کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هەماهەنگی و هەڵوێستی پێویست لەمەڕ پێشهاتەكان زەرورەتێكی هەنوكەییە

Tuesday, 20/11/2012, 12:00




لەم چەند رۆژەدا وەزعی تایبەتی ناوچە دابڕێنراوەكان تا رادەیەك بازدانێكی جۆریی بەخۆوە بینی و زۆرێك لە روانینەكانی گۆڕی و مامەڵەی هەرێم و بەغدا تا ئاستێكی خەتەرناك جوڵاند و پەیوەندیەكان چەندین هەنگاو بەرەو دواوە گەرانەوە، لە كاتێكدا كە هەموو لایەك بەو ناكۆكیانەی نێوان هەرێم و بەغدا نیگەرانن، ئەو رەفتارانەی حكومەتەكەی مالكی و ئۆپەراسیۆنی دیجلە خەڵكی خستۆتە دڵەراوكێوە و، ملهوریەكانی دوراییەكی بینراوی ئاشكرای فەرز كردوە كە كاریگەری زۆر سەلبی لەسەر پەیوەندیە باشەكانی نێوان شیعە و كورد كردوە و،تا رادەیەك تەنانەت چاوەرێی تەقینەوەی لەناكاوی لێدەكرێت و ئەمەش لەپاش روخانی سەدامەوە بۆ یەكەم جارە پەیوەندی كورد و شیعەی گەیاندۆتە ئەم پلە خەتەرناكەوە و وا بروات ئەگەری داڕمانی یەكجارەكی لێدەكرێت .
كارلێكە ناوچەیی و نێوخۆییەكان و ئەم بارودۆخە لەم كاتە هەستیارەدا، عێراق بە ئاقارێكدا دەبەن كە دەرفەت لەبەردەم لایەنە بەشەرهاتوەكانی نێوخۆی سوریا و پاڵپشتیكارە ناوچەیی و جیهانیەكان دەدەن، كە خۆیان لەمێژە بە دوای هەلێكدا دەگەرێن لەهەوڵی ئەوەدان هۆكارێك دروست بكەن یان بدۆزنەوە كە ئەگەر بۆ ماوەیەكی دیاریكراویش بێت، پشویەك بدەن و روانینی جیهان لەسەر بارودۆخی سوریا بگۆرن و لەسەر چارەسەرێكی سانا رێكبكەون لەلایەك و،لەلایەكی ترەوە بۆ پەناگەیەك یان دەرفەتێك دەگەرێن بۆ خۆ ریكخستنەوە و بەخۆداچونەوە و هەلقۆستنەوە لەپێناو ناچاركردنی ئاوردانەوەی كاتیی لایەنە پەیوەندیدارەكان بە پرسی سوریا بۆ كێشەیەكی كاتی تر و پشت كردنە ئەو شەرە نێوخۆییە، جگە لە پەنابردنە بەر زەمینەی رەخساوی عێراق بۆ سەرهەڵدانی قەیران و دروستكردنی ئاڵۆزی و قوڵكردنەوەی ناكۆكی و كێشە دروستكردن بە ئاسانی هیچ جێگەیەكی دیكەیان بۆ نادۆزرێتەوە و، لەوێشدا دەكرێت لایەنە عیراقیە پەیوەستەكان بە یاریچیە سەرەكیە ناوچەییەكانەوە بە گەورەترین و ساكارترین رێگە بزانرێت بۆ یارمەتیدانیان لە بەدەستهێنانی ئەو ئامانجەیان . بۆیە دەكرێت هۆكارە ناوچەییەكان بە پاڵنەرێكی راستەوخۆ دابنرێن بۆ ئەوەی هەرنەبێت بەشێك لە قورسایی ئەو ململانێیەی سوریا كە لەسەر پاڵپشتیكارانیانە بگواستنەوە بۆ عیراق وەك چۆن هەوڵی گواستنەوەیاندا بۆ لوبنان و تا رادەیەك سەركەوتو نەبون لەوێدا . بەڵام پاش فشاری لایەنی دەرەكی لەسەر مالكی بەتایبەتی لەم یاریە ئاشكرایەیدا بۆ ژەنین لەسەر ژێی نەتەوەیی هانی زیاتری دا كە موكور بێت لەسەر بریارەكانی پاش ئەوەی لە بەكارهێنانی ململانێی مەزهەبی كە لەكاتی خۆیدا قازانجێكی لەرادەبەدەری بینی و لە نێوان پاڵپشتیكارانی هەردوجەمسەرە مەزهەبی و جیهانیەكە هاوسەنگی پاراست و لە جێی خۆیدا بەسەركەوتویی دەرچو و، دەنگەكانی و جەماوەریبونیشی زیادی كرد، ئەمرۆش ئەم لاساریەی لە بۆشاییەوە نەهاتوە و لەو گۆشەنیگاوە سەرچاوە دەگرێ و تا ئێستا تام و چێژی ئەو جۆرە سیاسەتە و دروستكردنی دوژمنی وەهمی بۆ پردەنگ و سەنگ كردنی خودیی رێگەیەكی ئاسانە بۆ بردنەوە لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوی عیراقدا، بەتایبەتی بۆ كەسانێك كە گەیشتبنە قۆناغی لەخۆباییبون و بێمنەتی لە ساحەی سیاسی عێراقدا .
خاڵی یەكلاكردنەوەی ئەم پرسە بۆ ئانوساتی ئەمرۆ و دوارۆژیش، پێویستی بە عەقلانیەتی كورد هەیە بۆ بردنەوە لە ململانێكە و لەهەر كاتێكی تر گرنگترە، دەبێت هەنگاوەكان بە حاڵەتێك بنرێن و وەڵامی ملهوریەكانی ناوەند بە شێوەیەك بدرێتەوە كە نە شەر و ماوڵوێرانی و نەش ملكەچ كردنی لێبكەوێتەوە لە ئاست سەرەڕۆیەكانی ناوەندی دەسەڵاتی عیراق و بەتایبەتی مالكی و، بە شیوەیەكی پروپوخت و بەسەرجەم رێگاكانەوە وەڵامی خۆیان وەربگرن و سەریان لە حەقیقەتێك بدات كە باش بزانن قۆناغی نوێی عیراق و كوردستان بەهیچ شێوەیەك ناگەرێنەوە سەردەمی سەركوتكردن و زوڵم و زۆرداری و مێژوو دوبارە نابێتەوە . ئەمەش پێویستی بە كۆمەڵێك هەنگاوی عەمەلی نێوخۆیی كوردیی هەیە بۆ ئەوەی خەڵك دڵنیابن، كە ئەم شەرە سیاسیە تا حەدی عەسكەریش هەر دەرهاویشتەیەكی لێبكەوێتەوە لە پێناو ئامانجە نەتەوەییە چارەنوسسازەكانە نەك لەبەر خاتری بەرژەوەندی تەسكی حزبی و كەسایەتی و پارە و نەوت . ئەمەش بە تاكە رێگەیەك دەبێت كە؛ هەموو لایەنەكان بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیشەوە دان بە حەقانیەتی هەر هەنگاوێك بنێن و قەناعەت بكەن و قوربانیدان لەوپێناوەدا بە زەرورەت لەقەڵەم بدەن و، ئەمەش بە هەموو شەڕێكی سیاسی و دبلوماسی و تەنانەت عەسكەری لەسەر خاك و مادەی سەد و چل و مافەكانی گەلی كورد و مافی چارەنوس دەبێت . لێرەشدا، ئەگەر رەوایی هە نگاوەكان بۆ میلەت یەكلایی بكرێتەوە و قەناعەت پێهێنەر بن و لە ئەركە نەتەوەییە پێویستەكانی هەموو لایەك بن، لەسەر ئۆپۆزسیۆن پێش دەسەڵاتە، لەم كاتەدا، بە روونی ناوەرۆكی مەسەلەكە بۆ هەموو لایەك رون بكاتەوە ئەوا خەڵك بە گشتی رووبەرووی هەر پێشهاتێك دەبێتەوە ئەگەر بزانێت كارێكی رەوایە و لە پێناو دوا رۆژی میلەتەكەیە نەك بۆ حزبێك یان كەسایەتیەك یان بەرژەوەندیەكی تەسك بێت . هەر لێرەشدا دەستپێكی خۆ ریكخستنەوە و رێككەوتن بە كۆبونەوەیەكی تایبەتی سەرجەم لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات دەبێت لەسەر ئەم پرسە لەناكاوە لە پێناو بریاردانی راست و راگەیاندنی خیتابێكی سیاسی یەكگرتووی گشتی كە لەئەولەویاتی تەبایی و كۆكبونی لایەنە دڵسۆزەكانە و كارێكی زەروری چارەنوسسازی هەنوكەییە لە بارودۆخی ئێستای كوردستاندا و، بەو شێوەیە دەسەڵاتی ناوەندی عیراقیش بە خێرایی بەخۆیدا دەچێتەوە و گرەو لە سەر ئەسپی دۆڕاو ناكات و وەڵامی فشارە درەركیەكانیش ناداتەوە ئەگەر بزانێت لە زەرەریدا دەشكێتەوە و لەهەر هەنگاوێكی ناعەقڵانی سڵ دەكاتەوە و بۆ داهاتوش لەخۆی رانابینێت كە پشت بە كەلێن و كەلەبەری نێوخۆی كورد ببەستێت و ناكۆكیەكان بقۆسێتەوە . ئەمەش تەمبێكردنێكی باشە بۆ هەر لایەك و وا خۆی فەرز دەكات بۆ ئەوەی باش بزانێت كە پێویستە كارلێكەكان بە جوانی بخوێنێتەوە و هەزار و یەك حیساب بۆ مامەڵە كردن لەگەل هەرێمی كوردستان بكاتەوە . ئەوەی پێویستە بوترێت لە كار و ئامانجێكی ئاوهاشدا جگە لەلایەنە نێوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان، هەڵوێستی لایەنە كوردیەكانی هەرچوار پارچەكەی كوردستان دەەنگدانەوە و كاریگەری تایبەتی خۆی دەبێت و، تەنانەت یەكگرتوویی كورد بۆ سەرجەم جیهان دەسەلمێنێت و، هەروەك چۆن هەڵوێستی روونی هەمووان بەرامبەر خەباتی باكوور لەم كاتەشدا پێویستیەكی حاشاهەڵنەگرە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە