دەنگـــدەرانى كوردستانى باشور لەبەردەم دووڕیانێكى مێژووییدان.
Thursday, 02/07/2009, 12:00
هاوڵاتیانى كوردستان.... ئێوە لەبەردەم دووڕیانێكى مێژووییدان لە هەڵبژاردنەكانى 25 ى تەمموز كە دڵنیام دەبێتە خاڵى وەرچەرخان لە مێژووى ئەم دەڤەرە و كاریگەرى پۆزەتیڤانەى بۆ نەوەكانى داهاتوومان دەبێت كە ئەمڕۆ ئەوان هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەم دووڕیانە و مافى دەنگدانیان نى یە، بەڵام ئەو چاو گەشانە بۆیان هەیە لە داهاتوودا و دواى چەند ساڵێك بڵێن: باو و باپیرانمان دەیانتوانى لە رۆژى 25 ى تەمموزى 2009 ئەو بڕیارەیان بدایە!!!
هاونیشتمانانى بەڕێز.... ئێوە سەربەستن لەبەردەم ئەم دووڕیانە كامیان هەڵدەبژێرن.
رێگاى یەكەم: كۆمەڵێك ڕێچكەى لێدەبێتەوە وەكو:
ڕێچكەى حوكمی بنەماڵە و بنە عەشیرەت و كەسانى هەل پەرست و گەندەخۆر.
رێچكەى ئەوانەى ئەمڕۆ خوێنى شەهیدەكانمان بە هەدەر دەدەن و چاویان لە نامووسى ئەو شەهیدە سەربەرزانەی سەنگەرە كە لە حەفتاكان و هەشتاكانى سەدەى رابردوودا ببوونە مایەى هەژاندنى یەكێك لە هەرە زلهێزەكانى جیهان.
ڕێچكەى ئەوانەى كە زۆربەى شەهیدەكانیان شەهیدى نەخۆشى و جاشەتى و براكوژى یە و ئەمڕۆ منەت بەسەر گەلەوە دەكەن كە ئەوان رووبارێك لە خوێنیان ڕشتووە، من دەپرسم با بێن ناوى شەهیدەكانى سەنگەرى كوردایەتى لە هێكتارێك زەوى بنووسن و خاوەن شەهیدەكانیش بێن هەر یەكەو ناوى شەهیدى خۆى هەڵگرێ، ئینجا دڵنیا دەبن لەوەى كە ئەوانە دەست بەتاڵن و خاوەن یەك شەهید نین. سەیرى بنەماڵەكانیان بكەن بزانن تا ئیستا لە قەدەرى خوا بەو لاوە كەسێكیان بە كوردستان بەخشیوە؟؟!!
ڕێچكەى ئەوانەى ئەمڕۆ خاوەنى گەورەترین كۆمپیانیاكانى ناوچەكەن و تا (10) ساڵى تریش (شیرینى) هاناردەى نەوتى تەق تەق و زاخۆ لووش دەكەن.
رێچكەى ئەوانەى دام و دەزگاو فەرمانگەكان و زانكۆكانی كوردستانیان كردووە بە ناوچە و كۆمیتەكانى حزب و ووڵاتیان كردووە بە پارچەیەك لە كۆنكریتى حزب لە شێوەى حزبى ستالین.
رێچكەى ئەوانەى.....ئەوانەى.....ئەوانەى .... كە هەرگیز تەواو نابێ.
هاوڵاتیانى بەرێز.... رێگاى دووەم بە ئاڕاستەى 180 پلە پێچەوانەى ئەمانەن. ئێوە بڕیاردەدەن لەو رۆژە كە ئەمانە شایەنى ئەوەن دەسەڵاتیان لە دەست بمێنێ یان نا؟ حكومەتى هەرێمى كوردستان حزب ئاڕاستەى بكات یان كۆمەڵانى خەڵك؟؟ شوێنى شایستە بۆ كەسى شایستە بێت یان بۆ كەسى حزبى؟؟؟ دامەزراندن لە فەرمانگەكانى دەوڵەت لەسەر بنچینەى پسپۆرى بێت یان تزكیەى حزبى؟؟؟؟ بودجەى كوردستان رۆژانە دوو ملیۆن دۆلارى بۆ حزب بێت یان بۆ پرۆژەى وەكو كارەبا و خویندنگا و نەخۆشخانە و خەڵكى كەم دەرامەت؟؟؟؟؟ ئێوە دەزانن ئەمانە لە هەر رۆژێك نیو دۆلارى هەر تاكێكى ئەم كوردستانەیان قۆرخ كردووە ماوەى چەند ساڵێكە و تا ئێستاش!!! ئاسانتر بیلێم بۆ نموونە: خێزانێكى گەرمییانى بەڕێز كە لە حەوت سەر خێزان پێكهاتبێت، رۆژانە سێ دۆلار و نیویان لێ خواردووە و لە مانگێكدا دەگاتە زیاتر لە سەد دۆلار، كە دەبوو كەلێنێك لە پێداویستى یە زۆرەكانى ئەم خانەوادە بەڕێزە پڕ بكاتەوە!!!
بەڕێزان ئەوەى باسم كرد تەنها قۆرخكردنى ئاشكراو فەرمى یە، ئەى دەبێ لە ژێرەوە چیان بەسەر داهاتى ئەم كوردستانە هێنابێت؟؟((وما تخفی السدور أكبر)).
بۆیە پێویستە ویژدانتان حوكم بدات لە 25 ى تەمموز كە دەنگ بە كێ دەدەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست