کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لە باوكەوە بۆ كوڕ شكستى بەیاننامەى 11ى ئازار و شكستى ئێستاى كورد

Monday, 16/03/2009, 12:00


بەیاننامەى 11ى ئازارى ساڵى1970لاى گشت كوردێكى باشوور پیرۆزە، لە سەردەستى (بارزانى) بوو، كە سەركردایەتى جوڵانەوەى شۆڕشى كوردى دژ بە حكومەتى ئەوكاتى عێراق دەكرد، ئەویش لە پێناو دەستەبەركردنى مافە زەوتكراوەكانى نەتەوەى كورد، كە خۆى لە چەند خاڵێك كۆكردبوویەوە.
بەیاننامەى 11ى ئازار لە نێوان سەركردایەتى شۆڕش و حكومەتى ئەوكاتى عێراق لەسەر تەواوى خاڵەكان كە داواكارى مافە نەتەوەییەكان بوو و خاڵى گرنگ تێیدا: (دانپێدانانى حكومەتى عێراق بوو بە بوونى نەتەوەى دووەم لە عێراق، ئەو پێشمەرگانەى شۆڕش ببنە پاسەوانى سنوور، بوونى ئازادى رۆشنبیرى، بوونى وەزیرى كورد، مافى خۆ بەڕێوەبردن، بوونى متمانە لە نێوان كورد و عەرەب...هتد)، كە داواى شۆڕشى كورد بوو و حكومەتى عێراقیش لەسەر ئەو خاڵانە كۆك بوو ئیدى ئەو بەیاننامەیە لە نێوان شۆڕشى كورد و حكومەتى ئەوكاتى عێراق ئیمزا كرا.
ئەوەى كە دەمەوێت قسەى لەسەر بكەم و رەنگە زۆركەس بە هەر هۆیەك بێت نەیانتوانیبێت بە لایدا بچن! ئەویش خاڵى هەرە گرنگى سەرنەگرتنى ئەو بەیاننامەیەیە. هۆكار زۆرن كە بوونەتە لەمپەر لە بەردەم سەرنەگرتنى ئەو رێككەوتننامەیە، ئەویش گەر بگەڕێینەوە بۆ سەر كتێبەكانى (رەفیق پشدەرى) بە ناوى (كورد دوژمنى خۆت بناسە) بەرگى دووەم و هەروەها بەیاننامەكانى لیژنەى تەحزیرى (پ، د، ك) دكتۆر مەحمود عوسمان و، وە جیابوونەوەى سەركردایەتى كاتى سامى عەبدولڕەحمان، هەروەها گازاندەكانى ئەوكاتەى هەریەك لە سەید كاكە و نورى شاوەیس و كەریم شنگارى و..هتد، بۆمان دەردەكەوێت، كە جیا لەو خاڵانەى كە بوونەتە لەمپەر لە بەردەم بەردەوام بوونى ئەو بەیاننامەیە، خاڵى هەرە سەرەكى دەست تێكەڵكردنى شۆڕشى كوردى لەگەڵ هەریەك لە دەزگا سیخوڕیەكانى (ساواك، مۆساد، سی ئاى ئەى) بووە، حكومەتى عێراقیش بەدەر نەبووە لە لادان لە سەر ئەو خاڵانەى كە هەردوولا لەسەرى رێككەوتوون، بۆ نموونە نەوتنەوەى كوردستان و دواجار حوكمى زاتى و لە بەرامبەردا بەكارهێنانى وشەى (شیمال حبیب) و زیادكردنى پیاوانى ئەمن و دەستگیركردنى ئەندامانى شۆڕش...هتد، هەتا لەسەر بەكار نەهێنانى حوكمى زاتى و لە بەرامبەردا (شیمال حبیب) رۆژنامەى بیرى نوێى ئەوكاتى حیزبى شیوعى نووسیبووى "بەیاننامەى 11ى ئازار خەریكە لە بنا خەتەنە دەكرێت!"، لە هەمووشى نەهامەتتر دۆستەكانى دوێنێى شۆڕشى كورد بە تایبەت ئێران، كە دنەى عێراقى لە دژى كورد دەدا بەوەى كەوا شۆڕشى كوردى بە تایبەت (بارزانى) دەستى لەگەڵ دەزگاى سیخوڕى سى ئاى ئەى ئەمەریكى هەیە، ئەوە جیالەوەى كە ئێرانیش پشكى شێرى بۆ خۆى پچڕیوە لە هەوڵ بۆ سەرنەگرتنى ئەو رێككەوتننامەیە، كە دواتر دێمە سەر باسى. ئەمەریكا بۆ زیاتر تێكەڵ بوون بە شۆڕشى كوردى و سود لێ وەرگرتنیان لە وەرگرتنى زانیارى و بەكارهێنانى سەركردەكانى شۆڕش ئەوەبوو دواى بەیاننامەى 11ى ئازار، (هێڵمز) كە ئەفسەرێكى ئەو دەزاگایە بوو، كردیە باڵیۆزى ئەمەریكا لە تاران بۆ نزیك بوونەوە لە شۆڕشى كورد بە تایبەت بارزانى، ئیدى بارزانیش زیاتر لێى نزیك دەبۆوە، تا عێراقیش بەو پەیوەندیانەى زانى و چەند جارێكیش بارزانیان لەوە ئاگادار كردبوویەوە، لێ بارزانى ئەو پەیوەندیەى رەتكردۆتەوە. دەشبێت بارزانى متمانەی زۆرى بە ئەمەریكا بووبێت بۆیە ئەو زەنگانەى عێراقى بە هەند وەرنەگرتبێت، ئەو پەیوەندیانەى نێوان شۆڕشى كوردى و ئەو دەزگا سیخوڕییانە و دواجار گۆڵ كردن لە شۆڕشى كوردى هەر لە لایەن ئەو دەزگا و وڵاتانەوە، ئاكامەكەى چوونەوە شاخ و پاشان لە ساڵى 1974 رێككەوتننامەى جەزائیرى لێكەوتەوە، كە شۆڕشى كوردیش دەستى لە هەمبانەكە دەرچوو و ئەو دەزگا سیخوڕیانەى كە شۆڕشى كوردى هاوكارى دەكردن، بە هاناى شۆڕشەوە نەهاتن، تا ئاكامێكى تاڵى وەك (ئاشبەتاڵ)ى لێكەوتەوە، كە ئەودەم شۆڕش و شۆڕشگێڕەكانى كورد پڕ چەك و خاوەن ئینتیمایەكى بەهێزى نەتەوەیى بوون. لێ دواتر حكومەتى عێراق بە شێوەیەكى شكڵى و كارتۆنیانە لەسەر ئەو بەیاننامەیە بەردەوام بوو، ئەویش بە دروستكردنى چەند پارتێكى كوردى و دانانى چەند وەزیرێكى كورد و...هتد.
ئەو فاكتەرەى كە بۆتە پاڵنەرى وڵاتى ئێران بۆ دنەدانى عێراق تا ئەو بەیاننامەیە سەرنەگرێت، ئەو ترسە بووە كە دوارۆژ كوردەكانى ئەو وڵاتەش هەمان داخوازییان نەبێت بۆ چارەسەركردنى كێشە رەواكەى خۆیان و، دواتر راى گشتى جیهان لەمەڕ چارەسەركردنى كێشەى گەلى كورد نەوروژێنن، كە دواتر ئەو ترسە دەكەوتە ناو هەریەك لە وڵاتانى توركیا و سوریاش، كە دەكرێت بڵێین هۆى بێ دەنگى وڵاتە زلهێزەكانى دنیاش بۆ نەوروژاندنى ئەو وڵاتانەى تر بووە، كە كوردستانیان بەسەردا بەشكراوە! لە هەڵوێستى ئەمڕۆى وڵاتە زلهێزەكانى دونیا بە تایبەت ئەمەریكا و بەریتانیا تێبگەین، كە ئەوكات و ئێستاش لەگەڵ چارەسەركردنى كێشەى كورد نەبوون و نین، كە لە كاتێكدا هەمیشە كورد بە چاوى فریادرەس لێى روانیوون! ئەوەتا نموونەى زیندووى ئێستا كە مەترسى ئاكامەكانى ساڵى 1974ى لێدەكرێت، وەك نێچیرەڤان بارزانیش ئاماژەى بەو مەترسییە كردبوو، لێدوانى وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریكییە، كە ماویەك لەمەوبەر وتبووى: "كێشەكانى عێراق ناوخۆیین و عێراقیش وڵاتێكى دیموكراسیە دەبێت حكومەتى ناوەند چارەسەرى بكات و هیچ لایەنێك پێى وانەبێت كە ئەمەریكا تەداخولى دەكات و لایەنگرى لە لایەك دەكات"، لەم تێكستە نا راستەوخۆیەى وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریكا بەرامبەر بە كێشەكانى عێراق، كە گومان نیە لەگەڵ كوردیەتى ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت، كە رەنگە ماوەیەكى تر ئەمەریكا بە بەیانێكى رەسمى كێشەى كورد لە عێراقدا بكاتە كێشەیەكى ناوخۆیى و ئەو فۆڕمە سیاسیى و دەولییەى كە هەیەتى لێ بسەنێتەوە، هەروەها چاودێرانى سیاسیش پێیان وایە هەمان چارەنووسى ساڵى 1974 دووبارە ببێتەوە.
هەولێر
[email protected]


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە