روونكردنەوەیەك لە سەباح عەلی قارەمانەوە
Sunday, 07/02/2010, 12:00
بەڕێز: سەرۆكى هەرێمى كوردستان
بەڕێز: پەرلەمانى كوردستان
بەڕێزان: لە حكومەتى هەرێم و ڕێكخراوە مرڤدۆستە ناوخۆى و جیهانیەكان
بەڕیزان: قونسلخانەكانى بەریتانیا و ئەمەریكا
ئاسایشى گشتى هەرێمى كوردستان
وەك لاى زۆرینەى خۆێنەرانى كوردستان لەناوەوە و دەرەوە ئاگادارن وەك ڕۆژنامەنوسێك دەنوسم لە زۆربەى سایت و ڕۆژنامە كوردییەكان دا, ئەو بابەتانەى من باسمكردون و وروژاندومە هەمووى موعاناتى گەلێكى بەشمەینەت و زوڵملێكراوە, من وەك خۆم چونكە خوێنمان ڕشتووە بۆ شۆرشەكانى كورد و حكومەتەمەكەى لەخەڵكانى تر زیاتر حەزمان كردوە دەسەڵات لەم وڵاتەدا قۆرخنەكرێت و كێشە بۆ خەڵك دروستنەكات و نەبێتە دەسەڵاتێكى شمولى, بەڵام بەداخەوە ئەو حزبەى ئێمەومانان شەهیدمان بۆ دا لەپێناو ڕێبازەكەى دا زەمەنێكى زۆرە لایداوە لە ڕێبازەكەى خۆى و بووەتە حزبى پاراستنى بەرژەوەندەخوازەكانى تاڵەبانى و دەوروبەرەكەى, بۆیە من بەبەڵگە و لەپێناو ئەوەى گوێ لە ڕەخنەكانمان بگیرێت و كێشەكانى خەڵكى بەشمەینەتى كوردستان و گەرمیان چارەسەربكرێت بە زمانى شەقام و خواستى خەڵك نوسیومە, تا ئیستاش كەسێك نەیتوانیوە پێمبڵێ دەتبەمە داداگا و غەدرت لێكردوم, چونكە من جگە لەقەَڵەمەكەم هیچى ترم نیە و وەك خانەوادەكەشمان زیانمان بۆ مێرولەیەك نەبوە, بەداخەوە چەند هەفتەیە پێش ئێستا لەلایەن كادیرێكى یەكێتیەوە هەوڵى فڕاندنم درا بەڵام توانیم خۆم ڕزگاربكەم, ڕاستەوخۆ بۆ ئەوەى بزانم ئەو كەسە مەبەستى چى بوو لەو هەوڵە و بەرنامەكانى چى بوو سكاڵام لەپۆلیس ى كفرى و دادگاى كفرى لەسەر تۆماركرد, دواى ئەوەى چومە دادگا و ڕوداوەكەم بۆ دادوەر باس كرد,كەچى زۆر بەداخەوە تا ئێستا دادگاى كفرى جورئەتى نەكردوە تۆمەتبار بانگ بكاتە دادگا و لێپێچینەوەیان لەگەڵ بكات, بەڕێزان من پرسیارێك ئاراستەى ئێوە دەكەم ئایا هۆى چى ی دادگایەك نەتوانێ تۆمەتبارێك بانگ بكاتە دادگا؟ بۆچى تا ئێستا نەیكردوە؟ كێین ئەوانەى نایەڵن ئەو تۆمەتبارانە بدرێنە داداگا؟ و كێن ئەوانەى نایەڵن داداگا هەیبەتى خۆى هەبێت؟ ئێستا زۆرینەى خەڵكى كوردستان لە ناوەو و دەرەوەى كوردستان, ڕێكخراوە مرۆڤدۆستەكانى دونیا بە هەواڵى ڕوداوى هەوڵى ڕفاندنەكەم دەزانن و بەشێكى زۆریان پەیوەندیان پێوەكردوم, من دەڵێم چاوەڕیى هەوڵى دادگام, لەكاتێكدا هەمان دادگا فەرمانى گرتنى ڕۆژنامەنوسێكى دەركرد كە تەنیا بەنامەیە داواى كارەباى كردبو كەلەپچەشی لەدەستكرا, ئەى بۆچى بۆ كەیسێ و ڕوداوێكى ئاوا لێى ناپێچرێتەوە و فەرامۆش دەكرێت؟ بەڕێزان من لە ئێوە دەپرسم, كاتێك سەرۆكى هەرێم باسى سەروەرى یاسا دەكات چۆن بزانین و بەچى بزانین یاسا هەیە؟ بەڕیز سەرۆكى هەرێم دونیا بە كێشەكەمى زانى تۆ بۆ ناتەوێت بزانى چۆن و بۆچى پلانى تیرۆكردن و ڕفاندنى هاوڵاتیانى وڵاتەكەت دادەنرێت. لەكۆتایشدا من هەموو دەزگاى ئاسایش و پۆلیس و داداگاى كفرى و حزبەكانى دەسەڵاتدار و ئەوكەسەش كە هەوڵی ڕفاندنەكەی منی داو ناسیومەتەوەو ئەوانەشی لە گەڵی بوونە بەبەرپرس دەزانم سەد ساڵى تر خوێن لەپەنجەى كەسێكى نزیك و خۆم بێت, ئەم نوسینەش وەردەگێڕمە سەر زمانە زیندوەكانى دونیا و بڵاوى دەكەمەوە ئەگەر هەڵویست وەرنەگرن بۆ ئەوەى یاسا سەروەربێت.
سەباح عەلی قارەمان لە كفری
[email protected] تیبینی: ئەم روونكردنەوەیە لە ژمارە 600 ئەمڕۆی رۆژنامەی هاوڵاتی بەرواری 7/2/2010 بڵاوبووەتەوە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست