كەناڵى ڕاگەیاندنى حیزبەكان ڕۆژانە وانەى بێڕێزكردنى مرۆڤى كورد دەدەن بەڕوماندا!!
Tuesday, 26/04/2011, 12:00
لەم ڕەوشەى ئێستادا هەموو كۆمەڵگا بە هەموو چینوتوێژەكانیەوە تەواو بێزار بووە لەو هەموو بێڕێزیانەى لە كەناڵەكانەوە دەدرێ بەڕومانداو بەرگوێمان دەكەوێ. هەریەك لە كەناڵە حیزبیەكان لە چەواشەكردن و كەمكردنەوەى بەهاى مافەكانى مرۆڤو ترسوتۆقاندنى ئەو كەسانەى خاوەنى دەنگوڕەنگى خۆیانن زیاتر هیچ وشەیەكى بەسودیان تێدانەماوە. لەیەك ساتدا چاوێك بخشێنى بە هەواڵكانیان دەبینى یەك یەكتر بەدرۆ دەخەنەوەو هەروەها هاوڵاتیش دەكەنە هۆكارى بەراستىكردنى هەواڵەكانیان، وە هیچ گرنگیش بە كەرامەتى هاوڵاتى كورد نادەن ڕۆژانە لەسەرشەقامەكان بێڕێزىو توندوتیژى لەبەرامبەر هەموو كۆمەڵگا دەكرێت، كەچى كەناڵەكان ناوى لێدەنێن ئەمنو ئاسایشو خۆش گوزەرانى، ڕۆژانە ئەو دەنگانەى بێزاریەكان دەدركێنن كپدەكرێنەوە سەرو جەستەیان دەخرێنە ژێر كوتەكو ئازاردەدرێن دیسان ناوى لێدەنێن دیموكراسىو ئازادى. لەم ناوەندەدا هاوڵاتى تەواو سەری لێشێواوە هەموو شتەكانى وەك(ڕاستى ئازادى دیموكراسى مافى هاوڵاتیبوون، وە گەندەڵى نادادپەر وەرى درۆ توندوتیژى ئەمنو ئاسایش ئارامى پاراستنى سەرو ماڵى ها وڵاتى) لێتێكچوە واتاى ڕاستەقینەى ئەمانە ونبوون شێوێنراون هاوڵاتى ئاسایى هەرگیز ناتوانێ تێبگات لێیان، ژمارەیەكى زۆر كەم لە ڕۆشنبیران ئەویش بە مەزندەى ئەقڵ و لەسەر شێوازى خوێندنەوەى هەواڵنێرەكە كە لە چۆن بارێكى دەرونیدا ئەو هەواڵە دەخوێنێتەوە دەستنیشان بكات ئنجا بتوانێ ئەودیو وشەكانى هەواڵەكە ڕاستیەكانى دەربخات، گەر نا زۆر زەحمەتە بینینى ڕاستى لە كەناڵەكانەوە.
بەراستى ئەم شێوازى گەوجاندنەى كۆمەڵگا لەڕێى شەڕە هەواڵى كەناڵە حیزبیەكانەوە كاریگەرییەكى زۆر ترسناك لەسەر هەموو ماناڵانو هەرزەكارانو ژنانى ناوماڵو تەواوى كۆمەڵگا دەكات. مرۆڤ تێناگات لە ئەركى كەناڵەكانى ئەمڕۆى كوردستان، ئایا لە خزمەتى كێدانو بۆچى كاردەكەنو بەم شێوازانەیان كێ جوان دەكەنو كێ ناشرین.
زۆربەى هاوڵاتى گەیشتۆتە ئەو بڕوایەى كە كەناڵە كوردیەكان نەكاتەوەو گوێبیستى نەبێ، چونكە خەوزڕاندنو نائارامى دەرونىو گرژبوونى دەموچاوو هەڵچونى لێ دەكەوێتەوە لەگەڵ ئەندامانى خێزان مناڵەكانیش شەوانە خەوى ترسناكى پێوە دەبینن، هەروەها ڕەوشتى هەرزەكاران دەشێوێنێت بە بارێكى زۆر خراپیان دەبات. بۆیە من لێرەدا پێشنیار دەكەم لە پێش هەموو داواكاریەكانى ترەوە هاوڵاتى داواى ڕاگرتنى ئەم گەوجاندنو شێواندنانى كەناڵە حیزبیەكان بكات، یان بەڕاستگۆیانەوە كاربكەن و بكەونە خزمەتى تەواوى كۆمەڵگا وە یان كەناڵكانیان داخەن باشترە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست