بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە وشیاریی خەڵکە، کە لە رۆژی دەنگداندا کەس نەچێتە دەرێ، چونکە ئەوان بۆ ساختەکاری پێویستییان بە قەرەباڵغییە، نەک بە دەنگی ئێوە.


هێواش هێواش هەموو سەرانی بەعس لە خەستەخانەکەی فاروقی مەلامستەفا دەمرن

Tuesday, 01/07/2014, 12:00


ناسر حەفید دەڵێ :
"کاره‌ساتی کورد ئه‌وه‌ نییه‌، که‌ شوانێکی باشی نییه‌، به‌ڵکو ئه‌وه‌یه‌، که‌ پێی وایە ده‌بێت شوانی هه‌بێت."
لەبرینێکی نادیارەوە بەردەوام خوێنێکی زۆرمان لێ دەڕوات، پێدەچی ئیتر شەرمەزار بین، ئەگەر باسی دوژمنەکانمان بکەین.ئەوانەی سەردەمێک بە دڵ و ئارەزووی خۆیان، لێیان دەکوشتین و ئەتکیان دەکردین ئەمڕۆکە لەسەر پێخەفەکانمان لەناو ماڵ و لە شارەکەماندا تا دواساتی ژیانیان لە تەنیشتمانەوەن، بۆ سەلامەتی تەرمەکانیشیان لە تەنیشتی شەهیدەکانی قڕگە و شەهیدانی ترەوە گۆڕێکیان بۆ چێدەکەین، چونکە ئێمە میللەتێکین لێبوردەین و تاڵەبانی و بارزانی وایان پەروەردەکردووین، خاوەن خەستەخانەکان و دکتۆرەکانیش بۆ ئەوەی سوێندی وەفایان نەڕوشێت تا دوا هەناسە وەک پەپولە لەدەوری شەمعی جەلاد و بەعسیی و داگیرکەراندا دەسوڕێنەوە.

فه‌ریقی‌ یه‌كه‌می‌ روكن ماهر عه‌بدولره‌شید، كه‌ پێشتر فه‌رمانده‌ی‌ فه‌یله‌قی‌ سێ و حه‌وتی‌ سوپای عیراق بوو له‌سه‌رده‌می‌ رژێمی‌ به‌عس، له‌ شاری‌ سلێمانی‌ مرد.

ئەم پله‌داره‌ی‌ سوپای عیراق، ماوەیەکە نه‌خۆشه‌ و لە ئێواره‌یەکی پەمەیی شاری هەڵمەت و قوربانییەکەدا كاتژمێر نزیك 7:30 له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌ك له‌ شار بەهۆی جەڵتەی دڵەوە مردوە. ماهر عه‌بدولره‌شید (1942 تكریت_2014 سلێمانی‌) یه‌كێك بووه‌ له‌ فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ سوپای عیراق له‌ سه‌رده‌می‌ رژێمی‌ به‌عس.

له‌و سه‌رده‌مه‌دا، ئەم فه‌رمانده‌ قارەمانە لە فه‌یله‌قی‌ سێ بوو، به‌شداری‌ جه‌نگی‌ عیراق و ئێرانی كردووە، له‌ شه‌ڕی‌ فاو فه‌رمانده‌یی فه‌یله‌قی‌ حه‌وتی‌ كرد، كچه‌كه‌ی‌ به‌ ناوی‌ لوما، ژنی قوسه‌ی‌ کوڕی سه‌دام حسێن بووە، ئه‌و كچه‌ی‌ خاوه‌ن سێ كوڕ و كچێكه‌ كه‌ یه‌كێك له‌ كوڕه‌كانی‌ به‌ناوی‌ مسته‌فا له‌ گه‌ڵ قوسه‌ی بەدەستی هێزەکانی ئەمەریکا لەموسڵ كوژرا.
دوای‌ داگیر کردنی عێراق لەلایەن ئەمەریکاوە، "ماهر عه‌بدولره‌شید" له‌لایه‌ن ئه‌مریكییه‌كانه‌وه‌ له‌ شاری‌ تكریت ده‌ستگیركرا، دواتر هه‌ر خۆیان ئازادیان کرد، دەنگۆ هەیە کە تاڵەبانی تکای بۆ کردبێت، چونکە دوای ئەوە تالەبانی بردییە سلێمانی و لە پاڵ خۆی و هێرۆدا داینا.
چ شەرمەزارییە بەناوچەوانی تاک بەتاکمانەوە! ئێمە چەند لە ئیسرائیلییەکان دەچین؟ ئەوان جەنەراڵ و ئەفسەر و سەربازە نازییەکان لەهەر جێگەیەکی دنیادا ببوایە، دەیان هێنا و دادگاییان دەکرد، کەچی ئێمە ئەنفالچیی و بەعسییەکان میوانداری دەکەین و لەسەر پێخەفەکانی خۆمان خزمەتیان دەکەین تا گیانیان بە خاک دەسپێرن.
ئەی ئەوە خێرە ئەم هەموو کەناڵ و ڕۆژنامانەی وڵات، بێدەنگن و تەنها وەکو هەواڵێکی ئاسیی وەریان گرتووە، دوای ئەم بابەتە ناکەون، خەڵکەکەش  قوڕو قەپیان لێ کردوە هیچ ناڵێن؟
 
کاتێک لەماوەی ئەم ٢٣ساڵەی کورد لەم هەرێمەدا حاکمە و نایانەوێت ئەنفال وەک خۆی بخوێنێتەوە، ئەوە ئێستا دەبینین کە سەرکردە و تاوانبارێکی ئاوا لەناوماندا دەمرێت، هەموو قبوڵی دەکەین و پرسەی بۆ دادەنێن و فاتیحاشی بۆ دادەبەستن! ئای کە ئێمە چەند میللەتێکی سووکین! لام سەیر بوو تاڵەبانی و بارزانی چۆن بوو لاشەی سەدامیان نەهێنایە سلێمانی و گردێکیان بۆ تەرخان نەکرد و زێوان و هێزێکی زرێڤانیشیان بۆ دانەنا! من دڵنیام گەر تاکە جارێک گۆڕەکەی سەدام سوکایەتی پێبکرێت، بەدڵنیاییەوە مەسعود بارزانی ئامادەیە لاشە پیسەکەی بباتە لای خۆی، یان هێرۆی برایم ئەحمەد بیهێنێتە سلێمانی. ئەوەتانێ هەرچی بەعسی و جەلاد هەیە لە سلێمانی و هەولێر و دهۆک داڵدە دراون.

بۆ سلێمانی کراوەتە ئامانج ؟
سلێمانی ئەو شارەیە، کە ئەمڕۆکە بێخودانە و بە پلانێکی زۆر وورد خەریکن ڕایدەهێنن بە قبوڵکردنی ئەو سوکایەتیەی، کە لە مردنی سەرە بەعسییەکانەوە دەست پێدەکەن و چونکە پێشتریش فایلدارەکانی بەعسیان چەپڵە ڕێزان کرد! ئەوا خەڵکی هەڵەبجەش وەکو تەواوی میللەت چونکە وشیارنەبوون بێدەنگ بوون کە کاتی خۆی تاڵەبانی، تاریق رەمەزانی بەردا و گەیاندیە لەندەن، وا سلێمانیش لەمە بێدەنگە! هەڵەبجەییەکان بۆ تۆڵەکردنەوە هەستان دەنگی خۆیان بە یەکێتی دا، چونکە پێیان وابوو هەڵەبجە ئەگەر کرا بە پارێزگا ئیتر کیمیابارانی هەڵەبجە زامی ساڕێژ دەبێت و هەرچی کێشەی قوربانییەکانە چارەسەر دەکرێت، لەدوای ١٧ی شوباتەوە دەسەڵاتی ئەم دوو بنەماڵەیە لەپلانی ئەوەدان، هەر یاخی بوونێک هەبێت بەم شێوەیە لەناوی بەرن و هێدی هێدی لەڕێگەی کۆمەڵێک بەناو هونەرمەند و پیشەکاری سوکەوە سلێمانی و هەموو کوردی باشور ڕام بکەن، ئەوەتانێ پارتی لەڕێگەی کۆمپانیای بابیلۆنەوە خەریکی ئەوەیە کۆمەڵێک گۆرانیبێژ و هونەرفرۆش هێواش هێواش نەرم دەکات و جارناجارێکیش کەسوکاری سەدام و دەست و پێوەندەکانی بەعسی و تورکی و ئێرانی دەهێنن لەوێ لەخزمەتیا دەبن، لەو لاەوە خەڵکیش لەسەرەی بەنزیندا سەر قاڵ دەکەن.

مردنی ماهیر عەبدول ڕەشید، پێمان دەڵێ ئاسایشی ئەم ووڵاتە لە مەترسیدایە و پەیوەندی هەیە بەمان و نەمانی نەتەوە و ئەم ووڵاتەوە، ئێستا ئەگەر کۆمەڵە کەسانێک هەبێت بڵێن، مردنی کەسێک لەخەستەخانەیەکی سلێمانیدا چ پەیوەندی بەئاسایش و داهاتوی ئەم نیشتمانەوە هەیە؟ ئەمانە ڕازی نین بەوەی، کە هەیانە و دەیانەوێت هەموو ئەم ووڵاتە بفرۆشن و هەموو ڕێگەکان بۆ خۆیان تەخت بکەن، ئەوەتانێ جەلادێکی بەعسی بێ پرسی خەڵکی ئەو شارە هاتۆتە سلێمانی و هەرچی بەرپرسی ئەو شارەیە چونکە خەڵکی شارەکە نین نازانن چۆن یاری بە ئاگر دەکەن.ئیتر دوای ئەم کارەساتە ناتوانین خۆمان لەشکست بپارێزین و بێدەنگی خەڵکیش پێمان دەڵێ دڵۆپە ئاسا وا خەریکە هەموو خەڵکی سوکایەتیی و بێشەرەفییەکی نەتەوایەتی  قبوڵ دەکەن!
ئەی پێشمەرگە پەشمەکەکان لەکوێن کاتێک سەرە بەعسییەکی ئاوا لە باشترین نەخۆشخانەدا گیانی دەر دەچێت؟
قسەیەکی کارل مارکسم بیر کەوتەوە، کە ووتبووی "زووربەی شتەکان دووجار ڕوودەدەن، جارێک بە تراژیدیا، جارێکی تریش بەگاڵتەجاڕی"، ئەو ڕۆژانەی لەچیابووین ، ئەگەر بمان بیستایە جەلادێک لەخەستەخانەیەکی سلێمانی گیانی لەدەست داوە، هەرچی دکتۆرو فەرمانبەر و فەڕاشی ئەو خەستەخانەیە بوایە دەکەوتنە بەر نەفرەتی خەڵک، کەچی ئێستا شوکرانە دەکرێن، وەک چالاکیەکی مرۆڤدۆستانە چاوی لێدەکرێت.

من قێزتان لێدەکەمەوە دکتۆرەکان، فەرمانبەرانی ئەو خەستەخانەیە، لە فەڕاش و گسکدەر و پاسەوانەکان، کە تەنها شەرمەزاری ماوە ئەویشتان بەداوێنتان هەڵگرت.
داوا لە گروپی جەربەزەی چیای کوردستانپۆست دەکەم هەموو ئەو دکتۆر و کەسانەی کە بەم شيرمەزارییە هەستاون ناوەوکانیان بڵاوبکەنەوە و بەدواچوون بۆ ئەم کەیسە بکەن، پێدەچێ ماوەیەکی تر برینارەکانی داعشیش بێنە سلێمانی و لەژێر ناوی سوپای بەرگرییدا خزمەتیان بکەن.
پرسیار لێرەوە سەر هەڵدەدات داخۆ ئیتر سلێمانی شایستەی شاری هەڵمەت و قوربانیییە، یان بۆ ناوێکی دیکە بگەڕێن، کە شایستەی ئەو هەموو سوکایەتییە بێت،  وا لە سایەی پارتی و یەكیتیی و گۆڕانەوە ئەم هەموو سوکایەتییە بە سلێمانی و بە کورد دەکرێت!؟ با ئیتر سلێمانی ناوێکی تر لەخۆی بنێت؟

تێبینی:
فاروقی مەلا مستەفا لە تەلەفیزیۆنی کەی ئێن ئێندا وتی: هەندێک لە رۆژنامەنووس و منداڵە ورتکە رەخنەمان لێدەگرێت، من ئەم خەستەخانەکەم بۆیە کردۆتەوە، کەوا فەقیر و هەژارانی سلێمانی تێدا چارەسەربکرێن و دوعایەکی خێرمان بۆ بکەن، ئەمە لە کاتێکدا سەردانی ئەو خەستەخانەیە بە پارەیەکی زۆر و چارەسەرەکەشی دەفتەرە دۆلاری تێدەچێت، هەرچی بەعسیی و کەسانی دیکەشە لە ئیستاوە روویان کردۆتە ئەم خەستەخانەیە. خزمەتکردن واتە بە خۆڕایی، یان بە پارەیەکی کەم، یەکێک لە کارمەندانی ئەم خەستەخانەیە پێی راگەیاندنم ئەم تاوانبارە بەعسییە کە خەزوری قوسەی سەدام بووە، لەم خەستەخانەیە گیانی بە شەیتان سپاردووە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە