دەسەڵاتی هاووڵاتی
Saturday, 12/02/2011, 12:00
تەنها چەند ساتێک لەمەوبەر، حوسنی موبارەکی سەرۆکی سی ساڵەی کۆماری میسر کۆشکی سەرەک کۆماری جێهێشت و ڕووی کردە شەرم شێخ.
کۆبونەوە و خۆپیشاندانی هەژدە ڕۆژەی جەماوەری ناڕازی گەلی میسر سەلماندی، دەسەڵات چەندە تەمەن درێژ بێ دەبێ مل بداتە خواستەکانی تاکە تاکە هاووڵاتی و گفوگۆو خواستەکانی جەماوەرجێبەجێ بکات. خۆ ئەگەر ئەو دەسەڵاتە هەر ملی نەدا، ئەوا هاوڵاتیان لە مەیدانی ئازادی شار جێناهێڵن تا سەربە سەرۆک دائەنەوێنن. با تەمەنی دەسەڵاتەکەشی ٣٢ ساڵ بێت و ٦٢ ساڵیش خزمەتی ووڵاتی کردبێت.
میسر ووڵاتێکی گرنگی خۆرهەڵاتی ناوەندە و هەر لەسەرەتای دروست بوونی قەیرانەکەوە، ئەوروپاو ئەمریکاو سەرجەم دەوڵەتانی عەرەب و ناوچەکە لە نزیکەوە چاودێری بارو دۆخەکەیان دەکردو بە نیگەرانیەوە لەو بارودۆخەیان دەڕوانی و دەڕوانن. لەبەرئەوەی:
میسر، دانیشتوانەکەی ٨٣ ملیۆن کەسە و خاوەنی دەیەمین سوپای جیهانە. هاوشانی ئەمە، بە درێژایی سی ساڵەی ڕابردوو دۆستی ئیسرائیل و خۆرئاوا بووەو.، لە ژێر ئەو چەترەدا ساڵانە سەدان ملیۆن دۆلاری بۆ ڕاگرتنی سوپاکەی و هێشتنەوەی دەسەڵاتەکەی وەرگرتووە.
ئەنجامەکانی میسر سەلمانیان.، کاتێک دەسەڵات پشتی لە جەمەماوەرەکەی کرد و ملی دایە گەندەڵی و بوارەکانی خزمەتگوزاری پشت گوێ خست و هەژاری و بێکاری لە ووڵاتدا پەرەی سەند و دەنگ و ڕەنگی ئازادی کپ کرا، ئەوا پارە و کۆشکی کۆکراوە و پێکەوە نراو، نابێتە فریاد ڕەس و لە کۆتاییدا دەبێ مل بداتە خۆست و داواکارییەکانی گەلەکەی.
وازهێنانی حوسنی موبارەک دوای ئەو هەموو خزمەتەی کە خۆی بە ژمارەی ساڵ ئەیژمارد چەند شەرم هێنەر بوو. کاتێک هاوزمان و هاونیشتمانی خۆت لێت ڕاپەڕن و داوای وازهێنان و دوورکەوتنەوەو دادگایی و نەنانەت زیندانیشت بکەن.
ئەو وازهێنانە ئابڕوو بەرەیە، نەخۆشیەکەی چەند هەفتەی ڕابردووی ماندێلای تەمەن ٩٢ ساڵی وەبیرهێنامەوە،کاتێک نەخۆشکەوت وبرایە نەخۆشخانە هاووڵاتیان لە پەرۆشی ساغی وسەلامەتی ڕژانە سەرشەقامەکان و هاوخەمییان بۆ سەرۆکەکەی پێشوتریان دەرئەبڕی و پرسیاریان لە تەندروستی ئەکرد و پەرۆشی ژیانی بوون.
هەق وایە موبارەکەکانی لای خۆشمان، دەوروبەریان بە ووردی بخوێننەوە و داهاتوو ببینن و خۆیان چارەنووسی خۆیان دەستنیشان بکەن! ئایا دەیانەوی، وەک موبارەک پێیان بڵێین چۆڵی کەن و بەرۆکمان بەردەن، یا وەک ماندێلا کە نەخۆش کەوتن گۆڕانی بە باڵایاندا بڵێین!
لەهەردوو حاڵەتەکەشدا، هاووڵاتی سەرپشکە نەک دەسەڵات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست