لەووڵاتى بێ یاسادا هەموو نامومكینێك یاساییە
Sunday, 04/03/2012, 12:00
زۆر بەداواى لێبوردنەوە من نامەوێت لێرەدا جێگەى یاسا ناسێك بگرمەوە و باس لەیاسا و چۆنیەتى جێبەجێ كردنى بكەم بەڵام ئەوەى بەلاى منەوە گرنگە ڕەخنە گرتنە لەو كۆمەڵە كردارانەى كە حكومەتى كوردى پیادەى دەكات و ناوى لێناوە یاسا چونكە ئەو ئامانجەى كە یاسا لەپێناویدا هاتۆتە دى پاراستنى مافى مرۆڤەكانە بەیەكسانى بێ جیاوازى دەبێت ئەو یاسایەى بۆ ئێمە بەكار دەهێنرێت لە كاتى سەرپێچى كردنماندا هەمان ئەو یاسایە بەكار بهێنرێت بۆ بەرپرسێكى باڵاى حكومەت لەكاتى سەرپێچى كردنیدا بەڵام دەپرسین ئایە لەكوردستان بەم شێوەیە رەفتار لەگەڵ یاسادا دەكرێت وەڵامى ئەم پرسیارە جێدەهێڵم بۆ خوێنەر .
لەووڵاتى بێ یاسادا ڕۆژنامەنووس زیندانى دەكرێت بەبێ بونى هیچ یاسایەك بەتاوانى ئەوەى لەكاتى ڕوداوەكانى زاخۆ هەستاوە بە ڕوماڵكردنى ڕووداوەكان لەووڵاتى بێ یاسادا ڕۆژنامەنووسى بیانى دیپۆت دەكرێتەوە تەنها لەبرى ئەوەى ڕووماڵى ڕوداوەكانى 17ى شوباتى كردوە لەووڵاتى بێ یاسادا دواى كوشتنى ڕۆژنامەنووس تۆمەتى تیرۆرى دەخرێتە پاڵ لەووڵاتى بێ یاسادا پارێزگارى كردن لە دیوارى و دام و دەزگاى حیزبى لە خوێنى مرۆڤەكان پیرۆزترە بۆیە هەر لەووڵاتى بێ یاسادا مرۆڤ كوشتن ئاسانترە لە بەرد بارانكردنى بارەگا لەووڵاتى بێ یاسادا نەك تەنها گەورەكان بەڵكو یاساییە منداڵیش بەركوللە بدرێت كاتێك داواى ئازادى كرد هەر لەهەمان ووڵاتدا لەبرى ئەوەى یاسا لەسەر كورسى دادگا دانیشێت بەڵام بە پێچەوانەوە حیزب نەك تەنها لەسەر كورسى دادگا دادەنیشێت بەڵكو لە مەكتەبى سیاسییەكەیەوە بڕیار دەنێرێتە دادگاكان
لەووڵاتى بێ یاسادا حیزب یاساى هەموو یاساكانە گەندەڵ دەم سپى و پیاوى ناو پیاوانە لەم مەملەكەتە عەجیب و غەریبە بكوژ زوڵم لێكراوە و كوژراویش زاڵمە پێویستە دواى مردنیشى تۆڵە لە كەس و كارى بكرێتە لەم شوێنەدا ئەوەى بەیاسا كار بكات ئەوە بێ یاساى كردوە و خائین و دیكتاتۆر بەكرێگیراوى ووڵاتانە ئەوەى پێچەوانەى یاسا بجوڵێتەوە ئەوە دیموكراتى خوازە پێشكەوتو خوازە كوردێكى مەردە لەم ووڵاتە سێ پارێزگاییەدا ئەوەى شانازى بە 66 و 31 ئابەوە نەكات نابێت بەخۆى بڵێت من كوردم ئەوەى ئاشبەتاڵى نەكردبێت و دەبابەى بەعسى نەهێنابێتە گۆڕەپانى پەرلەمانەوە ئەوە مافى ئەوەى نیە كوردایەتى بەخەڵك بفرۆشێت ئەوەى لەشەڕى براكوژى بەشدارى نەكردبێت یاخود فایلدار نەبێت یان دەبێت بەرتیل بدات تاوەكو لەدەزگایەك دابمەزرێت یان دەبێت بۆخۆى بیخولێنێتەوە
هەموو نامومكینێك موكینە تاوانبار بێ تاوانە بێ تاونیش تاوانبارە كێشەنیە ئەگەر ڕۆژانە بەهەزارەها بەرمیلى نەوت كە قوتى ئەم ووڵاتەیە ئاودیوى بكەى بەلام تەنها خۆپیشاندان نەكەى باسى چى ئەكەى تەنها ووشەى ئازادى نەبیت ئاساییە ئەگەر قورئانیش بسوتێنیت بەلام وریابە جامانییەكى سورت لەدەست نەكەویتەخوارە جائەگەر سوكایەتى بەجامانى سووربكەى یان بیسوتێنیت ئەوە كوفرت كردوە بەیاساكانى ئەرزو ئاسمان ئاى لەم ووڵاتە بێ یاساییە كە هەموو بێ یاساییەك یاساییە هەموو یاسایییەكیش ناساییە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست