مەرگى ئەنجومەنى ناوەند و عادل مراد
Monday, 05/01/2015, 12:00
ئەوانەى كە رۆژگاریك تەمەنی خۆیان و ساتەكانى گەنجیەتیان لەریزەكانى یەکێتییدا بەڕێکرد، لەدواى كۆنگرەى سێوە چاویان بریبوە ئەو ئەنجومەنەى كە دەنگی پێدرا و دامەزرا بۆ چارەسەركردنى كێشەكان و كەمكردنەوەى ناعەدالەتى و نەهێشتنى تەكەتول، بەڵام چاوەروانیەكان بێچەوانە بونەوە و ئێستا نازانرێت چۆن و بەچ رێگەیەك سەركردەكانى ئەم حیزبە خۆیان لە گرفتەكانى ئەنجومەن لادەن كە هۆكارى ئەمەش بۆ سیاسەتى سەرۆكى ئەنجومەنەكەى دەگەرێتەوە كەبەشێوەیەكى سەرەكى كۆنترۆڵى بریار و سیاسەتەكانى ئەنجومەنى كردوە و بەئارەزوو و ویستى شەخسى خۆى لەبەرژەوەندى تایبەتى خۆى بەكاریدەهێنێت و خەریكى تەێفیەكردنى حساباتە سیاسیەكانیەتى لەگەڵ سەركردەكانى ترى یەكێتیى كەهەندێك لەم كێشانەى سەرچاوەكانیان بۆ ساڵانى شەرى شاخ و ململانێ ناوخۆییەكانى باڵەكانى یەكێتیى دەگەرێتەوە.
عادل مراد كەلەكۆنگرەى سێ وازى هێناو بەوحسابەى رێگە دەكاتەوە بۆهاتنە پێشەوەى خەڵكى تازە، بەڵام كاتێك دانرایەوە لەئەنجومەن دەركەوت كە نەك حەزى لەدەسەڵات و پلە وپایەیە بەڵكو ناتوانێت هەزمى ئەم سەركردایەتیە بكات كەبەشێكیان خەڵكانى تازە و گەنجیش بوون و خۆى بەوان گەورەتر دەزانێت و بەردەوام لە كۆر و كۆبونەوەكانیدا هێرشى نارەوایان دەكاتە سەر و ئەندامانى ئەنجومەنى ناوەند هاندەدات بۆئەوەى بێرێزى بكات بەرامبەریان. لەدواى هاتنیشى بەردەوام كارى بۆ ناوبانگ پەیداكردنى شەخسى كردوە و كارە حیزبیەكانى وەلاناوە و ئەنجومەنى توشى قەیرانى بێناسنامەكردوە بەجۆرێك كە نازانرێت مەهامى سەرەكى ئەم دەزگا هەلبژێراوەى یەكێتیى چیەو رۆژانە خەریكى چین و تائیستا لەدواى كۆنگرەوە توانیویانە چەند لە دەسەڵاتەكانیان بەكاربهێنن و یەكێتیى لە ئەزمەى تەكەتول و قەیرانى ناوخۆیى دەرباز بكەن و لەئیستا كاروبارى ئەندامانى ئەنجومەن جگەلەچاخواردنەوەى رۆژانە هیچ شتێكى تر نیە و وەك لاشەیەكى مردووى لێهاتوە.
سیاسەتى هەڵەى عادل مراد بەشێوەیەكە ئیستا دەسەڵاتى بانگكردنى لێپرسراوانى حیزب لەئەنجومەنى ناوەند سەنراوەتەوە و خودى سەرۆكى ئەنجومەنیش لیژنەیەكى لەمەكتەبى سیاسى یەكێتیى لەسەرگیراوە بۆ ئەوەى لەرێنمایى حیزب لانەداتن واتە یەكێتیى سەربارى كێشەى باڵەكانى بەدەست ئەنجومەنەوە گیرى خواردوە و ئەمەش نارەزایەتى لەناو ئەندامانى ئەنجومەن دروستكردوە.
تێكەڵكردنى غەرەزى شەخسى بەكاروبارى حیزبى لەلایەن عادل مرادەوە هۆكارى قوڵكردنەوەى كێشەكانى ناوخۆى یەكێتییە كە دواهەم جار رقى بەسەر بەرهەم ێالحدا رشت و بێباكانە بێى وت دەتوانێت یەكێتیى جێبهێڵێت. ئەمە جگەلەوەى كەلەسەرەتاوە زور لە برهم نزیك بوو بەڵام كەزانى باڵى هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بەهێزن بایدایەوەو بەمەش جگەلە مەلابەختیار و حاكم قادر كە هەرلەكۆنەوە قسەى ناشرین دەخاتە دوایان لەگەڵ سەعدى پیرە، شیخ جەعفەر، محمود سەنگاوى، فریاد رەواندزى، ئازاد جوندیانى و كۆسرەت رەسول بەردەوام هەوڵى سوككردنیان دەدات و ئەم رقە شەخسیانە ئەوەندەى تر ئەنجومەنەكەى ئیفلیج كردوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست