(جەوهەر نامیق) لە مردنێکی گوماناویدا
Saturday, 26/03/2011, 12:00
حەق نیە ئۆپۆزیسیۆن و ڕاگەیاندنەکانی دەرەوەی دەسەڵات ئەوەندە کەمتەرخەمانە لە مردنی (جەوهەر نامیق) بڕوانن. لە کاتێکدا بەو شێوە گوماناوی و کتوپڕە ماڵئاوایی لێکردین. ئەمە جگە لەوەی کەسایەتی کۆچکردوو لە ساحەی سیاسیدا بە تایبەتی لەم دواییانەدا و لەدوای وازهێنانی لە پارتی، جێگای تەقدیر و بەرزنرخاندنە. ئەو لە لوتکەوە بۆ نشێوی دەسەڵاتەکان ملی نا و ویژدانی وەکو بزوێنەری پاشماوەی ژیانی جێگیر کرد. هەر ئەم هۆیەشە وادەکات سوربین لەسەر ئەوەی داوابکەین " شیاو نیە ئۆپۆزیسیۆن و میدیا ئازادەکان ئەم بابەتە وەک هەواڵێک یان ڕووداوێکی سادەی ڕۆژانە بەسەریاندا تێپەڕێت".
مردنی کتوپڕی ئەم پیاوە بارگاویە بە چەندان گومانی لەیەکچوو، کە هەموویان ڕوو لە دەرگای حیزبە حاکمەکەی کوردستان (پارتی) دەکەن. تژیە بەو پرسیارەی " ئایا پارتی دەستی لە مراندنی ئەم پیاوەدا هەیە؟" ئەم پرسیار و گومانە لێڵانە لە ئایدۆلۆژیایەکی دوژمنکارانەی بێ بەڵگە و بێ پاساوەوە سەریان هەڵنەداوە، بەڵکو لە هەڵسوکەوت و ڕەفتارەکانی ئەم حیزبەوە درووستبوون وەکو ئەم نمونە سادە و ساکارانە " ڕابردووە پڕ لە کارەساتبار و تژی بە شەڕی براکوژیەکەی.. مێژووی پڕ لە هانابردنی بۆ دوژمنانی گەل لەکاتی تەنگەتاوبوونیدا بەدەست بەرەیەک لە هاوزمانەکانیەوە.. لە سەروو هەموویانەوە سەرکوتکردنی نەیارە سیاسییە کوردستانیەکانی کە لەڕابردوودا نمونەیان زۆرە. وەک پیشاندانی وێنایەک بۆ هەموو بابەتەکە شەهیدکردنی (شەهید سۆرانی مامە حەمە و شەهید سەردەشت عوسمان) دوو خاڵی نوێ و ڕەشن بۆ هەمیشە بە نێوچەوانی ئەم حیزبەوە دیار دەبن. " ئەمە جگە لەوەی دەشێت بپرسین بۆ بەم کتوپڕیە و بۆ لەم کاتە هەستیارەدا دەبێت نەخۆشییەکی ئاوا کوشندە ژیانی ئەم کەسایەتییە کۆتایی پێبهێنێت؟ کە کوردستان لەبەردەم شەپۆلی گۆڕانێکی بنچینەییدایە ئەگەر دەرفەتەکان نەشێوێنرێن و ڕاپەڕینەکان بەلاڕێدا نەبرێن.
ئەوەی مەبەستی ئەم بابەتەیە، وون نەکردنی ڕاستییەکە کە لە هەموو زەمەنێکدا پێویستە بەرجەستە و دۆکۆمێنت کراو بێت، ئەویش دەستکەوتنی وەڵامی پرسیار و گومانەکانە، وە بۆ نە بچڕان لەو هێڵ و ڕێچکانەی دەمانبەنەوە سەر ئەم حەقیقەتە ئۆپۆزیسیۆن و میدیا ئازادەکان و خەمخۆران و خەڵکانی ڕۆشنبیر لە دەرەوەی کوردستان ئەرکێکی مرۆیی و مۆراڵییان لەسەر شانە کە قابیلی کارلەسەرکردنە، بۆ وەڵامدانەوەیەکی ڕاستگۆیانەی بەرجەستە.
چڕ بوونەوە لە داواکارییەکی لەم شێوەیە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە کارکردن لە دەرەوەی کوردستان و بە تایبەتی وڵاتێکی ئەوروپی لەسەر کێشەیەکی ئینسانی لەو شیوەیە، ئاسانترە و دەتوانرێت بەڵگەکان وەدەست بخرێن ئەگەر ویستێکی جدی هەبێت. لە هەموو حاڵەتێکدا دەستکەوتنی زانیاری دروست لەسەر ئەم بابەتە گرنگییەکی بەرچاوی هەیە بۆ کایە سیاسییەکەی ئێستای کوردستان، تێوەگلانی پارتی لە کارێکی لەم شیوەیە کەیسی شەهیدان سەردەشت و سۆران ئەکتیڤ دەبنەوە و گومانەکان دەبنە ڕاستی و دیوە ڕاستەکەی ئەم حیزبە بۆ خەڵکی کوردستان بەتایبەتی ئەو ناوچانەی هێشتا پریشکی ئاگری ڕاپەڕینەکانیان پێنەگەشتووە ئاشکرا دەبێت.
لە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی ڕۆژنامەی هاوڵاتیدا کە ڕۆژی ٢٣/٣/٢٠١١ لە سایتەکەیاندا بڵاوبۆتەوە هاتووە((هاوڵاتی زۆر ههوڵیدا لهرێگهی خزمو كهسه نزیكهكانیهوه ئهنجامی ئهو پشكنینانهی دهست بكهوێت كه لهنهخۆشخانه بۆ جهوههر نامیق ئهنجامدراون، بهڵام كهسوكارهكهی زۆر ههستیارانه مامهڵهیان لهگهڵ مهسهلهكهدا دهكرد، بۆیه نهتوانرا هیچ ئهنجامێك دهست بكهوێت، سهرچاوهیهك لهخانهوادهی جهوههر نامیق كه نهیویست ناوی بڵاوبكرێتهوه، ئاماژهی بهوهدا كه ناتوانرێت هیچ لهبارهی هۆكاری مردنی ناوبراوهوه باس بكرێت. تا ئهو كاتهی تهرمهكهی دههێنرێتهوه كوردستانو قسه لهگهڵ ئهو كهسانهدا دهكرێت كه لهگهڵیدا بوون.)) ئەم هەموو گومانەی لەم چەند دێڕەدا بەدیدەکرێت زۆرتر لەوە هەڵدەگرن داوای بەدواداچوون و بەگرنگ ناوهێنانی ئەم بابەتە هەستیارە بکەین. بەو ئومێدەی ڕاستییەکان وەک خۆیان بەرجەستە ببن.
بەبڕوای من بە مردنی (جەوهەر نامیق) پارتی بەڵایەکی گەورەی لەکۆڵ بۆوە، ئەگەر دەستی ئەو حیزبەش لەپشت مراندنیەوە نەبووبێت، ئەوا بەختێکی باش یاوەری هەنگاوە سیاسییەکانی بوو. پارتی زۆر دەترسا ئەوەی نەوشیروان لە سلێمانی و لەناو یەکێتیا کردی هەمان سیناریۆ لە هەولێر و لەناو پارتیدا لە سەر دەستی کۆچکردوو دووبارە بێتەوە. ئەم بەڵایە جیاوازییەکی گەورەی لەگەڵ زۆربەی نەیارە سیاسییەکانی پارتیدا هەبوو، هەمیشە بە زمانێکی نەرم و ئەکادیمی و توانایەکی زاڵ بەسەر ویست و وتەکانی خۆیدا دەهاتە گۆ، جیا لەوانەی بەزمانی چەکوش و بزمار و توڕەبوون و یاخیگەریانە دێنە گۆ و هەمیشە پارتی بە پاساوی تەشهیر و بێڕێزی و شکاندنی قودسییەتی بنەماڵەیی تاوانباریان دەکات. هەر بۆیە گومانەکان لای من زەقتر دەبنەوە، چونکە نیشانەکانی پارتی هەمیشە گەنج و ئەکادیمی و هەڵوێستە جددییەکانی پێکاوە.
تاوان نیە ئەگەر بڵێین (جەوهەر نامیق) هەڵەیەکی ستراتیژی گەورەی کرد لە ژیانی سیاسیدا کە بە کردار و بە فەرمی نەبووە بەرەیەکی ئۆپۆزیسیۆن لە ناوچەکەدا، یان هاوشانی ئەو بەرەیەی کە هەیە لە مەیدانەکەدا وەک سەرکردەیەک خۆی دەر نەخست. ئەو دەیتوانی زۆرێک لە کەموکورتییەکانی ئۆپۆزیسیۆن پڕ بکاتەوە.. وەک نەهێشتن یان کاڵکردنەوەی مۆرکی ناوچەگەرێتی و ئایدۆلۆژی و حیزبی.. وە وروژانی ئەو ناوچە چەقبەستووەی ئێستا بە دەسەڵاتی سەرانی پارتی گەمارۆدراوە لە ناوچەکانی هەولێر و بادینان.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست