لەكوردستان یادى ڕۆژی لهدایک بوونی مەلا مستەفا پیرۆزترە لەیادى راپەڕینى میللەتێك
Sunday, 10/03/2013, 12:00
لەناو میللەتانى دونیا بۆنە نەتەوەییەكان پیرۆزى خۆیان هەیە و زۆرجار دەكرێنە پشووى فەرمی ، ئەو بۆنانەى كە راستەوخۆ پەیوەستن بەخاڵەكانى وەرچەرخانى راستەقینە لەمێژووى ئەو میللەتەدا ، بۆنموونە هەموو ساڵێ لەبەروارى (4/7) دا ، ولایەتە یەكگرتووەكانى ئەمریكا ساڵیادى جەژنى نەتەوەییان ئەگێڕن و پشووى فەرمیە لەسەرتانسەرى وڵاتدا ، لەبەرئەوەى لەو بەروارەدا و لەساڵى (1776) زاینیدا ، جاڕنامەى سەربەخۆى ئەمریكا لە ئیمبراتۆریەتى بەریتانیا راگەیەنرا ، شایەنى باسە ئەو جاڕنامەى سەبەخۆیبوونە لەلایەن (تۆماس جیفرسۆن) وە داڕێژرابوو ، هەروەها یەكەمین سەرۆكى ولایەتە یەكگگرتووەكانى ئەمریكا كە لەبەروارى (30/4/1789) بۆیەكەمجار ئەو پۆستەى وەگرت (جۆرج واشنتن) بوو ، بەڵام نە بەروارى لەدایكبوونى (تۆماس جیفرسۆن) و نە بەروارى لەدایكبوونى (جۆرج واشنتن) نەكراوە بە پشووى فەرمى و جەژنى نەتەوەیى ، بەڵكە جەژنى راستەقینەى نەتەوەیى ئەو وڵاتە ساڵیادى سەربەخۆبوونێتى نەك بەروارى لەدایكبوونى ئەو كەڵە سەركردانەى ولایەتە یەكگرتووەكانى ئەمریكایان دامەزراند و لەدەستى داگیركاران رزگاریان كرد .
لەوڵاتێكى وەك ئەڵمانیایى فیدڕاڵدا جەژنى نەتەوەیى ئەو وڵاتە (رۆژى یەكگرتنەوەى دوو ئەڵمانیا دابەشكراوەكەى پێشووە) واتە ئەڵمانیای رۆژهەڵات و رۆژئاواى جاران كە ساڵانە لەبەروارى (3/10) دا یاد دەكرێتەوە و پشووى فەرمى ئەو وڵاتەیە ، ئەڵمانەكان نەهاتن ساڵیادى لەدایكبوونى ئەندازیارى راستەقینەى ئەو یەكگرتنەوە مێژووییە بكەنە پشووى فەرمى كە (هلموت كول) بوو ، بەڵكە بەروارى یەكگرتنەوەكەیان لاگرنگتربوو لە مەزنراگرتنى شەخسەكان .
هەرچەندە كەسێكى وەك (مەلا مستەفاى بارزانى) بەهیچ جۆرو لێكدانەوەیەك حـــەددى نیە سەرى لووتى بگاتە تۆزى ژێرگەردى پێڵاوەكانى كەسانێكى وەك (جیفرسۆن و واشنتۆن و كول) كە هەموو تەمەنى خۆیان بۆ خزمەتكردنى میللەتەكانى خۆیان تەرخانكرد بێ هیچ خیانەت و سیخوڕیەك ، بێ ئەوەى منەت بەسەر تاكە یەك هاوڵاتى دەڤەرەكەى خۆیاندا بكەن ، بێ ئەوەى پاڵەوانێتى و دەسكەوتەكانیان پێبفرۆشنەوە ، بێ ئەوەى كورسى دەسەڵات بكەنە میراتگرى بنەماڵە و لەوەچەوە بۆ نەوە بیگوازنەوە پاوانكارى هەموو پۆستەكان بكەن ، بێ ئەوەى تاكە یەك سەنتى داهات و سامانى گشتى وڵات بەتاڵان بەرن و بەرۆژى نیوەڕۆ بیدزن .
گەلى برادەرینە تەماشاكەن و وردبنەوە ئەوەتـــــــا لە هەرێمى كوردستانى باشووردا بنەماڵەى مەلا مستەفا و كوڕ و برازاكانى نەك بەتەنها هەموو جومگەكانى دەوڵەتیان بە بەرزى باڵاى بەرژەوەندییەكانى خۆیان بڕیوە و قۆرخكردووە ، نەك بەتەنها وەك موڵكى بنەماڵەى شەخسى مامەڵە لەتەك داهات و بودجەى گشتى وڵات دەكەن ، نەك بەتەنها نەیارەكانیان بە كوشتن و گرتن و تۆقاندووە .. بەڵكە ئەوەتا بۆنە نیشتیمانیەكانیشیان بۆ جوانكردنى سیماى ناوازەى بنەماڵەكەیان پاوانكردووە ، بەڵێ (5/3) كەساڵیادى راپەڕینى خەڵكى توڕە و ستەمدیدەى كوردستانبوو ، لەسایەی بنەماڵەى مستەفا بارزانیدا هێندە بچوككراوەتەوە كەتەنها ڤیستیڤاڵێكى جامانەى سوور و وێنەى مەسعود و مەلا و نێچیرڤانى تیا بەدیدەكرێت ، بەڵى ئەو رۆژە و ئەو بۆنە مێژووییە گرنگەى میللەتەكەمان لەسایەی ئەم بنەماڵە خۆفرۆش و نیشتیمان فرۆشەدا هێندە بچوككراوەتەوە كەبەشى ئەوەناكات بكرێتە پشووى فەرمى نەتەوەیى ، بـــــــــەڵام ساڵیادى لەدایكبوونى مەلا مستەفاى بارزانى جاشى بەینەالمللى ساڤاك و میت و ئیتڵاعات و سیخوڕى مۆسادى ئیسرائیلى و ئەندازیارى ئاشبەتاڵ و هەرەسپێهێنانى شۆڕش ، لێمانكراوەتە بۆنەیەكى نیشتیمانى و لەتەك ساڵیادى مۆركردنى پەیماننامەى یانزەى ئازاردا بەفەرمانى خاوەن شكۆ نێچیرڤان بارزانى كرانە پشووى فەرمى .
بەوتەى كەسێكى وەك نەوشیروان مستەفا كە چەند رۆژێك بەر لەئیستا لەمیدیاكانەوە بڵاوكرایەوە ، دەڵێت : (ئەشهەدومابیلا میللەت خۆى راپەڕینى كرد و ئێمە هاتینە سەر حازر و بنكڕەكەى) ، بەڵێ جەماوەرى سیڤیلى بەشەرەفى ئەم نیشتیمانە یەكەم كەس بوون كە سنگیان كردە قەڵغانى گوللەى بەعسیەكان و لە دائیرەى ئەمن و ئیستیخباراتەكاندا بریندار و شەهید و كەمئەندامبوون ... كەچى دواهەمین كەس بوون كە پریشكەى بەروبوومى ئەم دەسكەوتە مەزنەیان وەبەركەوت ، ئەوەتا كەسێكى وەك نێچیرڤان كە كاتێ لەسلێمانى و رانیە و هەولێر خەڵكى بەدار و بەردەوە بێ چەك تانك و زریپۆشەكانى بەعسیان ئەسووتان و شار و شارۆچكەكانیان ئازاد دەكرد .. ئەو لە لەتەك مام و بنەماڵەكەیاندا (كەرەج) جوجە كەبابیان ئەخوارد و و جیغارەى تیربەهمەنیان ئەكێشا .. كەچى ئیستا ئەو و مامى و بنەماڵەكەى بونەتە میراتگرى راستەقینەى هەموو بەروبوومەكانى راپەڕین و سامانى سروشتى و ناسروشتى ئەم وڵاتە بە بودجە زەبەلاحەكەیەوە و خەڵكیش لەدوورەوە زەقەى چاویان دێت ، جا بەمەشەوە نەوەستاون ئەوەتا جارێ بەسەدان ملیار دینار لە بودجەى گشتى بۆ گۆڕى باب و براكانیان تەرخان دەكەن و جارێكى تریش بۆنە نیشتیمانیەكانمان لێدەدزن و مۆركى بنەماڵە ئەدەن لەتەوێڵى .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست