پاش سووتانی کتێبەکانی جەمال غەمبار، گەنجانی کەلار ده‌ڵێن سه‌ره‌ی کتێبه‌کانی به‌ختیار عه‌لییش دێت
Friday, 19/07/2013, 12:00
1860 بینراوە
پەیامنیری کوردستانپۆست/ گەرمیان
ژماره‌یه‌ك لە گه‌نجانی كه‌لار، رایده‌گه‌یه‌نن ئه‌گه‌ر بێت‌و بەختیار عەلی به‌خۆیدا نه‌چێته‌وه و واز له بازرگانیكردن به‌سه‌ر ئه‌ده‌به‌وه نه‌هێنێت، ئەوا ئێمە له داهاتوویه‌كى نزیكدا ژماره‌یه‌كى زۆر له كتێبه‌كانى به‌ختیار عه‌لى كۆده‌كه‌ینه‌وه و ده‌یسوتێنین.
ئه‌و گه‌نجانه كه زۆربه‌یان ئه‌ده‌بدۆستن، ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن، لە ئیستادا لە هەوڵی کۆکردنەوە بۆ بەدەستهێنانی کتێبەکانی بەختیار عەلیین، هەر بەربەستێک بێتە رێگامان بەرەنگاری دەبینەوە، ناشترسین.
یەکێک لەو گەنجانە ئەوەی راگەیاند، هەرچەندە زۆربەی ئێمە گیرفانمان به‌تاڵه، بەڵام هەوڵ دەدەین قه‌رزی بۆ بکەین و کتێبەکانی بکڕیین.
لەسەر هۆکاری ئەم هەڵویستە لەسەر بەختیار عەلیی، لە وەڵامدا وتی: بەختیار عەلیی بۆ دەستکەوتی ماددی ئامادەیە خۆی بفرۆشێت، هیچ سڵ ناکاتەوە، نمونەشمان رۆژنامەی باسە کە سەر بە دەزگای پاراستنە و بەختیار عەلی تێیدا دەنووسێت.
به وته‌ى ئه‌و گه‌نجانه، به‌ختیار عه‌لى بۆ ده‌ستكه‌وتى بڕێك پاره بۆ میدیای سەر بە دەزگای پاراستن ده‌نووسێت و خوێنه‌ر چەواشە دەکات و له ده‌ورى ئه‌و جۆره میدیایه كۆده‌كاته‌وه، له‌كاتێكدا میدیاکانی دەسەلات له‌سه‌ر قوتى خه‌ڵك ده‌رده‌كرێت و ئیشىان ته‌نها چه‌واشه‌كردنى خه‌ڵك و به‌لاریدابردنى راستییه‌كانە.
ئه‌و گه‌نجانه ده‌ڵێن: "نووسینى به‌ختیار عه‌لى بۆ رۆژنامەی باس، كارێكى نائه‌خلاقییه و پاساو هێنانه‌وه هه‌ڵناگرێت، ده‌بێت به‌ختیار واز له‌و جۆره كارانه بهێنێت، ئه‌گینا چیتر ئاماده‌ى قوربانیدان نین بۆ كڕینى به‌رهه‌مه‌كانى و ئه‌و به‌رهه‌مانه‌شى كه لامانن ده‌یانكه‌ینه خۆڵه‌مێش".