پەروەردەی کوردستان پەروەردەی بێئومێدی و شکستپێهێنانی منداڵی کوردە!- بەشی دوەم
Friday, 20/12/2013, 12:00
2069 بینراوە
دوای ئەو بەناو گۆڕانکاری وبەناو ڕیفۆرمانەی کە لە چەند ساڵی ڕابردودا لە بەناو سیستمی پەروەردەدا کران ، ساڵ بە ساڵ ئاستی زانستی و توانای فێرخواز لە دابەزیندایە ، لاوازی توانای فێرخواز بە ئاستێك گەشتووە توانا داڕشتنی چەند دێڕێکی نەماوە بە زمانی زکماگی خۆی، بەڵکو هەندێکجار دەبینی فێرخوازی ئامادەیی ڕێنوسی تەواو نییە! ئەمەش سەرەنجامی ئەو بڕیارو بەناو سیستمە بو کە فلتەرەکانی خوێندنی نەهێڵاو ئاسانکارییەکی بێ مانای هێنایەکایەوە لە سیستمی پەروەردەیدا .
بۆ نمونە پرسیاری بابەتی و هەلوربلوری هەڵبژاردن و نەهێشتنی ئەزمونی ویزاری پۆلی شەشی بنەڕەت و ئاسانکارییەکی بێتام لە ئەزمونی پۆلی نۆیەم و دوانزەیەمدا وایکردوە کە هەمو فێرخوازێك چانسی بەژداری پێبدرێت و دواجاریش پرسیارەکان نیوە بەنیوە هەڵبژاردنن یان دەتوانین بڵێین هەلور بلور تەکامەن ، وە هۆڵەکانی ئەزموندان کۆنترۆڵ ناکرێن و پێوتنەوەو گزوی و قۆپییە شوڵی لێهەڵکێشاوەو هەمو بەناو فێرخوازێك لە ڕێگەی پەنابردن بۆ ئەو ڕێگە ناشایستەو نا شەرعیانەوە نمرە دەهێنێت و بەمەش ئەو دۆخە دروست دەبێت کە دو سێ ساڵە هەمومان دەناڵێنین بە دەستییەوە ، کە ئەویش بێبەش بون و بێبەری کردنی فێرخوازە لە خوێندنی زانکۆو پەیمانگا ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شێوازە سەقەتەی پرسیار دانان و ئەو میکانیزمە هەڵانەی دەگیرێنەبەر بۆ هەڵسوڕاندنی ئەم وەزارەتە ستراتیژییە کە بە بەردی بناغەی ژیان و ژیاری سەرجەم کۆمەڵگەکان دادەنرێت .
ئەم سیستمە ئەگەر وا بڕوات و بەم ئاراستەیە هەڵسوڕێنرێت نەوەیەکی ئومی خاوەن باوەڕنامەی بێ ناوەڕۆکی نەخوێندەوار بەرهەم دەهێنێت کە شیرازەی کۆمەڵگە تێکدەدات ، هەرچەند ئێستا سەرەتای ئەو تێکچونە دەبینم ، مامۆستا دەبینم بێ زانست و بێ زانیارییە ، فێرخواز کۆڵەوارو نەخوێندەوار ، کارمەندی فەرمانگەی بێ توانا ژیانی کۆمەڵگەیان بە لێوارەکانی بە هیلاكچون گەیاندووە کە ئەمانەش دەرچوی ئەو پەروەردە سەقەتەن .
بۆیە هەتا پرسیارەکان بەمجۆرە دابنرێن و هۆڵەکەنی ئەزموندان کۆنترۆڵ نەکرێن و هۆڵەکانی پشکنینی دەفتەری تاقیکردنەوە سەردەمی نەبن و فلتەرەکانی جاران لە قۆناغی بنەڕەتیدا جارێکی دیکە دانەنرێنەوەو مامۆستا تەژی بە زانست و زانیاری نەکرێتەوە ئاستەمە پەروەردەیەکی سەردەمیمان هەبێت کە وەڵامگۆی سەردەمەکەو ئەو گۆڕانانە بێت کە ژیان و پێشکەوتنە ئەلیکترۆنی زانستییەکان لێمان دەخوازێت .
تکایە لێپرسراوانی باڵای وڵات و پەروەردەکارانی دڵسۆز ، بۆ ئەوەی لەوە زیاتر شیرازەی کۆمەڵگەکەمان تێکنەچێت ئاوڕێکی جدی بدەنەوە بە ڕوی ئەم سێکتەرەداو کێشەکانی بنەبڕ بکەن و لە ڕیشەوە چارەسەری قەیرانەکانی بکەن .
ئەمەش بە دروستکردنی کۆمەڵگەی پەروەردەیی و دروستکردنی باڵەخانەی خوێندنی هاوچەرخ و گۆڕینی فەلسەفەی خوێندن و دروستکردنی ستافی پەروەردەیی لێهاتوو شارەزاو دانانی فلتەری وردو پڕۆگرامی بەسودو یاسای پەروەردەی هاوچەرخ دەبێت ، نەك بە هەندێك گۆڕانکاری ڕوخساری وەکو ئەوەی سەرەتایی بکەیت بە بنەڕەتی و پۆلی یەك و دو و سێ ی ناوەندی بکەی بە پۆلی حەوت و هەشت و نۆ! کە ئەمە بە ڕای من هەمو ڕیفۆرمەکەی پەروەردە بو.
مافی مرۆڤیان کرد بە پڕۆگرام کەسانێك دەیڵێنەوە خۆیان باوەڕیان پێی نییە !
هەتا ئێستا لە قۆناغی ئامادەیدا بۆ هەر سێ بابەتی مێژو و جیۆگرافیاو ئابوری یەك سەرپەرشتیاریان داناوە بە ناو نیشانی سەرپەرشتیاری کۆمەڵایەتی ! ئەی ئافەرین بۆ وەزارەتی پەروەردە کوا زانستی ئابوری بابەتێکی کۆمەڵایەتییە ، ئەگەر وا بوایە دەبو بەشی ئابوری لە سکوڵی زانستە مرۆڤایەتییەکاندا بوایە لە زانکۆدا.
جگە لەوە هەندێك پێوەری وەك ساڵی خزمەت و شتی لابەلایان داناوە بۆ وەرگرتنی پلەو بون بە سەرپەرشتیارو شتی لەو بابەتە کە هیچ زانستی نین و بەڵکو مراندن و وشك کردنی توانای گەنجە .
تکایە بۆ ئەوەی ئەم سێکتەرە لەم بێسەرو بەرەیە ڕزگار بکرێت لێپرسراوان چاوەڕوانی هەنگاوی بوێرانەین لە ئێوە .