پانۆڕامای مێژووی په‌که‌که و ته‌ڤگه‌ری ئازادی گه‌لی کوردستان
Saturday, 27/11/2010, 12:00
دوای دامرکاندنه‌وه‌ی بیست و هه‌شت سه‌رهه‌ڵدان و ته‌ڤگه‌ری ئازادیخوازانه‌ی کوردان له‌لایه‌ن سیسته‌مه داگیرکارییه‌کان و بێده‌نگی لێکردنێکی قووڵ و پڕ له‌ئێش و مه‌ینه‌تی کوردان، دوای خامۆشبوونێکی تراژیدیایانه‌ی ئاگردانی سه‌رهه‌ڵدانه پڕ له‌هیواکان، دوای هه‌موو نکۆڵی و قڕکردن و توانه‌وه به‌رده‌وامه‌کان، ته‌ڤگه‌ری ئاپۆچێتی جارێکی تر وەک پشکۆیەک که لەژێر خۆڵەمێشی هەزاران ساڵەى مێژووی ژێرده‌ستی و داگیرکاری‌دا خۆی حەشاردابوو و هەر پزیسکی دەدا، لەزەمەنێکی شەوەزەنگى بەستەڵەکگرتوودا بڵێسەی گرت و گڕ و کڵپەی سه‌ند و گڕکان ئاسا هەڵقوڵا و گڕی لەمێژووێکى شووم، لەقەدەرێکى سەپێنراو بەردا... مێژووێکى نوێی ئافراند... ئیدى مێژوو لەسەرووى قەدەرە سەپێنراوەکانەوە رێڕەوى خۆی گرت... مێژووی ئەم تەڤگەرە بۆتە قۆناخێکی نوێ و گرنگ لەمێژووی هاوچەرخی گەلی کوردستان و مرۆڤایەتی، پارچەیەکی دانەبڕاو لەمێژووی کوردستان، خۆرهەڵاتی ناوین و کۆمەڵگای مرۆڤایەتی. ئه‌مڕۆ که 31 ساڵ به‌سه‌ر دامه‌زراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان په‌که‌که تێده‌په‌ڕێت، لەرووپەلەکانی مێژووی تەڤگەری (په‌که‌که)دا؛ پووختەی مێژووی گەلێک کە دەستبەرداری مەیلی ئازادیخوازانەی خۆی نابێت و لەپێناو گەیشتن بەئازادیدا، لەئاستی هەرە بڵنددا قوربانی، قارەمانێتی و گیانفیدایی هەرە مەزنی نواندووە و بۆتە سەرچاوەی مۆڕاڵ و وزە و توانستێکی بەهاداریش بۆ گەلانی خۆرهەڵاتی ناوین و جیهان.
لە دواى کودەتا سه‌ربازییه‌کەى (11)ى مارسی ساڵی (1971) له تورکیا، رەوتى شۆڕشگێڕی و چەپگەرى خوێندکاری و لاوانی کورد و تورک، لەژێر کاریگەرى شۆڕشی ڤێتنام و بزاڤى خوێندکاری و لاوانى فه‌ڕه‌نسا له ساڵی (1968)دا که‌شوهه‌وایه‌کی شۆڕشگێڕی خوڵقاندبوو.
ئه‌وکاته عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان وه‌ک خوێندکارێک سەبارەت بە کورد و کێشەکەی و گرفتەکانى دیکەى کۆمەڵگا لەنێو لێگەڕین و لێکۆڵینەوە دابوو و تا ده‌هات راستینەى کێشە و گرفتەکان و ناکۆکییەکانی زیاتر ده‌ناسی و قووڵتر لێیان ورد دەبووه‌وه. ئۆجه‌لان بە چوونی بۆ ئه‌نقه‌ره و خوێندن له زانکۆی ئه‌نقه‌ره و کۆلێژی زانستە سیاسییەکان که‌وته نێو دۆخ و که‌شوهه‌وایه‌ک که له‌لایه‌ن رەوتى چەپگەرى و شۆڕشگێڕی ئەو کاتەوه، به تایبه‌تی کاریگەری بزاڤەکانی پارتى ـ بەرەیی ـ رزگارى گەلی تورکیا بەرێبەرایەتى "ماهیر چایان" و ئەرتەشی رزگارى گەلی تورکیا بەرێبەرایەتى"دەنیز گەزمیش" و ئارتەشی شۆڕشگێڕی رزگاریخوازى کرێکاران و جووتیارانى تورکیا (تییککۆ) بەرێبەرایەتى " ئیبراهیم کایپاک کایا"دا بوو. هه‌ربۆیه ئۆجه‌لان له نێو هه‌موو گرووپه چه‌پگه‌ره‌کاندا، ئه‌م 3 گرووپه ئاماژه پێکراوه‌ی لەهەموو گروپەکانى دیکەی چەپڕەو پێ باشتر بوو.
بێگومان هەبوونی دیاردە و کێشەی کورد هۆکار و هەلومەرجی سەرەکی دەرکەوتنی تەڤگەری په‌که‌که بووە، بەڵام وەکو دەردەکەوێت ئەو دیاردە و کێشەیەش بەدەرنییە لەکۆی کێشە مرۆڤایەتییەکانی دیکە. بۆیە دەبینین کاتێک ئۆجەلان بەدوای گەوهەری سۆسیالیزمدا دەگەڕێ و لێکۆڵینەوە لەسەر مێژووی پێشکەوتنی کۆمەڵگاکانی مرۆڤایەتی دەکات، لەمیانەی ئەو لێگەڕین و لێکۆڵینەوەیەشدا مێژووی کورد و دیاردە و کێشەی کورد قووڵتر دەناسێت. چونکە تا ئەوکاتە لە هەلومەرجی ساڵانی حەفتاکانی تورکیادا بچووکترین زانیاری سەبارەت بەکورد و کوردستان دەست ناکەوێت، بەڵام دەرک بەوەش دەکات کە کورد وەکو گەلێک خاوەن کێشەیەکە.
ئۆجەلان لەگەڵ چه‌ند هاوڕێیەکیدا له زانکۆ، لەدژی ئه‌و ره‌شه‌کوژییه‌ی که ماهیر چایان سەرۆکى بەرەی ـ پارتى ـ رزگارى گەلی تورکیا و نۆ لەهاوڕێکانى لە(31)ى مارسی (1972)دا لە ناوچەى قزلدەرە گیانی خۆیان له‌ده‌ست دا. هەروەها بۆ رێگیریکردن لە لەسێدارەدانى دەنیز گەزمیش سەرۆکى ئارتەشى رزگارى گەلى تورکیا و دوو لە هاوڕێیانى "یوسف ئەسڵان و حوسێن ئینان، پێشەنگایەتى رێپێوانێکى پرۆتستۆیی دەکەن لە کۆلێژی زانستە سیاسییەکانى زانکۆی ئەنقەرە " .
بەهۆى ئەو پێشەنگایەتیکردنهیهوه، ئۆجه‌لان لەگەڵ هاوڕێیەکی بەناوى "دۆغان فرتنە" لەرێپێوانەکەدا دەستگیر دەکرێن و نزیکەى (7) مانگ لەزیندانى "ماماک"دا دەمێنێتەوە، ئه‌و زیندانی بوونه‌ی ئۆجه‌لان بووه وێستگه‌یه‌کی وه‌رچه‌رخان له گه‌یاندنی لێکۆڵینه‌وه و لێگه‌ڕینه‌کانی به‌ئاستی بیرکردنه‌وه له دامه‌زراندنی رێکخراوێکی شۆڕشگێڕی. بۆیه لەماوەى زیندانیبوونیدا بیر لە ئاواکردنى گروپێکى رێکخستنی شۆڕشگێڕی دەکاتەوە، لەدواى ئازادبوونی لەزیندانیشدا هەموو هەوڵ و تێکۆشانێکى بۆ ئەو مەبەستە ده‌خاته گه‌ڕ.
دواى ئازادبوونى ئۆجه‌لان لەزیندان و گەڕانەوەى بۆ خوێندن، هەردوو که‌سێتی شۆڕشگێڕی تورک "حەقی قەرار و کەمال پیر" دەناسێت، که ئه‌وانیش خوێندکاری هه‌مان زانکۆ بوون. ئیدى ئه‌م 3 هاوڕێیه بەیەکەوە دەژین و پێکه‌وه بناخه‌ی یەکەم گروپی ئایدیۆلۆژی تەڤگەرى ئاپۆچێتى داده‌مه‌رزێنن.
تەڤگەری ئاپۆچێتی، هه‌ر له‌بنه‌ڕه‌تدا؛ هەم لەپێکهاتە و سەرهەڵدانیدا، هەم لەروانگە فەلسەفی و ئایدیۆلۆژییەکەیدا خاوەن سروشتێکی ئەنتەرناسیۆنالی و مرۆڤایەتییە. کاتێک ئۆجه‌لان دەیەوێت ئەوەی لەئەنجامی لێگەڕین و لێکۆڵینەوە هزریەکانیدا ئاکامگیر بووە بۆ هاوڕێ نزیکەکانی خۆی لەزانکۆ بدرکێنێت، دوو هاوڕێی هەرە دەستپێکی لە رۆڵەکانی گەلی تورکن، کە "حەقی قەرار و کەمال پیر" ن. ئەم دوو هاوڕێیەی لەسەر بنەمای چەمکی " تا گەلی کورد ئازاد نەبێت گەلی تورکیش ئازاد نابێت" هەڤاڵێتی ئۆجه‌لان دەکەن و یەکەمین گروپی سێ کەسی بۆ سەرهەڵدانی تەڤگەری ئاپۆچیتی پێکدێنن.
ئۆجه‌لان لە نەورۆزى (1973)دا لە لەمیانەى گەشتێکی ئاسایی‌دا لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی زانکۆی بۆ که‌ناری بەنداوى " چووبوک"، بۆ یەکەم جار ئەو دەرئەنجامە فیکرییەى لەمیانەى قووڵبوونەوە و لێگەڕینى تیۆری خۆیدا پێیگەیشتبوو لەلاى ئەو هاوڕێیانەی باس دەکات و خوازیارە هەڵوێست و بیروڕای ئه‌وان له‌و باره‌وه بزانێت، به‌مه‌ش هه‌وڵدانێکی کرداری بۆ رێکخسته‌کردنی یه‌که‌م گروپی رێکخستنی. هه‌رچه‌نده زۆربه‌ی به‌شداربووانی ئه‌و دانیشتنه‌ی سه‌ر که‌ناری به‌نداوی چوبووک نه‌که‌وتنه ناو یه‌که‌م گروپی رێکخستنی، به‌ڵام له‌هه‌نگاونانی کرداریانه‌ی ئۆجه‌لان بۆ ده‌ستکردن به تێکۆشانی ڕێکخستنیانه واتایه‌کی گرنگی خۆی هه‌یه. ئیتر لەو کاتە بەدواوە؛ ئۆجه‌لان تێکۆشانى خۆی دەگەیەنێتە ئاستى گروپێکی فیکری و ئایدیۆلۆژی و بەناوى "خوێندکارانی شۆڕشگێڕ" یان "شۆڕشگێڕانى کوردستان" یاخود "تەڤگەرى ئاپۆچی"یەوە لەزانکۆ و هەندێک گەڕەکى هەژارنشین و کوردنشینی ئه‌نقه‌ره ده‌ناسران و فیکر و بیروباوەڕهکانی خۆیان بڵاودەکەنەوە.
ئه‌وکاته؛ ئۆجه‌لان هه‌وڵیده‌دا تێکۆشانی ئایدیۆلۆژی و ئه‌و ده‌رئه‌نجامه فیکرییانه‌ی پێیگه‌یشتبوو، هه‌ر ته‌نیا له‌سنووری خوێندکاران و زانکۆ و چه‌ند گه‌ڕه‌کێکی ههزارنشیندا نه‌مێنێته‌وه، به‌ڵکو به‌پێویستی ده‌بینی که بیگه‌یه‌نێته هه‌موو کۆمه‌ڵگا. بۆیه لەساڵی (1976)دا لە ئه‌نقه‌ره لە هۆڵی"ژووری بیناسازان" ى "کۆمەڵەی ئەندازیاران" دا سیمینارێکی سەبارەت بە فیکر و بیر و باوەڕی خۆی بۆ مه‌سه‌له‌ی چه‌پ و کێشه‌ی کورد ساز ده‌کات. ئەمەش یەکەم جار بوو که ئۆجه‌لان لەدەرەوەى گروپەکە تێڕوانین و دەرئەنجامە فیکرییەکانى خۆی بە ئاشکرا بۆ خەڵکى دیکە باس و تاوتوێ بکات.
دوای ئه‌وه‌ی هه‌وڵ و تێکۆشانی ئۆجه‌لان و گروپی سه‌ره‌تا بۆ فراوانکردنی رێکخستنی گروپ ئه‌نجامگیر ده‌بێت، بیر له‌وه ده‌کرێته‌وه چۆن ئه‌و فراوانبوونه‌ی گروپ خۆی بگه‌یه‌نێته ئاستی رێکخستنێکی تۆکمه و خاوه‌ن ناسنامه‌ی ئایدیۆلۆژی و سیاسی و رێکخستنی. بۆ ئه‌مه‌ش لە (1976)دا لە ئه‌نقه‌ره، یەکەم کۆبوونەوەى گروپەکە لە گەڕەکى "دیکمان " ئەنجام دەدرێت. ئەم کۆبوونەوەیە به یەکەم کۆبوونەوەى فەرمى تەڤگەرى ئاپۆچێتی داده‌نرێت. له‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا، بڕیارى گەڕانەوە لە ئه‌نقه‌ره‌وه بۆ کوردستان و دەستکردن بەتێکۆشانى ئایدیۆلۆژی، سیاسی و رێکخستنى دەدرێت. بڕیاری گه‌ڕانه‌وه بۆ کوردستان بڕیاڕی هه‌ره گرنگی ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه بوو. چونکه ئه‌و گه‌ڕانه‌وه‌یه هه‌ر به‌واتای گواستنه‌وه‌ی تێکۆشان له‌گۆڕه‌پانی ئه‌نقه‌ره‌وه بۆ کوردستان نه‌ده‌هات، به‌ڵکو به‌واتای ده‌ستنیشانکردنی گۆڕه‌پانی سه‌ره‌کی تێکۆشانیش ده‌هات که کوردستان بوو. بۆیه گه‌ڕانه‌وه بۆ کوردستان به‌واتای ده‌ستنیشانکردنی راسته‌ڕێ و ئاراسته‌ی تێکۆشانی گروپه‌که‌ش ده‌هات.
ئۆجه‌لان هاوکات له‌گه‌ڵ تێکۆشانی کرداریانه‌ی رێکخسته‌کردنی گه‌لدا، له‌بواری تیۆری و هزریشدا تێکۆشانی ئایدیۆلۆژیانه‌ی خۆی په‌ره‌پێده‌دات. لەساڵی (1976)دا نامیلکه‌یه‌ک بەناوى "مێژووى کۆڵۆنیالیزم" ده‌نووسێ، ئەم نامیلکەیە سەرەتا لەسەر کاسێت تۆمار دەکرێت و پاشان لەلایەن ئه‌ندام و پێشه‌نگێکی ئه‌و گروپه "محەمەد خەیرى دوورموش"ەوە ده‌نووسرێته‌وه و دەکرێتە نامیلکە. ئه‌و نامیلکه‌یه یه‌که‌م نووسراو و ئه‌ده‌بیاتی فیکری ئۆجه‌لان و گروپی ئاپۆچێتییه.
ئه‌وکاته ئه‌ندامانی گروپی ئاپۆچێتی له‌ڕووی ئایدیۆلۆژیی و سیاسی و رێکخستنییه‌وه به‌رده‌وام خه‌ریکی خۆپه‌روه‌رده‌کردن ده‌بن. له‌مه‌دا ئۆجه‌لان ته‌واوی ده‌رئه‌نجامی لێکۆڵینه‌وه فیکری و ئایدیۆلۆژییه‌کانی خۆی به هه‌ڤاڵانی خۆی ده‌به‌خشێت. ئه‌مه‌ش رۆڵێکی گرنگی له په‌روه‌رده‌کردنی ئه‌ندامانی گروپدا ده‌بینێت.
لەساڵی (1976) لەکاتى مەشقپێکردندا، به‌هۆی بەکارهێنانى دەمانچەوه، "عەلی دۆغان یڵدرم" لە گەڕەکى "تووزلوچایر"ی ئه‌نقه‌ره فیشەکى لەدەست دەردەچێت و گیانی له‌ده‌ست ده‌دات. "عەلی دۆغان یڵدرم" له‌مێژووی ته‌ڤگه‌ری په‌که‌که‌دا یه‌که‌م گیانبه‌ختکرووی تەڤگەره‌که‌یه.
له‌گه‌ڵ گه‌وره‌بوونی گروپه‌که و چالاکبوونی له‌ناو جه‌ماوه‌ردا، ئیتر ئه‌ندام و لایه‌نگرانی گروپه‌که ده‌بنه ئامانجی هێرش و په‌لاماره‌کانی رێکخستنه میللیگه‌را کوردییه‌کان و رێکخراوه چه‌پگه‌ره شۆڤێنیسته‌کان و تیمه سیخوڕییه‌کانی وابه‌سته به‌ده‌وڵه‌ت. چونکه گروپی ئاپۆچێتی گروپی هه‌ره چالاکوان و جیاواز بوون و به‌بیروباوه‌ڕی و تایبه‌تمه‌ندییه شۆڕشگێڕییه‌کانیانه‌وه ببوونه جێی سه‌رنجی گه‌ل به‌گشتی و گه‌نجان به‌تایبه‌تی. بۆیه له‌ئاکامدا لە(8)ى مارسی ساڵی (1977)یشدا لەشارى دێرسیم "ئایدن گول" بەدەستى رێکخراوێکى چەپی تورکى به‌ناوی (رزگاریخوازانى گەل - هه‌لقن قورتولوش)ه‌وه ده‌کوژرێ. چونکە "ئایدن گول" دەستبەردارى رێکخراوه‌که‌ی ئەوان ببوو و تەڤلى تەڤگەرى ئاپۆچێتى بووە.
هێرش و په‌لاماره‌کان زیاتر په‌ره‌یان سه‌ند و له‌شێوه‌ی هه‌ڵمه‌تێکی بڵاوه‌پێکردن و له‌ناوبردنی گروپ به‌ڕێوه‌چوو. تا له ڕۆژی 18ی مارسی ساڵی 1977 "حەقی قەرار" یاریدەدەرى یەکەمى ئۆجه‌لان بەدەستى گروپێکی سیخوڕی "ستێرکا سۆر" لە چایخانەیەک لە گەڕەکى نوورى پازاڕباشی شارى "عەنتاب" لەمیانەى پیلانگێڕییەکدا بەدەستى سیخوڕ "عەلائەددین قاپان" تیرۆر ده‌کرێت.
به تیرۆرکردنی حه‌قی قه‌رار له‌لایه‌ن ئه‌و رێکخراوه سیخورییه‌وه، گروپی ئاپۆچێتی ده‌که‌وێته به‌رده‌م دووڕیانێکی چاره‌نووسازه‌وه، ئایا به‌رده‌وامی به تێکۆشان بده‌ن و ئه‌و رووداوه بکه‌نه زه‌مینه‌ی قه‌ڵه‌مبازێکی چۆنایه‌تی، یان ده‌ستبه‌رداری تێکۆشان ببن و ئه‌و رووداوه بێ وه‌ڵامێكی راسته‌قینه بهێڵنه‌وه؟ راستترین وه‌ڵام بۆ ئه‌و پیلانگێڕییه چییه و چۆن حه‌قی قه‌رار به نه‌مری بمێنێته‌وه و ببێته پێشه‌نگی مه‌عنه‌وی تێکۆشان؟ ئه‌مانه گرنگترین پرسیارگه‌لێک بوون که دوای گیانله‌ده‌ستدانی حه‌قی قه‌رار رووبه‌ڕووی ئۆجه‌لان و تێکۆشه‌رانی گروپ بووه‌وه. ئۆجه‌لان و تێکۆشه‌ره دڵسۆزه‌کانی ناو گروپ به بڕیاره‌وه پێداگری له‌سه‌ر مه‌زنکردن و تۆکمه‌کردنی تێکۆشانی گروپی ئاپۆچێتی ده‌که‌ن. پاشان ئه‌و به بڕیاربوونهی ئۆجه‌لان و تێکۆشه‌رانی تری ئاپۆچی له‌گه‌ڵ خۆیدا بیرکردنه‌وه له هه‌نگاونان به‌ره‌و به‌پارتیبوونی هێنایه‌دی.
ئیتر لەساڵی (1977)وە تا بەرپابوونى کودەتاى سەربازى (12)ى سێپته‌مبه‌ری ساڵی (1980) چەندین رێکخراوى فاشیستى و چەپى تورکى و رێکخراوى کوردی دژایەتى تەڤگەرى ئاپۆچییان دەکرد. هەندێک لەو رێکخراوانە دژایەتی خۆیان گەیاندە ئاستى کوشتن و هێرش و پەلاماردانیش. لەمیانەى ئەو هێرش و پەلاماردانانەشدا بەدەیان کادیر و لایه‌نگری تەڤگەرى ئاپۆچییان له‌ناوبرد.
به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌و هێرش و په‌لامارانه ئۆجه‌لان و شۆڕشگێڕانی گروپی ئاپۆچێتی گوڕ به تێکۆشانی ئازادیخوازانه‌ی خۆیان ده‌ده‌ن. ئۆجه‌لان لەبەهارى ساڵی (1977)وە تا (1)ى مانگی مای (1977) لە کوردستاندا زنجیرەیەک کۆبوونەوەى بۆ کادیرانى پێشکەوتووى تەڤگەرەکە ئەنجام ده‌دات. ئه‌و سیمینارانه وەک ئامادەکارییەکه بۆ نووسینى رەشنووسی بەرنامەى پارتى. ئەم زنجیرە کۆبوونەوەیە بەماراتۆنى کۆبوونه‌وه‌کان دەناسرێت.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا؛ لەپاییزى (1977)دا ئۆجەلان دەست بە نووسینی یەکەم رەشنووسی پرۆگرامى پارتییەکى سیاسی کرد و لە زستان و بەهارى (1978)یشدا له شێوه‌ی نامیلکه‌یه‌کدا به‌ئامانجی په‌روه‌رده‌یی و تاوتوێکردن و وه‌رگرتنی بیروڕای کادیرانی گروپ، بەسەر تەواوى کادیرانى تەڤگەرەکەدا بڵاو کرایه‌وه. دواتر ئەو رەشنووسە بووه بنه‌مای پرۆگرامى په‌که‌که و له کۆنگره‌ی یه‌که‌می دامه‌زراندندا په‌سند کرا.
هاوکات له‌گه‌ڵ ئاماده‌کاری بۆ هه‌نگاونان به‌ره‌و به پارتیبووندا، هێرش و په‌لاماره‌کانی دژ به ئه‌ندام و هۆگرانی ته‌ڤگه‌ره‌که‌ش به‌رده‌وام بوو. لە رۆژی (9)ى مارسى 1978 دا پارێزەر "حەسەن ئایدن لەعەنتاب بەدەستى گرووپی رزگاریخوازانى گەل (هه‌لقن قورتولوش) ده‌کوژرێ.
له مانگی مای ساڵی (1978) لەشارۆچکەى حیلوان "خەلیل چاوغون" ئه‌ندامی گرووپی ئاپۆچی لەلایەن عەشیرەتى سلێمانانەوە ته‌قه‌ی لێده‌کرێ و گیانی خۆی له‌ده‌ستده‌دات. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا، لەهەمان ساڵدا (1978)دا لەشارۆچکەى "حیلوان" ته‌ڤگه‌ری ئاپۆچێتی چالاکییەکی لەدژی سەرۆک جاش و سەرۆکى عەشیرەتى سلێمانان ئەنجام دەده‌ن و له ئاکامدا سەرۆک عەشیرەتەکە و چەندین به‌کرێگیراوی ئەو عەشیرەتە دەکوژرێن، له ئه‌نجامی ئه‌م شه‌ڕه‌دا "حیلوان" دەکەوێتە دەستى ئاپۆچییەکانهوه، ئەوانیش دەسەڵات بە جەماوەرى شارۆچکەکە دەسپێرن.
له‌لایه‌کی تریشه‌وه، هه‌موو ئاماده‌کارییه‌کان بۆ به‌ستنی یه‌که‌م کۆنگره‌ی دامه‌زراندنی پارت ده‌گاته قۆناخی کۆتایی و لە رۆژانی 26 و 27 مانگی نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی 1978 لەگوندى "فیس"ى سەر بە قەزاى"لیجە"ى شارى "ئامەد"، بەئامادەبوونى بیست‌و دوو کەس، کە دوویان کچ بوون، یەکەم کۆنگرەى تەڤگەرى ئاپۆچێتى به‌ڕێوه ده‌چێ و لەو کۆنگرەیەدا پارتیا کارکه‌رێن کوردستان په‌که‌که دادەمەزرێت و ئاشکراکردنی دامه‌زراندنی په‌که‌که ده‌هێڵرێته‌وه بۆ کاتی ئه‌نجامدانی چالاکییه‌کی مه‌زن و به‌کاریگه‌ر. بڕیاری راگه‌یاندنی له‌دایکبوونی په‌که‌که هاوکاتی ئه‌نجامدانی چالاکییه‌ک بوو له‌به‌رامبه‌ر سه‌رۆک عه‌شیره‌ت و سه‌رۆک جه‌رده‌وانی به‌ناوبانگی ئه‌وکاته‌ی حیلوان محه‌مه‌د جه‌لال بوجاک.
وێڕای که‌می ئاماده‌کارییه‌کان بۆ ئه‌نجامدانی چالاکیی راگه‌یاندنه‌که، له ڕۆژی 30 مانگی جولای ساڵی 1979 لەگوندى "قرباشی"ى سەر بە شارۆچکەى "حیلوان"ى سەر بە شارى "ئورفە" چالاکییەکه لەبەرامبەر "محەمەد جەلال بوجاک"ى سەرۆکى عەشیرەتى بوجاک و له‌هه‌مانکاتدا سه‌رۆک جه‌رده‌وان لەلایەن ئاپۆچییەکانەوە ئەنجام درا و لەئاکامدا "محەمەد جەلال بوجاک" بەبریندارى خۆى رزگار دەکات. ئه‌مه یه‌که‌م چالاکی فه‌رمی پارتی کرێکارانی کوردستان بوو، به‌م چالاکییە وه‌ک بڕیاربوو؛ دامەزراندنى په‌که‌که رادەگەیەندرێت. لەو چالاکییەدا کادیری په‌که‌که "ساڵح کەنداڵ" بریندار ده‌بێت و پاشان گیانی له‌ده‌ست ده‌دا.
راگه‌یاندنی له‌دایکبوونی په‌که‌که ده‌بێته کۆتایی قۆناخێک و ده‌ستپێکردنی قۆناخێکی نوێ له مێژووی گه‌لی کورد و تورکیا و هه‌رێمه‌که و جیهاندا.
لەرێکەوتى نێوان (27 ــ 24)ى دێسه‌مبری ساڵی (1978)دا دەوڵەتى تورک بەهاوکارى هێزە فاشیستەکانى ئەوکاتە کۆمەڵکوژییەکى مەزن لەشارى "مەرعەش" ئەنجام دەدات، ئەم کۆمەڵکوژییە وەک کاردانەوەیەک له‌به‌رامبه‌ر پەرەسەندنى تەڤگەرى ئاپۆچێتى و له‌دایکبوونی په‌که‌که و وه‌ک هەنگاوێکیش بۆ به‌رپاکردنی کودەتایەکى سەربازى ئەنجام درا. لەو کۆمەڵکوژییەدا بەسەدان کەس کوژران. هەروەها شانبەشانى ئەو کۆمەڵکوژییەش "رەوشی ئاوارتە"ى لە(13) پارێزگا کە (10) یان لە باکوورى کوردستان بوو، راگەیاندرا.
به‌ڵام ئاپۆچییه‌کان هه‌ر زوو ده‌رکیان به‌وه کردبوو که وه‌ڵامی هه‌ره راست و شۆڕشگێڕانه بۆ ئه‌و کۆمه‌ڵکوژییه تۆکمه‌کردنی باوه‌ڕی و ئیراده‌ی تێکۆشانه‌ی ئازادیخوازانه‌یه. ته‌نانه‌ت ئۆجه‌لان به‌ر له به‌رپابوونی کوده‌تاکه به‌ماوه‌یه‌ک، پێشبینییه‌کانی خۆی بۆ ئه‌گه‌ری به‌رپابوونی کوده‌تایه‌ک باس ده‌کات و به‌پێویستی ده‌بینێت که ته‌گبیری پێویست وه‌ربگیردرێت.
ئۆجه‌لان لەسەرەتاى مانگی ته‌مموزی ساڵی (1979)دا بە هاوکارى ئه‌ندامی په‌که‌که به ناوی "ئەدهەم ئەکچان" که دواتر له شه‌ڕی ڕزگاریدا گیانی له ده‌ست دا، تورکیا و باکوورى کوردستان بەجێدێڵێت و بەنهێنى بەرەو باشوورى رۆژئاواى کوردستان و سوریا دەڕوات و لەوێ لەماڵى خزمێکى "ئەدهەم ئەکچان" لە شارۆچکەى کوبانێ، بەنهێنى ماوەیەک دەمێنێتەوە.
هەر لەهەمان ساڵدا ئۆجه‌لان لە دیمەشق رێکخراوە فەلەستینییەکان دەناسێت و پەیوەندییان لەگەڵدا دەبەستێت، بۆ ئه‌وه‌ی لە لوبناندا لەکامپى پەروەردەیی فەلەستینییەکاندا کادیرانى په‌که‌که پەروەردەى ئایدیۆلۆژی، سیاسی و گەریلایی ببینن هه‌وڵی زۆریان له‌گه‌ڵ ده‌دات تا به‌وه رازیان ده‌کات که له کامپه‌که‌یاندا په‌روه‌رده ببینن. هەر لەکۆتایی هەمان ساڵدا بەدەیان کادیرى په‌که‌که بۆ مەشق و پەروەردە بینین بۆ کامپی فەلەستینییەکان لە لوبنان به‌ڕێده‌که‌ون.
هه‌ر له‌ساڵی (1979)یشدا، لەهەڵبژاردنى شارەوانیدا، لەشارەکانى حیلوان و باتمان لایەنگرانى په‌که‌که لەهەڵبژاردنەکاندا سەردەکەون. بەڵام دواى (3) مانگ سەرۆکى هەڵبژێردراوى شارەوانى باتمان "ئەدیب سۆڵماز" لەلایەن دەوڵەتەوە تیرۆر دەکرێت. ئەو ئەزموونەى شارەکانى حیلوان و باتمان بەنموونەیەکى دیموکراتیانەى دەسەڵاتى گەل داده‌نرێت، هه‌روه‌ها ئه‌مه یه‌کێکه له ئه‌زموونه سه‌ره‌تاییه‌کانی پارتی کرێکارانی کوردستان له‌بواری تێکۆشانی مه‌ده‌نی و یاساییدا.
وه‌ک ئۆجه‌لان مه‌زه‌نده‌ی ده‌کرد، لە ڕۆژی 12ی سێپته‌مبری ساڵی 1980دا کودەتایەکى سەربازى لە تورکیا ئەنجام دەدرێت و بەهەزاران کەسی مه‌ده‌نی دەکوژرێن و بەدەیان هەزار کەسى دیکەش دەخرێنە زیندانەکانهوە و بڕیارى داخستنى سەرجەم پارتە سیاسییەکان و رێکخراوە مەدەنییەکان و تەواوى رۆژنامە و گۆڤارەکان دەدرێت و حوکمى جۆنتاى سەربازى له تورکیا دەسەڵات به‌ده‌سته‌وه ده‌گرێ. هەروەها له هه‌موو تورکیا و باکوورى کوردستاندا ڕه‌وشی ئاوارته ڕاده‌گه‌یه‌ندرێ. لەو هەڵمەتەدا بەسەدان کادیر و هەزاران لایەنگرى په‌که‌که و کەسانى وڵاتپارێزیش دەستگیر دەکرێن. به‌گشتی نزیکه‌ی 4 هه‌زار کادیر و ئه‌ندام و لایه‌نگری په‌که‌که ده‌خرێنه زیندانه‌کانه‌وه.
ئیتر له‌هه‌موو رووێکه‌وه قۆناخێکی نوێ و دژوار بوو، ئه‌وه‌ی ئۆجه‌لان مه‌زه‌نده‌ی ده‌کرد روویدا. کوده‌تای سه‌ربازی وڵاتی کردبووه ئۆردوگایه‌کی سه‌ربازی و میلیتاریزم باڵی خۆی به‌سه‌ر هه‌موو بوارێک‌دا کێشابوو. له‌بنچینه‌دا سه‌ره‌کیترین ئامانجی کوده‌تاکه له‌ناوبردنی ته‌ڤگه‌ری ئازادی په‌که‌که بوو. به‌ڵام ئۆجه‌لان به‌و پێشبینییه‌ی بۆ به‌رپابوونی ئه‌و کوده‌تایه‌ی کردبووی، کۆچکردنیشی بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات وه‌ک ته‌دبیرێکی پێشینه و وردبینانه، رێک له‌ئانوساتی خۆیدا ئه‌نجام دا. به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌لای ئۆجه‌لانه‌وه گرنگ و بایه‌خدار بوو، بێبایه‌خکردن و پووچه‌ڵکردنه‌وه‌ی ئامانجی سه‌ره‌کی کوده‌تا بوو. بۆیه پێویست بوو ئه‌و کۆچکردنه بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ببێته قۆناخی خۆ ئاماده‌کردن بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ وڵات و هاوێشتنی ههنگاوێکی نوێ له‌تێکۆشان و قه‌ڵه‌مبازێکی مێژوویی له به‌رخۆداندا.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، له‌پێناو هه‌ڵسه‌نگاندنێکی نوێی دۆخی کوده‌تا و فاشیزمی میلیتاریستانه‌ی رژێمی 12ی سیبته‌مبه‌ر له‌لایه‌ک و له‌لایه‌کی تره‌وه هه‌ڵسه‌نگاندنی دۆخی ته‌ڤگه‌ر له کۆچبه‌ری و له‌ناو وڵات، لە(15)ى ته‌مموزی (1981)دا یەکەمین کۆنفرانسی په‌که‌که لە لوبنان ئەنجام ده‌درێت و ته‌ڤگه‌ر له‌کۆنفرانسه‌که‌دا؛ له‌نێوان ژیانی کۆچبه‌ری ته‌ڤگه‌ر و گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ وڵات‌دا، له‌نێوان تێکۆشان و ده‌ستبه‌ردان له به‌رخۆداندا بڕیارى گەڕانەوە بۆ وڵات و ئامادەکارى بۆ دەستپێکردن بە تێکۆشانى پڕوپاگەندەى چەکدارى و دەستکردن بەتێکۆشانى گه‌ریلایی دەدرێت.
لهزیندانهکانیشدا؛ که هه‌زاران دۆست و ئه‌ندام و کادیر به‌ر هه‌ڵمه‌تی ره‌شبگیری کوده‌تاچییه‌کان که‌تبوون و ده‌ستگیر کرابوون، بۆ ئه‌وه‌ی ته‌سلیمییه‌ت په‌سند نه‌که‌ن رووبه‌ڕووی دژوارترین شێوازه‌کانی ئه‌شکه‌نجه و سته‌مکاری و سوکایه‌تیکردن بوونه‌وه. به‌ڵام کوده‌تاچییه‌کان له‌به‌رامبه‌ر ئیراده‌ی به‌رخۆدانی ئاپۆچییه‌کاندا چۆکیان دا. به‌مه‌ش کوده‌تای میلیتاریستی 12 ی ئه‌یلول سه‌ره‌تا له زیندانه‌کاندا و له‌به‌رامبه‌ر به‌رخۆدانی شۆڕشگێڕانی په‌که‌که‌ییدا شکستی هه‌ره مه‌زنی خۆی ده‌خوات. پێشه‌نگی ئه‌و بهرخۆدانییهش ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی په‌که‌که مه‌زڵوم دۆغان بوو.
لە یه‌که‌م رۆژی نەورۆزى (1982)دا "مەزڵوم دۆغان" لەژێر دروشمى" بەرخۆدان ژیانە، تەسلیمییەت مردنە"دا لە ژووری (9)ى قاتى (4)ى زیندانى "ئامەد"دا ئاگر لەجەستەى خۆى بەردەدات و گیانی له‌ده‌ست ده‌دات. ئەمەش ده‌بێته هۆی زنجیره چالاکییه‌کی بەرخۆدانڤانى لە زیندانی ئامه‌د و دواتر ئه‌و به‌رخۆدانه له زیندانەکانی دیکەى باکوور و تورکیاش په‌ره‌ده‌سێنێت.
لە کاتژمێری نێوان دوو تا سێی شەوى 18ى مانگى ته‌مموزی ساڵی (1982)دا لە هۆڵی (33)ى قاتى (2)ى زیندانى "ئامەد"دا بۆ بەردەوامکردنى چالاکییە بەرخۆدانییەکەى "مەزڵوم دۆغان" کادیرانی دیکه‌ی په‌که‌که وه‌ک "فەرهاد کورتای، مەحمود زەنگین، ئەشرەف ئانیک و نەجمی ئۆنەر" بەدروشمى "بەرخۆدان ژیانە، تەسلیمییەت مردنە" هەر چواریان بەیەکەوە ئاگر لەجەستەى خۆیان بەردەدەن، له‌نێو گڕ و کڵپه‌ی ئاگری جه‌سته‌ی خۆیاندا، هه‌رچواریان به‌هاوارێکی ئاگرینه‌وه، به‌وشه‌ی پڕ لهبلێسهوه هاوارده‌که‌ن؛ با که‌س ئاگری جه‌سته‌مان نه‌کوژێنێته‌وه، هه‌رکه‌سێک بیکوژێنێته‌وه خیانه‌تمان لێده‌کات. به‌ده‌م هاوار و دروشمی پڕ به گڕه‌وه هه‌ر چواریان گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن و ده‌بنه مه‌شخه‌ڵی رێگای به‌رخۆدانی ئازادیخوازانه‌ی ئه‌و ته‌ڤگه‌ره‌ی مهشخهڵئاسا کاروانێکی بێپسانهوهی به‌ره‌و لوتکه‌ی سه‌رکه‌وتن هه‌ڵکشاندووه. چالاکییەکهی ئه‌و چوار کادیره ئاپۆییه بە"چالاکی شەوى چوار قارەمانەکە" له نێو ئه‌ده‌بیاتی په‌که‌که‌دا ده‌ناسرێت.
کاروانی به‌رخۆدانی زیندانیانی په‌که‌که‌یی راناوه‌ستێت و خاو نابێته‌وه. هه‌ر ههنگاوێکی به‌رخۆدانی ده‌بێته ته‌واوکاری هه‌نگاوه‌کانی دوای خۆی و بناخه‌ی ههنگاوێکی تری به‌رخۆدانڤانێتی. ئه‌مه‌ش سروشتی ئه‌و ته‌ڤگه‌ره‌یه.
لە ڕۆژی 14ی مانگی ته‌مموزی ساڵی 1982دا " محەمەد خەیری دوورموش، کەمال پیر، عاکیف یڵماز و عەلی چیچەک" دەستیان بەمانگرتن لەخواردن تامردن(رۆژووی مردن) کرد. پاشان هه‌ڤاڵانی تریشیان ته‌ڤلی ئه‌و چالاکییه ده‌بن. دوای (55 تا 65) رۆژ لە مانگرتن هەر چوار پێشه‌نگ دەبردرێنە نەخۆشخانەى سەربازى "دیاربەکر" و هەموویان لەوێ، به‌دوای یه‌کدا گیان له ده‌ست ده‌ده‌ن؛
کەمال پیر لە ژووری (1)ى قاتى(4)دابوو، لەرۆژى 7ی سێپته‌مبه‌ری هه‌مان ساڵدا گیانی له ده‌ست ده‌دات.
محەمەد خەیرى دوورموش لە ژووری (3)ى قاتى (4)دابوو، لەرۆژی 12ی سێپته‌مبه‌ردا گیانی له‌ده‌ست ده‌دات.
عاکیف یڵماز لە قاتى (3)دابوو، لەرۆژی 15ی سێپته‌مبه‌ردا گیانی له‌ده‌ست ده‌دات.
عەلی چیچەک لەرۆژی 17ی سێپته‌مبه‌ردا گیانی له‌ده‌ست ده‌دات.
له‌کاتێکدا زیندانی ئامه‌د و زیندانه‌کانی تر ده‌بنه شاهیدی مێژوویی‌ترین چالاکی به‌رخۆدانڤانی، له کامپی فه‌له‌ستینییه‌کان، له دۆڵی بیقاعی لوبنانیشدا، له‌پێناو وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌کی هێژای ئه‌و به‌رخۆدانه‌ی زیندان ئاماده‌کارییه‌کان له‌هه‌موو رووێکه‌وه له‌پێناو گه‌ڕانه‌وه بۆ وڵات به‌چڕوپڕی به‌رده‌وامه. ئۆجه‌لان له‌مڕووه‌وه شه‌و و رۆژی خۆی ده‌کاته یه‌ک تا توانست و هێزی قه‌ڵه‌مبازێکی بێوێنه بئافرێنێت.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا؛ ئاماده‌کاری بۆ دووه‌مین کۆنگره‌ی په‌که‌که ده‌کرێت. بۆئه‌وه‌ی هه‌موو ئاماده‌کارییه‌کان بگه‌یه‌نرێته ئاستی رێنماییه‌کی کرداری و به‌بڕیاربوونێکی تۆکمه. هه‌ر ئه‌و کاته‌ی ئاماده‌کاری بۆ سازدانی کۆنگره ده‌کرێت شه‌ڕ و پێکدادانه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی ناوین، له‌نێوان فه‌له‌ستین و ئیسرائیل‌دا ده‌گاته ئاستێکی دژوارتر له‌جاران. تا ئه‌و راده‌یه‌ی لوبنانیش ده‌بێته گۆڕه‌پانێکی ئه‌و شه‌ڕ و پێکدادانه.
له‌ساڵی (1982)دا سوپای ئیسرائیلی هێرشه‌کانی خۆی بۆ سه‌ر کامپی فه‌له‌ستینییه‌کان له لوبنان و ته‌واوی باشووری لوبنان چڕتر ده‌کاته‌وه. له‌وکاته‌دا په‌که‌که لەبه‌رامبەر ئه‌و هێرشانه‌ی ئیسرائیل بۆ سەر باشوورى لوبنان و کەمپی فەلەستینییەکان، له به‌رده‌م دووڕیانێکی مێژوویی و ویژدانی دابوو؛ ئایا بڕیاڕی پشتیوانیکردن له گه‌لی فه‌له‌ستین و لوبنان بدات و به له‌به‌ر چاوگرتنی هه‌موو مه‌ترسییه‌کان ئاماده‌ی هه‌موو جۆره فیداکارییه‌ک بێت؟! یان هه‌لپه‌رستانه و به‌دوور له پره‌نسیپی هاوپشتیوانێتی گه‌لانی ژێرده‌سته، هاوکاری فه‌له‌ستینییه‌کان له‌رۆژانی بێتوانستیدا له‌یاد بکات و خۆی له‌و شه‌ڕه دژواره به‌دوور بگرێ و گه‌لی فه‌له‌ستین و بزاڤه‌که‌ی به‌ته‌نیا به‌جێبهێلێت؟! ئه‌مه بۆ په‌که‌که پرسێکی گرنگ و جه‌وهه‌ری بوو. بۆیه په‌که‌که به‌گه‌ڕانه‌وه بۆ جه‌وهه‌ری فه‌لسه‌فه‌ی ئازادیخوازانه‌ی خۆی، بوێرانه بڕیاری پشتیوانیکردن له گه‌لی ئازادیخوازی فه‌له‌ستینی و لوبنانی ده‌دات. به‌مه‌ش گه‌ریلا تازه پهروهردهبووهکانی په‌که‌که لە شارەکانى بەیروت، حەسبایا، ئەلدامور، سەیدا سور.. بەگشتى و لە قەڵاى شەقیف و قەلاى سەلاحەددینى ئەیوبی بەتایبەتى، بەرخۆدانێکى مەزن لەبەرامبەر سوپاى ئیسرائیلییەکان ئه‌نجام ده‌ده‌ن. به‌مه‌ش جه‌وهه‌ری پره‌نسیپی برایه‌تی و هاوپشتیوانێتی ته‌ڤگه‌ری ئازادیخوازی کورد به کرداری و له دۆخی هه‌ره دژوار‌دا به‌دیار ده‌که‌وێت. ئەو بەرخۆدانە به گیانله‌ده‌ستدانی یازده گه‌ریلا و به‌دیلگیرانی یازده‌ی تر ده‌بێته نموونه‌یه‌کی تری به‌رخۆدانڤانی و کاریگەرییەکى مەزنیش لەسەر پەیوەندى په‌که‌که و هێزه شۆڕشگێره‌کانی ئه‌وکاته‌ی عەرەب داده‌نێت.
دوای ئه‌و شه‌ڕ و پێکدادانه که بۆ په‌که‌که رێز و شکۆدارییه‌کی زیاتری به‌ده‌ستهێنا، لە ڕۆژی (20)ى ئوگۆستۆسی (1982)دا، لە دۆڵی بیقاعی لوبناندا، دووەمین کۆنگرەى په‌که‌که ئەنجام دەدرێت. له‌و کۆنگره‌یه‌دا لێبڕاوانه بڕیارى گەڕانەوە بۆ وڵات و دەستپێکردن بە تێکۆشانى گه‌ریلایی دەدرێت. ئیتر دوای کۆنگره بەشێوەیەکى کرداری گەڕانەوە بۆ وڵات دەست پێدەکات و پۆل پۆل گه‌ریلا دەگەڕێنەوە بۆ وڵات.
له‌سه‌ره‌تای ساڵانی هه‌شتاکاندا ناکۆکی و ململانێی نێوان پارت و رێکخستنه‌کانی باشووری کوردستان گه‌یشتبووه قۆناخێکی خوێناوی مه‌ترسیدار، که رێی له‌به‌رده‌م تراژیدیای گه‌وره ده‌کرده‌وه، ئه‌و ده‌رفه‌ته زێڕینه‌شی له‌ده‌ست ده‌دا که رووخانی رژێمی شای ئێران و شه‌ڕی نێوان ئێراق و ئێران ره‌خساندبوونی. بۆ ئه‌وه‌ی چیدی کوردان خوێنی یه‌کتر نه‌ڕژێنن و توانستی خۆیان و گه‌له‌که‌یان به‌فیڕۆ نه‌ده‌ن و تێکۆشان بگه‌یه‌ننه سه‌رکه‌وتن، په‌که‌که به‌ئامانجی ئاشتبوونه‌وه‌یه‌کی گشتی و ئاواکردنی به‌ره‌یه‌کی هاوبه‌شی سه‌رجه‌م پارت و لایه‌نه‌کانی هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان، ده‌سته‌یه‌ک له‌په‌یامبه‌ری ناوبژیوانێتی له‌ژێر به‌رپرسیارێتی ئەندامی کۆمیتەى ناوەندی په‌که‌که "محەمەد قەرەسوونگور" ده‌نێرێته باشوور و له قه‌ندیلدا له هه‌وڵی ناوبژیوانێتیدا ده‌بن. به‌ڵام له‌وکاته‌دا له ڕۆژی 3ی مای ساڵی 1983دا شه‌ڕ و پێکدادانێک له‌نێوان هێزه‌کانی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان و حیزبی شیوعی ئێراق رووده‌دات. له‌ئانوساتی ئه‌و شه‌ڕه‌دا محه‌مه‌د قه‌ره‌سونگور و کادیری پێشکه‌وتوو "ئیبراهیم بیلگین" گیانی خۆیان له ده‌ست ده‌ده‌ن و سێ له هه‌ڤاڵانیشیان دیل ده‌کرێن. به گیان له‌ده‌ستدانی ئه‌و دوو کادیره‌ی په‌که‌که ئه‌و هه‌وڵی ناوبژیوانێتیهی په‌که‌که و پرۆژه‌ی ئاواکردنی به‌ره‌یه‌ک بۆ پارت و لایه‌نه کوردییه‌کان ئاکامگیر نابێت و شەڕى نێوخۆیی ئەوکاتەى نێوان هێزەکانى باشووریش هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت.
وێڕای گیانله‌ده‌ستدانی یه‌که‌م فه‌رمانده‌ی گه‌ریلای په‌که‌که ئاماده‌کارییه‌کان بۆ هاوێشتنی قه‌ڵه‌مبازێکی مێژوویی له‌بواری تێکۆشانی گه‌ریلاییدا به‌رده‌وام ده‌بێت و لە نێوان ساڵه‌کانی (1982 ـــ 1984)دا چەندین پۆل و یەکینەى گەریلاکانی په‌که‌که لەسەر سنوورى نێوان باکوور ــ باشوورى کوردستان له لۆلان و خواکورک و خنێره و چه‌ندی هه‌رێمی تری سه‌ر سنوور جێگیر ده‌بن و دەست بە پروپاگەندەى گه‌ریلایی و تێکۆشانی چەکدارى ده‌که‌ن و خه‌ریکی ته‌واوکردنی ئامادەکارییه کردارییه‌کان بوون بۆ ده‌سپێکردنی خه‌باتی گه‌ریلایی لەباکوورى کوردستاندا.
گه‌ریلاکان به دڵی پڕ لهجۆشوخرۆش و به چاوی پڕ له هیوا و به هزری پڕ له‌باوه‌ڕی و ئیراده‌وه چاوه‌ڕێی ته‌قاندنی یه‌که‌م فیشه‌ک بوون. ئه‌و فیشه‌که‌ی هه‌ر له‌گه‌ڵ ته‌قاندنیدا کۆتایی به مێژووێکی شووم و نه‌فره‌تلێکراو دێنێت و سه‌ره‌تای مێژووێکی نوێی پڕ له‌رووناکی و شکۆمه‌ند ده‌ستپێده‌کات. هه‌موو گه‌ریلاکان چاوه‌ڕێی گه‌یشتنی رێنمایی ته‌قاندنی یه‌که‌م فیشه‌ک بوون. له خه‌یاڵ و هزر و چاوانی ئه‌و گه‌ریلایانه‌دا ته‌قاندنی یه‌که‌م فیشه‌ک به‌ڕووی ده‌وڵه‌تێکی خاوه‌ن یه‌ک ملیۆن سه‌ربازی ته‌واو پڕچه‌ککراو و ئه‌ندام له‌ناتۆ، حه‌قیقه‌تێکی چاوه‌ڕوانکراو بوو، به‌ڵام به‌لای ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌وه، دوای دامرکاندنه‌وه‌ی بیستوهه‌شت سه‌رهه‌ڵدانی کوردان، ته‌نانه‌ت خه‌ون بینین به ته‌قاندنی تاقه فیشه‌کێکیش له‌لایه‌ن کوردانه‌وه، له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو مه‌زه‌نده و بیرکردنه‌وه‌کان بوو.
به‌ڵام زۆری پێناچێت، ئه‌و فیشه‌که به‌ده‌ستی عه‌گیدێکی ئه‌فسانه‌یی کوردان ده‌ته‌قێنرێ و دڕ به‌تاریکی و ستمکاری و داگیرکاری ده‌دات و حه‌قیقه‌ته چاوه‌ڕوانکراوه‌که لهئهروه و شه‌مزینان به‌رجه‌سته ده‌بێت.
لە (15)ى ئابی (1984)دا دواى ئامادەکارییەکى چڕ‌وپڕ بە فەرماندەیی و سەرپەرشتى (مەعسوم قۆرقماز) ناسراو به عه‌گید لە شارۆچکەکانى" ئەروه ـ شەمزینان" هەڵمەتی گه‌ریلایی دەستپێدەکات و یەکەم فیشەک دەتەقێنرێت. بەمەش خه‌باتى گه‌ریلایی په‌که‌که دەستپێدەکات و قەڵەمبازێکى مێژوویی لە مێژووى تێکۆشانى په‌که‌که و گەلى کورد دەهاوێشترێت. هەروەها لەگەڵ ئەو هەڵمەتەدا، به به‌یاننامه‌یه‌ک، هێزى رزگارى کوردستان (هه‌ڕه‌که) دامه‌رزاندنی خۆی رادەگەیەنێت.
ئیتر تێکۆشانی چه‌کداری، به شێوازی گه‌ریلایی، ده‌بێته راستیه‌ک و سه‌رتاپای ئه‌و ته‌لیسم و وه‌همانه‌ی ره‌وانده‌وه که ده‌گووترا هیچ هێزێک ناتوانێت به‌ره‌نگاری ئه‌رته‌شێکی یه‌ک ملیۆنی و ئه‌ندام له ناتۆ ببێته‌وه، هه‌روه‌ها کۆتایی به‌کاریگه‌ری ئه‌و مه‌یله‌ش هێنا که ده‌یگووت: (با ژیانی "په‌نابه‌رێتی ته‌ڤگه‌ر" په‌سند بکه‌ین، با نه‌گه‌ڕێینه‌وه کوردستان، ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه کوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه مردن). ئیتر تێکۆشانی گه‌ریلایی بووه شێوازی تێکۆشانی شۆڕشی ژیانه‌وه‌ی گه‌لی کوردستان.
ته‌ڤگه‌ری په‌که‌که، وه‌ک چۆن له گۆڕه‌پانی تێکۆشانی گه‌ریلاییدا قه‌ڵه‌مبازێکی هاوێشت و خۆی گه‌یانده ئاستی به‌ڕێکخستنبوون و چالاکی نواندن، ئه‌وا به‌هه‌مان شێوه له‌بواری رێکخستنی چین و توێژه‌کانی جه‌ماوه‌ریشدا له‌نێوا ئاماده‌کارییه‌کی به‌رفراواندا بوو.
لە نەورۆزى ساڵی (1985)دا بەرەى رزگاریخوازى نەتەوەیی کوردستان (ئەنیا رزگاریا نەتەوا کوردستان، ئه‌ڕنه‌که) دامه‌زرا. ئەم بەرەیە لە رێکخستنە جەماوەرى و دیموکراتییەکانى گەلى کوردستان پێکهاتبوو.
به‌ڕێکخستنبوونی هه‌موو چین و توێژه وڵاتپارێزه‌کان و به‌شداربوونی چالاکانه له‌تێکۆشانی ئازادی و گردبوونه‌وه له‌به‌ره‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی و دیموکراتیدا جه‌وهه‌ری گه‌له‌ری و جه‌ماوه‌ریانه‌ی ته‌ڤگه‌ری په‌که‌که‌ی زیاتر خسته‌ڕوو. ئه‌مه‌ش کاریگه‌رێتی کوده‌تای سه‌ربازی و ئاسته‌نگییه‌کانی دۆخی مانه‌وه له ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی به‌لاوه نا و گۆڕه‌پانێکی رێکخستنی و سیاسی بۆ تێکۆشانی گه‌ل له‌ده‌ره‌وه و ناوه‌وه‌ی وڵات ئافراند و له‌ئاستێکی تۆکمه‌دا یه‌کتر ته‌واوکردنێک له‌نێوان تێکۆشانی گه‌ریلایی و تێکۆشانی سیاسی و جه‌ماوه‌ری به‌دیهات. جاری یه‌که‌م بوو، له‌تێکۆشانی ئازادی کوردان‌دا، ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌گشتی و ئه‌وروپا به‌تایبه‌تی، ببێته گۆڕه‌پانێکی گرنگی تێکۆشانی رێکخستنی، سیاسی، دیبلۆماسی، کولتووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و پشتیوانییه‌کی به‌هێزی خه‌باتی ناوه‌وه‌ی وڵات بکات.
به‌ڵام ده‌زگا سیخورییه‌کانی ده‌وڵه‌تی تورک و هه‌ندێک له‌و وڵاتانه‌ی کوردانی لێ نیشته‌جێن، له‌نێو هه‌وڵدانی به‌رفراوان و چڕ‌وپڕ دابوون، تاکو راستینه‌ی ته‌ڤگه‌ری ئازادیخوازانه‌ی په‌که‌که و کوردان له‌پێش چاوی گه‌لی کورد و رای گشتی جیهان بشێوێنن و ناوی بزڕێنن و له جه‌ماوه‌ری گه‌ل دایببڕێنن و ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی پێنه‌ده‌ن له سه‌کۆ نێوده‌وڵه‌تییه‌کاندا دۆزی ره‌وای گه‌لی کورد بخاته رۆژه‌ڤه‌وه.
ئه‌وه‌بوو لە ڕۆژی 28ی فێبریوه‌ری ساڵی 1986دا "ئۆڵف پاڵمە"ى سەرۆک وەزیری سوێد تیرۆر کرا، پاڵمە که کەسایەتییەکی ئەنتەرناسیۆنال و سۆسیال ـــ دیموکرات بوو و هه‌روه‌ها سەرۆکى پارتی سۆسیال ــ دیموکراتی سوێدیش بوو، ده‌زگای ئیستخباراتی تورکی میت، و چه‌ندین ده‌زگای سیخوری بە ئامانجی ناوزڕاندنی په‌که‌که لە ئەوروپا، ئەو تاوانەیان دایە پاڵ په‌که‌که. بەڵام پاش ماوەیەک لە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونێکی زۆر، راستینه‌ی پیلانه‌که ئاشکرا بوو و ئه‌م تاوانه له سه‌ر په‌که‌که لابرا و چه‌ند ئه‌ندامێکی په‌که‌که که هه‌ر به‌و بۆنه‌یه‌وه گیرابوون پاش قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی غه‌رامه‌ت و داوای لێبوردن لێیان، ئازاد کران.
له‌ساڵی 1986دا له‌کاتێکدا تێکۆشانی گه‌ریلایی تاده‌هات ئه‌نجامی گرنگی به‌ده‌ستده‌هێنا و ده‌روازه‌ی له‌به‌رده‌م پێشکه‌وتن و گۆڕانکاری مه‌زن ده‌کرده‌وه، له‌لایه‌کی تره‌وه، ئۆجه‌لان و ته‌ڤگه‌ری په‌که‌که له‌رووی ئایدیۆلۆژی و سیاسی و رێکخستنی و کردارییه‌وه، له‌نێو ئاماده‌کارییه‌کی چڕ‌وپڕ دابوون بۆ ئه‌نجامدانی سێیه‌مین کۆنگره‌ی په‌که‌که. بۆ شیکردنه‌وه‌یه‌کی قووڵی دۆخی سیاسی و ره‌وشی رێکخستنی و هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌و کێشه و گرفتانه‌ی له‌ئاستی رێکخستنی و که‌سایه‌تییدا له‌نێو ته‌ڤگه‌ردا ده‌رکه‌وتبوون و گه‌یاندنیان به تێگه‌یشتن و چاره‌سه‌ری، ئۆجه‌لان له‌نێو قووڵبوونه‌وه‌یه‌کی هزری مه‌زن دابوو. له‌کاتێکدا ته‌ڤگه‌ر له‌نێو ئاماده‌کارییه‌کی وه‌ها دابوو، فه‌رمانده‌ی ئه‌فسانه‌یی و فه‌رمانداری گشتی هێزی رزگاری کوردستان هه‌ڕه‌که، مه‌عسوم قۆرقماز به ئامانجی به‌شداربوون له سێیه‌مین کۆنگره‌دا به‌ڕێده‌که‌وێت، به‌ڵام له‌رێگادا له‌رێکه‌وتی 28ی ئاداری 1986دا له چیای گابار رووبه‌ڕووی بۆسه‌یه‌کی ئه‌رته‌شی تورک ده‌بنه‌وه، له‌ئاکامی پێکدادنێکی دژوار‌دا عه‌گید گیانی ئه‌فسانه‌یی خۆی به تێکۆشان و به خاکه‌که‌ی ده‌سپێرێت.
فه‌رمانده عه‌گید وه‌ک چۆن کاتێک له‌تێکۆشاندا بوو رۆڵێکی پێشه‌نگانه‌ی مه‌زنی له جێبه‌جێکردنی قه‌ڵه‌مبازی 15ی ئابدا بینی، ئه‌وا به گیان له‌ده‌ستدانیشی پێداگری له‌سه‌ر تێکۆشانی ئازادیخوازانه‌ی گه‌ریلایی تۆکمه‌تر و جێگیرتر کرد.
دوای هه‌موو ئاماده‌کارییه ئایدیۆلۆژیی و سیاسی و رێکخستنی و کردارییه‌کان، لە 25ی مانگی ئۆکتوبه‌ری ساڵی 1986دا کۆنگرەی سێیەمی په‌که‌که لە کامپی په‌روه‌رده‌یی لە دۆڵی بیقاعی لوبنان بەسترا.
لەو کۆنگرەیەدا ئۆجەلان رێبه‌ری ته‌ڤگه‌ری پارتی کرێکارانی کوردستان شیکردنەوەیەکى پڕ گرنگی سەبارەت بە تاک، کۆمەڵگا، سۆسیالیزم، سۆسیالیزمى بنیادنراو و بەسوپایبوونى گەریلا و پارتیبوون و مه‌یله تهسفیهگهرییهکان پێشکه‌شی کۆنگره کرد. هه‌ر له‌و کۆنگره‌یه دابوو که ئۆجه‌لان شیکردنه‌وه‌یه‌کی مێژوویی و کۆمه‌ڵناسی و هزری بۆ کێشه و گرفته ناوخۆییه‌کانی ته‌ڤگه‌ری کرد و گووتی:" ئه‌وه‌ی لێره‌دا شیده‌کرێته‌وه ئه‌مڕۆ نییه، مێژووه، شه‌خس نییه، که‌سێتی و کۆمه‌ڵگایه". هەر لەم کۆنگرەیەدا بڕیاری ئاواکردنى "ئارتەشی رزگاریخوازی گەلی کوردستان ئارگه‌که " درا و ئاکادیمیای په‌روه‌رده‌یی دۆڵی بیقاعیش به ناوی فه‌رمانداری گه‌ریلا "مه‌عسوم قۆرقماز درا.
سێیه‌مین کۆنگره‌ی په‌که‌که له‌بنچینه‌دا کۆنگره‌ی خستنه‌ڕووی ناسنامه‌ی ئایدیۆلۆژی و سیاسی و یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی هێڵی تێکۆشانی شۆڕشگێڕانه بوو. بۆیه ئه‌و کۆنگره‌یه پێگه‌یه‌کی گرنگی له‌مێژوو ته‌ڤگه‌ری په‌که‌که‌دا هه‌یه.
له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی تێکۆشانی ته‌ڤگه‌ری ئازادیخوازی گه‌ل و تۆکمه‌بوونی ئیراده‌ی سه‌ربه‌خۆی په‌که‌که، ده‌وڵه‌تانی هاوکار و هاوپشتیوان له شه‌ڕی ده‌وڵه‌تی تورکیشی ته‌نگه‌تاو کردبوو. به‌ڕاده‌یه‌ک ئه‌و ده‌وڵه‌تانه له‌ده‌وڵه‌تی تورک زیاتر دژایه‌تی ته‌ڤگه‌ریان به ئه‌رکی بنچینه‌یی خۆیان ده‌زانی. له‌م ڕووه‌وه حکومه‌تی ئه‌وکاته‌ی ئه‌ڵمانیا هه‌ڵوێستی دژبه‌رانه‌ی خۆی به کرداری ئاشکرا کرد و ستراتیژیی: یان ته‌سلیمگرتن و به‌خۆوه وابهستهکردن یان فشارهێنان و له‌ناوبردنی به‌بنه‌ما وه‌رگرت. له‌و چوارچێوه‌یه‌دا لە ساڵی 1988دا حکومەتى ئەڵمانیا "دوران کاڵکان و عەلی حەیدەر قەیتان " و چەند ئەندامێکى دیکەى په‌که‌که‌ی گرت و خستنییە زیندانەوە. ئەڵمانیا دەیویست لە کەسایەتی ئەو کادیرانه‌ی په‌که‌که‌دا؛ تێکۆشانى په‌که‌که و خەباتی ئازادیخوازى گەلى کوردستان بخەنە ژێر رکێفی خۆیانەوە. بەڵام بەرگریکردنى رەوایانە و یاساییانەى ئەو کادیرانه‌ی په‌که‌که لە دادگایی دۆسڵدۆرفدا، وایکرد کە ئاراستەى دادگاییەکە بە بەرژەوەندى حکومەتى ئەڵمانیا بەڕێوە نەچێت و له‌ئه‌نجامدا ئه‌و کادیرانه ئازادکران.
چه‌نده تێکۆشانی گه‌ریلایی پێشده‌که‌وت ئه‌نجامگیرتر ده‌بوو، به‌و راده‌یه‌ش ده‌وڵه‌تی تورک فشار و گوشاره‌کانی دژ به گه‌لی زیاتر ده‌کرد. به‌ڵام گه‌لیش به‌هه‌نگاوی دلێرانه و جه‌ربه‌زانه وه‌ڵامی ئه‌و گوشار و فشارانه‌ی ده‌دایه‌وه و زیاتر له‌ده‌وری ئه‌و تێکۆشانه‌دا گردده‌بوونه‌وه و گوڕیان به‌تێکۆشانی خۆیان ده‌دا و به‌رۆحی به‌رخۆدانی نه‌ورۆزیانه‌ی کاوه‌ی سه‌رده‌م مه‌زڵوم دۆغان به ئاگری جه‌ژنی نه‌ورۆز دڕیان به تاریکی سته‌مکاری و داگیرکاری ده‌دا. ئه‌گه‌ر دوێنێ له کونجی زیندانی ئامه‌ددا مه‌زڵوم دۆغان به جه‌سته‌ی خۆی جه‌ژنی نه‌ورۆزی پیرۆز کرد و په‌یامی به‌رخۆدانی نه‌ته‌وه‌یی دا، ئه‌وا ئه‌مجاره‌یان له‌سه‌ر قه‌ڵای ئامه‌د و به‌گڕی جه‌سته‌ی که‌نیشکه کوردێک نه‌ورۆز پیرۆز ده‌کرێت و په‌یامی "به‌رخۆدان تا ئازادی به‌رده‌وامه" ده‌دات. له‌نه‌ورۆزی ساڵی (1990)دا کچە خوێندکارى کۆلێژی پزیشکى زانکۆى دیجلە "زەکیە ئاڵکان" لەسەر قەڵاکەى شاری ئامەد گڕی لەجەستەى خۆی بەردا و بەگیانی خۆی ئاگری نەورۆزی پیرۆز کرد.
ئیتر به‌گڕی گیانی زه‌کیه ئالکان نه‌ورۆزی ساڵی 1990 ده‌بێته نه‌ورۆزی به‌رخۆدان و سه‌رهه‌ڵدان و لەنەورۆزی (1990)وه تا ساڵی (1992) لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی باکووری کوردستاندا سەرهەڵدانی گەل بەرپا بوو. تێکۆشان گەیشتە ئاستێکی جه‌ماوه‌ری، گه‌ل به ئافراندنی سه‌رهه‌ڵدانی جه‌ماوه‌ری سیاسه‌تی ملیتاریستی ریسواکرد و زه‌برێکی گه‌وره‌شی له سیاسه‌تی له‌یه‌ک جیاکردنه‌وه‌ی ماسی و ئاو دا، به‌مه‌ش گەل به سه‌رهه‌ڵدان و گەریلاش به به‌رخۆدان ئاوێته‌ی یەکتر بوون.
سه‌رهه‌ڵدانی گه‌ل ده‌ستپێده‌کات. سەرەتا گه‌ریلای ئارگه‌که (کامەران دوندار) ناسراو به زانا لە ڕۆژی 10ی مارسی ساڵی 1990 له ماردین له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵی خۆی گیانیان له ده‌ستدا، به‌و هۆیه‌وه گه‌ل ناڕه‌زایی خۆی ده‌رده‌بڕێت و ده‌یگه‌یه‌نێته ئاستی سه‌رهه‌ڵدان و لە شارۆچکەى نسێبیندا سه‌رهه‌ڵدان دەستپێده‌کات. دواتر لە"جزیرە" و "بۆتان" یش سەرهەڵدان بەرفراوان ده‌ستیپێکرد و لەنێو سەرهەڵدانەکەدا کادیری شۆڕشگێڕ (بنەوش ئاگال) ناسراو به بێریڤان لەساڵی (1992) لە "جزیرە" گیانی له ده‌ستدا.
لە مانگی گوڵانى ساڵی (1990)دا کۆنفرانسی نەتەوەیی دووەمی په‌که‌که بەسترا. رۆژەڤى گشتى کۆنفرانسەکە هەڵسەنگاندنى پراکتیکى دواى سێیەمین کۆنگرە بوو، لەو کۆنفرانسە چه‌مکی چەتەگەرێتى شیکرایه‌وه و مەحکوم کرا و بڕیارى تێکۆشان لەدژی چەتەگەرێتى درا.
هه‌ر لەپاییزی هه‌مان ساڵدا کۆنگرەی چوارەمی په‌که‌که لە کوردستان بەسترا. کە نوێنەری هەر چوار پارچەی وڵات و کوردەکانی دەرەوەی وڵات تێیدا بەشدار بوون. ئەم کۆنگرەیە بە کۆنگرەی نەتەوەیی ناودێر کرا. لەم کۆنگرەیەدا، بڕیارى مەزنکردنى سوپاى گەریلا و فراوانکردنى شەڕ و پێشخستنى سەرهەڵدانى گەل لەباکوورى کوردستان درا. هەروەها بڕیار درا کە ئەنجوومەنی نەتەوەیی دابمه‌زرێت، که بتوانێت رۆڵی په‌رله‌مانی گه‌لێکی بێ قه‌واره ببینێت. له‌م کۆنگره‌یه‌دا ئۆجه‌لان دۆخی ئه‌و کاته‌ی جیهان و رۆژهه‌ڵاتی ناوین و کوردستان به‌قووڵی هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت و پێشبینی روودانی گۆڕانکاری مه‌زن له رۆژهه‌ڵاتی ناوین و ئێراق و تورکیا و باشوور و باکووری کوردستان ده‌کات و ئه‌وه ده‌ستنیشان ده‌کات که به‌هۆی په‌ره‌سه‌ندنی قه‌یرانی که‌نداوه‌وه، له‌به‌رده‌م لایه‌ن و پارته کوردییه‌کان و خه‌ڵکی باشوور ده‌رفه‌تی زێڕین دێته پێشه‌وه و توانستی ده‌سته‌به‌رکردنی مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان له‌باشوور ده‌خوڵقێت.
لە ساڵی (1991)دا بۆیەکەمین جار کۆنفرانسێکى تایبەت بە زیندانیانی زیندانەکانى تورکیا و باکوورى کوردستان لە ئەکادیمیاى مەعسوم قۆرقماز لە "دۆڵی بیقاع" دا سازدرا. له‌و کۆنفرانسه‌دا دۆخی زیندانیان له زیندانه‌کاندا هه‌ڵسه‌نگێنرا و له‌لایه‌ن ئۆجه‌لان و به‌شدارانی کۆنفرانسه‌که‌وه سه‌باره‌ت به‌هه‌ردوو مه‌یلی به‌رخۆدان و مه‌یلی تهسفیهگهرایی و ته‌سلیمییه‌ت خوازی ناو زیندانه‌کان و سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ت له‌به‌رامبه‌ر زیندانیان شیکردنه‌وه‌یه‌کی به‌رفراوان پێشکه‌وت.
له‌به‌هاری ساڵی 1991دا له‌گه‌ڵ به‌رپابوونی راپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری گه‌ل له‌باشووری کوردستان دژ به‌رژێمی دیکتاتۆری به‌عس، گه‌ریلاکانی ئه‌رته‌شی رزگاری گه‌لی کوردستان ئارگهکهش، به‌شداری له به‌جۆشکردنی راپه‌ڕینه‌که له‌هه‌رێمی بادینان ده‌که‌ن و به‌شێوه‌یه‌کی کردرایش له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ردا رۆڵێکی به‌رچاو له ئازادکردنی زاخۆ و گوند و شارۆچکه‌ی تری نزیک به سنوور ده‌بینن. بۆ جاری یه‌که‌م بوو گه‌ریلا له‌باشووردا هاوشانی گه‌له‌که‌ی خۆی بکه‌وێته نێو چالاکییه‌وه. به‌م به‌شداربوونه‌ی گه‌ریلا له‌سه‌رهه‌ڵدانی جه‌ماوه‌ری باشوور، رۆحی سه‌رهه‌ڵدانی باکووری کوردستان ئاوێته‌ی سه‌رهه‌ڵدانی باشوور بوو و زه‌مینه‌یه‌کی ره‌خساند تا تێکۆشانی نه‌ته‌وه‌یی باکوور و باشوور یه‌کبخرێت و ببنه ته‌واوکه‌ری یه‌کتری.
له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه، به‌ئامانجی پاراستنی ده‌ستکه‌وته‌کانی تێکۆشان و راپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری گه‌ل و گردکردنه‌وه‌ی تێکۆشانی پارچه‌کان له‌ده‌وری ستراتیژییه‌کی نه‌ته‌وه‌ییدا، لە ساڵی (1991)دا پارتى ئازادى کوردستان (پاک) لەلایەن کادیرانى خەڵکى باشوور کە تا ئەو کاتە لەنێو په‌که‌که‌دا لەتێکۆشان دابوون، دامەزرا. به‌ڵام هه‌ر زوو ئه‌و پارته له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی پارته کوردییه‌کانه‌وه رووبه‌ڕووی فشار و په‌لامار و هێرشی دژوار بووه‌وه.
له‌باکووری کوردستانیشدا، تاده‌هات گیانی سهرههڵدانخوازی گه‌ل به‌جۆشتر ده‌بوو، لە نەورۆزى (1992)دا له‌نێو ئه‌و جۆش‌و خرۆشه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی گه‌لدا رەهشان دیمیرال لە شاری ئیزمیر، لەسەر قەڵاى قەدیفە گڕی لەجەستەی خۆی بەردا و به جه‌سته‌ی خۆی جەژنی نەورۆزی پیرۆز کرد. به‌مه‌ش نه‌رورۆز به‌شکۆدارییه‌وه پیرۆز کرا. ده‌وڵه‌تیش بۆ کپکردنه‌وه‌ی ئه‌و جۆشوخرۆشه‌ی گه‌ل، ده‌ستی به هه‌ڵمه‌تێکی به‌رفراوانی ره‌شبگیری و رفاندن و گرتن و داپڵۆسین کرد. له‌ژێر ناوی "کوشتنی بکه‌ری نادیار"دا رێکخراوه داپڵۆسێنهرکانی ژیته‌م، حزبوڵڵا، کۆنترا گه‌ریلا و چه‌ندین ده‌زگا و رێکخراوی تر، ده‌ستیان به کوشتنی خه‌ڵکی وڵاتپارێز و چالاک کرد. به هه‌زاران رۆشنبیر، رۆژنامه‌وان، سیاسه‌تمه‌دار، خوێندکار، پیشه‌وه‌ر و چالاکوانانی بواری مافی مرۆڤ به‌هه‌ڵمه‌تی کوشتنی نادیار که‌وتن و زۆربه‌شه‌یان گۆڕبزر و شوێنبزرکران.
لە ڕۆژی 10ی مانگی ته‌مموزی ساڵی 1992 ویداد ئایدن سەرۆکى لقی ئامه‌دی پارتی ره‌نجی دیموکراتی (ده‌پ) ده‌کوژرێت. کوشتنی ویداد ئایدن له‌لایه‌ن گه‌له‌وه ناڕه‌زایه‌تییه‌کی گه‌وره‌ی لێکه‌وته‌وه و له شاری ئامه‌ددا سەرهەڵدانێکى مەزن روویدا.
لە ساڵی (1992)دا کۆنفرانسی نەتەوەیی سێیەمی په‌که‌که بەسترا. له‌کۆنفرانسه‌که‌دا دۆخی سیاسی جیهان و ناوچه‌که و جیهان کوردستان شرۆڤه کرا. پراکتیکی خه‌باتی گه‌ریلایی، رێکخستنی، سیاسی هه‌ڵسه‌نگێنرا و پێداگری له‌سه‌ر به‌رخۆدان له‌سه‌ر هێڵی شۆڕشگێڕی به مه‌رجی سه‌رکه‌وتن بینرا.
لە ڕۆژی 4ی مانگی ئۆکتۆبه‌ری ساڵی 1992دا تورکیا به‌هاوکاری هه‌ردوو هێزی ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی باشووری کوردستان و بەپشتیوانى سیاسی و راگەیاندنى ئەمریکا، هێرش کرایە سەر گه‌ریلاکانی په‌که‌که و شەڕ هەرێمەکانى وه‌ک حەفتانین، خواکورک و چوقورجەى گرته‌وه، که گه‌ریلاکانی په‌که‌که‌ی تێدا جێگر ببوو.
لەهەمان شەڕدا (گوڵناز قەرەتاش) ناسراو به بێریتان لەخواکورک لە ڕۆژی 25ی ئۆکتوبه‌ردا دواى ئەوەى فیشەک و تەقەمەنى پێ نامێنێت، تفەنگەکەى خۆى دەشکێنێت و خۆى لەسەر لوتکەى چیادا ده‌هاوێژێته خوارێ و گیانی له‌ده‌ستده‌دا. تورکیا به‌و شه‌ڕه‌ی ده‌گووت"ئۆپه‌راسیۆنی سه‌نده‌ویچ" ، له‌ناو کوردانیشدا به شه‌ڕی خیانه‌ت و پیلانگێڕی هاوبه‌شی دژ به ته‌ڤگه‌ری ئازادی گه‌لی کورد ناسراوه. له‌م شه‌ڕ و ئۆپه‌راسیۆنه‌دا هه‌رچه‌نده به‌ئامانجی له‌ناوبردنی ته‌ڤگه‌ری ئازادی ئه‌و شه‌ڕه دژ به په‌که‌که به‌ڕێوه‌چوو، به‌ڵام له‌میانه‌ی به‌رخۆدانێکی بێوێنه‌وه ئامانجی ئه‌و پیلانه پووچه‌ڵ کرایه‌وه و مه‌یلی سازشکاری ناو ته‌ڤگه‌ریش شکستی هێنا.
دوای ئه‌و شکسته‌ی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌نده‌ویچ، له‌ناو ده‌وڵه‌تی تورک‌دا بۆ یه‌که‌مجار مه‌یلی" ئه‌و کێشه‌یه به شێوازی سه‌ربازی و سیاسه‌تی نکۆڵی و قڕکردن و توانه‌وه چاره‌سه‌ر نابێت." ده‌رکه‌وت. به‌مه‌ش ئه‌و لایه‌نانه‌ی ده‌وڵه‌ت، که تۆرگۆت ئۆزالی سه‌رۆککۆماری ئه‌و کاته سه‌رکێشی ده‌کرد، له‌رێگه‌ی نامه‌وه داوای له ته‌ڤگه‌ری په‌که‌که کرد که ئاگربه‌ست رابگه‌یه‌نێت تا ئه‌وان بتوانن له‌ناو ده‌وڵه‌تدا هه‌نگاو بۆ چاره‌سه‌ری بنێنن.
له‌ئاکامدا؛ له‌پێناو تێگه‌یشتنی نیازی راسته‌قینه‌ی ده‌وڵه‌ت و هه‌نگاونان بۆ چاره‌سه‌رییه‌کی سیاسیانه‌ی دۆزی کورد، لەڕۆژی 17ی مانگی ئاداری ساڵی 1993دا رێبه‌ری گه‌لی کورد عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان له‌میانه‌ی کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانییه‌وه له دۆڵێ بیقاع یەکلایەنە ئاگربەستی راگەیاند و دواتر ئه‌و ئاگربه‌سته له‌ڕۆژی 15ی نیسانی هه‌مان ساڵدا وه‌ک ئاگربه‌ستێکی یه‌کلایه‌نه‌ی بێوادە درێژکرایەوە. بەڵام ئەو ئاگربەستە له‌لایه‌ن حکومه‌ت و ده‌وڵه‌تی تورکیاوه بێ وەڵام مایه‌وه.
له‌گه‌ڵ مردنی گوماناوی تۆرگۆت ئۆزالی سه‌رۆککۆماری ئه‌وکاته پێواژۆی ئاگربه‌ست و دیالۆگی ناراسته‌وخۆ که‌وته نێو دۆخێکی ئاڵۆزه‌وه. له‌ماوه‌ی پێواژۆی ئاگربه‌ستدا زیاتر له 50 گه‌ریلا به‌هۆی ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌کانی ئه‌رته‌شی تورک گیانی خۆیان له‌ده‌ست دا.
هه‌روه‌ها له‌رۆژی 24ی گوڵانی 1993دا له‌میانه‌ی پراواکسیۆنێکی ده‌وڵه‌تی شاراوه و ئه‌رگه‌نه‌کۆن و ناردنی 33 سه‌بازی بێ چه‌ک به‌بێ پاراستن به ئۆتۆبیسێک و کوشتنی ئه‌و سه‌ربازانه له‌لایه‌ن شه‌مددین ساکیکه‌وه پێواژۆی ئاگربه‌ستی یه‌کلایه‌نه که په‌که‌که ده‌ستیپێکردبوو، ئیتر تادێت شه‌ڕخوازان و ئه‌رگه‌نه‌کۆنچییه‌کان په‌ره به پراواکسیۆنه‌کانی خۆیان ده‌ده‌ن و تا له‌کۆتاییدا له ئاگربه‌ستی یه‌کلایه‌نه به‌ته‌واوی کۆتایی پێدێت و جارێکی تر شەڕ و پێکدادان دەستپێکرده‌وه.
لە ساڵی (1994)دا پارتی کرێکارانی کوردستان په‌که‌که لە شاری ژنێف، پەیمانی نێودەوڵەتى بەناوی پەیمانی مافی مرۆڤی ئیمزا کرد، پاش ئیمزاکردنی ئەو پەیمانە په‌که‌که لەسەر ئاستی نێودەوڵەتى وەکو لایەنێکی شەڕ ناسرا.
لەرۆژی نەورۆزی (1994)دا بۆ شه‌رمه‌زارکردنی سیاسەتى دژە دیموکراتیانەى حکومەتى ئەڵمانیا بەرامبەر بە تەڤگەرى ئازادیخوازى گەلى کورد لە ئەڵمانیا؛ هەردوو کچە کورد "رووناهی و بێریڤان" ئاگریان لەجەستەى خۆیان بەردا و گیانیان له ده‌ستدا.
لە کۆتایی مانگی کانونی دووه‌می ساڵی (1994)دا کۆنگرەی پێنجەمی په‌که‌که لەسه‌ر خاکی کوردستان بەسترا. لەم کۆنگرەیەدا وێڕای شیکردنه‌وه‌یه‌کی دۆخی جیهان و هه‌رێمه‌که و کوردستان، ره‌وشی رێکخستنی و سیاسی و گه‌ریلایی ته‌ڤگه‌ر به‌چڕوپڕی گفتوگۆی له‌سه‌ر کرا، مه‌یله چەتەگەرێتى و تەسفیەگەرێتییهکان له‌گۆڕه‌پانی گه‌ریلاییدا خرایه به‌ر لێکۆڵینه‌وه و مه‌ترسییه‌کانی خرایه ڕوو. هەروەها بڕیار له‌سه‌ر پێداگری‌کردن لەسەر پێشخستنى پارتیبوون درا.
لەبەهارى ساڵی (1995) سوپاى تورکیا بەهاوکارى پارتی دیموکراتی کوردستان ئۆپەراسیۆنێکى گه‌وره‌ی بەناوى (ئۆپەراسیۆنى پۆڵایین) بەئامانجى لەناوبردنى په‌که‌که ئەنجام دا. بەڵام ئه‌م ئۆپەراسیۆنە به ئامانجی خۆى نەگەیشت و تووشی شکستێکی گه‌وره هات.
لەنەورۆزى (1995)دا لەمیانەى کۆنفرانسێکدا؛ یەکێتى نەتەوەیی دیموکراتى کوردستان یه‌نه‌ده‌که له‌لایه‌ن کادیران و تێکۆشه‌ره‌کانی وڵاتپارێزی نزیک به په‌که‌که دامەزرا، لەو کۆنفرانسەدا کاوه عه‌لی ناسراو به د. سیروان بە سکرتێرى گشتى هەڵبژێردرا، به‌ڵام هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌کاربوونیدا، له‌لایه‌ن هێزه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی باشووره‌وه رووبه‌ڕووی دژایه‌تیکردن و هه‌وڵی پارچه‌کردنی درا. لەساڵى (2000)دا به‌هۆی دۆخی ئه‌وکاته‌وه، یه‌نه‌ده‌که وەک رێکخستن هەڵوەشایەوە.
له‌ئه‌نجامی تێکۆشانی ئازادیخوازانه‌ی خۆیاندا، کوردستانیانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات توانیان لە ڕۆژی 31ی مارسی ساڵی 1995، یەکەم کەناڵى ئاسمانى کورد مهد تیڤی(MED -TV) لەئەوروپا بکه‌نه‌وه و دەستی بە پەخشی فەرمى خۆى کرد و بووە گۆڕه‌پانێکی به کاریگه‌ری تێكۆشانی ئازادیخوازی کورد له هه‌موو پارچه‌کانی کوردستاندا و رۆڵیکی مه‌زنی له‌پاراستن و پێشخستنی زمان و کولتووری کوردی‌دا بینی.
هه‌روه‌ها له‌لایه‌ن که‌سایه‌تییه سیاسی و رۆشنبیرییه‌کان و لایه‌نه وڵاتپارێزه‌کانه‌وه لە ڕۆژی 21ی ئابریلی ساڵی 1995دا پەرلەمانی کوردستان لەدەرەوەی وڵات (PKDW) دامەزرا. ئەو پەرلەمانە وەک سەکۆیەکى سیاسی و دیپلۆماسی گەلى کورد رۆڵێکى گرنگى بینى لەناساندنى دۆزى رەواى گەلى کوردستان لەئاستى ئەوروپادا. ئەو پەرلەمانە لەنوێنەرى زۆر پارت و رێکخراوى سیاسی و مەدەنى و کەسایەتى سەربەخۆى هەر چوار پارچەى کوردستان و هەندەران پێکهاتبوو.
لە ڕۆژی 24ی مانگی دێسه‌مبری ساڵی 1995 جارێکى دیکە په‌که‌که ئاگربەستى یەکلایەنەى لەبەرامبەر تورکیا و (په‌ده‌که) راگەیاند. بەڵام دیسان ئەو ئاگربەستەش له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ت و حکومه‌تی تورکه‌وه بێ وەڵام مایەوە.
لە ڕۆژی (6)ى ئایاری ساڵی (1996) لە پیلانگێڕییەکى به‌رفراواندا؛ لە دیمه‌شقی پایته‌ختی سوریا ترومبێلێکى بۆمبڕێژکراو لەنزیک شوێنى مانەوەى رێبه‌ری گه‌لی کورد عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان تەقێندرایەوە. لەم پیلانگێڕییەدا ئیستخباراتى چەندین دەوڵەت تێیدا بەشدار بوون. بەڵام پیلانەکە سەرنهکهوت.
لە ڕۆژی 30 مانگی حوزه‌یرانی ساڵی 1996دا، کچە گەریلاى ئارته‌شی رزگاریخوازی گه‌لی کوردستان(ئارگه‌که) (زەینەب کناجی) ناسراو به زیلان لە شاری دێرسیم لەنێو ژمارەیەک ئەفسەر و سەربازی ئه‌رته‌شی تورک چالاکییەکی گیانبازی ئەنجام دا و له‌ئاکامدا بەدەیان سەرباز و ئەفسەری تورکی کوژران.
لە ڕۆژی 4ی تشرینی یه‌که‌می ساڵی 1996 کاوه عه‌لی ناسراو به دکتۆر سیروان، سکرتێری گشتی یەکێتى نەتەوەیی دیموکراتى کوردستان "یه‌نه‌ده‌که" لەنزیک گوندى "قەڵاچووغەى سەى کەریم"ى سەر بەناوچەى"ئاغجەلەر" له‌لایه‌ن چه‌کدارانی (په‌ده‌که)ه‌وه لەگەڵ چه‌ند هاوڕێیه‌کی به ناوه‌کانی حاجى قامشلۆیی، عەگید گەرمیانى، بابان و دیلان ماردینى ده‌درێنه به‌ر رێژنه‌ی گولله و له ئاکامدا گیانیان له ده‌ستدا.
لە ڕۆژی 25ی تشرینی یه‌که‌می ساڵی 1996 لە شاری ئامەد (لەیلا کاپڵان) ناسراو به ڕه‌وشه‌ن له‌به‌رامبه‌ر فراوانبون و دژواربوونی پیلان و هێرشه هه‌مه‌لایه‌نه‌کانی ده‌وڵه‌تی تورک دژ به ئۆجه‌لان و په‌که‌که و گه‌لی کورد، بە چالاکییەکى گیانبازی گیانی خۆی له ده‌ستدا.
هه‌روه‌ها لە ڕۆژی 29ی تشرینی یه‌که‌می ساڵی 1996 لە شاری سیواس (گولەر ئاتاچ) ناسراو به به‌رمال بە چالاکییەکى گیانبازی گیانی له‌ده‌ستدا.
له ڕۆژی 14ی مانگی گوڵانی ساڵی 1997دا ئه‌رته‌شی تورک به‌ئامانجی له‌ناوبردنی ته‌ڤگه‌ری ئازادی کوردان ئۆپه‌راسیۆنێکی سه‌ربازی به‌رفراوانی ئه‌نجام دا و په‌ده‌که‌ش به‌هاوکاری خۆی لە ئۆپەراسیۆنەکانى سوپاى تورک‌دا به‌شداری کرد و به‌و شێوه‌یه جارێکی‌تر شەڕ و پێکدادان دەستیپێکردەوە.
لەسه‌ره‌تای حوزه‌یرانی ساڵی (1997)دا له‌چوارچێوه‌ی ئۆپه‌راسیۆنێکی به‌رفراوانی سه‌ربازیدا بۆ باشووری کوردستان، لە هەرێمی زاب هه‌لیکۆپتەرێکی سوپای تورک له‌لایه‌ن گەریلاکانی "ئارگه‌که"وه بەردرایەوە، کە چەندین گەورە ئەفسەری باڵای تێدا کوژران، به‌م شێوه‌یه دەوڵەتی تورک پاشەکشێی خۆی لە ئۆپەراسیۆنی زاب راگەیاند.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، له 16ی گوڵانی هه‌مان ساڵی1997یشدا هێزه‌کانى (په‌ده‌که) لە شاری هەولێر هێرشی برده سه‌ر چه‌ندین بنکە و بیرۆی رێکخراوی سیاسی و ده‌زگای رۆشنبیری و رۆژنامه‌وانی نزیک به ته‌ڤگه‌ری ئازادی و لەئاکامدا به‌ده‌یان شۆڕشگێڕ و کادیری سیاسی و گه‌ریلای نه‌خۆش و که‌مئه‌ندام و هونه‌رمه‌ند و رۆژنامه‌وان گیانیان له‌ده‌ست دا و بێسه‌روشوێن بوون.
لە(20)ی ئەیلولی (1997)دا جارێکى دیکە سوپای تورک پەلاماری باشووری کوردستانى دایەوە و دیسان شکستى هێنا.
لە ڕۆژی 1ی مانگی ئه‌یلولی ساڵی 1998، بەبۆنەى رۆژی جیهانی ئاشتییەوە و لەپێناو زەمینە خۆشکردن بۆ دیالۆگ و چارەسەرکردنى پرسی کورد، په‌که‌که ئاگربەستێکى تری یەکلایەنەى راگەیاند. بەڵام ئەو بانگەوازییەى ئاشتی وەک بانگەوازەکانى دیکەی په‌که‌که له‌لایه‌ن حکومه‌ت و ده‌وڵه‌تی تورکه‌وه بێ وه‌ڵام مایه‌وه.
لە(1998)دا سەما یوجە لە زیندانى ساغمالجیلەر (لە ئەستەنبۆل) دژی مەیلە سازشکاریهکانی ناو زیندان و هێرش و شاڵاوەکانى ده‌وڵه‌تی تورکیا دژ به گه‌لی کورد و ته‌ڤگه‌ره ئازایخوازهکهی، ئاگر لە جەستەى خۆی بەردەدات و پاشان دوای ماوه‌یه‌ک گیان له‌ده‌ستده‌دا.
زێده‌ڕۆیی نابێت ئه‌گه‌ر بگووترێ؛ هیچ گەلێک بەڕادەی گەلی کورد پیلانگێڕێتی لەدژدا ئەنجامنەدراوە. رەنگبێ سروشت و پێکهاتەی دڵسافی و ساده‌یی ئەم گەلە و ژیۆپۆله‌تیکی وڵاتەکەی و مەیلە ئازادیخوازانەکەی خۆی، کە لەنێو قۆناخی نیۆلۆتیکەوە سەرچاوە دەگرێت، هۆکارێکی بنچینەیی چنینی پیلانگێڕییەکان بێت لەدژیدا.
په‌که‌که‌ش وەک تەڤگەرێکی سەربەخۆی ئازادیخوازی هەڵقوڵاوی نێو ئەم گەل و وڵاتە لەبەرامبەر مەیلە ئازادیخوازنەکەیدا زۆرترین و چڕوپڕترین و مەترسیدارترین پیلانگێڕێتی لەدژدا ئەنجامدراوە. سەرجەم ئەو هەوڵە پیلانگێڕییانەی ئەنجامدراون؛ لەناوەندێک یان لەچەند ناوەندێکی هاوبەشدا چنراون و بەڕێوەبراون، کرۆک و ئامانجی سەرجەم پیلانگێڕییەکان؛ سەرەتا دەستپێکردنی کەمپینی ناوزڕاندن و رەشکردنی تەڤگەرە، ئەگەر ئەمەش ئەنجامگیر نەبوو ئەوا هەوڵی بێکاریگەریکردن و مارژیناڵکردن، ئەگەر ئەمەش ئەنجامگیر نەبوو، هەوڵی پارچەکردن و بەخۆوەگرێدان و بەلاڕێدابردن دەدرێت، ئەگەرنا هەوڵی لەناوبردن و تەسفیەکردنی دراوە.
لە 17ی سێپته‌مبه‌ری 1998دا بە سەرپەرشتى و هاوکارى ئەمریکا و تورکیا رێککەوتنى واشنتۆن لەنێوان (یه‌نه‌که) و (په‌ده‌که) ئەنجام درا، لەم رێککەوتنەدا، وێڕای بڕیاری ئاشتبوونه‌وه‌ی ئه‌و دوو هێزه، له‌هه‌مان رێككه‌وتندا، سه‌باره‌ت به ته‌ڤگه‌ری ئازادیش بڕیاری دژایه‌تی کردنی ده‌درێت. هه‌ر دوای ئەو رێککەوتنە؛ لەرێکەوتى 9ی ئۆکتۆبه‌ری (1998)دا، بەتۆمەتى داڵدەدانى ئۆجەلان هەڕەشە لەسوریا کرا. ئۆجەلان لە خۆرهەڵاتى ناوینەوە بەرەو ئەوروپا چوو.
رێبه‌ری گه‌لی کورد عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان، ڕۆژی 9 ئۆکتۆبه‌ری ساڵی 1998 رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی به‌جێهێشت و ڕووی له یۆنانستان کرد، پاشان چووه مۆسکۆی پایته‌ختی روسیا. دواتر له 12 نۆڤه‌مبه‌ر ئۆجه‌لان رووی له رۆما کرد و له‌وێ به پێشکه‌شکردنی پرۆژه‌یه‌کی چاره‌سه‌ری پرسی کورد له باکووری کوردستان، ئاماده‌بوونی خۆی بۆ گفتوگۆ و دانوستاندن به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌رکردنی ئه‌و پرسه به شێوه‌ی سیاسی ڕاگه‌یاند.
هه‌ر له گه‌ڵ بیستنی هه‌واڵی چوونی ئۆجه‌لان بۆ رۆمای پایته‌ختی ئیتاڵیا، کوردان شه‌پۆل شه‌پۆل له هه‌موو وڵاتانی ئه‌وروپاوه خۆیان گه‌یانده لای ئۆجه‌لان و بانگی ئه‌وه‌یان کرد که ئێمه دیوارێکی ئاگرین به ده‌وری ڕێبه‌ره‌که‌ماندا ساز ده‌که‌ین و هه‌تا چاره‌نووسی سه‌رۆکمان ڕوون نه‌بێته‌وه ڕۆما به جێ ناهێڵین.
کاتێک ئۆجه‌لان، به‌کوردانی ڕاگه‌یاند که وڵاتانی ئه‌وروپایی وه‌ڵامی بانگه‌وازی ئاشتیخوازانهکهم ناده‌نه‌وه و له‌چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان له‌گه‌ڵ تورکیا هه‌ڵسوکه‌وت ده‌که‌ن، کوردان ده‌نگیان خسته پاڵ ئۆجه‌لان و له هه‌موو ده‌ڤه‌رێک ناڕه‌زایه‌تی کوردان به‌رز کرایه‌وه. کورده‌کانی دانیشتووی ئه‌وروپا خۆپیشاندانی سه‌دان هه‌زار که‌سیان وه‌ڕێخست و شه‌و و ڕۆژ له چالاکی به‌رده‌وامدا بوون. ته‌نانه‌ت ژماره‌یه‌ک کوردیش ئاگریان له جه‌سته‌ی خۆیان به‌ردا.
به هۆی گوشاره‌کانی تورکیاوه و هاوکات پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه سیاسی و ئابوورییه‌کانی وڵاتانی ئه‌وروپاییدا، هه‌وڵه ئاشتیخوازانه‌کانی ئۆجه‌لان بایه‌خیان پێنه‌درا و ته‌نانه‌ت وڵاتانی ئه‌وروپایی جێگای حه‌سانه‌وه‌و مانه‌وه‌شیان به ئۆجه‌لان نه‌دا. وڵاتانی وه‌ک ڕووسیا، ئه‌ڵمانیا، و یۆنان به شێوه‌ی فه‌رمی مۆڵه‌تی مانه‌وه‌ی ئۆجه‌لانیان له وڵاته‌کانیان ره‌تکرده‌وه. بۆیه ئۆجه‌لان نێردرایه نایرۆبی پایته‌ختی کینیا و له‌وێ له‌میانه‌ی هاوکاری سیخوڕی نێوان ده‌زگا سیخوڕییه‌کانی ئیسرائیل، ئه‌مریکا، یۆنان و کینیا و چه‌ندین ده‌زگای تری ئیستخباراتی، ئۆجه‌لان ده‌سگیر کرا و ڕۆژی 15ی فێبریوه‌ری (شوبات) ڕاده‌ستی ده‌وڵه‌تی تورک کرایه‌وه و هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ش به‌ره‌و تورکیا ڕفێندرا و لەزیندانى ئیمرالی لەنێو رەوشێکى پڕ دژوار‌دا لەژوورێکى تاکەکەسییدا زیندانیکرا.
وه‌ک دژکرده‌وه به‌رانبه‌ر به‌پیلانگێڕی نێوده‌وڵه‌تی و به‌تایبه‌تی ناپاکی حکومه‌تی ئه‌وکاته‌ی یۆنان و ڕۆڵی هه‌ره مه‌زنی ئه‌مریکا له‌م پیلانگێڕییه‌دا، کوردان و ئازادیخوازان له هه‌موو گۆشه و که‌ناری جیهان هه‌ستانه سه‌رپێ و به ده‌نگی به‌رز وه‌فاداریان بۆ ئۆجه‌لان دووپات کرده‌وه. گه‌لی کورد؛ هه‌م له کوردستان و هه‌م له ده‌ره‌وه‌ی وڵات، به چاوی پڕ له فرمێسک و دڵی پڕ له کڵپه‌وه، چوونه سه‌ر شه‌قام و کۆڵانه‌کان. له باکووری کوردستاندا ڕۆژ و شه‌و چالاکییه له دوای یه‌که‌کان به‌رده‌وام بوون. یه‌کێک له‌و شارانه‌ی که له نێو تێکۆشان و چالاکیدا ده‌هه‌ژا، ئامه‌د و ناوچه‌کانی ده‌وروبه‌ری بوو. له شار و ناوچه‌کانی وه‌ک باتمان، وان، سێرت، روحا و دیلۆک به ده‌یان زنجیره چالاکی ئه‌نجامدران. له شاره گه‌وره‌کانی تورکیا و شاره‌کانی وه‌ک ئه‌سته‌مبوڵ، ئیزمیر و ئه‌ده‌نه ژنان و جه‌وانان شه‌و و ڕۆژ له چالاکیدا بوون.
رۆژی 3ی ڕه‌شه‌ممه به هاتنه سه‌ر شه‌قامی خه‌ڵکی شاری سنه، خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه به‌رفراوانه‌کانی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش ده‌ستی پێ‌کرد. هێزه چه‌کداره‌کانی کۆماری ئیسلامی هێرشیان برده سه‌ر خۆپیشاندانی شاری سنه و 17 کوردی ڕاپه‌ریوی ئه‌و شاره‌یان شه‌ڵاڵی خوێن کرد. شاری سنه‌ی خوێناوی جارێکی دیکه و له به‌ره‌به‌ری نهورۆزیێکی دیکه‌دا خه‌ڵتانی خوێن بوو. خه‌ڵکی شاره‌کانی ورمێ، مه‌هاباد، سه‌قز، کامیاران، پیرانشار، سه‌رده‌شت و زۆربه‌ی هه‌ره زۆری شار و شارۆچکه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌ستیان به سه‌رهه‌ڵدان کرد. له‌شاری مه‌ریوان 4 که‌س له خۆپیشاندانه‌کاندا به‌ده‌ستی هێزه‌کانی کۆماری ئیسلامی کوژران. له شاری ورمێ هێزه چه‌کداره‌کانی کۆماری ئیسلامی هێرشیان کرده سه‌ر خۆپیشانده‌ران و له ئاکامدا، 3 که‌س کوژران. له شاری ماکۆ له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان کوردان له‌لایه‌ن بنکه پاسه‌وانییه‌کانی ئه‌رته‌شی تورک له ناوچه‌ی ئۆرگهلی سه‌ر سنووری تورکیا هێرشیان کرا سه‌ر. له شاری سه‌ڵماسیش کوردان ڕژانه سه‌ر شه‌قامه‌کان و نه‌فره‌ت و بێزاری خۆیان له دژی پیلانگێڕی نێوده‌وڵه‌تی ده‌ربڕی.
له شار و ناوچه‌کانی باشووری کوردستانیش ناڕه‌زایه‌تی و پرۆتیستۆی کوردان له هه‌موو لایه‌ک ده‌ستی پێ‌کرد. زیاتر له 50 هه‌زار کورد له شاری سلێمانی بۆ به‌رده‌م بنکه‌ی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان له‌و شاره ڕێپێوانیان ساز کرد و ده‌نگی بێزاری خۆیان له به‌رانبه‌ر دۆخی ئۆجه‌لان به‌رز کرده‌وه.
گه‌وره‌ترین خۆپیشاندان له مێژووی کورده‌کانی دانیشتووی ئه‌وروپا هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌دا هاته ئاراوه، ئه‌وروپا له پاش شه‌ڕی دووه‌می جیهانی خۆپیشاندانی واگه‌وره و که‌م وێنه‌ی به خۆوه نه‌دیبوو. سیاسه‌تمه‌دارانی ئه‌وروپا له‌ئاستی کۆبوونه‌وه‌ی سه‌دان هه‌زار که‌سی کوردان په‌شۆکابوون. شه‌و و ڕۆژ باڵوێزخانه‌کانی، تورکیا، ئه‌مریکا، ئیسرائیل و یۆنان له گه‌مارۆی پۆلیسدا بوون و به هه‌مان شێوه‌ش کوردان به‌رده‌م ئه‌و باڵوێزخانانهیان چۆڵ نه‌ده‌کرد.
مادلێن ئوڵبرایت، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وکاته‌ی ئه‌مریکا دانی به‌وه‌نا که ئه‌وان حیسابی هه‌ڵه‌یان کردبوو و قه‌د پێیان وانه‌بوو، ئۆجه‌لان و په‌که‌که ئه‌و پێگه جه‌ماوه‌رییه رێکخستووهی له نێو کوردان‌دا هه‌یه.
لە فێبریوه‌ری ساڵی (1999)دا شەشەمین کۆنگرەى په‌که‌که سازده‌درا، لەئانوساتى بەستنى کۆنگرەکەدا هەواڵى رفاندن و دەستگیرکردنى ئۆجەلان بە پیلانگێڕییەکى نێودەوڵەتى دەبیسترێت... ئیدى کۆنگرە دەستبەردارى رۆژەڤە ئاساییه‌کانى خۆی دەبێت و بڕیاری بەرزکردنەوەى شەڕ و بەرخۆدانى نەتەوەیی دەدات..
دەکرێ لەو پیلانگێڕییانەی کە لەبەرامبەر رێبەری گه‌لی کورد عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان و په‌که‌که و گەلی ئازادیخوازی کورددا ئەنجامدراون کۆی ئەزموونی پیلانگێڕێتی مێژووی مرۆڤایەتی ببینین. واتا لەناواخن و شێوازەکانی ئەو پیلانگێڕییانەدا سەرجەم شێواز و تاکتیک و نەخشە و ئامرازە بەکاربراوەکان بەکارهاتوون. بۆیە پیلانگێڕییەکان نموونەی هۆڤانەترین و مەترسیدارترین پیلانگێڕیین. لەکۆی ئەو پیلانگێڕییانەدا پەیامێک یان ئامانجێکی زلهێزە باڵادەستەکانی جیهانی و داگیرکەرانی کوردستان خۆی حەشارداوە، ئەویش ئەمەیە:" نابێ لە خۆرهەڵاتی ناوین بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی هیچ هێز، تەڤگەر و سیستەمێکی سەربەخۆ و ئازاد سەرهەڵبدات، ئەگەر سەریشهەڵبدات ئەوا مسۆگەر مەحکومی ناوزڕاندن، بێکاریگەرکردن، مارژیناڵکردن، پارچەکردن و بەخۆوەگرێدان، بەلاڕێدابردن و لەناوبردنە" سەرجەم ئەو شێواز و تاکتیکانەش شێواز و تاکتیکی پیلانگێڕیین.
لە ساڵی (1999)دا لەپێناو دروستکردنى زەمینەى دیالۆگ و ئاشتى و چارەسەرى، بڕیارى کشاندنەوەى سەرجەم هێزەکانى گەریلا لە تورکیا و باکووری کوردستانەوە بۆ سەر سنووری باشوور دەدرێت. له‌کاتی کشاندنه‌وه‌ی هێزه‌کانی گه‌ریلا بۆ سه‌ر سنووری باکوور باشوور به‌ده‌یان له پۆله‌کانی گه‌ریلا رووبه‌ڕووی بۆسه و هێرشه‌کانی ئه‌رته‌شی تورک بوونه‌وه و به‌ده‌یان گه‌ریلا، که به‌مه‌به‌ستی ئاشتی و چاره‌سه‌ری دیموکراتی ده‌کشانه‌وه، گیانیان له‌ده‌ستدا.
هه‌ر لە 29ی ئۆکتۆبه‌ری هه‌مان ساڵدا دوو گروپى ئاشتى بە مەبەستى نیشاندانى نیازپاکى و داخوازى دیالۆگ و ئاشتى بەرەو تورکیا بەڕێدەکەون. ئەم دوو گروپە یەکێکیان لەناو هێزەکانى گەریلا و ئەوەی تریشیان لە ئەوروپاوە هەڵگری نامە و پەیامى ئاشتى و نیازپاکى بوون و ئەو نامەیە ئاراستەى سەرۆککۆمار و سەرۆکى پەرلەمان و سەرۆکوەزیران و سەرۆک ئەرکانى گشتى کرابوون. بەڵام هەر لەگەڵ گەیشتنى هەردوو گروپەکە دەستگیر کران و هیچ وەڵامێکى ئەو نامانەیان نەدایەوە.
لە زستانى ساڵی (2000)دا حەوتەمین کۆنگرەى په‌که‌که بەشێوەیەکى ئاوارتە ساز درا و لەو کۆنگرەیەدا بڕیار لەسەر گۆڕ‌انى ستراتیژی په‌که‌که درا.
لە مانگی سێپته‌مبری ساڵی (2000) یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان (یه‌نه‌که) دواى داخستنی چه‌ندین داموده‌زگای مه‌ده‌نی نه‌ته‌وه‌یی له‌شاری سلێمانی، پەلامارى کەمپی پەروەردەیی قەرەداخى دا و پاشان هێرش و شاڵاوەکانى خۆى بۆ سەر چیای قەندیل دەستپێکرد و شەڕ و پێکدادان پەرەیسەند... له‌ئاکامی به‌رخودانی گه‌ریلاکانی هێزی پاراستنی گه‌ل (هه‌په‌گه) ئه‌و هێرش و په‌لامارانه‌ی یه‌نه‌که بێ ئه‌نجام مایه‌وه.
لەساڵی (2001)دا شەشەمین کۆنفرانسی په‌که‌که سازدرا. لە هاوینى هه‌مان ساڵدا، یەکەمین کۆنفرانسی هێزى پاراستنى گەل (هه‌په‌گه) سازدرا. بڕیاری هەرە گرنگ پێداگری‌کردن بوو له‌سه‌ر پابه‌ندبوون به‌مافی به‌رگری ره‌وا، له ئه‌گه‌ری هه‌ر هێرش و په‌لامارێکدا. هه‌روه‌ها له‌کۆنفرانسه‌که‌دا ئەکادیمیاى ئەفسەرى گه‌ریلایی کرایه‌وه.
لە ساڵی (2002)دا هەشتەمین کۆنگرەى په‌که‌که سازدەدرێت. لەم کۆنگرەیەدا ناوى په‌که‌که دەگۆڕدرێت و دەبێتە کۆنگرەى ئازادى و دیموکراتى کوردستان کاده‌ک.
لەکۆتایی ساڵى (2003)دا دووەمین کۆنگرەى (کاده‌ک) سازدەدرێت. لەم کۆنگرەیەدا (کاده‌ک) خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە و کۆنگرەى گەلى کوردستان (کۆنگرا گه‌ل) دادەمەزرێت. لەهەمانکاتدا ئەو کۆنگرەیە دەبێتە یەکەمین کۆنگرەى "کۆنگرەى گەل"یش. بەڵام بەهۆى مەیل و جموجۆڵە تەسفییەگەراییەکانەوە سیستەمى کۆنگرەى گەل بەشێوەیەکى راست جێگیر نابێت و لەگەڵ خۆیدا پەرشوبڵاوى دێنێت.
لە ساڵی (2004)دا دووەمین کۆبوونەوە (کۆنگرە)ى جڤاتی گشتى کۆنگرەى گەل سازدەدرێت. لەو کۆنگرەیەدا مەیل و جموجۆڵە تەسفیەگەرییەکان زیاتر ئاشکرا ده‌بن و مەحکوم دەکرێن.
له‌ڕۆژی1ی حوزه‌یرانی ساڵی 2004دا لەسەر بنەماى مافی بەرگری لەخۆکردندا؛ هەڵمەتێکى بەرفراوانى بەرگری لەخۆکردن ئەنجام دەدرێت. لەمیانەى ئەو هەڵمەتەدا تەڤگەر خۆی کۆدەکاتەوە و هێرش و پیلانگێڕییەکان بێکاریگەر دەکات و جارێکى دیکە توانستى هەنگاو هاوێشتن بەرەو پێشەوە دەئافرێنێت.
له 9ی نۆڤه‌مبه‌ری 2004 دا پێنج کادیری ته‌ڤگه‌ری ئازادی به‌ناوه‌کانی "شیلان کوبانێ، جەمیل، زەکەریا، فوئاد، جوان" لەمیانەى پیلانێکدا له‌لایه‌ن گروپێکی تیرۆریستییه‌وه له ده‌وروبه‌ری موسڵ ده‌ستگیر ده‌کرێن و پاشان ده‌کوژرێن. ئه‌و کادیرانه که له‌هه‌مانکاتدا لە بەڕێوەبەرایەتى پارتى یەکێتى دیموکراتى (په‌یه‌ده)شدا بوون، رۆڵیکی گرنگیان له پێشخستنی تێکۆشانی ئازادی و پاراستنی هێڵی ته‌ڤگه‌ری ئازادی‌دا بینی.
لە نەورۆزى (2005)دا ئۆجەلان لەرێگەى پارێزەرەکانییەوە سیستەمى کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی به‌ناوی کۆما کۆمەڵێن کوردستان (که‌که‌که) رادەگەیەنێت و گەلیش لەمیانەى پیرۆزباییەکانى جەژنی نەورۆزى هەمان ساڵدا وەک ریفراندۆمێکى جەماوەرى ئەو سیستەمە پەسند دەکات و بە هەڵکردنى ئەو ئاڵایەى ئۆجەلان بۆ (که‌که‌که) وێنای کردبوو، خەڵک لەئاهەنگەکانى پیرۆزباییدا ئه‌و ئاڵایانه‌یان بەرز کردەوە. لەو کاتەوە (که‌که‌که) کە پاشان ناوى گۆڕدرا و بووە کۆما جڤاکێن کوردستان (که‌جه‌که) یەکەمین سیستەمى گەلە لەمێژوودا کە لەدەرەوەى پێکهاتەى دەوڵەتگەراییەوە دادەمەزرێت و بەڕێوە دەچێت.
لە نێوان ڕۆژه‌کانی (15 ـ 22)ى مانگی گوڵانی ساڵی (2005)دا سێیەمین کۆبوونەوەى جڤاتى گشتى کۆنگرەى گەل سازدەدرێت و له کۆبوونه‌وه‌که‌دا به‌فراوانی سیسته‌می کۆنفیدراڵی دیموکراتی تاوتوێ ده‌کرێت و به‌تێکڕای ده‌نگ سیسته‌می کۆنفیدراڵی دیموکراتی په‌سند ده‌کرێت و بڕیاری چه‌سپاندن و جێگیرکردنی ده‌درێت. هه‌روه‌ها وێڕای مه‌حکومکردنی هێڵی ته‌سفیه‌گه‌رێتی به‌کرێگیراو، بڕیاری پێداگری‌کردن له‌سه‌ر هێڵێ شۆڕشگێرێتی ئاپۆچێتی ده‌درێت و هه‌ڵمه‌تی 1ی حوزه‌یرانی 2004یش به‌رز ده‌نرخێنرێت.
لەشەوى یه‌ک له‌سه‌ر دووى فێبریوه‌ری (2006)دا ئەندامى دەستەى دامەزرێنەرى (په‌که‌که‌ی نوێ) و فەرماندارى هێزى پاراستنى گەل (هه‌په‌گه) و یەژا ستار، ڤیان لەناوچەى حەفتانیندا بۆ پرۆتستۆکردنى پیلانگێڕی (15)ى فێبریوه‌ری به‌دروشمی"کاتێک گووتن بێ‌واتا ده‌بێت نۆره‌ی چالاکی دێت، ئاگر له‌جه‌سته‌ی خۆی به‌رده‌دات. ڤیان به‌رله‌وه‌ی چالاکییه‌که‌ی ئه‌نجام بدات، نامه‌یه‌کی 24 لاپه‌ڕه‌یی له‌دوای خۆیدا به‌جێدێڵێت. دوای گیانله‌ده‌ستدانی ڤیان، له‌لایه‌ن گه‌ریلاکانی هه‌په‌گه و یه‌ژاستار و جه‌ماوه‌ری باشووره‌وه، به‌شکۆداری به‌خاک سپێردرا.
لە مارسی هه‌مان ساڵدا ژنه یۆنانى ئەلەفتەریا فۆرتاکى لە یۆنانستانەوە دژ بەسیاسەتى گۆشەگیرى لەسەر ئۆجەلان و کوشتوبڕکردنى گەلی کورد و بێده‌نگی وڵاته‌که‌ی و وڵاتانی تری ئه‌وروپا له‌ئاست هه‌موو ئه‌و سته‌م و نادادییه‌ی دژ به‌کوردان ده‌کرێ، ئاگرى لەجەستەى خۆی بەردا و گیانی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات.
لە به‌هاری ساڵی (2006)دا چوارەمین کۆبوونەوەى جڤاتى گشتى کۆنگرەى گەل سازدرا. له‌کۆبوونه‌وه‌که‌دا وێڕای هه‌ڵسه‌نگاندنی ره‌وشی سیاسی و رێکخستنی، جه‌خت له‌سه‌ر جێبه‌جێکردنی سیسته‌می کۆنفیدراڵی دیموکراتی له گۆڕه‌پانه‌کاندا کرایه‌وه.
لەمیانەی وردبوونه‌وه له مێژووی تەڤگەری په‌که‌که‌دا، رۆڵ و پێگەی ئۆجەلان وەک ئافرێنەر و بنیادنەری تەڤگەری په‌که‌که دەردەکەوێتە ڕوو، ئۆجه‌لان بەتێکۆشانی مەزن و بەردەوامی فەلسەفی، هزری، ئایدیۆلۆژی، سیاسی و رێکخستنی خۆی سیما و گەوهەری بەم تەڤگەرە داوە و پێشیخستووە و مەزن و فراوانی کردووە. سەرچاوەی بنچینەیی هزری، باوەڕی، مۆڕاڵ، جورئەت و فیداکاری و قارەمانێتی هێز و ئیرادەی تەڤگەر و گەل رۆڵگیربووە و رێبەرایەتی و سەرۆکایەتى سەرجەم قۆناخ و قەڵەمبازەکانی کردووە. هەروەها لەکەسێتی خۆیدا سیستەمێکی هزر و ژیان و پراکتیکی هاوچەرخ و رادیکاڵی بەرجەستە کردووە و خۆی لەنێو رۆح و هزر و ژیان و پراکتیکی تەڤگەر و گەلیشدا تواندۆتەوە و وەک فەلسەفە و پارادیگمایەک بۆ ژیانەوەی نەتەوەیی و ئافراندنی کەسێتی و کۆمەڵگایەکی ئازاد ئاوێتەگیر بووە.
لەگەڵ هەڵکشانى تێکۆشانى تەڤگەرى په‌که‌که‌دا؛ پیلانگێڕییە دەرەکى و نێوخۆییەکانیش لەبەرامبەر ئەو تەڤگەرە بەگشتى و کەسێتى ئۆجەلان بەتایبەتى، تا هاتووە چڕ‌وپڕ و شەڕانگێزتر بووە. تەوەرى سەرەکى زۆربەى پیلانگێڕییەکان لەدەورى کەسێتى ئەودا خولاوەتەوە. چونکە ئەو راستییە دەرکی پێکراوە کە ئافرێنەرى فەلسەفە و سیستەمى تێکۆشان و ژیانى ئەم تەڤگەرە (رێبەر ئۆجەلان)ە.
له ڕۆژی 31ی جولایی 2007دا پارێزەرانى ئۆجەلان لە ئەوروپادا له کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند کە ئۆجەلان لە زیندانى ئیمرالیدا بە ماددەى سترانسیۆم و کرۆم ژەهرخوارد کراوە. بەمەش بۆ ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بەو پلانگێڕییەى ژەهرخواردنە گەلى کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان و دەرەوەى وڵات بەچەندین شێوە دەستیان بە چالاکی شه‌رمه‌زارکردن کرد.
هەر داوى ئەو کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەدا بە بەشدارى (68) کەس، (18)یان هەمیشەیی و (50)یان بەنۆرە لەبەردەم بینایەى دادگاى مافی مرۆڤى ئەوروپا لە ستراسبۆرگ دەستیان بە مانگرتنى بێ‌کۆتایی کرد، بەمەبەستى شەرمەزارکردنى پیلانى ژەهرخواردکردنى رێبه‌ری گه‌لی کورد عه‌بدوڵڵا ئۆجەلان و فشارخستنە سەر رێکخراوى دژ بە ئەشکەنجە (CPT) بۆ ئەوەى دەستەیەک پزیشکى سەربەخۆ سەردانى ئیمرالى بکات و بەزووترین کات پشکنینى پزیشکى ئەنجام بدرێت و چارەسەر بکرێت و لە زیندانى ئیمرالى دەربخرێت. ئەو چالاکییە (39)ى خایاند. ئەو رێکخراوە لەژێر فشارى ئەو چالاکییانەدا سەردانى ئیمرالی کرد.
ڕۆژی 1ی ئۆکتوبه‌ری هه‌مان ساڵدا لەچوارچێوەى تێکۆشان بۆ راوەستاندنى زوڵم و تیرۆرى دەوڵەتى تورکیا و وڵاتانی تری سه‌رده‌ستی کوردستان و زەمینە خۆشکردن بۆ چارەسەرکردنى پرسی کورد و ئازادى ئۆجەلان، هەڵمەتى" ئیتر بەسە" به شێوه‌یه‌کی فه‌رمی ڕاگه‌یاندرا...
له مانگی نۆڤه‌مبه‌ری هه‌مان ساڵدا له چوارچێوه‌ی هه‌ڵمه‌تی ئیدی به‌سه‌دا، له سلۆپی شه‌رناخ، نوسه‌یبین، مێردین، باتمان، وان، جۆڵه‌مێرگ و شه‌رناخ، کۆبونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری به شکۆ ساز کران. له ڕۆژی 25ی نۆڤه‌مبه‌ردا زیاتر له 100 هه‌زار که‌س له ئامه‌د له هه‌ڵمه‌تی ئیدی به‌سه‌دا به‌شداریان کرد و داوا له تورکیا کرا که کۆتایی به هێرش و گوشاره‌کانی بۆ سه‌ر گه‌لی کورد بێنێ و له گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی کورد زمانی دیالۆگ و وتووێژ به‌کار بێنێ.
له ئه‌وروپاش به ده‌یان هه‌زار کورد له هه‌ڵمه‌تی ئیدی به‌سه‌دا له وڵاتانی ئه‌ڵمان ، فه‌ره‌نسا، سویسرا، هۆڵه‌ند، به‌لژیک، بریتانیا و ئوتریش به‌شداریان کرد. گه‌وره‌ترین هه‌ڵمه‌ت له رۆژی 15 دیسامبر له شاری دوسلدۆرفی ئه‌ڵمان به‌ڕێوه چوو که به ده‌یان هه‌زار که‌س به‌شدار بوون و درووشمی ئیدی به‌سه‌یان وته‌وه.
هه‌روه‌ها له‌میانه‌ی به‌شداربوونی ملیۆنان که‌س له که‌مپینی " من به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان وه‌ک ئیراده‌ی سیاسی خۆم ده‌بینم و ده‌بێت به موخاته‌ب وه‌ربگیردرێت" ریفراندۆمێکی جه‌ماوه‌ری بوو بۆ ده‌رکه‌وتنی رۆڵی چاره‌نووسازانه و به موخاته‌ب وه‌رگرتنی رێبه‌ری گه‌لی کورد عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان له چاره‌سه‌ری پرسی کورد و سه‌قامگیرکردنی ئاشتی و به‌یه‌که‌وه ژیانی گه‌لان.
له 5 ی نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی 2007دا به هۆی باوبۆرانه‌وه خدر خرینگه ناسراو به عاکیف ئه‌ندامی کۆردیناسیۆنی پژاک و فه‌همی رۆسته‌می ناسراو به سیروان ئه‌ندامی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی کۆمیته‌ی راگه‌یاندنی پژاک له چیای قه‌ندیل گیانیان له‌ده‌ست دا.
لە ڕۆژی 30 نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی 2007دا کۆنسەى بەڕێوەبەرایەتى کۆما جڤاکێن کوردستان (که‌جه‌که) و دیوانى سەرۆکایەتى کۆنگرەى گەل پرۆژەیەکى چارەسەرى بەناوى "جاڕنامەى چارەسەرى دیموکراتیانە"ى لە حەوت خاڵدا بە مەبەستى چارەسەرکردنى پرسی کورد پێشکه‌ش کرد. بەڵام ئەم پرۆژەیە بە پیلانگێڕی و ئۆپەراسیۆنى بەرفراوانى سەربازى وەڵام درایەوە.
لەشەوه‌کانی (15 ـ 16)ى مانگى دێسه‌مبه‌ری ساڵی (2007)دا (53) فرۆکەی جەنگی سوپاى تورک گوندەکانى باشوورى کوردستانیان بۆردومان کرد. لە ئاکامی ئه‌و بۆمبارانانه‌دا (2) گوندنشینى بنارى قەندیل و (5) گەریلا گیانیان له‌ده‌ستدا و بەدەیان کەسیش بریندار بوون. هەروەها چەندین نەخۆشخانە و خوێندنگا و خانووى گوندنشین وێران کران و بەسەدان سەر مەڕیش لەناوچوون.
له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی هه‌ڕه‌شه‌کانی ئه‌رته‌شی تورک بۆ له‌ناوبردنی په‌که‌که و هه‌وڵدان بۆ داگیرکردنی باشوور، گه‌ریلاکانی هه‌په‌گه له میانه‌ی ئه‌نجامدانی چالاکیه‌کانی ئۆره‌مار و بێزهڵێدا، په‌رله‌مان و حکومه‌ت و ئه‌رته‌شی تورکی هوشیار کرده‌وه که له‌ئه‌گه‌ری هه‌ر له‌شکرکێشییه‌ک به‌ئامانجی له‌ناوبردنی ته‌ڤگه‌ری ئازادی و داگیرکردنی باشووری کوردستان، ئه‌وا رووبه‌ڕووی گه‌وره‌ترین شکست ده‌بێته‌وه. به‌ڵام وێڕای ئه‌و هۆشدارییه‌ی هه‌په‌گه، دوای ئه‌وه‌ی له‌رۆژی 17ی ئۆکتۆبه‌ری 2007دا په‌رله‌مانی تورکیا بڕیاری سنووربه‌زاندن و له‌شکرکێشی بۆ سه‌ر باشووری کوردستانی دا، ئه‌رته‌شی تورکیش که پێشتر زیاتر له‌ساڵێک ده‌بوو ئاماده‌کارییه‌کی به‌رفراوانی سیاسی، راگه‌یاندنی، دیبلۆماسی، لۆجیستی و سه‌ربازی ده‌کرد، به ده‌یان هه‌زار سه‌ربازی ئه‌رته‌شی تورک به‌ئامانجی زه‌بر وه‌شاندن و له‌ناوبردنی ته‌ڤگه‌ری ئازادی کورد و داگیرکردنه‌وه ده‌ربازی باشووری کوردستان کرد. به‌ڵام له‌ئه‌نجامی به‌رخۆدانێکی 8 رۆژه‌ی گه‌ریلاکانی هه‌په‌گه له زاب و هه‌ڵوێست نواندنی بوێرانه و نه‌ته‌وه‌ییانه‌ی خه‌ڵکی بامه‌ڕنێ و ئانیشکێ و ته‌واوی گه‌لی کوردستان، ئه‌و له‌شکرکێشییه‌ی ئه‌رته‌شی حکومه‌تی تورک دووچاری گه‌وره‌ترین شکست بووه‌وه، به‌ناچاری و به‌شکستخواردوویی به‌په‌له پاشه‌کشه‌یان کرد. له ئاکامی ئه‌و له‌شکرکێشییه‌ی ئه‌رته‌شی تورک سه‌دان سه‌رباز کوژران، 9 گه‌ریلاش گیانیان له‌ده‌ست دا.
له‌به‌رده‌وامی هێرشی فرۆکه جه‌نگییه‌کانی ئه‌رته‌شی تورک بۆ سه‌ر هه‌رێمی پاراستنی مه‌دیادا له‌رۆژی 1ی گوڵانی 2008دا 6 کادیری چاپه‌مه‌نی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان به‌ناوه‌کانی (رامان جاوید، ویداد ئامه‌د، ئه‌رگه‌ش باوه‌ڕ، دیاکۆ به‌ختیاری، ئارمانج مه‌ریوانی، هێرش مهاباد) گیانیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن.
پارتی کرێکارانی کوردستان په‌که‌که له نێوان ڕۆژه‌کانی 21 و 30ی ئوگۆستی 2008دا، 10هه‌مین کۆنگره‌ی خۆی به‌ست. کۆنگره‌ی ده‌یه‌مین له چیاکانی کوردستان به‌ڕێوه چوو و له‌ودا نوێنه‌ر له هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان و ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌وه به‌شداری کۆنگره بوون و دوا ڕووداوه‌کانی کورستان و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین به به‌رفراوانی هه‌ڵسه‌نگێندران. یه‌کێک له په‌یامه هه‌ره گرینگه‌کانی کۆنگره‌ی ده‌یه‌مینی په‌که‌که ئه‌وه‌بوو که ده‌وڵه‌تی تورکیا به هێرشی سه‌ربازی ناتوانێت پرسی کورد چاره‌سه‌ر بکات و په‌که‌که‌ش پێداگری له‌سه‌ر هێڵی چاره‌سه‌ری دیموکراتی و ئاشتیانه‌ی ئۆجه‌لان ده‌کاته‌وه و له‌ئه‌گه‌ری هه‌ر هێرش و پهلامارێکیشدا بۆ سه‌ر نرخ و به‌ها نه‌ته‌وه‌ییه‌کان له‌ئاستێکی به‌رزدا ئاماده‌ی هه‌موو جۆره به‌رخۆدانێکن.
له 13ی ئاداری 2009دا کۆما جڤاکێن کوردستان که‌جه‌که، له‌پێناو ده‌ستپێکردنی پێواژۆیه‌کی نوێ بۆ سه‌قامگیرکردنی ئاشتی و چاره‌سه‌رکردنی دیموکراتیانه‌ی پرسی کورد و هه‌روه‌ها له‌پێناو دروستکردنی که‌شێکی ئارام بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی گشتی شاره‌وانییه‌کان له باکووری کوردستان و تورکیا دۆخی بێچالاکی تا 31ی ئادار راگه‌یاند.
له 29ی ئاداری 2009دا پارتی کۆمه‌ڵگای دیموکراتی ده‌ته‌په له‌هه‌ڵبژاردنه‌کانی شاره‌وانییه‌کاندا، وێڕای هه‌موو فشار و ساخته‌کارییه‌ک له‌هه‌ڵبژاردنه‌کاندا 99 شاره‌وانی به‌ده‌ستهێنا. ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ خۆیدا شکستێکی گه‌وره‌ی بۆ پارته‌کانی ده‌وڵه‌ت (ئاکاپه، جه‌هه‌په، مه‌هه‌په) هێنا.
له 31ی ئاداری 2009 دا جارێکی دیکه دۆخی بێچالاکی له‌لایه‌ن که‌جه‌که‌وه درێژکرایه‌وه. هه‌روه‌ها له له‌مانگی ئه‌یلولی هه‌مان ساڵدا بۆ جاری دووه‌م دۆخی بێچالاکی درێژ کرایه‌وه.
له19ی ئۆکتۆبه‌ری 2009دا له‌چوارچێوه‌ی پێشنیاز و رێنماییه‌کانی رێبه‌ری گه‌لی کورد عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان، دوو ده‌سته له په‌یامبه‌رانی ئاشتی، ده‌سته‌یه‌ک له چیای قه‌ندیل و ده‌سته‌یه‌کی تریش له وارگه‌ی مه‌خمور له‌لایه‌ن که‌جه‌که‌وه بۆ باکوری کوردستان و تورکیا نێردران. له‌گه‌ڵ ناردنی ئه‌و دوو ده‌سته‌یه‌ی په‌یامبه‌رانی ئاشتیدا، که‌جه‌که نامه‌ی نیازمه‌ندی ئاشتی و چاره‌سه‌ری دیموکراتیانه‌یان بۆ سه‌رۆککۆمار، سه‌رۆکوه‌زیر، سه‌رۆکی په‌رله‌مان و سه‌رفه‌رمانداری ئه‌رته‌شی تورک نارد.
له‌گه‌ڵ به‌ڕێکه‌وتنی هه‌ردوو ده‌سته‌ی په‌یامبه‌رانی ئاشتی، جه‌ماوه‌ر به جۆشوخرۆشێکی مه‌زنه‌وه، بهکهڕنهڤاڵێکی شکۆداره‌وه له‌باشووری کوردستان به‌ده‌یان هه‌زار که‌س ئاماده‌ی به‌ڕێکردنی په‌یامبه‌رانی ئاشتی بوون، له باکووری کوردستانیشدا به ملیۆنان که‌س به جۆش و دڵخۆشییه‌کی بێوهنهوه پێشوازیان لێکردن.
به ناردنی په‌یامبه‌رانی ئاشتی هه‌م نیاز و پێداگیری گه‌لی کورد و ته‌ڤگه‌ره ئازادیخوازه‌که‌ی بۆ ئاشتی و چاره‌سه‌ری دیموکراتیانه خشته‌ڕوو، هه‌میش په‌رده‌ی له‌سه‌ر راستینه‌ی بێچاره‌یی و بێ پرۆژه‌یی ده‌وڵه‌ت و حکومه‌تی تورکیای هه‌ڵماڵی.
به‌هۆی کاردانه‌وه‌ی پراواکسیۆنانهی حکومه‌تی ئاکاپه و ده‌وڵه‌تی تورک له‌به‌رامبه‌ر ناردنی گروپه‌کانی ئاشتی و پێواژۆی ئاشتی و چاره‌سه‌ری دیموکراتیانه، سێیه‌مین گروپی ئاشتی که وابڕیار بوو له ئه‌وروپاوه بچنه باکووری کوردستان و تورکیا، له‌راگه‌یاندنێکدا له‌رۆژی 27ی ئۆکتۆبه‌ردا گروپه‌که چوونی خۆیان بۆ کاتێکی نادیار دواخستووه.
له‌ئاکامی تێکۆشانی ئازادیخوازانه‌ی گه‌لی کورد و ته‌ڤگه‌ره ئازادیخوازه‌که‌یدا، له‌رۆژی 10ی نۆڤه‌مبه‌ری 2009دا بۆ یه‌که‌مینجار به‌شێوه‌یه‌کی فه‌رمی گفتوگۆ له‌سه‌ر پرسی کورد کرا، که‌جه‌که به‌ر له ده‌ستپێکردنی گفتوگۆکی ناو په‌رله‌ماندا له‌راگه‌یاندنێکی فه‌رمیدا به شه‌ش خاڵ پێشنیازه‌کانی خۆی بۆ گفتوگۆکردن له‌سه‌ر ئاشتی و چاره‌سه‌ری سیاسی و دیموکراتیانه‌ی پرسی کورد خسته‌ڕوو. داننان به هه‌بوونی گه‌لی کورد و به‌رۆژه‌ڤکردنی پرسی کورد له‌په‌رله‌مانی تورکیا یه‌کێکه له به‌رهه‌م و ده‌ستکه‌وته هه‌ره گرنگه‌کانی تێکۆشانی 35 ساڵه‌ی گه‌لی ئازادیخوازی کورد.
له 17ی نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی 2009دا بۆ یه‌که‌مجار 5 زیندانی دۆزی په‌که‌که بۆ زیندانی ئیمراڵی گوازرانه‌وه. ناوه‌کانیان به‌م شێوه‌یه‌ن: شێخمووس پۆیراز، جومالی کارسوو، هه‌ققی ئاڵکان، حه‌سبی ئایده‌میر و بایرام کایماز.
له‌به‌رامبه‌ر سیاسه‌تی نکوڵیکارانه‌ی ده‌وڵه‌تی سوریا دژ به‌کورد به‌گشتی و زیندانیانی سیاسی کورد به‌تایبه‌تی، نزیکه‌ی 300 زیندانی دۆزی په‌که‌که و په‌یه‌ده له زیندانی ناوه‌ندی عه‌درا له دیمه‌شقی پایته‌ختی سوریا له 30ی ئۆکتۆبه‌ری 2009 ده‌ستیان به مانگرتنێکی کراوه کرد و بۆ ماوه‌ی 40 رۆژ به‌رده‌وام بوو و له 9ی دێسه‌مبه‌ردا کۆتای‌یان به مانگرتنه‌که هێنا.
دوای ئه‌وه‌ی رێبه‌ری گه‌لی کورد عه‌بدوڵلا ئۆجه‌لان شوێنی زیندانییه‌که‌ی گۆڕدرا، پارێزه‌رانی ئۆجه‌لان رایانگه‌یاند که شوێنه نوێیه‌یه‌که‌ی له هی رابردووی خراپتره. پارێزه‌ران له زمانی ئۆجه‌لانه‌وه ڕایانگه‌یاند که، ژووره نوێیه‌که‌ی 6 متری چوارگۆشه‌یه، په‌نجه‌ره‌کان و سیسته‌می هه‌وای ژووره‌که خراپه. ئۆجه‌لان رایگه‌یاند: جێگه‌ی ئێستای من وه‌ک چاڵێکی مردنه. لێره هه‌ناسه وه‌رگرتن و هه‌ناسه‌دانی مرۆڤێک دژواره. بێهه‌وایی خانه‌کانی مێشکی من ده‌کوژن. من هه‌ست به‌مردنی خانه‌کانی مێشکی خۆم ده‌که‌م"
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا گه‌لی کورد له‌هه‌رچوارلای کوردستان و ده‌ره‌وه‌ی وڵات چالاکی جه‌ماوه‌ری به‌ڕێوه‌چوون و له‌ته‌واوی زیندانه‌کانی ئێران و رۆژهه‌ڵات و باکوور و رۆژئاواشدا مانگرتن له‌خواردن ده‌ستیپێکرد.
بۆ خویندنه‌وه‌ی ته‌واوی وتاره‌که فه‌رمون کلیک له‌سه‌ر ئه‌م لینکه بکه‌ن:
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=74e272b9[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست