. که‌چی له لایه‌کی تره‌وه ده‌ڵێت: "ئینگلیزه‌کان له مه‌لیک فه‌یسه‌ڵ پاڕاونه‌ته‌وه که له‌گه‌ڵ کورد توندڕه‌و نه‌بێت." هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "عه‌ره‌به شۆڤینییه‌کان زۆر توندڕه‌و بوون و ئاماده نه‌بوون دان به هیچ مافێکی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی کورددا بنێن." ئه‌مانه له وڵاتێک‌دا که ئه‌م مه‌لیک فه‌یسه‌ڵه دارده‌ستی ئینگللیزهکان بوو، وڵاته‌که‌ش هه‌ر خۆیان به زه‌بر دایان مه‌زراند. ئینگلیزه‌کان ته‌نانه‌ت له کێشه‌ی گۆڕین و دانانی فه‌رمانبه‌راندا له‌و روانگه‌یه‌وه بیریان کردۆته‌وه که له شاره‌کانی کوردستاندا فه‌رمانبه‌ران کوردی‌زان بن نه‌ک مه‌رج بێت کوردبن. ئه‌مه‌ش له‌به‌ر هۆی به‌ڕێوه‌بردن که فه‌رمانبه‌ر و خه‌ڵک له یه‌ک بگه‌ن. ئینگلیزه‌کان جگه له‌وه‌ی که دڵڕه‌قانه هه‌موو چه‌کێکیان دژی شێخ مه‌حمود به‌کارهێنا، دوای ئه‌وه‌ش که‌وتنه گیانی بارزانییه‌کان. بۆ نموونه هێرشی هێزی ئاسمانیی ساڵی 1932 ژماره‌ی 1365 ماڵی له ناوچه‌ی بارزاندا وێران کرد (3/114) بناغه‌ی مرۆڤ سه‌ربڕینیش له عێراقدا ئه‌وان دایان هێنا. که خه‌لیل خۆشه‌ویی شه‌هید کرا، حکومه‌ت خه‌ڵکی شیروان و گوندی کلکهمووی به ژن و منداڵه‌وه کۆکرده‌وه‌و سه‌ری بڕاوی خه‌لیل و دووانی تریان له سێ قهڵهمهدار چه‌قاند بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی پێ چاوترسێن ببن (3/190).
شه‌ڕی شوعه‌یبه و تورککاک که‌مال له وه‌ڵامی ئه‌وه‌دا که ئایا ئینگلیزه‌کان ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌نده دڵیان به کورد سوتاوه بۆچی پشتگیریی شێخ مه‌حمودیان نه‌کردووه، ده‌ڵێت که: "شێخ مه‌حمود له شه‌ڕی شوعه‌یبه‌وه دژی ئینگلیز چه‌کی هه‌ڵگرت و دوایی په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ئۆزده‌میری پیاوی مسته‌فا ئه‌تاتورکدا دروست کرد، ئیتر چۆن تۆ ده‌ته‌وێت به‌ریتانیه‌کان دژت نه‌بن؟"
یه‌که‌م، شه‌ڕی شوعه‌یبه شه‌ڕی عوسمانیی بوو دژی به‌ریتانیای داگیرکه‌ر، نه‌ک شه‌ڕی شێخ مه‌حمود دژی به‌ریتانیا.
دووه‌م، به‌شداربوونی شێخ له شه‌ڕی شوعه‌یبه‌دا هیچ کاریگه‌رییه‌کی دواتر نه‌بووه بۆ سه‌ر په‌یوه‌ندیی شێخ و ئینگلیزه‌کان. سیاسه‌ت دڵداریی نییه به‌پێی تۆران و دڵپیسیی بڕوات به‌ڕێووه. جێگای گومانه ئینگلیزه‌کان خۆیان قسه‌یه‌کی له‌و جۆره‌یان کردبێت که له‌به‌ر ئه‌وه ده‌وڵه‌تیان به سه‌رۆکایه‌تیی شێخ دروست نه‌کرد بۆ کورد چونکه له شه‌ڕی شوعه‌یبه‌دا شێخ دژی ئینگلیز بووه‌و دوای هێنانه‌وه‌شی له هندستان له‌گه‌ڵ تورک‌دا په‌یوه‌ندیی کردووه.
سێیه‌م، شێخ به ماوه‌ی نزیکه‌ی سێ ساڵ دوای شه‌ڕی شوعه‌یبه له‌گه‌ڵ به‌ریتانییه‌کان رێککه‌وت و یه‌که‌م حکومه‌تی کوردستان له رۆژی (17/11/1918)دا پێک هات. مێجه‌ڕ نۆئێل هات بۆ سلێمانی و پێشوازییه‌کی گه‌وره‌ی له لایه‌ن خه‌ڵک و شێخه‌وه لێ کرا. دوای ناردنی شێخ به به‌ندیی له لایه‌ن ئینگلیزه‌وه بۆ هندستان، جارێکی تر ئینگلیزه‌کان ساڵی 1922 شێخیان هێنایه‌وه بۆ کوردستان. ئه‌مانه‌ش ئه‌وه پیشان ده‌ده‌ن که ئه‌وه کاک که‌مال خۆیه‌تی به‌و جۆره بیر ده‌کاته‌وه بۆ ئینگلیزه‌کان نه‌ک ئینگلیزه‌کان.
چواره‌م، کورد پێش هێنانه‌وه‌ی شێخ په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ تورکه‌کان له به‌رامبه‌ر به زوڵمی ئینگلیزه‌کاندا دامه‌زراند بوو. ئینگلیزه‌کان شێخیان بۆئه‌وه هێنایه‌وه که به‌کاری بهێنن بۆ ده‌رکردنی تورکه‌کان. له راپۆرتێکی فه‌ره‌نسییدا که له 05/09/1922 گه‌یشتووه، نوسراوه: "له ژێر گوشاری تورکیی/کوردییدا رانیه و ده‌ربه‌ند له لایه‌ن ئینگلیزه‌کانه‌وه چۆڵکراوه و به‌ره‌و کۆیسهنجاق پێچاویانه‌ته‌وه، به‌ڵام فڕۆکه‌کان تا ره‌واندز بۆمباران ده‌که‌ن. له به‌رامبه‌ر ئه‌م ره‌وشه‌دا کۆمیسێری باڵا به په‌له شێخ مه‌حمودی له کوێته‌وه هێناوه‌ته‌وه له هه‌وڵێکدا بۆئه‌وه‌ی بیکه‌نه ده‌ستکه‌لای خۆیان له کوردستان (3/48). شێخ له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێت:
"ئینگلیزه‌کان و فه‌یسه‌ڵ منیان بۆ ئه‌وه هێناوه‌ته‌وه که تورکه‌کانیان بۆ ده‌ربکه‌م به‌بێ ئه‌وه‌ی له هیچ گفتوگۆکردنێکدا ده‌رباره‌ی دوارۆژی کوردستان هیچ به‌ڵێنێک بده‌ن." هه‌روه‌ها شێخ ده‌ڵێت: "ده‌یانه‌وێت کار و فه‌رمانێکی پۆلیسییم پێ بسپێرن، خه‌ڵک له خۆم کۆبکه‌مه‌وه‌و بچم تورکه‌کانیان له ره‌واندز بۆ ده‌ربکه‌م. من هه‌موو ژیان و سه‌روماڵ و که‌سوکارو هاوڕێ و دۆستم هه‌مووی له پێناوی کورددا داناوه، ئێستا من چۆن ئه‌و کاره پۆلیسییه ناشرینه ده‌که‌م؟ ئینگلیزه‌کان به‌ڵێنیان داومێ که هه‌رچی ئه‌و موڵک و ماڵه‌م که ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتبوو هه‌موویم بده‌نه‌وه‌و یارمه‌تیی ماڵییشم بده‌ن، به‌ڵام من چۆن بۆ ماڵی دنیا شتی وا ناشرین ده‌که‌م؟ (4/283)"
شێخ لهتیفکاک که‌مال ده‌ڵێت شێخ له‌تیف زۆر زۆر گه‌وره‌یه، به‌ڵام ئه‌وه بوو که خوله پیزه‌ی دروست کرد، له رێگه‌ی ئه‌وه‌وه باقی به‌گی دادوه‌ر کوژراو دواتر شێخ له‌تیف گیرا.
یه‌که‌م، خوله‌پیزه کورسی نه‌بوو شێخ له‌تیف دروستی بکات. خوله روونه که حه‌مه‌ومین بانیشاریی پۆلیس چووه سه‌ری به زۆر له‌گه‌ڵ خۆی کێشی بکات. خوله که زۆری بۆ هات ته‌قه‌ی له حه‌مه‌ومین کرد و کوشتی. له‌مه‌وه خوله له حکومه‌ت قاچاخ بوو. باقی به‌گ به رێکه‌وت که‌وتبووه که‌مینی خوله‌وه. باقی به‌گ هیچ ناکۆکییه‌کی له‌گه‌ڵ شێخ له‌تیف نه‌بووه. شێخ له‌تیف له‌سه‌ر کوشتنی باقی به‌گ نه‌گیرا. شێخ له‌تیف به بیانووی شه‌ڕی نێوان شێخان و ئاغاوه حوکم درا. عومه‌ر عه‌لی به شێخ له‌تیفی وتبوو: "به‌س بڵێ شیوعی نیم حوکمت ناده‌م." کاک که‌مال خۆشی نیشانه‌یه‌کی ئه‌م راستییه ده‌رده‌خات که ده‌ڵێت دوای شۆڕشی (14)ی گه‌لاوێژ شێخ له‌تیف ئازاد کراو یه‌کێک بوو له‌و که‌سانه‌ی که له‌گه‌ڵ وه‌فدی عێراقییدا ناردیان بۆ چیک.
10هه‌زار ئه‌نفال و کیمیاوییکاک که‌مال ده‌رباره‌ی کوشتنی باقی به‌گ ده‌ڵێت: "ئه‌وه‌ی شێخ له‌تیف گه‌لێک گه‌وره‌تر بوو له‌و ده هه‌زار که‌سه‌ی کورد که ئه‌نفال و کیمیاباران کران."
یه‌که‌م، ئه‌نفاله‌کان عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید وتبووی بۆچی وا گه‌وره‌تان کردووه هه‌مووی سه‌د هه‌زار که‌س بوون. کاک که‌مال مه‌زهه‌ر کردوونی به ده هه‌زار. ئه‌گه‌ر له راستییدا ده هه‌زار که‌س بووبێتن، منیش له‌به‌ر هۆی زانستیی که نابێت شتی ناڕاست بووترێت، له‌گه‌ڵ کاک که‌مالم. به‌ڵام نه سه‌رجه‌می بیروڕاکانی کاک که‌مال پێشتر و ئێستا، نه لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی ورد هه‌یه ئه‌و ژماره‌یه بسه‌لمێنێت.
دووه‌م، ئه‌نفاله‌کان ده هه‌زاریش بووبێتن، (9999)یان زیاتره له حاکم باقی، له پلانێکدا بۆ ئه‌نفال که ژن و منداڵ و پیر کۆ کرابنه‌وه، گوێزرابێتنهوهو ئینجا به کۆمه‌ڵ کوژرابن و زینده به‌چاڵ کرابێتن، له هه‌ڵه‌بجه‌دا که هه‌وڵی فه‌وتاندنی هه‌موو رۆحێک درابێت، کاک که‌مال چۆن له ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه ده‌ڕوانێت وا کوشتنی حاکمێک له لایه‌ن یاخییه‌کی وه‌کو خوله پیزه‌وه زۆر گه‌وره‌تر بووه له‌و کاره‌ساتانه؟
که‌مال سه‌ید قادرکاک که‌مال ده‌رباره‌ی دۆکۆمێنت و د.که‌مال سه‌ید قادر ده‌ڵێت: "ئه‌و شتانه‌ی که بڵاوی کردوونه‌ته‌وه له باره‌ی شێخ لهتیفهوهیه."
یه‌که‌م، ئه‌و ژماره دۆکۆمێنته‌ی که د.که‌مال سه‌ید قادر بڵاوی کردنه‌وه، ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگاداربم، له یه‌کێکیاندا ناوی شێخ له‌تیف هاتووه، ئه‌گینا ده‌رباره‌ی شێخ له‌تیف نین. د.سه‌ید قادر که له‌گه‌ڵ پارتییدا ناکۆکیی توندی هه‌یه دۆکۆمێنته‌کانی له هێرشکردنه سه‌ر بارزانیدا به‌کارهێناوه. دۆکۆمێنت ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌کی زانستیی کاری له‌گه‌ڵ نه‌کرێت وه‌رناگیرێت. چۆنێتی به‌کارهێنانی دۆکۆمێنته‌کان له لایه‌ن کاک که‌مال سه‌ید قادره‌وه لای کاک که‌مال مه‌زهه‌ر له پله‌ی یه‌که‌مدا خواردوویه‌تی، بۆیه له پله‌ی دووه‌مدا قسه‌یان له‌سه‌ر ده‌کات و ده‌ڵێت: "د.که‌مال سه‌ید قادر ده‌یه‌وێت پیشانی بدات که ئه‌و له بارزانی بایاخی زیاتره، که وانییه،" ئه‌مه فه‌نتاسی کاک که‌مال مه‌زهه‌ر خۆیه‌تی که که‌مال سه‌ید قادر ئه‌وه‌ی ویستبێت. کاک که‌مال له فهنتاسییهکهیدا قوڵتر ده‌بێته‌وه‌و ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر ئێستا شێخ له‌تیف زیندوو ببێته‌وه له خۆی بپرسێت، ئه‌وه قبوڵ ناکات." قسه له‌سه‌ر شتێک ده‌کرێت که بوونی هه‌بێت. بیرکردنه‌وه‌که‌ی کاک که‌مال هه‌ر له بنه‌ڕه‌تدا هه‌ڵه‌یه.
ئاڵای کوردستانکاک که‌مال ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر به‌ده‌ست من بێت ئاڵای کوردستان ده‌گۆڕم." مرۆڤ له که‌سێکی وه‌کو کاک که‌مال چاوه‌ڕێ ده‌کات که هۆی گۆڕینی ئاڵای کورستان ئه‌و فاکته‌ره مێژووییانه بن که که‌سێکی ئاسایی په‌ی پێ نابات، که‌چی له‌به‌رئه‌وه ده‌یگۆڕێت چونکه لای وایه: ئاڵا ده‌بێت زۆر ساکار بێت و منداڵێک چۆن ده‌توانێت ئه‌و هه‌موو پێچاوپێچه‌ی له‌و ههتاوهدایه دروست بکات؟
پێوه‌ر بۆ تێگهشتنیۆنانییهکان زیاد له دوو هه‌زار ساڵ وتوویانه: "ئه‌وه‌ی من ده‌یڵێم راسته به گوێره‌ی خۆم، ئه‌وه‌ی تۆش ده‌یڵێیت راسته به‌گوێره‌ی خۆت." قسه‌کانی کاک که‌مال مه‌زهه‌ر به‌ندن به‌وه‌وه له چ روانگه‌یه‌که‌وه ده‌ڕوانێت. بۆ ده‌ست نیشانکردنی ئه‌و روانگه‌یه له‌م باسکردنانه‌ی خواره‌وه ورد ده‌بینه‌وه:
کاک که‌مال باسی مه‌لای گه‌وره‌ی کۆیه ده‌کات که پیاوێکی خوێنده‌وار و دنیادیده بووه، ئه‌ندامی مه‌جلیسی ته‌ئسیسی بووه له دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ته‌که‌دا، قسه‌ی دروستی کردووه، ئه‌و زانیوویه‌تی که ئێمه ده‌ره‌قه‌تی ئینگلیز نایه‌ین بۆیه رێبازی تری گرتۆته به‌ر نه‌ک چه‌ک. هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "مه‌لای گه‌وره به‌و قسه رێکوپێکانهی که له مه‌جلیسی تهئسیسییدا کردوونی، کارێکی ئه‌وتۆی کردووه که مه‌لیک فه‌یسه‌ڵ گوێی لێبگرێت و پێیبڵێت من حه‌ز ده‌که‌م ببم به قوتابی تۆ و له تۆوه عه‌ره‌بی فێربم."
له باسی مه‌لا ئه‌فه‌ندی هه‌ولێریشدا ده‌ڵێت: "ئه‌ویش که‌م نییه‌و ئیشی کردووه. ئایا ئه‌مه که‌مه له ساڵی (1941)دا که راپه‌ڕینه‌که‌ی ره‌شید عالی گه‌یلانی ده‌بێت، به‌که‌سدا راناپهرموون که مه‌لیک فه‌یسه‌ڵ و دایکی بنێرن بۆ ماڵی بۆ ئه‌وه‌ی که بیپارێزن مه‌لا ئه‌فه‌ندی نه‌بێت. ئه‌ی ئه‌و هه‌موو گه‌وره پیاوه له به‌سره‌و شوێنه‌کانی تری عێراق که بڕوایان به که‌س نه‌بێت، ئه‌ڵبه‌ت ئه‌وه کاری ئینگلیزه‌کان بوو که فه‌یسه‌ڵی دووه‌م و دایکی بنێرن بۆ ئه‌وێ تا شۆڕشه‌که داده‌مرکێته‌وه، ئاخر ئه‌مانه گاڵته نین."
ئێمه ده‌بێت تێگه‌شتنمان هه‌بێت بۆ کاک که‌مال که به‌م پێوه‌ره هه‌ر به‌و شێوه‌یه مرۆڤ له شته‌کان تێده‌گات. به‌ڵام کاک که‌مال ده‌بوو بزانێت که به‌کارهێنانی هه‌مان پێوه‌ر بۆ تێگه‌شتن له شێخ هه‌ڵه‌یه. سه‌رئاوکه‌وتنی دارێک له نوقومبوونی به‌ردێک چاوه‌ڕێ ناکرێت.
مه‌لیک مه‌حمود هه‌ر چه‌کی به‌کار نه‌هێناوه، جیاوازییه‌که له‌مه‌دا نییه. مه‌لیک مه‌حمودیش که‌وته ناو عه‌ره‌به‌وه، به‌ڵام ئه‌م به یه‌خسیریی نه‌ک به ئه‌ندامی مه‌جلیسی ته‌ئسیسی، له کۆنگره‌یه‌کی ناسیۆنالیسته عێراقییه‌کانیشدا له مانگی (12)ی ساڵی (1933)دا، له وه‌ڵامی یه‌کێک له وتاربێژهکاندا که وتوویه‌تی پێغه‌مبه‌ر عه‌ره‌به، ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر به‌م شێوه‌یه بێت ئه‌وا من موسوڵمان نیم (3/103)."
شێخ هه‌رگیز جێگای متمانه‌ی داگیرکه‌ری نیشتیمان نه‌بووه، تورک بووبێت یان ئینگلیز. که‌سێک به رۆح و ئه‌قڵ ئازادیی هه‌ڵبژاردبێت، نه‌زانییه ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌ی لێ بگیرێت بۆ دارده‌ستی داگیرکه‌ره‌که‌ی نه‌بووه. بۆ ئه‌وه‌ی له شێخی نه‌مر تێبگه‌یت ده‌بێت له بنه‌ڕه‌تدا بۆ کورد بیر بکه‌یته‌وه. که‌سێک مافی سه‌ربه‌ستیی نه‌دابێت به خۆی داوای شتێکی لێ ناکرێت که نه‌یبێت.
ناسر حه‌فید
2008-12-30
[email protected]تێبینی:
ئه‌م وتاره له ژماره‌ی رۆژی (31/01/2009)ی رۆژنامه‌ی هه‌واڵ دا بڵاوکراوه‌ته‌وه.
سه‌رچاوه:
Svenska Dagbladet1. 2002/12/01
2. نه‌جات عه‌بدوڵا، شێخ مه‌حمودی حه‌فیدزاده له به‌ڵگه‌نامه‌ی فه‌ره‌نسیدا 1919ـ1934.
3. ئه‌یوب بارزانی، المقاومه الکوردیه للاحتلال 1914ـ1958 دار نشر حقائق المشرق.
4. محه‌مه‌د ره‌سوڵ هاوار، شێخ مه‌حمودی قاره‌مان و ده‌وڵه‌ته‌که‌ی خوارووی کوردستان، به‌رگی دووه‌م.
5. سدیق ساڵح، حکومه‌تی کوردستان 2006، بنکه‌ی ژین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست