کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)

  • Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  • 1
  • 2
  • 24
  • 25
  • 26
  • 27
  • 28
  • 29
  • 30

ڕیکلام

وشە: لە ڕۆژی: تا ڕۆژی:


نیزامی ئیسلامی له‌ ئێران و‌ دژایه‌تیی ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستیی!!

Tuesday, 05/05/2009, 12:00

1943 بینراوە


وه‌ک هه‌مووان ئاگادارن، ڕۆژی دوشه‌ممه‌ 31ی خاکه‌لێوه‌، له‌ شاری ژنێڤ له‌ وڵاتی سویس بۆ دوهه‌مینجار کۆنفڕانسی دووربان له‌ مه‌قه‌ڕی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌م شاره‌ به‌ ڕێوه‌ چو. کۆنفڕانسی دووربانی یه‌ک له‌ 31ی ئاگوست تا هه‌شتی سێپتامبری ساڵی 2001 له‌ ئه‌فریقای باشور له‌ شاری دووربان به‌ به‌شداری 153 وڵاتی جیهان به‌ڕێوه ‌چوبو، دوربانی یه‌ک ته‌نیا 3 ڕۆژ پێش ڕوداوه‌که‌ی یازده‌ی سێپتامبری 2001ی نیویۆڕک کۆتایی پێ هاتبو، ئایا ئه‌و کۆنفڕانسه‌ و ئه‌و ڕوداوه‌ په‌یوه‌ندیێکیان پێکه‌وه‌ هه‌بووه‌ یا نا، هه‌رگیز له‌ هیچ کوی باسی لێوه‌ نه‌کراوه‌ تا ئێستا، بۆ ئه‌وه‌ی کۆنفڕانسی دوربانی یه‌ک مه‌به‌ستی زۆرتر به‌ داگیرکه‌ر ناساندنی ئیسڕائیل و به‌ ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستی ناوزڕاندنی شه‌ڕ، له‌‌ دژی‌ وڵاته‌ ئیسلامیه‌کان بو! ئایا ئه‌م هه‌ڵکه‌وتانه‌ هه‌مو ئیتیفاقی ڕویاندابو یا خۆ پلان بۆ داڕێژراو بون تا ئه‌مڕۆکه‌ که‌س له‌ سه‌ری نه‌دوواوه‌. به‌ فه‌رمی به‌ڵام مه‌به‌ست له‌ کۆنفڕانسی یه‌که‌می دوربان‌ داژایه‌تیکردن و له‌ناو بردنی ئاپاڕتاید و ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستیی له‌ جیهاندایه‌ و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ له‌ باشوری ئه‌فریقا تا ماوه‌ێکی چه‌ندین ساڵه‌ له‌مه‌ پێش ئاپاڕتاید له‌و په‌ڕی بێ ڕه‌حمی خۆیدا له‌ دژی ڕه‌شپێسته‌کان له‌و وڵاته‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چو، بۆیه‌ یه‌که‌مین کۆنفڕانس له‌و وڵاته‌ گیرابو. وڵاتانی ئیسلامی و عه‌ره‌بی له‌وانه‌ ئێرانیش له‌ هه‌ر دوو کۆنفڕانسه‌که‌دا هه‌مو هێز و تووانای خۆیان له‌مه‌ڕ دژایه‌تی ئیسڕائیل ته‌رخان کردبو و له‌ کۆنفڕانسی ئه‌م جاره‌ی ژنێڤدا به‌ ته‌ما بوون که‌ ڕژیمی ئیسڕائیل به‌ تۆمه‌تی ڕه‌گه‌په‌ره‌ستیی له‌ به‌یاننامه‌ێکی نێونه‌ته‌وه‌ییدا مه‌حکوم بکه‌ن. جێی ئاماژه‌یه‌ که‌ له‌ یه‌که‌مین کۆنفڕانسدا وڵاتانی ئوروپایی به‌شدار نه‌بوبون و هه‌ر بۆیه‌شه‌ که‌ دووهه‌مین کۆنفڕانس له‌ ئوروپا و له‌ وڵاتی سویس به‌ ڕێوه‌ چو. ئه‌م کۆنفڕانسه‌ ده‌بو چه‌ندین ڕۆژ بخایه‌نێت به‌ڵام به‌ هۆی داوه‌ت کردنی وڵاتی سویس له‌ سه‌رۆککۆمارێکی ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ست و تێرۆریستی وه‌ک ئه‌حمه‌دینه‌ژاد بۆ ئه‌و کۆنفڕانسه‌ و قسه‌کردنی وی له‌مه‌ڕ ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستی، نه‌ ته‌نیا چه‌ندین وڵاتی گرنگی جیهان وه‌ک ئه‌مریکا، کانادا، هوله‌ند، له‌هێستان یا پۆله‌ن، نیوزیله‌ند، ئاڵمان، سۆئێد، ئوستراڵیا، ئیتالیا و ئیسڕائیل به‌ هۆی هاتن و داوه‌تکردن له‌ ئه‌حمه‌دینه‌ژاد به‌شدارییان نه‌کردبو و پێشتر داوه‌ته‌که‌یان به‌ دروست ڕه‌ت کردبووه‌وه‌ دواتریش له‌ کاتی ده‌ست پێ کردنی قسه‌کانی ئه‌حمه‌دینه‌ژاد، شانده‌ نوێنه‌رایه‌تیه‌کانی 23 وڵاتی ئوروپایی، ئه‌ندامانی ئیتیحادیه‌ی ئوروپا و ته‌نانه‌ت کۆماری چێک که‌ ئه‌م ساڵ سه‌رۆکایه‌تی ده‌وره‌یی ئیتیحادیه‌ی ئوروپای له‌ ئه‌ستۆیه‌ و چه‌ندین وڵاتی دیکه‌ی گرنگی جیهانیش، بێجگه‌ له‌ سویس، کۆنفڕانسه‌که‌یان به‌ جێ هێشت. ئه‌مه‌ خۆی له‌ خۆیدا گه‌وره‌ترین ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕینی دیپلۆماسی له‌ سه‌تحی جیهاندا به‌ دژی ڕژیمی تێرۆریست و تێرۆریست په‌روه‌ر و کورد کوژ و داگیرکه‌ری کۆماری ئیسلامی ئێران بو که‌ له‌ مێژودا که‌م وێنه‌ و یا ڕه‌نگه‌ بتوانین بڵێین بێ وێنه‌ بوو. له‌وانه‌یه‌ ئاوه‌ها بێ ڕێزی کردنێکی دیپلۆماسی له‌ مێژودا ته‌نیا به‌ هیتلێڕ یا خۆ ستالین کرابێت، به‌ڵام بێشک به‌ ئه‌ندازه‌ی ئه‌مه‌ی ئه‌مجاره‌ی به‌ ئه‌حمه‌دینه‌ژاد و کۆماره‌ ڕه‌گه‌ز‌په‌ره‌سته‌که‌ی کرا، هه‌رگیز به‌وان نه‌کراوه‌! که‌واته‌ به‌ دڵنیایه‌وه‌ ده‌توانین بڵێین که‌ ئه‌و کۆنفڕانسه‌ زه‌ربه‌ێکی زۆر گه‌وره‌ی دیکه‌ی دیپلۆماسی له‌ کۆماری ئیسلامی ئێران وه‌شاند و تا حه‌دێکی زۆر به‌ قازانجی ئیسڕائیل شکایه‌وه‌. بۆیه‌ له‌ به‌یاننامه‌ی کۆتاییدا که‌ به‌ په‌له‌ له‌ ڕۆژی دووهه‌می کۆنفڕانسه‌که‌ درا ده‌ره‌وه‌ و به‌ تێکڕای ده‌نگ واژۆ کرا، زۆربه‌ی ئه‌و تاوانانه‌ی که‌ له‌ کۆنفڕانسی یه‌که‌مدا خرابونه‌ ئه‌ستۆی ئیسڕائیل، له‌ به‌یاننامه‌ی دووهه‌مدا ئیسڕائیلی لێ ته‌بڕه‌ئه‌ کران و کۆنفڕانسه‌که‌ به‌ پوانێکی موسبه‌ت بۆ ئیسڕائیل ته‌واو بو، ئه‌گه‌ر چی خاڵی پێنجه‌م وه‌ک داگیرکه‌ر ناوبرانی ئیسڕائیل ماوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام تاوانی وه‌ک ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستی لێ داماڵدراوه‌.

که‌واته‌ کۆنفڕانسه‌که‌ نه‌ ته‌نیا به‌و جۆره‌ی که‌ به‌رنامه‌ی بۆ داڕێژرابو نه‌ چووه‌ پێشه‌وه‌، به‌ڵکو هه‌ر له‌ ڕۆژی دووهه‌مدا که‌وته‌ واژۆ کردنی به‌یاننامه‌ی کۆتایی خۆیی و هه‌ر ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ی که‌ له‌ دووربانی 1 له‌ ئه‌فریقای باشور واژۆ کرابو، وه‌ک باسی کرا به‌ سوکتر کردنی هه‌ندێک خاڵ که‌ له‌ دژی ئیسڕائیل داندرابو، په‌سه‌ند کراوه‌ و به‌ په‌له‌ کۆتایی به‌ کۆنفڕانسه‌که‌ هێنرا. دیاره‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ بێین و له‌ یه‌که‌ به‌ یه‌که‌ی خاڵه‌کانی ئه‌و به‌یاننامه‌یه بکۆڵینه‌وه‌، له‌ هه‌ر هه‌مویاندا وڵاتانی داگیرکه‌ری کوردستان به‌ گشتی و کۆماری ئیسلامی به‌ تایبه‌تی ده‌چنه‌ ڕیزی وڵاتانی ڕه‌گه‌ز‌ په‌ره‌ست و تاوانباره‌وه‌‌ و ته‌نانه‌ت له‌ خاڵی پێنجه‌مدا که‌ ئاماژه‌ به‌ داگیر کاری و گرتنی ئازادیه‌کانی گه‌لان ده‌کات، گه‌لی هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان که‌ هه‌رگیز له‌و کۆنفڕانسه‌دا باسی لێوه‌ نه‌کرا، ده‌چێته‌ خانه‌ی ولاتێکی داگیرکراو و نه‌ته‌وه‌ێکی نائازاد و نا سه‌ربه‌خۆ و له‌ به‌ند کراو. دیاره‌ دواتر له‌ کۆتایی وتاره‌که‌مدا دێمه‌وه‌ سه‌ر ئه‌م خاڵه‌، به‌لام با له‌ پێشدا چاوێک به‌ ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌شی کۆماری ئیسلامی ئێراندا و پۆزی دژه‌ ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستی ئه‌م ڕژیمه خوێن تاڵه‌‌، بخشێنین و با بزانین ئایا وه‌ها ڕژیمێک لیاقه‌تی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ که‌ زیاده‌ له‌ خۆی خه‌ڵکی دیکه‌ به‌ ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ست و داگیرکه‌ر بزانێت؟

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی له‌ ئێران که‌ خۆی ڕژیمێکی به‌ ته‌واوی مانا ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ست، نامرۆڤانه‌، دوواکه‌وتو، بێ ڕه‌حم و مرۆڤ کوژه‌ و به‌ درێژایی ده‌سه‌ڵاتی 30 ساڵه‌ی خۆی له‌ هیچ جۆره‌ سه‌رکوت و خوێن ڕێژیێک له‌ دژی گه‌لانی بنده‌ستی ئێران به‌ گشتی و گه‌لی کوردستان به‌ تایبه‌تیی سڵی نه‌کردووه‌، ئه‌مڕۆژانه‌ له‌ باره‌گای نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌ شاری ژنێڤ، سه‌رۆک کۆماره‌ ده‌ست نیشانده‌، دا سپێندراوه تێرۆریسته‌که‌ی به‌ ناوی ئه‌حمه‌دینه‌ژاد، که‌ خۆی هه‌م له‌ ئوروپا و هه‌میش له‌ ناوخۆی ئێران ده‌ستی به‌ خوێنیی ده‌یان مرۆڤ سووره‌، دێت له‌ وه‌ها تریبونێکه‌وه‌ بانگه‌و‌ازی دژه‌ ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستی هه‌ڵ ده‌دات و وڵاتانی دیکه‌ی جیهان به‌ ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستیی تاوانبار ده‌کات!

ئه‌وه‌ی که‌ ئایا ڕژیمی ئیسڕائیل ڕه‌گه‌ز په‌ره‌ست بێت یا نا، دا ده‌نێم بۆ قه‌زاوه‌تی خوێنه‌ر خۆی و له‌م بواره‌دا لێدوانێک ناده‌م، ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ نه‌بێت که‌ بڵێم ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕژیمه‌ خراپیش بێت، خۆ له‌ دژی گه‌لی خۆی هیچ خراپیێکی نه‌کردووه‌، به‌ڵکو ئه‌گه‌ر تاوانێکیش به‌رانبه‌ر به‌ گه‌لی فه‌ڵه‌ستیینی بکات له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گه‌له‌که‌ی خۆیدا ده‌یکات. به‌ڵام ڕژیمێکی وه‌ک تاران، به‌ پێچه‌وانه،‌ گه‌له‌ بنده‌سته‌کانی خۆی به‌ خراپترین و ناشیرینترین شێوه‌ سه‌رکوت ده‌کات و زیندانێکی گه‌وره‌ی به‌ پانایی ئێران بۆ‌ گه‌له‌ بنده‌سته‌کان دروست کردووه‌، که‌ تێیدا دزی و ئیعتیاد و هه‌ژاری و له‌شفڕۆشی و سه‌نگه‌سار و ده‌ست بڕین و ئیعدام و ئه‌شکه‌نجه‌ و ده‌یان و بگره‌ سه‌دان که‌لێن و کێشه‌ی بۆ ئه‌و گه‌له‌ بنده‌ستانه‌ی ناوخۆی ئێران دروست کردووه‌ و له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که‌ ئێران یه‌کێکه‌ له‌ ده‌وڵه‌مه‌ندترین وڵاتانی جیهان که‌ نه‌وت و گازی فراوان و ده‌یان و سه‌دان کانگای ده‌وڵه‌مه‌ندی زه‌خیره‌ ژێرزه‌وینیه‌کانی هه‌یه، به‌ڵام ده‌بینین که‌ زۆربه‌ی زۆری گه‌لانی بنده‌ستی ئێران له‌ هه‌ژاریدا و ته‌نانه‌ت له‌ ژێر هێڵی هه‌ژاریدا ده‌ژین! ئێران له‌ باری پیشه‌سازییه‌وه‌ کاول و له‌ بواری فه‌رهه‌نگیدا ده‌یان و بگره‌ سه‌دان ساڵ وه‌دوا باقی گه‌لانی دیکه‌ی جیهان خراوه‌. هاوکات ئه‌وه‌ی ئه‌م ڕژیمه‌ له‌ توانایدا بێت، له‌ پێشدا سه‌روه‌تی ئه‌و وڵاته‌یان تا بۆیان بلوێت دزیوه‌ و له‌ خه‌زێنه‌ ئوروپایی و سویسیه‌کانی خۆیان خزاندووه‌ و باقیه‌که‌یشی ده‌ده‌نه‌ خه‌رجی تێرۆریزم له‌ لوبنان و فه‌ڵه‌ستین و هه‌مو وڵاته‌ ئیسلامیه‌کان و بگره‌ له‌ وڵاتانی ئوروپاییش دایمه‌ و ده‌رهه‌م خه‌ریکی ئاژاوه‌ نانه‌وه‌ و تێرۆریست په‌روه‌رین. کۆماری ئیسلامی ناوخۆی وڵاتی ئێرانی کاول کردووه‌ و به‌ سه‌دان میلیارد دۆلار ناتوانێت ئه‌م کاولیه‌ ئاوه‌دان کاته‌وه‌، به‌ڵام ده‌بینین که‌ به‌ میلیونان دولار به‌ بێ لێپرسینه‌وه‌ و به‌ بێ ئه‌وه‌ی ناوی قه‌رزی لێ بنرێت، هه‌روا به‌ گۆتره‌ به‌ حیزب و میلیشیا تێرۆریسته‌کان له‌ ئێراقه‌وه‌ بگره‌ تا لوبنان و فه‌ڵه‌ستین و ئه‌فغانستان و پاکستان و هێند و ئه‌ندۆنێزی و هتد... ده‌دات و هاوکات خه‌ڵکی ناوخۆی وڵاتیش هه‌ر تاو نا تاو ده‌خاته‌ ژێر زه‌بر و زه‌نگه‌وه‌ که‌ ئه‌وانیش پاره‌ بۆ تێرۆریسته‌کان بڕێژنه‌ خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت و ته‌نانه‌ت له‌ ده‌خیله‌ی منداڵانی ده‌بستانیش ناگوزه‌رێت، ئه‌مانه‌ بێجگه‌ له‌و هه‌مو سیلاحانه‌ و یارمه‌تیه‌ لۆجیستیکیانه‌ی که‌ به‌و هێزه‌ ده‌ست نیشاندانه‌ی خۆی ده‌کات. ئه‌م ڕژیمه‌ خودکامه‌ و سه‌ره‌ڕۆیه‌ له‌ بری ئه‌وه‌ی که ئه‌و سه‌روه‌ته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ که‌ به‌شی گه‌لی کوردستانیشیی پێوه‌یه‌ و ساڵانێکی دور و درێژ‌ه‌ که‌ له‌ شاره‌ کوردنیشین و هه‌میشه‌ کوردستانیه‌کانی پارێزگاکانی کرماشان و ئیلام و هتد... به‌ میلیونان بۆشکه‌ نه‌وت و گاز ده‌هێننه‌ده‌ره‌وه و ده‌یفڕۆشن و ئه‌مانه‌ بێجگه‌ له‌ ده‌یان کانگای زێڕین و گه‌وره‌ی وه‌ک زێڕ و مس و ئالمینیوم و ته‌نانه‌ت به‌رده‌ گرانبه‌هاکان که‌ له‌ پارێزگای کوردستان و ده‌ور و به‌ری شاره‌کانی بیجاڕ و قوروه‌ ده‌ی دزن و له‌ سه‌دا یه‌کیشی بۆ گه‌لی کوردستان خه‌رج ناکه‌نه‌وه‌، ته‌نانه‌ت له‌ ئاسه‌واره‌ مێژوویه‌کانی کوردستان ناگوزه‌رێن و گوم و گۆڕیان ده‌که‌ن و به‌ گومناوی ده‌یان فڕۆشن. له‌ بری ئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌سمایه‌ و سه‌روه‌ته‌ نه‌ته‌وه‌ییانه‌ سه‌رفی ئاوه‌دانی وڵاته‌که‌ و بن بڕ کردنی هه‌ژاری و بێکاری و ده‌یان و سه‌دان کێشه‌ و گرفتی ناو ئه‌و وڵاته‌ کاول کراوه‌ بکه‌ن، یا ده‌ی دزن و یا ده‌یبه‌خشنه‌وه‌ و ئه‌ویش نه‌ک به‌ خه‌ڵکه‌ بنده‌سته‌که‌ی ناوخۆ، به‌ڵکو بۆ تێرۆریستانی ده‌ره‌کی!
هه‌ر ئێستاکه‌ له‌ ناوخۆی ئێران و بگره‌ له‌و کاته‌وه‌ی که‌ ئه‌م ڕژیمه‌ سپڵه‌ هاتۆته‌ ده‌سه‌ڵات، هه‌ژاری ڕۆژ له‌ گه‌ڵ ڕۆژ زیادی کردووه‌ و ڕۆژانه‌ زیاد ده‌کات، بێکاری لاوان و بگره‌ خاوه‌ن بنه‌ماڵه‌کانیش هه‌ر ئان و کات و ساتێک له‌ زیادبون دایه‌ و خۆ له‌، له‌ سه‌دا 35 ده‌دات و هه‌ر ئه‌مه‌ وای کردووه‌ که‌ لاوان ڕو بکه‌نه‌ ماده‌ سڕکه‌ره‌کان و ئه‌مه‌ش بۆته‌ هۆی لێک ترازانی بنه‌ماڵه‌کان. خۆکوژی ڕۆژ به‌ ڕۆژ په‌ره‌ ده‌ستێنێ، ته‌نانه‌ نائه‌منی ڕێگا و بان که‌ ڕاسته‌ و خۆ و نا ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌ هه‌ژاری و ئیعتیاد و ئیهتیمام نه‌دان به‌ ژیانه‌وه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌و ڕژیمه‌وه‌ و هاوکات خراپی باری جاده‌ و بانه‌کان هه‌یه‌ و ڕۆژانه‌ ده‌یان مرۆڤ ده‌بنه‌ قوربانی، ناکرێت هه‌مو ئه‌مانه‌ له‌م تراژیدیای ژیانه‌ له‌ ناوخۆی ئێران له‌به‌ر چاو نه‌گیرێن. له‌ لاێکی دیکه‌وه‌ نرخی ته‌وه‌ڕوم ڕۆژانه‌ له‌ زیاد بوندایه‌ و تمه‌نی بێ قیمه‌تی ئێرانی ده‌یان قات له‌ لییره‌ سوک و سه‌لیمه‌که‌ی تورکیه‌ بێ نرختره‌ و ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدایه‌ که‌ ئێران دووهه‌مین وڵاتی دارای زه‌خیره‌ی گاز له‌ جیهاندا و سێهه‌مینه‌ له‌ باری نه‌وته‌وه‌ و تورکیه‌ هیچکام له‌ مانه‌ی نیه‌!!
له‌م بوارانه‌دا ده‌توانین به‌ به‌ڵگه‌وه‌ ده‌یان لاپه‌ڕه‌ ڕه‌ش بکه‌ینه‌وه‌ و له‌مه‌ڕ خراپی وه‌زعی ناو ئێران بنوسین و ڕژیمیش ته‌نیا خه‌ریکی سه‌رکوتی خه‌ڵکی ناڕازی ناوخۆ و دزین و پڕ کردنی گیرفانی که‌سانیی خۆیی و هاوکات به‌شینه‌وه‌ی سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌و وڵاته‌یه‌ به‌ حیزبه‌ میلیشیا تێرۆریسته‌کان له‌ هه‌مو جیهاندا بۆ هاندانیان له‌ دژی وڵاتانی پێشکه‌وتوی جیهان و له‌ دژی هه‌ر چی ئازادیه‌!

ئاوه‌ها ڕژیمێک کاتێک که‌ دێت و له‌ دڵی ئوروپادا و له‌ باره‌گای ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان باسی مافی مرۆڤ ده‌کات، ئینسانی خاوه‌ن هه‌ڵوێست قێزی ده‌شێوێته‌وه‌! هه‌ر دوێنێ هه‌ینی یه‌کی مانگی مه‌ی بو که‌ لاوێکی کچی هونه‌رمه‌ندی که‌م ته‌مه‌ن به‌ ناوی دلارا دارابی که‌‌ له‌ ته‌مه‌نی حه‌ڤده‌ ساڵیدا گۆیا توشی قه‌تڵ بووه‌ی له‌ زیندانی ڕه‌شت ئێعدام کرد و ڕێژه‌ی لاوه‌ که‌م ته‌مه‌نه‌ ئێعدام کراوه‌کانی گه‌یانده‌ ڕێکۆردی جیهانی! ناتوانین ئێعدامی ئه‌و لاوه‌ کورده‌ کامیاریانیه‌ به‌ ناوی موحه‌مه‌دی حه‌سه‌ن زاده‌ که‌ له‌ پانزه‌ ساڵیدا توشی جورم بوبو و له‌ شازده‌ ساڵ و یازده‌مانگی دا له‌ زیندانی سنه‌ له‌ سێداره‌یان دا باس نه‌که‌ین، ئاوه‌ها ڕژیمێک دێت و بانگه‌شه‌ی مافی مرۆڤ ده‌کات!
دیاره‌ له‌وه‌ی که‌ وه‌ها ڕژیمێک به‌و هه‌مو پڕ ڕوییه‌وه‌ دێت و ده‌وڵه‌تانی جیهان نه‌سیحه‌ت ده‌کات و ئیسڕائیلیش به‌ داگیرکه‌ر و ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ست ناو لێ ده‌بات خۆی له‌ خۆیدا کۆمێدیاێکی تراژیدیکی غه‌مباره‌ که‌ جیهان ناچار له‌ بیستنیه‌تی و له‌سه‌ر ئه‌مه‌ پێشتر زۆر نوسراوه‌ و وتراوه‌ و ده‌کرێت له‌ کاتی خۆیدا و له‌ داهاتوشدا هه‌روه‌ها له‌ سه‌ری بنوسرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ بۆچی وڵاتی سویس و ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان وه‌ها ڕژیمێک و وه‌ها که‌سێک که‌ ته‌نانه‌ت له‌ تێرۆری دوکتور قاسملو له‌ شاری ویه‌نی پێته‌ختی ئوتریش ده‌ستی هه‌بوه‌ بۆ وه‌ها کۆنفڕانسێکی گرنگ داوه‌ت ده‌که‌ن، ته‌نیا ده‌توانێت دوو ڕویی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ و بانێک و دوو هه‌وای ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کانیش نیشان بدات. ئه‌گه‌ر چی بان کی مون سه‌رۆکی ئه‌و ڕێکخراوه‌ دوواتر ڕه‌خنه‌ی زۆر توندی له‌ قسه‌که‌نی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد گرت و به‌ فیتنه‌ هه‌ڵگیرسێنه‌ر و ناشیرین و تۆمه‌تاوی ناوی لێ برد، به‌ڵام هیچی نابێته‌ ئه‌وه‌ی که‌ پێشتر ڕێگه‌یان به‌و تێرۆریسته‌ نه‌دابا که‌ بێته‌ وه‌ها کۆنفڕانسێک. ڕژیمی سویسیش که‌ دایمه‌ و ده‌رهه‌م دوو ڕوی یه‌ک سکه‌ بووه‌ و له‌ باری سیاسی و مافی مرۆڤیه‌وه‌ ڕاستگۆ نیه‌‌، به‌ شوێن به‌رژه‌وه‌ندیه‌ درێژماوه‌ قازانج هێنه‌ره‌کانی خۆیه‌وه‌یه‌تی و ئه‌وه‌ی که‌ له‌ ئێران منداڵان و مێرمنداڵان ئێعدام ده‌کرێن و ژنان و پیاوان سنگه‌سار ده‌کرێن و هه‌مو ئه‌و شتانه‌ی دیکه‌ش که‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ باسم لێ کردن، بۆ سویس نابنه‌ تاڵێکی موی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ میلیاردیه‌کانی ئه‌م وڵاته‌ و مافی مرۆڤیش با هه‌ر له‌سه‌ر کاغه‌زه‌کان ڕه‌ش کرابێتنه‌وه‌ و واژۆ کرابن، ئه‌مه‌ له‌ په‌یوه‌ندی ڕژیمی سویس و ئێران که‌م ناکاته‌وه‌. بۆ له‌ سویس مافی مرۆڤ و مافی بێگانه‌کان به‌ کرده‌وه‌ ده‌درێت؟ پێم وا نیه‌ هیچ خاریجیێک له‌ سویس وه‌ڵامی به‌ڵی به‌م پرسیاره‌ بداته‌وه‌!
خاڵی پێنجه‌می به‌یاننامه‌ به‌ په‌له‌که‌‌ی کۆتایی کۆنفڕانسی دوربانی دوو له‌ ژنێڤ

خاڵی پێنجه‌می به‌یاننامه‌ی کۆتایی له‌مه‌ڕ داگیرکردنی زۆره‌ملی و چه‌کدارانه‌ به‌ هێزی میلیشیای نیزامی ده‌دوێت و باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ هیچ گه‌لێک نابێت به‌ بێ ده‌نگ پێدانی خۆیان و به‌ بێ ئیراده‌ی سیاسی خۆیان له‌ لایه‌ن هێزێکی ده‌ره‌کی یا بێگانه‌وه‌ خاک و وڵات و زێدیان داگیر بکرێت و ئه‌گه‌ر وه‌ها شتێک ڕو بدات، ئه‌وه‌ ناوی ئه‌شغالی نیزامی یا داگیرکاری به‌ شێوه‌ی میلیتاریزاسیۆنه‌ و وه‌ها هێزێک به‌ هێزی ئه‌شغاڵگه‌ر یا خۆ داگیرکه‌ر ده‌ناسرێت و هه‌ر جۆره‌ توند و تیژیێکی ئه‌م هێزه‌ش له‌ دژی خه‌ڵکی داگیرکراوی ناڕازی، ناوی هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زی لێ ده‌نرێت و ئه‌و گه‌له‌ش که‌ داگیر کراوه‌ ناوی گه‌لی ڕه‌نج دیتوی داگیرکراوه‌!
هه‌مو ده‌زانین که‌ هێزی نیزامی کۆماری ئیسلامی له‌ کوردستان هێزێکی داوه‌ت نه‌کراو، داگیرکه‌ر، به‌ زۆر داسه‌پاو، دوژمن سفه‌ت، ڕه‌گه‌ز په‌ره‌ست، بێ ڕه‌حم و نامرۆڤانه‌یه که‌ بۆ مانه‌وه‌ی خۆی له‌ کوردستان حازره‌ به‌ بێ سڵ کردن و به‌ بێ بیر لێ کردنه‌وه‌ هه‌مو گه‌لی کوردستان بگرێته‌ ژێر تۆپباران و بۆمباران و شیمیایی باران و گرتن و کوشتن و له‌م بوارانه‌دا تا ئێستا هیچ که‌م و کوڕیێکی نه‌بووه‌ و هه‌ر له‌ یه‌که‌مین ڕۆژه‌کانی هێرشی نیزامی بۆ کوردستان تا به‌ ئه‌مڕۆکه‌ به‌ هه‌زاران قات خۆی ئیسپات کردووه‌ و لێره‌دا پێویست به‌ دووپات بوونه‌وه‌یان ناکات. هاوکات بوونی هێزه‌ داگیرکه‌ره‌کانی کۆماری ئیسلامی له‌ کوردستان هه‌رگیز به‌ ئیراده‌ی سیاسی خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ نه‌بووه‌ و نیه‌ و به‌ڵکو وه‌ک هه‌مومان ئاگادارین به‌ فه‌رمانی شه‌خسی خومه‌ینی، دامه‌رێنه‌ری ئه‌م نیزامه‌، به‌ کوشتار و گرتن و هێزی نیزامی و به‌ندیخانه‌ و تیربارانه‌ کۆمه‌ڵکوژیه‌کان و هتد ... تا به‌ ئه‌مڕۆکه‌ خۆی داسه‌پاندووه‌.
که‌واته‌ هه‌م خاکی کوردستان که‌ زێد و نیشتمانی ده‌یان هه‌زار ساڵه‌ی ئه‌م گه‌له‌یه‌ له‌ لایه‌ن کۆماری ئیسلامیه‌وه‌ و به‌ هێزی نیزامی داگیر کراوه‌ و هه‌میش گه‌لی کوردستان گه‌لێکی ڕه‌نج دیتوی ‌نا ئازاد و ناسه‌ربه‌خۆی داگیر کراوه‌ و هه‌میش هێزه‌ داگیرکه‌ره‌کان هێزێکی ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستی غه‌یره‌ کوردی دژه‌ کوردن. له‌م باره‌وه‌ زۆربه‌ی خاڵه‌کانی کۆتایی کۆنفڕانسی دوربانی 2 و به‌ تایبه‌ت پێنجه‌مین خاڵ که‌ باسمان لێ کرد، هه‌مو شاملی حاڵی گه‌لی کوردستان به‌ گشتی ده‌بن و پێویسته‌ له‌ هه‌وڵ دا بین.
ڕێکخراوه‌ کوردستانیه‌کان و ئه‌وانه‌ی دڵیان بۆ ئه‌م گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ ده‌سوتێت و له‌ ڕیزی ئوپوزیسیۆنی کۆماری داگیرکه‌ری ئیسلامیدان، پێویسته‌ که‌ هه‌ر ئه‌مڕۆکه‌ له‌مه‌ڕ ته‌نیا ئه‌گه‌ر ئه‌م خاڵه‌ش بوبێت کۆ ببنه‌وه‌ و بڕیارێکی چاره‌نوس سازی ڕێک و پێک له‌مه‌ڕ ئه‌و خاڵه‌ په‌سه‌ند بکه‌ن و هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ کار له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ بکه‌ن که‌ له‌ کۆنفڕانسی دوربانی داهاتودا یا هه‌ر ناوێکی دیکه‌ی که‌ لێ ده‌نرێت، هێزه‌ نیزامیه‌کانی کۆماری ئیسلامی به‌ داگیرکه‌ر و ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ست بناسێنن و گه‌لی کوردیش به‌ داگیرکراو به‌ دنیا و جیهان بناسێنن.
له‌ نه‌بونی کورددا له‌م کۆنفڕانسانه‌دایه‌ که‌ کۆماری ئیسلامی به‌ ئاره‌زوی خۆیان هه‌ڵده‌کوتنه‌ سه‌ر وڵاتانی دیکه‌ و هه‌مووان به‌ ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ست و داگیرکه‌ر له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن و مادام کورد له‌م جۆره‌ کۆنفڕانسانه‌دا غایب بێت، کۆماری ئیسلامی درێژه‌ به‌ کاره‌کانی خۆی ده‌دات و کوردی ڕۆژهه‌ڵاتیش هه‌رگیز لۆبیێک که‌ باوه‌ڕی به‌ مافه‌کانی هه‌بێت له‌ جیهاندا په‌یدا ناکات!

هیوادارم کۆتایی به‌م بێ ده‌سه‌ڵاتیه‌ی گه‌لی کوردی ڕۆژهه‌ڵات له‌ ڕێگای دروست کردنی به‌ره‌ێکی هه‌مه‌گیری نیشتمانی هه‌ر ئه‌مڕۆکه‌ و له‌ داهاتودا بهێنرێت. به‌ هیوای ئه‌و ڕۆژ و کات و ساته‌!


13ی بانه‌مه‌ڕی 2709
[email protected]


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 0)