کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ده‌ڵاڵه‌کانی پێنووس نه‌وشیروان وگۆڕان به‌ ئێوه‌وسه‌رۆکه‌کانتان بچووک ناکرێنه‌وه!!

Sunday, 11/07/2010, 12:00


برسییه‌تی و چه‌وسانه‌وه‌و نا ئازاد بوونی مرۆڤه‌کان، گه‌ر به‌ده‌ستی داگیرکارانه‌وه‌ بێت یان به‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی خۆماڵیان بێت، به‌ هه‌ر هه‌موو زمانێک و مێشک و گه‌ده‌و جه‌سته‌یه‌ک، یه‌ک ماناو هه‌ست و ئێش و ئازارو مه‌نیه‌تی هه‌یه‌ بۆ سه‌ر مرۆڤه‌کان. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ ئێش و ئازارو زام و برینه‌ ده‌رونیه‌کان قووڵتر ده‌کاته‌وه‌ و کاریگه‌ری زیاتری ده‌بێت، له‌ سه‌ر تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا نامۆیان ده‌کات و بێ ئینتمایان ده‌کات به‌‌ نه‌ته‌وه‌و خاک و نیشتمان، ئه‌وه‌یه‌ کاتێک که‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆماڵی له‌ خۆت دروست کراو لێت ده‌بێته‌ دیکتاتۆری ڕه‌وشت و ڕه‌فتار داگیرکه‌ر. ئازادیت ده‌بات، ده‌مکوتت ده‌کات و پاشانیش شه‌ره‌ف و که‌رامه‌ت و نانیشت ده‌دزێت وسه‌روه‌ت و سامانیشت به‌تاڵان ده‌بات. داگیرکه‌رانی کوردستان هه‌وڵی به‌رده‌وامیان ئه‌وه‌ بووه‌ که‌ کۆمه‌ڵگای کوردی به‌دواکه‌وتوویی بهێڵنه‌وه‌و که‌سایه‌تی و ئینتمای تاکی کوردیش بۆ خاک و نه‌ته‌وه‌که‌ی بشۆنه‌وه‌و بشێوێنن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌شیان هه‌رچی کاڵاو بیرو باوه‌ڕو پلانی یارمه‌تیده‌ر هه‌یه‌ بۆ له‌ڕێ لادان و نا وشیاری و بێهۆش کردن و بێ ڕه‌وشت کردنی تاک و کۆمه‌ڵگای کوردی له‌ هێنانی درێغیان نه‌کردووه‌، تا ئاستی زۆر نزم. گه‌لێک جار داگیرکه‌ران به‌ سیاسه‌تی زۆرداری و چه‌وسانه‌وه‌و برسیکردن، سه‌رکه‌وتنیان به‌ده‌ست هێناوه‌ له‌ به‌رامبه‌ر خه‌ڵکانێک، وه‌ توانیویانه‌ توشی له‌ ڕی لادان و کاری بێ ڕه‌ووشتانه‌ی بکه‌ن، وه‌ک خیانه‌ت و جاسوسی و تا ده‌گاته‌ کاری بازرگانی، یان ڕێک ترو ڕاست و دروست تر بڵێین ده‌ڵاڵی به‌ جه‌سته‌و له‌شفرۆشی کردن. ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی که‌ ده‌که‌ونه‌ ئه‌م بازنه‌وه‌ چ به‌ زۆری بێت، یان به‌هۆی پاڵه‌په‌ستۆو نه‌هامه‌تی و نه‌بوونی ژیان بێت، یان هه‌ر هۆکارێکی تر ئه‌مانه‌ هه‌رهه‌مویان قوربانی تاوانه‌کانی ده‌ستی داگیرکه‌ران و زوڵم و زۆری و برسی بوونن. چوونکه‌ هیچ مرۆڤێک به‌ ناپاکی و به‌ بێ ڕه‌وشتی له‌ دایک نابێت. خه‌ڵکانی کوردستان له‌ پێناوی مانه‌وه‌و ژیانێکی ئازادو سه‌ربه‌خۆو که‌رامه‌ت و ڕه‌وشت پارێزراو ده‌ریایه‌ک خوێنی ڕشت، هه‌لبجه‌ی لێ شه‌هید کرا، ئه‌نفالی لێ کرا کۆچ ڕه‌وی ملیۆنی کرد به‌ سه‌ر به‌رزانه‌، به‌ هیوای به‌ده‌ست هێنانی ئازادی ڕزگاری خۆی له‌ ژێر ده‌ستی و چه‌وسانه‌وه‌و برسیه‌تی. کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان هه‌رگیز ئه‌وه‌یان به‌ خه‌یاڵ دانه‌ده‌هات که‌ ڕۆژێک له‌ ڕۆژان ئه‌و به‌شه‌ی له‌ جه‌سته‌ی خۆیان که‌ بووه‌ به‌ ده‌سه‌ڵات، به‌تایبه‌تیش ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و سه‌رۆکه‌ بارزانیه‌که‌ی لێ ده‌بێته‌وه‌ به‌ دیکتاتۆری ڕه‌وشت و ڕه‌فتار داگیرکه‌ر وه‌ بێجگه‌ له‌ مانه‌وه‌ی زیاتر له‌ ده‌سه‌ڵات و دزی و تاڵانی کردن له‌ کورد هیچ ئامانجێکی تریان نابێت. لە ماوەی 19 ساڵی ڕابردوو بە قسەی بووچ و بێ مانای وەک (تەجروبەکەو حکومەتەکەمان ساوایە و مەترسی لە دەستدانیمان لەسەرە) مێشکیان کەڕو کاس کردین، لەم 19 ساڵەدا جگە لە دزی و تاڵانی و خۆقایمکردنیان لە بەرەی دژ بە تەواوی خەڵکانی کوردستان ((بەرەی گەل)) بەولاوە شتێکی تریان نەکرد. تا ئەمڕۆ و ئەو ساتە کاتانەی ئێستا ئەم دەسەڵاتە هەنگاوێکی بە جدی و ڕاست و دروستی زانستیانه‌ی نەهاویشتوە بۆ بنیاتنانی پێگە سەرەتاییەکانی کۆمەڵگایەکی مۆدرین و چوون بەرەو دەوڵەتی سەربەخۆ، لە دامەزراندن و دروستکردنی ژێرخانی ئابووری کوردستان، به‌ پڕۆژه‌ی گه‌وره‌ی پیشه‌سازی و کشتوکاڵی درێژخایه‌ن. هەوڵیان نەداوە کۆمەلگای کوردی لە کۆمەڵگایەکی بەکارهێنەرەوە بکەن بە کۆمەڵگایەکی بەرهەم هێنەر. ئەوەی تا ئێستاش کردویانە تەنها کاری بازرگانیه‌تی و کردنی کوردستان بە بازاڕێکی گەورەو بەسوود بۆ ساخکردنەوەی بەرهەم و کاڵای نەتەوە داگیرکەرەکانی کوردستان بوه‌ . ئەم دەسەڵاتەی هەمانە بەتایبەتیش بنەماڵەی بارزانی لە وەتای هەن هەردەم خۆیان بەکاتی زانیوە، بڕوایان بە مانەوەو جێگیر بوون نه‌بووه‌ لە کوردستان وە هیچ بڕوایەکیشیان بە ئایندەی کوردو کوردستانیش نیە. ئەو پڕۆژانەی کە تا ئێستاش ئه‌نجامیان دابیت زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆرو زیاتریان پڕۆژەی بازرگانی و بە دەست هێنانی قازانجی خێرا بووە، بۆ ئەوەی هەر کاتیک هەستیان بە مەترسی و پێویستی بوونی به‌ تێ قووچان کرد، بتوانن سەرەوت و سامانی تاڵانیەکەیان بە ئاسانی دەربازبکەن، وەکوو هەمیشە پیشەو کەلتوریان بووە. ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌ دۆڕانه‌ سیاسیه‌کانی به‌غداو ته‌نازوله‌کان. ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی ڕه‌وشت و ڕه‌فتار داگیرکه‌ر،به‌ هه‌مان شێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی داگیرکه‌رانی کوردستان به‌ داهێنان تیایا حوکمی کوردستان ده‌که‌ن، هه‌وڵی به‌رده‌وامیش ده‌ده‌ن بۆ زیاتری تێکدانی شیرازه‌ی کۆمه‌ڵگای کوردی و هه‌ڵته‌کانی یه‌کجاره‌کی که‌سایه‌تی تاکی کوردی، چ له‌ ڕیگه‌ی هاوکاری و ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ ستراتیژیانه‌یان له‌ گه‌ڵ دوژمانی کورد ،چ له‌ ڕێگه‌ی که‌ناڵ و ڕاگه‌یاندنه‌ ڕووزه‌رده‌کانیانه‌وه‌ بێت، یان له‌ ڕێگه‌ی قۆرخکردنی ده‌سه‌ڵات و دیکتاتۆریه‌ته‌وه‌ بێت. ئه‌وه‌ی دوژمنانی کوردستان به‌ داگیرکردن و شه‌ڕ نه‌یانتوانی بیکه‌ن، ئه‌وا ئه‌مڕۆ ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و سه‌رۆک بارزانی به‌ ئاره‌زوومه‌ندانه‌ بۆیان ده‌که‌ن له‌ ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندی سیاسی و بازرگانی نێوانیان، وه‌ ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌مڕۆ له‌ بره‌ودایه‌ له‌ هه‌ڵس و که‌وت و بیرکردنه‌وه‌ی گه‌نجانی کورد زیاتری که‌لتورو ڕۆشنبیری داگیرکه‌ران و دوژمنانی کوردو کوردستانه بۆ له‌ ناو بردنی که‌سایه‌تی مرۆڤی کورد. له‌ ڕه‌وشێکی ئاوا ته‌پیوو فوول له‌ گه‌نده‌ڵی سیاسی و داڕمان له‌ کۆمه‌ڵگای کوردستاندا، نه‌وشێروان مسته‌فا دێت له‌ نێوان به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی وشه‌خسی خۆیدا له‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی گه‌نده‌ڵ و دزو تاڵانچی و نێوان به‌ره‌ی گه‌لدا، ده‌بێت به‌ خودی خۆی، ده‌بێت به‌ نه‌وشێروان به‌ بڕیارێکی ئازاو جه‌ریئانه‌ی به‌ ویژدان له‌ دژی نا دیموکراسیه‌ت و نا دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی و چه‌وسانه‌وه‌و برسی کردنی مرۆڤی کوردو ڕیسواکردنی، بوێرانه‌ به‌ره‌ی گه‌ل هه‌ڵده‌بژێرێت و جاڕی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌دات بۆ وه‌ئاگا هێنانه‌وه‌و ووشیارکردنه‌وه‌ی تاکی کوردی و هێنانه‌ ده‌ری له‌ زه‌لکاوی داته‌پین و داڕماندا. نه‌وشێروان به‌و بڕیاڕه‌ی سه‌ر له‌ نوێ قۆناخی بونیات نانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگای کوردی و که‌سایه‌تی تاکی کوردی ژیانده‌وه‌، به‌وه‌ی که‌ کۆمه‌ڵگا و تاکی کوردی ده‌بێ خودی خۆیان بن، خاوه‌ن بڕیاری خۆیان بن، چیتر له‌ سه‌ر زه‌وتکردنی نان و سه‌روه‌ت و سامان و ته‌واوی هه‌ق و مافه‌ ئابووری و سیاسی و یاساییه‌کانی خۆیان بێ ده‌نگ نه‌بن، ده‌بێ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بگه‌ڕێته‌وه‌ ده‌ستی خه‌ڵکانی به‌ش مه‌ینه‌تی کوردستان. جا لێره‌دا نه‌وشیرواتان خۆش بوێت، یان ڕقتان لێی بێته‌وه‌، وه‌کوو سه‌رکرده‌یه‌کی سیاسی قبوڵتان بێت، یان ڕه‌تیکه‌نه‌وه‌ به‌ شایسته‌ی بزانن، یان نا شایسته‌ ئه‌و ئه‌رکه‌ی که‌ نه‌وشیروان مسته‌فا پێی هه‌ڵساوه‌ به‌ رێکخستن و دامه‌زراندنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، ترشی و تاڵی تان بێت، یا خۆشیتان بێت هه‌نگاوێکی پێویست و زه‌روره‌تێکی مێژووی بووه‌ له‌ به‌ره‌و پێشه‌وه‌ چوونی قۆناخی خه‌باتی سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیری و نه‌ته‌وه‌یی کوردی له‌ کوردستاندا، به‌ هه‌ر هه‌موو هه‌ڵه‌و که‌موو کورتیکانی نه‌وشیروان مسته‌فاو هاوخه‌باتکارانی له‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندا. له‌ سه‌ره‌تا بنه‌ماڵه‌ی بارزانی زۆریان هه‌وڵداو ئیشی زۆریشیان له‌ سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان کرد، نه‌وه‌ک بۆ ناوه‌رۆکی گۆڕان، وه‌کو زه‌روره‌تێکی کۆمه‌ڵگای کوردی، به‌ڵکو بۆ دژایه‌تیکردنی یه‌کیه‌تی نیشتمانی و زیاتر لاوازکردنی. به‌ڵام ئه‌مه‌یان بۆ نه‌چووه‌ سه‌ر هه‌روه‌ک مه‌سه‌له‌ی جادوگه‌ره‌که‌، جادوه‌که‌یان به‌سه‌ر خۆیاندا وه‌رگه‌ڕایه‌وه‌. بۆیه‌ ئێستا هه‌روه‌ک دژایه‌تیکیردنی یه‌کیه‌تی به‌هه‌مان شێوه‌ش دژایه‌تی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌که‌ن. ئه‌وه‌تا له‌ ڕێگه‌ی سوپای ده‌ڵاڵه‌کانی پێنووس ئه‌وانه‌ی که‌ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی به‌ نرخێکی هه‌رزان دایمه‌زراندون، ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ ئاره‌زومه‌ندانه‌ بڕیاریانداوه‌، وه‌ک چۆن ده‌ڵاڵه‌کانی له‌شفرۆشی ئاسا، ئاوا هاتوون ده‌ڵاڵی به‌ فرۆشتنی پێنووسه‌کانیان ده‌که‌ن به‌ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی دزو تاڵانچی. هاتوون به‌ هێرشکردنه‌ سه‌ر نه‌وشێروان ده‌یانه‌وێت بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ ڕووی سیاسی و جه‌ماوه‌ری بچووك بکه‌نه‌وه‌. ده‌ڵێن نه‌وشیروان ئه‌ویش سه‌رکرده‌یه‌کی گه‌نده‌ڵه‌و به‌شداری له‌ شه‌ڕی کورد کوژیدا کردوه‌. باشه‌ خۆ نه‌وشیروان مسته‌فا خۆشی نکۆڵی له‌مه‌ نه‌کردوه‌ که‌ یه‌کێک نه‌بووه‌ له‌و که‌سایه‌تی و سه‌رکردانه‌ی که‌ شوێنه‌که‌ی هه‌ستیارو بڕیارده‌ر بووه‌، وه‌ نکۆڵی له‌وه‌ش نه‌کردووه‌ که‌ به‌شداری ته‌واوی کردوه‌ له‌ پڕۆسه‌ سیاسیه‌که‌ به‌ هه‌ر هه‌موو ڕاستی و هه‌ڵه‌کانیه‌وه‌. ئه‌مه‌ش به‌ ئاشکرا کاک نه‌وشیروان باسیکردوه‌ نه‌یشاردۆته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ زۆر جیاوازه‌و گه‌وره‌یه‌ له‌ نێوانی نه‌وشیروان مسته‌فاو مه‌سعود بارزانیدا، ئه‌وه‌یه‌ که‌ نه‌وشیروان مسته‌فا، که‌سێکی دزو تاڵانچی نیه‌، داوێن پاکه‌ و ده‌ست پیس نیه‌، که‌ ئه‌م سیفه‌تانه‌ش له‌ ئه‌مڕۆی سیاسه‌تی کوردی و له‌ ناو سه‌رکرده‌ سیاسیه‌کان به‌پاره‌و ته‌واوی ماڵی دونیا ده‌ست ناکه‌وێت. دووه‌م نه‌وشیروان بوێرانه‌ هیوای خواستوه‌ که‌ ڕۆژێک بێت دادگایه‌کی بێ لایه‌ن، له‌ لایه‌ن خه‌ڵکانی کوردستان دابمه‌زرێت له‌ سه‌ر شه‌ڕی کورد کوژی و بچنه‌ به‌رده‌می و به‌ حوکمه‌که‌شی ڕازین، به‌ڵام مه‌سعود بارزانی که‌سێکی گه‌نده‌ڵ و دزو تاڵانچی و ده‌ست پیسه‌، جگه‌ له‌ داوای لێبوردنی درۆزنانه‌ له‌ که‌س و کاری قوربانیه‌کانی شه‌ڕی کورد کوژی به‌ولاوه‌ شتێکی تری نه‌وتووه‌، فرمێسکی تیمساحی و درۆزنانه‌شی هه‌ڵڕشتوه‌، به‌ڵام ژێر به‌ ژێرێش به‌ هه‌مان ڕق و تواناو ووزه‌یان له‌ گه‌ڵ یه‌کیه‌تی ئیدامه‌ی شه‌ڕی ناوه‌خۆده‌ده‌ن به‌ شێوه‌یه‌کی تر. ئه‌وه‌تا ساده‌ترین شت تا ئێستا به‌ شێوه‌، یه‌ک حکومه‌ت و له‌ ناوه‌رۆکیشدا دوو حکومه‌تن. باشه‌ ده‌ڵاڵه‌کانی پێنووس گه‌ر ئێوه‌ باس له‌ کورد کوژی و گه‌نده‌ڵی و دزی ده‌که‌ن، بۆ پرسیار ناکه‌ن کێ بوو یه‌که‌مجار له‌ مێژووی خه‌باتی سیاسی کوردیدا شه‌ڕی کورد کوژی داهێنا؟ کێ بوو له‌سه‌ر جیاوازی بیرو باوه‌ڕ ده‌ربڕینی ڕای ئازاد نه‌وه‌کانی کوردی تیرۆر ده‌کرد، وه‌ک ئێستای شه‌هید کردنی سه‌رده‌شتی ڕۆژنامه‌نووس؟ مه‌گه‌ر مه‌لا مسته‌فا بارزانی نه‌بوو که‌ هه‌رخۆشی یه‌که‌مین سه‌رکرده‌و داهێنه‌ری شه‌ڕی کورد کوژی بوو؟ له‌ دوایش به‌ میرات بۆ بنه‌ماڵه‌که‌ی به‌ جێی هێشت. ده‌ڵاڵه‌کانی پێنووس بۆچی ناپرسن ئه‌و هه‌موو مناڵانه‌ی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی په‌روه‌رده‌و گه‌وره‌ بووی کوچه‌و کۆڵانه‌کانی که‌ره‌ج و تاران و ئورمیه‌ ئه‌م هه‌موو ملیارد دۆلارانه‌یان له‌ کوێ هێنا؟ بۆچی ناپرسن ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌ چۆن بوون به‌ خاوه‌نی ئه‌م هه‌موو دۆلاره‌ له‌ ژماره‌ به‌ده‌ره‌؟ بڵێی ئه‌م هه‌موو پاره‌یه‌ کاتی خۆی مه‌لا مسته‌فا به‌ هێزی شان و بازووی قوڕکاری کردبێت و کۆی کردبێته‌وه‌و پاشانیش به‌ میرات بۆ بنه‌ماڵه‌که‌ی به‌ جێ هێشت؟ ده‌ڵاڵه‌کانی پێنووس دڵنیابن گه‌ر وێران بۆ ته‌نها جارێک به‌ دزیه‌وه‌ش یه‌کێک له‌م پرسیارانه‌ به‌ پێنووسه‌کانتان بنووسنه‌وه‌، ئه‌وا وه‌ڵامی دۆزینه‌وه‌ی پیاوه‌تی و شه‌ره‌فی خۆتان ده‌ست ده‌که‌وێت.
‌‌‌

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە