7ی گۆڕان و 17ی سلێمانی و 17ی پەرلەمان
Thursday, 24/02/2011, 12:00
29/1 بزووتنەوەی گۆڕان بەیاننامەیەکی 7 خاڵی ڕاگەیاند دەسەڵاتی (یەکپارتی) تۆشی شۆک بوون و بەشپرزەیی و بەنهێنی و لە کۆبونەوە داخراوەکانیاندا بڕیاری تواندنەوەو لەناوبردنی بزووتنەوەکەو گرتن و دەست بەسەرکردنی سەرکردەکانیاندا.
هەرچەندە بە ئاشکرا (یەکپارتی) دانیان نەناوە بەو ڕاستیەدا، بەڵام ڕووداوەکانی دواتر سەلماندی، خوڵقاندی ئەو ڕەوشە بەپێی پیلانێکی پێشتر داڕێژراو بووە، پەلکێشکردنی هێزی زێرەڤانی بۆ سلێمانی و ئامادەکردنی هێزی بەناو دژە تیرۆرو فەرمانی ئامادەباشی هێزی پێشمەرگەو ئاسایش، بڕیارو پێلانی پێشتری پێویستە و ئەم ڕاستیەش لای هەموو لایەک ئاشکرایە.
ئێستا داڕێژەرانی ئەو پلانە خۆیان و وڵاتیان، ڕووبەڕووی قەیرانێک کردۆتەوە و ناشزانن لەچ ڕێگایەکەوە نەک چارەسەری بکەن! بەڵکو خۆیانی لێ بدزنەوەو کورسیەکانیان پارێزن.
گەر چاوێک بەڕابردووی پارتی و بنەماڵە دەسەڵاتدارەکەیدابخشێنینەوە، ئەوەمان پێ دەڵێن کە گەلێ مەسەلە ،لایان خەتی سوور و موقەدەسە ، نەک تەنها، خەو بەوەوە ببینیت و ببیتە زاوایان. وەک چۆن وەڵامی وتارێکی شەهید سەردەشتیان، بە گوللە دایەوە .
دوا بە دوا بەیانەکەی گۆڕان، هەر دوولا (یەکپارتی) و گۆڕان هەڵمەتی ڕاگەیاندنیان دژ بەیەکتردەستپێکرد، داواکردنەوەی موڵک و ماڵی میللەت و گەڕانەوەی بۆ خەزێنەی گشتی داواکارییەکی ڕەوایە. بەڵام یەکەمجار بوو گۆڕان و ڕاگەیاندنەکەی بەبەڵگەو بەو ژمارە و بڕە زۆرە باس لە سەرۆکی پارتی بکات.،. کە بایی چەندو چۆن مڵک و ماڵی میللەتیان داگیرکردووە، ئەوە خەتی زۆر سوورە و خۆشیان لەگەلێک بۆنەدا نەیان شارۆتەوە. کە پەرژینی پارت و بنەماڵەکەیان بەگەلێ خەتی ڕەنگاو ڕەنگ دەورە دراوە و هەرە خەتەرەکەیان سوورەکەیانە. گەر بە چاری هونەرمەندێکی تەشکیلی بڕوانینە(خەت و خاڵ و هێڵی سوور) لە تابلۆیەکدا ئەوا، شیکردنەوە و لێکدانەوەی تەنها (خوێن)ە و هیچتر.
بەو پێودانگە بێت بزوتنەوەی گۆڕان و سەرۆکەکەی. دەمێکە لە ڕێگەی ڕاگەیاندن و لێدوان و کۆڕ و کۆبونەوەکانیانەوە، خەتەکانی تریان ترازان، نە چوون بۆ لای سەرۆک ومل نەدان بۆی و تەنها ناردنی نۆێنەر، بۆ پارت و سەرۆکەکەیان بەس نیە، ئەوەندەی زیاتر لێکترازانی خەتی ڕەنگەکان و نزیک بوونەوەیە لە خەتە سوورەکەوە.
پاش ئەوەش چڕ کردنەوەی بابەتی ڕاگەیاندنەکان، تا ئاستی ئاشكراکردنی بەڵگەی حاشا هەڵنەگری سەرجەم ئەو مڵک ماڵەی سەرۆکی پارتی و بنەماڵەی داگیریان کردووە، خەتە سوورەکەی بەیەکجاری پسان و نۆرەی تەمێ و تەگبیرێتی.
لە نێوان ١٩/١ تا ١٧/٢.، ئەو ماوەیە ١٨ ڕۆژ دەکات و دەرفەتێکی باش بوو تادەسەڵاتی پاوانخوازی (یەکپارتی) بەخۆیاندا بچنەوە و چارەسەرێکی ڕیشەیی و بنچینەیی بۆ قەیرانی کەڵەکەبوی چەندین ساڵەی هەرێمی کوردستان داڕێژن.
لەباتی ڕێگەچارە هەڵبژێرن، ١٧/٢ پیلانیان داڕشت، کە هەر خۆیان ئاژاوەیەک بخوڵقێنن وبزوتنەوەنی گۆڕانی تێوەگلێنن، کە دواتر کارەساتی پەلاماردانی هێنمانەی خۆپیشاندەرانی لێکەوتەوە.
چەقی پیلانەکەشیان گرتنی گردەکەی گۆران، بە تایبەت و بەگشتیش تۆڵەو تەمێ کردنی خەڵکی سلێمانی بوو، لەپای ئەوەی لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگیان نەداونەتێ. ئیتاعەی سەرۆک و پارتەکەی ناکەن و بوونەتە مڵۆزمی ناوچەکە!
لەو کاتەوە تا دوێنی ١٧/٢، سەدان هەوڵی درا کە ڕەوشەکە ئارام بێتەوە و دەسەڵات دەیان پرۆژەو پێشنیاری خستۆتە ڕوو تا کۆتایی بە خۆپیشان بێهنرێ، کە خۆشبەختانە هیچ بەرهمێکی ئەو تۆی نەبوە. گوشار و چاوسوورکردنەی دەسەڵات نەک نەی توانی خۆپیشاندەران سارد کاتەوە بەڵکو ئاپۆرەی خەڵکی ناڕازی تەشەنەی سەندو ئێستاش نزیک بوونەوەی پشتێنەی سپی خۆپیشاندەران خەتی سوورە بۆ دەسەڵات.
تائێرە هەڵوێستی گۆڕان مایەی نیگەرانیە! لە کاتێکا لە بەیاننامەکەیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و حکومەتی کردووە، کەچی کۆبوونەوەشیان لەگەڵ ساز دەکا.
هەرچەندە گۆڕان ڕاگەیاندنە ١٧ خاڵیەکەی پەرلەمانی قەبوڵ نەکردووەو سوورە لەسەر ٧ خاڵەکەی پێشتری و ناوبەناو ئەندام پەرلەمانەکانی سەدانی خۆپیشاندەران ئەکەن و پیشتیوانی ڕائەگەیەنن. ئەم هەڵوێستە دوو فاقیەی گۆڕان، زیانی زیاتر لە ڕەوتی ڕووداوەکان و داخوازیەکانی خەڵک و هەوادارانی خۆشی دەگەیەنێ.
بۆ هەق وایە گۆڕان، ڕاستەوخۆو بە ئاشکرا هەڵوێستی خۆی ئاشکرا بکات و ڕاگەیەنێ، گفتوگۆو دانوستانی لا پەسەندە، یا پشتگیری خۆپیشاندانەکان. خۆ گەر دووەمی هەڵبژارد، دەبێ فراکسیۆنەکەشی ئەوە ڕاگەیەنن کە بایکۆتی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان دەکەن.
لەم بارودۆخەدا گۆران تەنها بۆ مەسەلەی ئەمنی و پاراستنی سەروسامانی هاوڵاتیان، هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ دامودەزگاو دامەزراوە ئەمنیەکاندا بکات. تا ئەو کاتەی دەسەڵاتی پاوانخوازی (یەکپارتی) لەو کێوەی، لەخۆیان وایە زۆر بەرزە دێنەخوارەوە و مل دەدەن بۆ سەرجەم داخوازییەکانی جەماوەرو خەڵکی کوردستان وئەوەشی چەند ساڵە لێیان دزیون ئەیگێڕنەوە.
تێنینی: (یەکپارتی) مەبەستم یەکێتی و پارتیە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست