بۆچی دەڵێم كۆماری ئیسلامی تیرۆرەكەی پاریسی كرد؟
Thursday, 10/01/2013, 12:00
تیرۆركرانی ساكینە جانسز لە پاریس ئەویش لە بەرەبەری كرانەوەی دەرفەتێكی نوێ بۆ گفتوگۆی نێوان حكوومەتی توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان بۆ گەیشتن بەچارەیەكی ناسەربازی، لایەنەكانی زیانمەندی سەرگرتنی ئەو پرۆسەیەی وەجووڵە خست تا پەكی بخەن یان لانیكەم هەندێكی تری دوا بخەن. كۆماری ئیسلامی یەكێك لەوانە بوو كە پێویستییەكی زۆری هەیە تا جارێ كورد و تورك لە توركیا خەریكی شەڕ بن و دوور بن لە حەسانەوە، بۆیە تۆمەتی هەرجۆرە كێشەیەكی نائاسایی لەو پێوەندییەدا زیاتر روو لە تارانە.
بە بەراورد لەگەڵ حكوومەتەكانی تری داگیركاری كوردستان و بەتایبەت ئێران و عێراق و سووریا، ئەوە توركیا بە هەموو خراپییەكانی تری كەمتر رووی لە تیرۆركردنی فیزیكی كورد كردووەتەوە و زیاتر بڕوای بە رفاندن و زیندووڕاگرتنی رێبەران و كەسایەتییەكان هەبووە تا بەڵكوو دواتر باشتر یاریی سیاسییان پێ بكا.
لەناو ئەو 3 ژنە سیاسەتمەدار و چالاكەی كورد كە ئێوارەی درانگی رۆژی چوارشەمی رابردوو لە پاریس هاتنە تیرۆركردن، هەریەك لە ساكینە جانسز یەكێك لە دامەزرێنەرانی پارتی كرێكارانی كوردستان PKK، فیدان ئۆغان نوێنەری كۆنگرەی نەتەوەییی كوردستان KNK و لەیلا سۆیلەمەز چالاكوانی كورد، زیاتر نەتەوەییی بوونی ئەو كەسانە و پێوەندییان بە پەكەكەوە تۆخ دەكەینەوە و لێرەدا ئاماژە بە 6 هۆكاری سەرەكی دەكەین كە تۆمەتی ئەنجامدانی ئەو تیرۆرە زیاتر دەخاتە ئەستۆی كۆماری ئیسلامیی ئێران:
1. بۆچی كۆماری ئیسلامی؟
حكوومەتی تاران لە بواری سیاسییەوە پێویستی بە توركیایەكی كێشەدار هەیە تا باڵانسێكی هێزی لەگەڵ دروست بكا، بۆ ئەو مەبەستەش پرسی كورد باشترین كەرەستەیە تا هێزەكانی ئەنكارە زیاتری خەریكی ئەو كێشە بن. ئەوەش لە كاتێكدا كورد و تورك باسیان لە گفتوگۆ دەكرد و زیاترین نیگەرانیی ئێران لە بەشداریی راستەوخۆی عەبدوڵا ئۆجەلان و ئەحمەد تورك لەو پرۆژەیەدا بوو و دڵنیا بوو لەوەی ئەمجارەیان كارەكان جیددین.
تاران بەتایبەت لەم دوایییانەدا لەزۆر بوارەوە لەگەڵ ئەنكارا لە ركابەری و ناتەباییدا بوو تا رادەیەك كە عەبدلا گویل سەركۆماری توركیا بەڕەسمی رایگەیاند "رێگە نادەین ئێران لە ئێمە بەهێزتر بێ". هاوكات بەرپرسانی ئێران بەشێوەكی كەم بەها باسیان لە حكوومەت و سیاسەتەكانی توركیا دەكرد و هەموو هەوڵەكانیان ئەوە بووە توركیا بە دەسەڵاتێكی تازەپێگەیشتوو پێشان بدەن. جگە لەوەی توركیا شەڕێكی رانەگەیەنراوی دژی نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەست پێكردوە كە بەڕەسمی خۆی پابەندی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی حكوومەتی ئێران لە عێراق دەزانێ و كێشەكانی تریش كە بەرەو تۆخبوونەوەی زیاتر هەنگاویان ناوە.
2. بۆچی بەرامبەر توركیا؟
توركیا لە كێشەی ماوەی 21 مانگی رابردووی سووریادا رۆڵی سەرەكی هەبووە كە هەر لە سەرەتاوە ئێرانی نیگەران كردووە. دمڕاستیی ئەنكارا لەو پرسەدا هاوكاتە لەگەڵ ئەوەی تاران تا ئێستەش خۆی بە دیمەشقی دووەم دەزانێ و هەرجۆرە نەیارێكی سووریا راستەوخۆ بەهی ئێران لێك دەداتەوە، بۆیە تاران بەردەوام لە دوای دەرفەتێك بووە تا ئەو تۆڵە سیاسییەی لە ئەنكارا بكاتەوە كە لە ئێستەدا تێكدان و پەكخستنی گفتوگۆی ئاشتیی نێوان كورد و حكوومەتی توركە كە لە راستیدا زیانەكە بە هەردوو لایەنی كورد و تورك دەگات.
3. بۆچی ئێستە؟
تەنیا 2 رۆژ بەر لەو تیرۆرە، رۆژنامەی "یەینی شەفەق"ی توركی لەزاری عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری بەندكراوی پەكەكە گواستییەوە كە: "ئێران لە هەوڵی ئەوەدایە هەرەس بە گفتوگۆكانی نێوان پەكەكە و حكوومەتی ئەنقەرە بێنێ و پەكیان بخات" كە ئەو تیرۆرە رەنگە پەكی بخات.
4. بۆچی ساكینە؟
ساكینە جانسز یەكێك لە دامەزرێنەرانی پەكەكە بووە و لەلایەن ئەو هێزەوە هەمیشە پێگەیەكی مەزنی رۆحی هەبووە. ئەنجامدەرانی ئەم تیرۆرە كەسێكی گرینگیان بۆ ئەو كارە دەستنیشان كردووە كە رەنگە بەهۆی كاردانەوەی ریسواكردنی تیرۆرەكە، شەپۆلێكی تری كینە و رقی كورد بەرامبەر تورك بێتە ئاراوە كە لە كۆتاییدا هەمان گەڕانەوە بۆ سەرەتای كێشەیەكی خوێناویی نێوان ئەنكەرە و دیاربەكرە كە هەمان مەبەستی كۆماری ئیسلامییە.
5. بۆچی هەواڵگریی ئێرانی؟
دەزگای هەواڵگریی توركیا زیاتر لەسەر بنەمای گرتن، فڕاندن، بێ سەروشوێن كردن و دواجار كوشتن دامەزراوە، دەتوانین بڵێین كە توركیا لەگەڵ هەموو خراپی و كارە فاشیستییەكانی دژی كورد بەڵام بەبەراود لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئەوە توركەكان كەمتر روویان لە تیرۆری فیزیكی و جەستەیی رێبەر و چالاكانی سیاسیی كورد كردووە. بۆیە زۆربەی تیرۆرەكانی كورد لە دەرەوە و ناوەخۆی وڵات هەر لەسەر دەستی پیاوانی كۆماری ئیسلامی بووە كە لەوبارەیەوە دەیان نموونەی تیرۆری رێبەر و كەسایەتیی كورد بەتایبەت رۆژهەڵاتی لە باشووری كوردستان و لە وڵاتانی ئوروپایی هەبووە كە دواجار هەر كۆماری ئیسلامی تێیاندا تاوانبار دەرچووە.
6. بۆچی لە فەرەنسا؟
رەنگە گرینگ نەبێ كە ئەوكارە لە كام وڵاتی ئوروپایی هاتبایەكردن، بەڵكوو زیاتر گرینگی بە سەركەوتنی تیرۆرەكە دراوە. ئێران و فەرەنسا لە رواڵەتدا پێوەندییەكی زۆر ئاڵۆز و دوژمنكارانەیان هەیە، بەڵام فەرەنساش وەك ئێران لە دەستوەردانەكانی توركیا لە پرسی سووریادا نیگەرانن و هەردووكیان پێیان وایە كە پەكەكە "تیرۆریستە"، بۆیە دوور نییە حكوومەتی فەرەنسیش هاوتای ئێران تا رادەیەك لە حەسانەوەی سوپای توركیا و هێزی پەكەكە نیگەران بێ و پێی وایە ئارامبوونی كورد و تورك لە توركیا رێگەی بەشداریی باشتری پەكەكە لە سووریا خۆشتر دەكا و توركیاش زیاتر لە جاران یاخی تر دەبێ. جگە لەوەی سەرگرتنی ئەمجۆرە كارە تیرۆریستییانە لەلایەن هەر دەزگایەكەوە بە مانۆڕێكی هەواڵگری دادەنرێ بەتایبەت لە شەقامێكی قەرەباڵغی پاریسی پایتەخت و ئێران پێشانی دا كە هێشتا دەستێكی باڵای لە تیرۆریزمی نێودەوڵەتیدا هەیە، هەر لە بەردەوامیی ئەو راپۆرتە ناودەوڵەتییەی هەفتەی رابردوو كە ئاماژە دەكات "ئێران چالاكترین تۆڕی هەواڵگری و سیخوڕی لە دنیادا هەیە".
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست