یەكێتى لە بەردەم قۆناغێكى نوێدا
Monday, 25/03/2013, 12:00
خولى ئەمجارەى هەڵبژاردنەكان زۆر هەلى مێژووى بۆ حیزبەكان دروست دەكات كە ئەگەر خاوەنى یەكێتیەكى ناوەكى و دەرك كردن بە قۆناغیكى نوێیان هەبێت ئەوا دەتوانرێت ئاراستەى گۆڕینى حوكم لەم هەرێمەدا دیارى بكات ئەمە بۆ خۆى چارەنوسى حیزبەكانیش دیارى دەكات , لە دواى دروست بونى بزوتنەوەى گۆڕان و بەرەى ئۆپۆزسیۆن كەوتوینەتە بەردەم قۆناغێكى گرنگ كە ئایا ئەم هەرێمە بەرەو حوكمى دیموكراسى و سستمى پەرلەمانى و سەروەرى یاسا و دەستاو دەستكردنى دەسەڵات و خەباتى پەرلەمانى و مافەكانى تاك دەڕوات یان بەرەو حوكمى بنەماڵەیى و كومپانیاكان و پەرواوێزخستنى پەرلەمان و سستمى سەرۆكایەتى .. ئەمە بۆ خۆى ئەو پرسیارەیە كە دەكرێت لەم خولەى هەڵبژاردندا وەڵامەكەیمان دەست بكەوێت ..؟
یەكێتى نیشتمانى ئێستە لەبەردەم هەلێكى مێژویدایە و كەوتوە بەردەم لیپرسراویەتیەكى مێژوییەوە كە ئەگەر پێشتر ئەم یەكێتیە لە قۆناغێكدا گەورەترین هێز بوبێت و بەرهەمهێنى فكرو گیانى شۆڕشگێڕیەتى بو بێت ئەوا لە ئێستادا تا ئاستێك خاڵى بوەتەوە لە فكر و دژ بە پرینسیپەكانى خۆى وەستاوەتەوە ناتوانێت ئەو هێزە سۆسیال دیموكراتە بێت كە خۆى نوێ بكاتەوە و پرینسیپە حیزبیەكانى خۆى بپاریزێ ئەمەش دواى پرۆسەى بە كۆمپانیاكردنى ئەم یەكێتیە و پرۆسەى بەكارتۆنى بونى لە لایەن پارتیەوە و سازش كردن لە دروشمەكانى لە بەرامبەر شەریكى كۆمپانیایى خۆ ئەگەر لە قۆناغێكدا ڕێكەوتنامەى ستراتیژى واژۆ كردبێت لەبەر دوبارە نەبونەوەى شەڕى برا كوژى ئەوا ئێستە ئەم قۆناغە كۆتایى هاتوە پێویستە ستراتیژێكى ترى هەبێت كە لەگەڵ قۆناغى نوێ و گۆڕانكاریەكاندا بگونجێ كە ئەمەش دەكاتە ئەوەى بگەڕێتەوە بۆ بنەما فكریەكانى خۆى و بتوانێت كار لەسەر دروشمەكانى بكات كە بڕوا بونە بە بنەماكانى سۆسیال دیموكرات ئەویش خاڵى دوەمە كە باوەڕبونە بە بنەما دیموكراتیەكانەوە , لە ئێستادا كە دەكەوینە بەردەم ئەگەرى خولێكى نوێ ى هەڵبژاردنەوە كە یەكێتى دەتوانێت ئەو یارچیە بێت كە ئاراستەى ئەم هەرێمە دیارى بكات بەوەى هێزى نێوان بازنەى گۆڕان و بازنەى پارتیە ئەوەش دەزانین كە گەورەترین پشكى بچوكبونەوە بەر ئەم یەكێتیە كەوتوە كە ئەگەر لە ناوخۆى خۆیدا دابەش نەبێت وەك یەكێتیەكى دواى مام جەلال ئەوا دەتوانێت هەڵگرى ئەو دروشمانە بێت كە لایەنگرانى لە ئێستادا باوەڕیان پێ ى نەماوە , بۆ ئەوەى یەكێتى لە سۆپەرماركێتێكەوە بگەڕێتەوە بۆ حیزبى بوون ئەوا پێویستە دەرك بەوە بكات كە قۆناغى نوێ و ئەم خولەى هەڵبژاردن قۆناغى بڕینى چەق بەستوى دەسەڵات و دەستاو دەستكردنێتى بە تایبەت زۆرترین بزاوت و جوڵە و جیاوازیەكان لە سنورى سەوز و یەكێتیدایە كە بە تەواوەتى و ڕۆژ بە ڕۆژ جیاوازى لە نێوان زۆنى زەرد و زۆنى سەوزدا زیاتر دەبێت كە لە زۆنى زەردا حیزبى قائید و حوكمى بنەماڵە و سستمى سەرۆكایەتى قبوڵ نەكردنى فرە حیزبى و جیاوازیەكان بەرەو ئاقارێكى خراپ دەڕوا بە تایبەت دواى سوتاندنى بارەگاكانى گۆڕان و یەكگرتو كە ئەگەر یەكێتى بەردەوام بێت لە هاولیستى و هاو ستراتیژى و و ئەو چەق بەستویەى كە هەیە ئەوا خاڵى دەبێتەوە لە بەهاكان .
یەكێتى لەسەرتاكانەوە لەسەر ئاستى حیزبى و پێكهاتەوە زۆر جیاواز بوە لە پارتى بەڵام بە تێپەڕبونى كات و خلیسكانى بەرە و حوكمى بنەماڵەیى بە تەواوەتى بەرەو بچوكبونەوە دەچێت لە ئێستاد لەبەردەم هەلێكى گەورەدایە كە بتوانێت بە لیستى جیا دابەزێت و پێوانەكانى خۆى بزانێت و لەسەر نزیكایەتى لە بنەما فكریەكانى خۆى بگەڕێتەوە بازنەى خۆى ئەو هاوكێشەو چەقبەستویە كۆتایى پێ بهێنى كە ئەو راستیە دەزانین كە ئۆپۆزسیۆن تا سەر هەر ئۆپۆزسیۆن نابێت و دەبێت بە پێ ى یاساكان چانسى وەرگرتنى دەسەڵاتى هەبێت كە دەتوانین بە گریمانە قسەى لەسەر بكەین و ببێتە پرسیار كە ئەگەر یەكێتى توانى بەلیستى جیا دابەزێت و هاوپەیمانیەتیەك لەگەڵ لیستەكانى تردا دروست بكات ئەو كات دەستەڵات بگوازرێتەوە بۆ لیستێك و هاوپەیمانیەتیەكى تر .
ئەگەر قۆناغى گواستنەوەى سیاسەت بریتى بێت لە دروست بونى ئۆپۆزسیۆنێكى كارا ئەوا گرتنە دەستى دەستەڵات لە لایەن لیست و هاوپەیمانێتیەكى ترەوە قۆناغى دوەمە كە ئێستە لە باكگراوندى هەموو حیزبە كوردیەكاندا ئەم باوەڕە بونى هەیە بەڵام ئەگەر بۆ ئەم خولەى هەڵبژاردن بەرەى ئۆپۆزسیۆن توانى زۆرینە بێت پارتى دەتوانێت ببێتە ئۆپۆزسیۆن ..؟
لە ئێستادا یەكێتى لەبەردەم وەڵامى زۆرینەى پرسیارەكاندایە : 1- ئەگەر بەلیستى جیا دابەزى و نەیتوانى ئەو دەنگە بێت كە بەشدارى پێكهێنانى حكومەت بكات چى هەڵوێستێكى دەبێت ..؟
2- ئەگەر لیست و هاوپەیمانیەتیەكى تر توانى حكومەت پێك بهێنى بە بێ پارتى , یەكێتى تا چ ئاستێك بەرگرى دەكات لە ئەگەرى دروست بونى پشێوى ..وە خۆى تا چ ئاستێك پێ ى هەزم دەبێت و پشتگریى دەستاو دەست كردنى دەسەڵات دەكات وەك یەكێك لەو بنەمایانەى كە خۆى باوەڕى پێیەتى...؟
3- ئایا یەكێتى دەتوانێت لە كۆت و بەندى پارتى ڕزگارى بێت و ئەو هێڵە جاڵجاڵوكییەى لەسەر بەرژەوەندى لەگەڵ پارتیدا هەیەتى كۆتاى پێ بهێنى ..؟
4- ئایا یەكێتى دەتوانێت بگەڕێتەوە سەر باوەڕبون بە سستمى پەرلەمانى و بەرامبەر بە سستمى سەرۆكایەتى وەك دژێك بوەستێتەوە ..؟
5- ئایا یەكێتى دەتوانێت ئەو بۆشاییانە پڕ بكاتەوە كە لە ئەنجامى وون بونى مام جەلالدا دروست بوە ..؟
بە وەرگتنى هەڵویست و خۆ بە سەربەخۆ كردنى یەكێتى دەتوانرێت وەك هێزێكى كاریگەر بێ پاشكۆیەتى كردن بگەڕێتەوە ناو گۆڕەپانى ململانێكان خۆ ئەگەر بە دیوى دوەمدا بێت ئەوا لەم خولەى هەڵبژاردندا بانگەشەى مەرگى خۆى دەكات .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست