کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


17ی شوباتی ئێمه‌و ئه‌وان

Sunday, 20/02/2011, 12:00




په‌رده‌و تارای سور به‌رن بۆ ئه‌میر
بڵێن پاش کوشتار، هێشتا تۆی دڵگیر.
پیره‌مێرد
----------------------------------------------
عه‌کسی خوێناوی شه‌هیدانی له‌سه‌ر ڕووی زاهیره‌
لایه‌قی ته‌قدیسه‌ چونکه‌ بێ خه‌تایه‌ تاهیره‌
لایه‌قی ته‌قدیره‌ چونکه‌ فه‌خری کوردی وا له‌سه‌ر.
فایه‌ق بێکه‌س

ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌ ڕێکه‌وتی 17.02.2011 لای کۆسۆڤۆییه‌کان ڕۆژی سه‌ربه‌خۆیی‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌، ئه‌مساڵ سێ ساڵ به‌ سه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ پیرۆزه‌دا، که‌ پێی ده‌گوترێت ڕۆژی نه‌ته‌وه‌یی تێده‌په‌ڕێت، سێ ساڵه‌ له‌م ڕۆژه‌دا کۆسۆڤۆییه‌کان بۆ خۆشی ده‌ربڕین ده‌ڕژێنه‌ سه‌رشه‌قامه‌کان و چه‌ژنی سه‌ربه‌خۆیی ده‌گێڕن. کۆسۆڤۆییه‌کان وه‌ک نه‌ته‌وه‌ی کورد چه‌ندین ساڵ شه‌ڕی چه‌کداریان کرد له‌ژێر ناوی "بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی کۆسۆڤۆ UK " ئه‌گه‌رچی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ ناوی له‌ناو لیستی گروپه‌ تیرۆریسته‌کاندا بوو تا ساڵی 1999 دژی یوگۆسلاڤیاو سربیا شه‌ڕی کرد، یه‌کێک له‌سه‌رکرده‌ ناوداره‌کانی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ هاشم تاچی سه‌رۆک وه‌زیرانی ئه‌مڕۆی کۆسۆڤۆیه‌و هه‌ر ئه‌ویش له‌ 17.02.2008 به‌یاننامه‌ی سه‌ربه‌خۆیی کۆسۆڤۆی له‌په‌رله‌مانی کۆسۆڤۆ خوێنده‌وه‌، ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمه‌ له‌م نووسینه‌دا خه‌باتی چه‌کداری کۆسۆڤۆییه‌کانه‌، له‌ ساڵی 1981 ه وه‌ سه‌ره‌ڕای دژایه‌تیکردنی ڕۆژئاوا تا ساڵی 1999، به‌ڵام له‌دوای ئه‌م ساڵه‌وه‌ سیاسه‌تی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ گۆڕا بۆ سیاسه‌تێکی نه‌ته‌وه‌یی له‌پێناو سه‌ربه‌خۆیی کۆسۆڤۆدا، ئه‌وه‌بوو "پارتی دیموکراتی کۆسۆڤۆ"یان دامه‌زراند. جیاوازی ئه‌م پارته‌ نوێیه‌ دیموکراته‌ له‌گه‌ڵ پارتی دیموکراتی کوردستانی نیو سه‌ده ‌زیاتر ته‌مه‌ن نه‌بوو به‌ ئامرازێک بۆ له‌باربردنی خه‌ونی سه‌ربه‌خۆیی کۆسۆڤۆییه‌کان و نه‌بوو به‌ ئه‌ندازیارێک بۆ دروستکردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی سربی له‌به‌ریه‌ک ترازاو، ئه‌م پارته‌ وه‌ک دیموکراتی کوردستان نه‌که‌وته‌ پێش ده‌بابه‌کانی سرب و بیهێنێته‌وه‌ گیانی خه‌ڵکی کۆسۆڤۆ، ئه‌م پارته‌ نه‌ک له‌ تاوانبارێکی جه‌نگی سرب خۆش نه‌بوو، به‌ڵکو هه‌موویانی ڕاپێچی دادگا کرد، (ئه‌گه‌رچی ئێستا تاوانبارن به‌ کاری نامرۆڤانه‌ به‌رامبه‌ر دیله‌کان، ئه‌میان باسێکی تره‌) دیاره‌ جیاوازی ئه‌وه‌نده‌ زۆرن له‌نووسین نایه‌ن...
ڕێکه‌وتی 17.02.2011 بۆ خه‌ڵکی کۆسۆڤۆو پارتی دیموکراتی کۆسۆڤۆ ڕۆژێکی مێژوویه‌، که‌ هه‌موو کۆسۆڤۆییه‌ک شانازی پێوه‌ ده‌کات، به‌ڵام بۆ ئێمه‌و پارتی دیموکراتی کوردستان مێژوویه‌کی هێنده‌ ڕه‌شه‌ هیچی که‌متر نییه‌ له‌ڕاپه‌ڕینه‌که‌ی 6ی ئه‌یلولی ساڵی 1930 به‌رده‌کی سه‌رای سلێمانی، 17 ی دوو دووباره ‌بوونه‌وه‌ی ڕۆژانی سه‌رده‌می به‌عسه‌ له‌کوردستان، که‌ وه‌ڵامی ڕاپه‌ڕینیان به‌ ئاگرو ئاسن ده‌دایه‌وه‌، چیتر هیچ پاساوێک نییه‌ بۆ دڕه‌نده‌یی ئه‌و حیزبه‌، توانای قبوڵکردنی ناڕه‌زایی نه‌بێت‌، حیزبێک پێی وابێت ده‌ستی بۆ به‌ریت ده‌ستت ده‌بڕێته‌وه‌، به‌ردی تێبگریت به‌ گولله‌ وه‌ڵامت ده‌داته‌وه‌، بۆ خۆی جگه‌ له‌ ئاماده‌یی عه‌‌قڵێکی فاشی له‌ناو سایکۆلۆژی سیاسی ئه‌م حیزبه‌دا هیچ خوێندنه‌وه‌یه‌کی تر هه‌ڵناگرێت. ئه‌وه‌ی پارتی 17ی دوو کردی کورد گووته‌نی: (کاری نه‌کرده‌یه‌) له‌ مێژووی هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌کدا نمونه‌یه‌کی وا نادۆزیته‌وه‌ جگه‌ له‌ ناو میژووی پارته تۆتالیتار و فاشیزمه‌کاندا نه‌بێت، پارتی به‌م کرده‌وه‌ میژووی 31ی ئاب و شه‌ڕی ناوخۆی جارێکی تر له‌ ڕۆحی هه‌ر تاکێکی کوردا زیندوو کرده‌وه‌و وێنه‌ ترسناکه‌کانی به‌ هه‌ر کوچه‌و کۆڵانێکی ته‌واوی کوردستاندا بڵاو کرده‌وه‌، پارتی نه‌ک هه‌ر ناتوانێت به‌ پاساوه‌ کلاسیکه‌کان جارێکی تر هه‌ڵمانخه‌ڵه‌تێنێت، به‌ڵکو ده‌بێت ئه‌م حیزبه‌ له‌ دوای 17 ی دووه‌وه‌ کار بۆ قه‌ده‌غه‌کردنی بکرێت، چونکه‌ مه‌غزای بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌م حیزبه‌ هیچی که‌متر نییه‌ له‌مه‌غزای بیرکردنه‌وه‌ی به‌عس، که‌ ئه‌مڕۆ له‌ عێراقدا قه‌ده‌غه‌یه‌، ئه‌م پارته‌ به‌م ڕه‌فتا‌ره‌ وه‌حشیانه‌ی بوو به‌ په‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌ به‌ ناوچه‌وانی وشه‌ی دیموکراتییه‌وه‌، نییه‌ له‌ دونیادا ناوه‌که‌ی هه‌ڵگری وشه‌ی دیموکراتی بێت و وه‌ک دڕنده‌یه‌ک بیر بکاته‌وه‌، له‌به‌رامبه‌ر چه‌ند به‌ردێک بگیرێته‌ باره‌گایه‌کی، شارێک خوێناوی بکات. فه‌له‌ستینییه‌کان نیو سه‌ده‌یه‌ به‌رد ده‌گرنه‌ جوله‌که‌کان، له‌کاتێکدا دوو ئاینی جیاواز، دوو نه‌ته‌وه‌ی جیاواز، دوو زمانی جیاوازو دوژمن به‌یه‌ک، ئه‌گه‌ر ئیسرایل وه‌ک پارتی بیری بکردایه‌ته‌وه‌‌، که‌ خۆشبه‌ختانه‌ وه‌ک ئه‌وان بیرناکاته‌وه‌، ده‌بوایه‌ت ته‌نها له‌سه‌ر به‌رد تێگرتن ئێستا فه‌له‌ستینییه‌ک له‌ژیاندا نه‌مابا، ئه‌مه‌ پاکانه‌ نییه‌ بۆ کوشتنی گه‌نجه‌ فه‌له‌ستینییه‌کان له‌لایه‌ن چه‌کداره‌ ئیسرایلییه‌کانه‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ی به‌راوردێکه‌ له‌ نێوان نیو سه‌ده‌ زیاتر به‌رد هاویشتنی فه‌له‌ستینییه‌کان و یه‌ک ڕۆژ به‌رد هاویشتنی کورد. ئه‌مه‌ نوێ نییه،‌ پارتی هه‌میشه‌ خۆیان ده‌ڵێن پێشڕه‌وه‌، له‌ خیانه‌تدا، له‌دڕه‌نده‌ییدا، له‌دیل کوشتن و دژایه‌تیکردنی نه‌یاره‌کانیدا نمونه‌ی نییه‌...
به‌ داخه‌وه‌ ڕه‌نگبێت هه‌ندێک که‌س به‌وه‌ فریودرابێت، که‌ ئه‌مه‌ ده‌ستی گۆڕانی له‌پشته‌و وه‌ک یه‌کێک له‌ به‌رپرسه‌ پارتییه‌کان ده‌یگووت ئه‌وه‌ی ڕه‌وشه‌که‌ی تێکداوه‌ به‌یاننامه‌که‌ی گۆڕانه‌، ئاخر نابێت ئێمه‌ بپرسین له‌به‌رامبه‌ر به‌یاننامه‌یه‌کدا تۆپ و زرێپۆشه‌کانی پاشماوه‌ی به‌عس بخه‌نه‌ ئاماده‌ باشییه‌وه‌و له‌به‌رامبه‌ر چه‌ند به‌ردێکدا شارێک خه‌ڵتانی خوێن بکه‌ن، ئه‌ی ئه‌گه‌ر گۆڕان دوو فیشه‌کی بته‌قاندایه‌ت، خۆ ڕه‌نگه‌ ئه‌گه‌ر چه‌کی کیمیاوییان هه‌بوایه‌ت به‌رامبه‌ر ئه‌و شاره‌ به‌کاریان بهێنایه‌! یان ئه‌مانه‌ هێشتا به‌ عه‌قڵی شاخ، که‌ عه‌قڵێکی ته‌واو عه‌سکه‌رییه‌ بیر ده‌که‌نه‌وه‌، ئه‌مانه‌ ئه‌و پیاوانه‌ن عه‌قڵیان له‌ ته‌پ و تۆزی شاخ پاک نه‌بۆته‌وه‌، ئه‌مانه‌ نه‌وه‌یه‌کن ته‌واو نامۆ به‌م نه‌وه‌ نوێیه‌ی مێشکی ته‌نها بۆ بیرکردنه‌وه‌و قسه‌کردن به‌کار ده‌هێنێت و خاڵییه‌ له‌ توندوتیژی و خوێنڕشتن، ئه‌مانه‌ نه‌وه‌یه‌کن زمانی توندوتیژیان لێبسێنه‌وه‌ ناتوانن دوو دێڕ قسه‌ بکه‌ن، نه‌وه‌یه‌کن ئه‌وه‌نده‌ ئاشنان به‌ خوێنڕشتن ئاشنا نین به‌ تێگه‌یشتن و بیرکردنه‌وه‌، خه‌ونی ئه‌مانه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ونی گه‌نجه‌کانی ئێمه‌ خه‌ونی دوو ئه‌ستێره‌ی جیاوازن، ئه‌مانه‌ هێشتا فێرنه‌بوون که‌سێک پێێان بڵێت: نا.
ئه‌مانه‌ پیاوانی ناو ئه‌شکه‌وتن، هه‌ر بۆیه‌ به‌ ڕوناکی نامۆن.
پارتی پێشڕه‌وه‌و به‌رده‌وام داهێنانی تازه‌ ده‌کات، زه‌رده‌شتی لاوی به‌ ڕۆژی ڕوناک له‌هه‌ولێردا تیرۆرکرد، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌وی به‌ کچه‌که‌ی بارزانییه‌وه‌ بینی، ئاخر نمونه‌ی دڕه‌نده‌یی وه‌ک پارت له‌ کوێی ئه‌م دونیادا هه‌یه‌ له‌سه‌ر خه‌وبینینێک لاوێک تیرۆر بکه‌یت، دکتۆر عه‌بدولستار شه‌ریفیان تیرۆر کرد ته‌نها ویستی هه‌ندێک ڕاستی مێژووی ئه‌م حیزبه‌ باس بکات،خوایه‌ گیان ئه‌مانه‌ له‌ چ تاریکسانێکی گه‌ردوونه‌وه‌ هاتوون وا پیاوه‌ خوێنه‌وارو ڕۆشنبیره‌کانی خۆیان له‌سه‌ر بیروڕای جیاواز تیرۆر ده‌که‌ن، سۆرانی مامه‌حه‌مه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌ر به‌ گۆڤارێک بوو قسه‌ی له‌ مێژووی ئه‌م حیزبه‌ ده‌کرد، دکتۆر که‌مال سه‌یدقادریان ده‌رمان خوارد کرد ته‌نها ویستی ده‌ست بۆ هه‌ندێک به‌ڵگه‌ی مێژووی ئه‌م بنه‌ماڵه‌ ببات، چه‌ندان و سه‌دان که‌سی تری بێگوناهیان تیرۆر کرد ته‌نها و ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕابردووی پیسیان نه‌که‌وێته‌ ده‌ر.
کاره‌ساتی 17ی شوبات سه‌لماندی پارتی له‌ ئه‌زه‌له‌وه‌ بۆ کوشتن و له‌باربردنی خه‌ونی کورد هاتوونه‌ته‌ ئه‌م دونیا، تا پارتییه‌ک و بارزانییه‌کی سه‌ر به‌ ئه‌م بنه‌ماڵه‌ خۆفرۆشه‌ مابێت کورد خه‌وی سه‌ربه‌خۆیی ناچیته‌ چاوی، له‌گه‌ڵ ڕێزم بۆ هه‌موو ئه‌و بارزانییه‌ به‌هه‌ڵوێستانه‌ی دژی ئه‌م بنه‌ماڵه‌ خوێن ڕێژه‌ وه‌ستاونه‌ته‌وه‌.

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە