ئەوەى ماڵى لە شوشەى گەڕ بێت، با بەرد نەگرێتە ماڵى كەس..وهڵامێك بۆ ئەدهەم بارزانی
Saturday, 14/03/2009, 12:00
1212 بینراوە
ئەوەى ماڵى لە شوشە بێت نابێ بەرد بگرێتە ماڵى كەس، چونكە بەرد دەگیرێتەوە ماڵەكەىو ماڵەكەى دەشكێت، خۆ ئەگەر ماڵەكە لەشوشەیەكی گەڕیش بێت ئەوا لەخراپ خراپتر، ئەگەر ئەدهەم بارزانى دەیەوێت قسە لەسەر كاك كۆسرەت بكات ئەوا پێویستە بایى ئەوەندە بهێلێتەوە بەرد نەگیرێتە ماڵەكەى.
لەچاوپێكەوتنێكی ژمارەى 504ى رۆژنامەى هاوڵاتی ئەدهەم بارزانى ئەندام پەرلەمان دور لەئەتەكێتى پۆستەكەى خۆیىو شایستەى پایەى كاك كۆسرەت قسەلەسەر ناوبراو دەكاتو وەك دەرفەتێك توانجو نوقرچە لە جێگرى سەرۆكی هەرێمو یەكێتى دەگرێت، بۆیە لێرەدا بەپێویستم زانى وەك كادرێكی حزب دوو قسە لەسەر ئەدهەمو رابردوو كارى ناوبراو بكەم بۆئەوەى تێبگات هێشتا ماڵەكەى ئەو لەشوشەیەكی ناسكەو خەڵكیش زۆرە بەردی تێبگرێت.
سەرتا كاك كۆسرەت لە وتەكەی لە بەردەم پەرلەمانی كوردستان وەكو هەمو لایەكمان بینیمان داوای لە ئەندامانی پەرلەمان كرد بەباشترین شێواز ئەركەكانی خویان راپەرینین بەتایبەتی لە چاودیری كردنی حكومەتو دەستنیشان كردنی هەلەكانو دیاریكردنی چارەسەر، هاوكات لیپچینەوە لەگەل سەرپچیكەرانو ئەكتیف كردنی لیژانەكانی پەرلەمان, لێردا ئیمە پیرسیار دەكەین ئایا ئەمە باشتر نیە لە تەنها رەخنەگرتن لە كاتیكدا ئەندامی پەرلەمان دەسەڵاتی زیاترى هەیە ئەویش مافی خویەتی بەلام لەگەل ئەم رەخنەگرتنە باشتر نیە ئەگەر اندامی برلمان دستهەلاتی یاسای خوی بەكار بینیت بو چارەسەر كردن و لیپیچینەوە لەگەل سەرپیچیكەران؟ .
با ئەدهەم بیرى نەچێت كاتێك خەڵك لەشاخ شەڕى مانو نەمانى دەكردو لەگەڵ بەعسو یان كاتێك مەلا مستەفا لەشاخ بوو بەر لە هەرەسی ساڵى 1974، ئەدهەم یەكێك بووە لەوانەى لەبەغدا بووەو هیچ شەوێك شەقامە رۆمانسیەكانى بەغداى بەڕێنەكردووەو بێ پیاسەو ئەوكاتە ئەو لەژێر سێبەرى بەعس ژیاوە، ئێستاش ئەگەر بیەوێت وەتەنیەتما پێبفرۆشێت ئەوا قسەى دیكەمان بۆى هەیەو لەكاتو شوێنى خۆیدا باسی لێوە دەكەین، چونكە ئەوەى باسی لێوە دەكەین مشتێكەو رەنگە خەروارێكی دیكەش هەبێت بیوروژێنینو قسەى لێبكەین، ئەوەشی بیر نەچێت ئەو پەرلەمانەى ئەو ئێستا تێیدا ئەندامە بەخوێنى شەهیدانو خەڵكی شۆڕشگێر هاتۆتە دى كە كاك كۆسرەت رۆڵى سەرەكی تیادا بینوە، نەك حزبۆكەیەكی وەك حزبولڵاى بەناو كوردی كە ئەو گوایە رێبەرایەتى دەكرد، دیاریشە بو هەمو لایەك ئەم حزبە لەكوێو بۆچی دامەزرا.
بەهەرحاڵ بەر لەوەى ئەدهەم قسە لەسەر كاك كۆسرەت بكات پێویستە وەك ئەندام پەرلەمانێكی مولتەزیم دەوام بكاتو ئامادەى كۆبونەوەكانى پەرلەمان بێت، بەپێى پەیرەوى ناوخۆى پەرلەمان هەر ئەندامێكی پەرلەمان سێ كۆبونەوە لەسەر یەك یان پێنج كۆبونەوەى موتەفەریق ئامادەنەبێت بەبێ هیچ عوزرێكی مەشروع ئەوا ئەندامێتى لێدەستیێنرێتەوە، بەڵام لەخۆى دەپرسم كەىو چەند كۆبونەوەى پەرلەمان ئامادەییت هەبوە، خۆ دەكرێت لەخۆتان بپرسن بۆ پێشێلی یاساو رێنمایى پەرلەمان دەكەن، ئەگەر خۆشتان ئەو پێشێلكاریە دەكەن چۆن هەق بەخۆتان دەدەن رەخنە لە پەرلەمان بگرن.
ئەدهەم سەرۆكی لیژنەى پێشمەرگەیەو پێویستە راپۆرت لەبارەى وەزارەتى پەیوەندیدار واتە وەزارەتى پێشمەرگەو وەزارەتى هەرێم بۆ كاروبارى پێشمەرگە ئامادە بكات، بەڵام دیسان لێى دەپرسم كام راپۆرتەت ئامادەكردووەو باسی چیت تیداكردووە، ئەگەر كەسێك ئامادەى كۆبونەوەى پەرلەمانو لیژنەیەك نەبێت كە خۆى سەرۆكى بێت چۆن رەخنە لەحكومەت دەگرێتو چ هەقێك بەخۆى دەدات قسە لەسەر گەندەڵىو كێشەكان بەشێوەیەكی گشتیى بكات، ئیدی كەى خۆى وەك سەرۆكی لیژنە كارى خۆى كرد دەتوانێت رەخنە لەخەڵكی دیكەش بگرێت.
ئەدهەم ماوەیەك بوو موزایەدەى دەستلەكاركێشانەوەى دەكرد لەسەر شێروان حەیدەریى كە پیاوێكی ناسراوى هەولێرەو سەرۆكی لیژنەى یاساییە گوایە فایلی هەیە، بەڵام دەپرسم گەر جەنابتان هێندە دڵسۆزن دەبوو سوربن لەسەر دەستلەكاركێشانەوەتان بۆئەوەى بۆ خەڵكت بسەلماندایە كە ئەو قسانەى تۆ دەیكەى راستنو موزایەدەنین، ئەگەرنا ئەوە كاك شێروان ماوەو جەنابیشت وەك ئەوەى نابات بینیبێتو نەباران موچەو ئیمتیازى خۆت هەیەو دەوامیش ناكەیت لەپەرلەمان.
حەزیش دەكەم لە ئەدهەم بپرسم ئاخۆ كوشتنى ژنان لەسەر ناموس حەڵاڵە یان حەرام، بزانم چ ووڵامێكی دەبێت؟! خۆشی دەزانێت مەبەستم لەو دێڕەو لەو پرسیارە چییەو دەشزانێت چ ووڵامێكم بۆ هەڵگرتوە، ئەگەر راستیش دەكات با ووڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە، بەڵام پێموانیە جورئەتى ئەوەى هەبێت لەو مەسەلەیە قسەیەك بكات، چونكە دڵنیایە لەوەى ووڵامی ئێمە چییە!!
ئەوەش بیر ئەدهەم دەهێنمەوە كە ناوبراو سەرۆكی حزبو لڵاى شۆڕشگێڕى بەناو كورد بوو، هەموشمان دەزانین ئەو حزبەى لەكوێو چۆن ئەو گروپە چەكدارەى پێكهێناو بە كلیكی كێ كاریان دەكرد، هەر چەكدارەكانى ئەویش بوون حەسەن كوێستانیان لەساڵى 1995 شەهیدكرد.
قسەى زیاترم پێیە بەڵام هەڵیدەگرم بۆ هەر ووڵامێكی دیكەى ئەدهەم بارزانى لەسەر ئەوقسانە، چونكە شتى دیكەمان لایە بەژمارەو مێژوو دەتوانین باسی بكەین وەلێ هەندێ ئیعتیبارات رێگەدەگرێت لە ووروژاندنی، ئەوەشی دەهێنمەوە زاكیرە كە قەبوڵكردن یان نەكردنی ئیستقالە كاڵەكەى ئەو پەیوەندی بە ناكۆكی ناو لیستى زەرد هەبوو لەناو پەرلەمان نەك چاوى كاڵى ئەوو كە بروانامەى سێى ناوەندی هەیە.