کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)

  • Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  • 1
  • 2
  • 24
  • 25
  • 26
  • 27
  • 28
  • 29
  • 30

ڕیکلام

وشە: لە ڕۆژی: تا ڕۆژی:


(یەكێتیی نووسەرانی هەولێر) نووسەری تێدا نییە

Tuesday, 10/02/2009, 12:00

1405 بینراوە


یەكێتیی نووسەرانی هەولێر، یەكێكە لەو شوێنانەی كە هەموو كەسێك- شتێكی لێیە، تەنها (نووسەر) نەبێ. لەم (یەكێتیی نووسەرانی هەولێر)ەدا، تەنها ئەدیبێك هەبێ خەمی ئەدەب و ڕۆشنبیریی لە كۆڵ گرتبێ، كەریم دەشتی-یە. لەم باڕەدا، ئێواران- شەوان، نەك هەر باس لە پرۆسەكانی خوێندنەوە و نووسین ناكرێ، بەڵكوو تەنها شەراب دەخورێتەوە، ئەوی پێڕی ئەوان (نووسەر)ان نەبێ، بۆی نییە لە دەرگە بچێتە ژوورەوە. نووسەران تا ئێستە كەسانێكیان بەرهەم نەهێنا، بەڵكوو كەسێكیش، كە توانستی قووڵبوونەوەی پتر بێ، تا بتوانێ جوداواز دەربكەوێ و وەكوو كەسێكی ڕوانینوان دەربكەوێ.
لە هەر وڵاتێكی دیكەدا بگەڕێی، دەشێ دەستە- گرووپ- پێڕ هەبن، بەڵام پێڕی نووسەرانی هەولێر -بە شێوەیەكی گشتیی-، پێڕێكن لێوانلێو لە نەخوێندەواریی، گۆڤارێك بە دوومانك جارێك بڵاودەكەنەوە، لە هیچ ژمارەیەكی ئەم دوو ساڵەی ڕابردوویدا، دوو بابەتی بە سوودی تێدا نەبووە، ئاخر بەڕێوەبەران و دەستەی نووسیارانی ئەم گۆڤارە، هەموو نووسینە جوانەكانیان (ئەگەر دەستەواژەی جوانی بۆ ئێرە هەڵە نەبێ) بۆ كۆوارەكانی دی دەنێرن، ئاخر لەمێژە لەوە دڵنیان خوێنەری جیددیی و جوداواز نایانخوێنێتەوە، بەڵكوو تەنها بەشێك لە كۆڵەوارەكان خەریكیان دەبن، خەریكبوونێكی بەلەنگاز، هەر دەڵێی سركێتن و فیوزیان كردووە، پێش ئەوەی كارەبا (وزەی جوانی نووسین) دابەش بكەن.
نازانم هۆكار چییە، لێ ئەوە ڕۆشنە كە تا ئێستە دوو ئافرەتم نەبینیوە لەوێدا، دەشێ لە پشت نا ئامادەگیی ئافرەت لە وەها شوێنێكدا شتگەلێك هەبن و ئەو شتگەلانەیش بخرێنە ژێر پرسیارگەلێكی لۆژیكییەوە، ئاخر ناكرێ ئێمە بانگەشەی (یەكێتیی) بكەین و ئافرەتەكانیش لە دەرەوەی ئەو (یەكێتییە پێڕگەراییە)دا درێژە بە ئەزموونی خۆیان بدەن.
ئەگەر بێتوو ئێوارەیەك ڕێمان بكەوێتە ئەو (نووسەران)ە، 10 دەقیقەیەك دابنیشین و كەمێك هۆشیار بین، قێز لە وەها (نووسەر)انێك دەكەینەوە، ئاخر گەلێك كەس ڕوو لەوێ دەكەن، نەك هەر نووسەربوونیان ئەزموون نەكردووە، بەڵكوو هێشتا مرۆڤبوونیشیان ئەزموون نەكردووە.
لە نووسەراندا، شەراب هەیە، چای هەیە، ڕۆژنامە زەردەكانی حیزبە بۆهێمییەكان هەین، نووسەری لەتریارمان هەیە، تەنها كتێب و وتووێژی ڕۆشنبیریی نیین.
لەو (یەكێتیی نووسەران)ەدا، بە دوای كەناڵە عەرەبییەكانەوە بە، نا ئومێدت ناكەن، لێ دەشێ كەناڵە كوردییەكانیان دیلێت كردبێ.
ماوەیەك لەمەوبەر، وەختێك لە دەرگەی بارەگای یەكێتیی نووسەرانی كورد- لقی هەولێر دەچووینە ژوورەوە، دەمانبینی پۆستەیەك داندراوە، لەسەری نووسراوە (پۆستەری د. فەرهاد پیرباڵ)، بەڵام ئێستە نەماوە، لەبەرئەوەی د. فەرهاد لە وتووێژێكی ڕۆژنامەڤانیی دا، گوتبووی: (یەكێتیی نووسەران بووەتە باڕٍ)، تەنها لەسەر ئەم ڕستەیە كە هیچ زیادەگۆیییەكیشی تێدا نییە، قەڵاچۆیان پێ كرد.
لەم نووسەرانەدا، تا ئێستە نەمانبینی ڕەخنە ئاراستەی دەسەڵات بكرێ لەسەر ئازاردان و ڕێگەگرتن لە ئازادیی ڕادەربڕین، هەمیشە ستاییشمان بینیوە، هەمیشە بەرەوڕووی ڕستە و وەعزە بێماناكان بووین- دەبین... من دژایەتیی نووسەران ناكەم، بەڵام هەر ڕەخنەیەكیشم هەبێ، لە سەر هەر دەزگە، نووسین، شتێكی لەم بابەتانەوە، نایشارمەوە، ئاخر یەكێك لە كارە هەرە سەرەكییەكانی ئێمەی بەرپرسیار بەرانبەر بە هەر شتێك، ئەمەیە: بێدەنگ نەبین لە بەرانبەر دیارە قێزەونەكان، كارە ناپەسند و بێماناكان، بە تایبەت كاتێك كەسانێكی خۆ بە نووسەرزان و ڕۆشنبیر زان ئەو بەدكارییانە دەكەن.
ئەو هۆڵەی لە یەكێتیی نووسەراندا هەیە و بۆ كۆڕی ئەدەبییە، لە لایەن خودی ئەندامانی ئەوێندەرێوە، مۆنۆپۆل كراوە، ئەوی نەچێتە بن (بەڵێ)كانی ئەوانەوە، بۆی نییە لەوێ كۆڕ بگێرێ، ئەوی دۆستێك، لایەنگیریی حیزبیی نەبێ، مومكین نییە سڵاویشی بە دروستیی لێ وەربگیردرێتەوە. نووسەرانی هەولێر، ئەگەر بڕیار بێ كەسانێكی گۆش كردبێ، ئەوا ئەو گۆشكردنە تەنها لە لایەنی ماددیی، بێدەنگیی لە بەرانبەر دیاردە دزێوەكان، نكۆڵیی كردن لە ڕاستییەكان بووە، ئەگەر وەها نییە كوا ڕەخنەكانی ئەوان پەروەردەكراوان؟ ئەوی ڕەخنە ئاراستەی نووسەران، ئەندامێكی شپڕێوی كارەكانیان، یان هەر شتێكی دیكە بكا، وەڵامی دەدەنەوە، یان ئەوەتا ڕقەبەرایەتیی لە بەرانبەردا دەنوێنن.
لەم ڕۆژانە، واتە: ڕۆژی سێ شەممە، بەرواری 10ی 2ی 2009، لە كاتژمێر 3دا، 29هەمین ساڵڕۆژی نووسەران بوو، لەگەڵ دوو هاوڕێی ڕۆژنامەنووسمدا بەرەو نووسەران ڕۆییشتین، ئەمەیش بۆ گرنگیی ساڵیادەكە ناگەڕێتەوە، بەڵكوو بۆ ئەمە بوو بزانین "چ باسە؟" و "كێ خەڵات دەكرێ؟". لێرەدا نامەوێ ناوی خەڵاتكراوەكان بنووسم، نەكا بە دوژمنكار، دنەدار، لێم بڕوانرێ، بەڵكوو تەنها ئەوەندە دەڵێم: تەنها 2 كەس دەربچن لە 25 كەسەكە، هیچ یەكێك لە ئەوانیدی شیاوی خەڵاتكردن نەبوون، ئاخر نەك لە ڕوانگەی منەوە، بەڵكوو لە ڕوانگەی گەلێك لەو كەسانەیش كە خەڵاتیان وەرگرتبوو، ئەوە بەیان كرا كە كەسانێكی زۆریان نە (نووسەر) بوون، نە (ڕۆشنبیر)، نە (ڕۆژنامەنووس)ێكی پرۆفیشناڵ، بۆیە دەنگۆیەكی هێمن دروست بوو لە كۆتایییەكەدا، بەڵاًم چاوپۆشیی لێ كرا.
دەكرا ئەو خەڵاتانەی دران بەو (پیرەنووسەر)انە، بدرێن بە گەنجگەلێك لە گەنجە جیددیی و فەرامۆشكراوەكان، تا بتوانن گەرم و بە گوڕتر بنووسن و زێتر داهێنان ئەزموون بكەن، بەڵام چیی بكەین كە ئەوان ناتوانن نووسەر دەستنیشان بكەن و توانای نووسەران هەڵبسەنگێنن، تەنانەت لە ڕێگەی لیژنەیشەوە.
لە سەرەتای وتەكانیدا، سەعدوڵڵا پەرۆش-ی سەرۆكی نووسەران، ڕستەیەكی جوانی گوت: ئێمە لەسەر ئەساسی داهێنان ئەمانە خەڵات ناكەین، كەوابێ: گەلۆ، ئەو هەموو نا داهێنەرە چییە لە دەوری خۆتاندا كۆتان كردوونەتەوە؟
دواجار، تا ئێستە لە هەولێر (یەكێتیی نووسەران) نییە، بە هیوایش نیم لەمەودوا دروست ببێ، ئاخر دڵنیام تاعوونێكی لەمە خراپتر بە دوای خۆیدا دەهێنێ.
10ی 2ی 2009- هەولێر



چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 0)