ئایا ده‌سته‌واژه‌ی پاشماوه‌ شیاوتره‌ یان ڕزگاربوان، بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی له‌ کاره‌ساتی ئه‌نفالدا ماونه‌ته‌وه‌؟

Wednesday, 28/04/2010, 12:00


تائێستا زۆرجار گوێبیستی وشه‌ی (پاشماوه‌ی ئه‌نفالکراوان) ده‌بین چ له‌که‌ناڵه‌ ته‌له‌فزیۆنیه‌کانی حیزبه‌کانه‌وه‌ بێت یان له روبه‌ری‌ ڕۆژنامه‌کانه‌وه‌. ئه‌گه‌رچی نامه‌وێت بچمه‌ سه‌ر ئازاره‌کانی خودی ئه‌و کاره‌ساته‌ ته‌واو نامرۆڤانه‌یه‌ که‌ ده‌رهه‌ق به‌خه‌ڵکی سیڤیلی گوند نشینانی، کوردستانه‌وه‌ کرا. چونکه‌ ته‌نها وه‌ک یادکردنه‌وه‌ و له‌ یادی ساڵانه‌دا به‌هه‌زاران شێواز و ده‌ربڕین ئه‌و ئازارانه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌و خه‌ڵکه‌ سیڤیله‌وه‌ چێژرا، گوزارشتی لێوه‌کراوه‌. به‌ڵام تا ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت ئه‌م وشه‌ی پاشماوه‌یه‌ به‌کار ده‌هێنرێت بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ شانسێک، باوابڵێین له‌مردنی ڕاسته‌وخۆ ڕزگاری کردن و فڕێیدانه‌ نێو مردنێکی هه‌ر ڕۆژه‌ی له‌سه‌رخۆوه‌. ئه‌وه‌ی زۆر بووه‌ته‌ جێگای تێڕامانی من خودی ئه‌و وشه‌یه‌ واته‌(پاشماوه‌) ئه‌م وشه‌یه‌ ئه‌کرێت زیاتر به‌سه‌ر شتێکی مردودا یان جۆری پاشه‌ڕۆدا به‌کار بهێنرێت، ناکرێت بۆ مرۆڤگه‌لێک به‌کاربهێنرێت له‌کاتێکدا زیندوون. خه‌ڵکی به‌شمه‌ینه‌تی گونده‌کانی کوردستان له‌ساڵی 1988 دا، ئه‌وانه‌ی به‌ر ئه‌و شاڵاوه‌ دڕندانه‌یه‌ی نێو سیستمی تۆڵه‌سێنه‌ری شۆفێنیستی و قه‌ومی عه‌ره‌بی، که‌وتن، به‌سه‌رکردایه‌تی حزبی به‌عس. ئه‌وانه‌، واته‌ ئه‌و به‌شه‌ی ئێستا و تا ده‌مرن ناتوانن ئه‌و دیمه‌نه‌ ته‌واو سریالیانه‌ له‌ زهنی خۆیان ده‌رکه‌ن که‌ به‌رانبه‌ر تیاچونی ئازیزانی خۆیان بینیان!
هێشتا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ سیاسیه‌ کوردیه‌ که‌ ده‌بوا ئه‌گه‌ر که‌مێک هه‌ڵگری مۆراڵی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی شاخی خۆی بمایه‌ته‌وه‌ و سه‌رجه‌م ئه‌و مێژوه‌ی له‌بیر نه‌چوایه‌ که‌ته‌نها پاڵپشتی درێژه‌ کێشانی بزوتنه‌وه‌که‌یان به‌ پاڵپشتی ئه‌و خه‌ڵکه‌ زه‌حمه‌ت کێشه‌ی گونده‌کانه‌وه‌ گرێدرابوو، ده‌کرا هه‌ر له‌سه‌ره‌تای هاتنه‌وه‌یان بۆنێو شار، ئه‌رکی ده‌ست به‌جێیان ئه‌و پرۆژه‌یه‌ بوایه‌ بۆ کارکردن له‌ پێناو گێڕانه‌وه‌ی شوناسی ئینسانی بوون بۆ ئه‌و خه‌ڵکه‌ی له‌و کاره‌ساته‌دا ڕزگاریان بووه‌. به‌ڵام ئه‌و کاره‌ ئه‌نجام نه‌درا؟ ده‌بێت بپرسین بۆ؟
ده‌کرێت هه‌ر خودی ئه‌و خه‌ڵکه‌ بۆ هه‌رچرکه‌ساتێک سه‌رجه‌م ئه‌و ڕابردوه‌ی خۆی ببینێته‌وه‌ له‌سه‌رده‌می ژیانی گوندنشین بونیه‌وه‌ و سه‌رجه‌م کۆمه‌کێک که‌ به‌ ئه‌و بزوتنه‌وه‌ سیاسیه‌ی به‌ ناو کوردایه‌تیه‌وه‌ ده‌یکرد و، له‌یه‌ک کاتدا ببوه‌ ئه‌رکێکی قورسیش به‌سه‌رشانیه‌وه‌. ئه‌و خه‌ڵکه‌ ڕزگار بوه‌ی نێو کاره‌ساتی به‌دناوی ئه‌نفال، هه‌ر وه‌ک خۆیان ده‌یڵێن، ژیانیان تا دێت له‌ ڕوی ده‌رونیه‌وه‌ به‌ره‌و ئاسته‌نگی زیاتر و نه‌مانی ئومێد ده‌چێت، له‌و ته‌مه‌نه‌ی ماویانه‌و ده‌یبه‌نه‌سه‌ر له‌نێو ئۆردوگا زۆره‌ملێکاندا و له‌ نێو ئه‌و گوندانه‌ی که‌ به‌ڕه‌نجه‌شانی خۆیان هه‌رچۆنێک بێت ئاوه‌دانیان کردۆته‌وه‌. به‌ڵام بێبه‌ریه‌ له‌هه‌رچ یارمه‌تیه‌کی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئه‌مڕۆی حکومه‌تی کوردستان!! ئاخۆ ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسی کوردستان خۆی به‌نوێنه‌ری ئه‌و خه‌ڵکه‌ زه‌حمه‌تکێشه‌ بزانیایه‌، ئێستا ژیانی ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی ڕزگاریان بوو له‌و کاره‌ساته‌ که‌م وێنه‌یه‌ به‌م شێوه‌ی ئێستایان ده‌بوو؟
بۆنوسه‌ران و ڕۆشنبیرانێک که‌ به‌شێک له‌ خامه‌کانیان ته‌رخان کردوه‌ بۆ لێدوان و به‌دوادا چون له‌سه‌ر که‌یسی ئه‌نفال و ئه‌وانه‌ی ماونه‌ته‌وه‌ له‌ دوای ئه‌و کاره‌ساته‌، ئه‌رکیشیانه‌ بتوانن ئه‌و جۆره‌ ناولێنانه‌ له‌ بیرکردنه‌وه‌ی خه‌ڵکیدا نه‌هێڵن و له‌ بری وشه‌ی (پاشماوه‌) وشه‌ی)ڕزگاربوان) به‌کار بهێنرێت. چونکه‌ ده‌سته‌واژه‌ی ڕزگاربوان بۆخۆی مانایه‌کی وردتری ئینسانیانه‌ی هه‌یه‌، که‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ ڕودانی کاره‌ساتێک که‌ لایه‌نێکی دژ بوه‌ به‌هۆکاری ئه‌و کاره‌ساته‌. یان له‌ ڕوداوه‌ سروشتیه‌کاندا یان له‌ ڕودانی هه‌رچ کاره‌ساتێکی دیه‌که‌دا، هه‌میشه‌ لایه‌نی به‌رانبه‌ر بۆ ئه‌و خه‌ڵکه‌ی نه‌مردوون له‌و ڕوداوه‌دا وشه‌ی ڕزگار بوان به‌کار ده‌هێنرێت، نه‌ک وشه‌ی پاشماوه‌. ئاخۆ ئێستا بۆ ئه‌و خه‌ڵکه‌ی له‌شاری هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ر هێرشی کیمیاباران که‌وتن له‌لایه‌ن ئه‌و ڕژێمه‌ فاشستیه‌وه‌، ئه‌وانه‌ی ماونه‌ته‌وه‌ وشه‌ی پاشماوه‌ ده‌کرێت بۆیان به‌کار بهێنرێت یان وشه‌ی ڕزگار بوو؟ ئه‌م نوسینه‌ وه‌ک بانگه‌وازێک ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م لایه‌ن و نوسه‌ران و هونه‌رمه‌ندان تا ده‌گات به‌ده‌سه‌ڵاتی سیاسی کوردستان، ده‌که‌م. بۆ ئه‌وه‌ی ببێت به‌ ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ک بۆکارکردن له‌ پێناو به‌کارهێنانی وشه‌ی ڕزگار بوان بۆ ئه‌و خه‌ڵکه‌ سته‌م دیده‌ی که‌ بوونه‌ قوربانی نێو به‌رژه‌وه‌ندیه‌ قازانج په‌رستیه‌کانی نیزامی چینایه‌تی سه‌رمایه‌داری.
15/04/2010
هۆڵه‌ندا
[email protected]





نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست




کۆمێنت بنووسە