زەنگی یەکەم شکست و خۆرئاوابوونی پارتی و یەکێتی دەستی پێکرد
Thursday, 20/01/2011, 12:00
ئەو ململانێیە توندە چەند ساڵەی لە نێوان دەنگە ئازادیخوازەکان و دەسەڵاتی کوردی دەستی پێ کردبوو، بە سەرەتای شکستی دەسەڵاتی دەرکەوت.هاوکات راپەرینی تونسیەکانیش هیوایەکی زیاتری بە ئێمە بەخشی و خۆرئاوابونی قۆناخی زێرینی بەرپرسانی پارتی و یەکێتیش نیشان دەدات هەر بۆیە لێرەدا کۆمەلێک لێکدانەوە لەسەر حزبەکان دەکەین.
1: یەکێتی:دوای جیابونەوەی سەدان کادیر و ئەندامی بۆ ناو گۆران و پاشکۆبونی سیاسی بەرامبەر پارتی و دورکەوتنەوەی تاڵەبانی لەچەقی قورسایی کارکردن (ناردنی بۆ بەغدا) و و بە رفراوان بونی گەندەڵی لەناو ئەم حزبە..... یەکێتی لەحزبی پلەیەکەوە کردۆتە دوو و سێ. گەرچی لەمیدیاکان پارتی دەلێت شەریکە ستراتیژیمە، بەلام لە پراکتیک وروداوە سیاسیەکان پێچەوانەکەیەتی. هەر ئەمەشە بۆتە هۆکاری ئەوەی زۆرینەی ململانێکان بچێتە سەر پارتی نەوەک یەکیتی.
روداوە سیاسیەکان و لێکدانەوەی بەشێکمان ئەوە بوو، کە یەکێتی لە چاو پارتی باشە نەوەک. بەواتای کەمتر لەو خراپترە. ئەگەرنا ئەزمونی ١٤ ساڵەی دەڤەری سەوز نیشانی دا، کەیەکێتی تائەوکاتە بوار بەدیموکراسی وئازادی دەدات، نەگاتە ئازاردانی بەرژەوەندیەکانی. جوڵەکانی ئەم دوایەشی بەرامبەر پارتی هەولێکە بۆ کپکردنەوەی دەنگە نارەزایەتیەکانی بەتایبەتی کادیرەکانی لەتەک بەبچوک سەیرکردنی لەلایەن پارتیەوە.
2: گۆران: سەرەتا وەک بزوتنەوەیەکی بوێرانە هاتە مەیدان، بەڵام هەر لەسەرەتاوەش چەقی قورسایی ململانێکانی لەگەڵ یەکێتی چر بۆوە، ئەمەش لەقازانجی پلەیەکبونی پارتی تەواو بوو، کاتێکیش هەرودلا لەو هەڵە ستراتیژیە بەئاگا هاتن، کار لەکار ترزابوو. وە سەرەتای ململانێ گۆران لەگەل پارتی، لەتیرۆری شەهید سەردەشتەوەدەستی پێکرد و تائێستاش بەردەوامە. هاوکات ماوەی ساڵیک زیاترگۆڕان قورسایی کارەکانی تەنیا لەسەر خەباتی پەرلەمانی چرکردبۆوە،شەقامی فەرامۆش کردبوو. وەک ئەوەی ململانی لەگەل سۆسیال دیموکراتی سوید نەوەک ٢ بنەماڵەی عاشق بەدەسەڵات دەکات؟.
ماوەیەکە گۆران لەتەک خەباتی پەرلەمانی، کەبەردەوام پڕۆژەکانیان بەهۆی کەمی بەرامبەر زۆرینەی دەسەڵات شکست دەهێنێ، پەنا بۆ خەباتی مەدەنیانەی جەماوەری دەبات. بۆیە لەچاو سالی پاردا، ژیانەوەیەک بۆئەندامانی هاتۆتە ئاراوە، لەتەک بەهێزبونی خەباتی جەماوەری. وەلێ راشکاوانە دەلیم جۆرێک لەهەڵچونی سیاسیی پێوە دەبینم، بەتایبەتی دوای بانگهێشت نەکردنی گۆران بۆ کۆنگرەی ١٣ پارتی و نەدانی وەزارەت لەبەغدا پێیان. گۆران ئەگەر پەنابردن بۆ خەباتی جەماوەری بکاتە کۆلەکەیەکی سەرەکی لە ستراتیژی کارکردنی، خزمەتێکی گەورە بەخۆی و دەنگە ئازادیخوازەکان دەکات. وەلێ ئەگەر وەک تاکتیکی تۆڵە و فشار مامەڵەی پێ بکات، ئەوا باجی گەورەی سیاسی دەدات. چونکە ئەو سەردەم بەسەرچوو پۆلێک بەرپرس یان نەوشیروان بەبڕیارێک کۆمەڵەی رەنجدەران هەڵبوەشێنتەوە ڕوبەروی باجی سیاسی گەورە نەبێتەوە. بەتایبەتی لەمامەڵە لەگەڵ دەسەڵات، جەماوەرە پان و بەرینەکەی، ئەوەندەی لە گەڵ بەکارهێنانی چەکوچەکەی کوردستان پۆستە لەگەڵ زمانە گوڵەکەی سبەی نییە.
گۆران ئەمڕۆ بەهێزترین لایەنی رەخنەگری دەسەلاتە،پێویستە بەردەوام بەشیوازی جۆراو جۆر شەقام بجولێنێت بیبوژێنتەوە.وەمەسەلە نەتەوایەتیەکان فەرامۆشتر نەکات، موڵک و ماڵەکانی بەرپرسانیان ئاشکرا بکەن. هاوکات گۆڕان خەباتی جەماوەری وەک ستراتیژ بگرێتە بەر نەوەک تاکتیک و تٶڵەی سیاسی، وە بوێرانە رەخنە لەجەبەروتەکانی دەسەڵات بگرێت. خەباتی شەرمنانەی لە بەریفۆرمکردنی بەرپرسانی پارتی ویەکێتی بەرەو گۆڕینی دەسەڵاتیان ببات. چونکە ئەزمونی نزیک بە ٢٠ سالەی ئیداریان (٥ خولی پەرلەمانی دیموکراسی) نیشانی دا، ئەوە ماهیەتی ئەو ٢ پارتەیە لەبەڕیوەبردنی ولات.
3: پارتی:دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق خەونی دێرینی پارتی پلەیەکبونی لەدەسەڵاتدا هاتە دی، بۆیە وەک هێزێکی لووتبەرزی سیاسی مامەڵەی کرد، هەرلەبەکارهێنانی تیرۆر و زەبر و زەنگ بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان، کە هوشیارو کاریگەرترین بەشی کۆمەلگان. تادەگاتە بریاردانی یەکلایەنە و هەولدان بۆتێکشکانی دۆستە ستراتیژیەکەی (یەکێتی) هاوکات نەخوێندنەوەی سیاسیانەی بۆ ئاستی نارەزایەتی جەماوەر و دەنگە رەخنەگرەکانی.... هەموو ئەمانە بوە هۆکاری وەک قێزەوەنترین حزب و دژە دیموکراسی لەکوردستان و ئەوڕپا بناسرێ. کەلێرەدا ناتوانین ئاماژە بەوەنەکەین هەر لەکەیسی کەمالی سەید قادرەوە تا سكاڵاتۆمارکردنی ڕۆژنامەنوسان، وێنەیەکی زۆر مەترسیداری نیشانی ناوەندە جیهانیەکان دا، کەئەمەش ناپاکیەکی نەتەوەییە کەهەزاران دۆستمان بەگەورەترین قوربانی (ئەنفال و کیمیاباران و کۆرەو) بەدەستهێنابوو، بەهۆی لوتبەرزی سیاسی وپاوانخوازی لەدەسەڵات شەرمەزارو لێمانی تۆراند.
بۆیە ماوەیەکە هەوڵ دەدات گۆرانی خێرا بکات وەک ئەوەی داواکانی لەسەر ڕۆژنامەنوسان کشاندەوە و وەڵامی ئەو هەلمەتەی گۆڕان بەگرژی ناداتەوە...کەئەمانە لەقاموسی رەفتاری پارتی بونی نیە. ئاخر ئەو رەخنە لەپارتی قبول نەبوو کەچی ئەمڕۆگومان لەسەر قودسیەتی دەکرێت لەژیر دەسەڵاتی !؟ ئەو بچوکترین نارەزایەتی جەماوەری قبول نەبوو کەچی ئەمڕۆ لەناو پایتەخت دژی واژوی سەرۆکەکەی هەزاران کەس نارەزایەتی دەردەبڕێت؟
بۆیە قبوڵکردنی ئەو واقعەی پارتی لەبەخشندەیی و میهرەبانیەوە نیە، کەدەیانەوێت پێمان بفرۆشن. بەلکو بۆ کپکردنی دەنگە نارەزایتیەکان هەموو چەکێکیان بەکارهێنا کەچی شکستی گەورەی سیاسیان خوارد.
لە کۆتایشدا دەلێین هەموو فاکتەرەکانی تەقینەوەی نارەزایەتی هاوشیوەی تونس بەزیاترەوە لەناو کوردستانی باشوردا هەیە، هەر لەنارەزایەتی جەماوەری و گەندەڵی و پاوانخوازی ئیداری وسیاسی وبونی هەزاران دەنگی رەخنەی کاریگەربەتایبەتی ڕٶژنامەنوسە بوێرەکان و تێکشکانی بتەکانی دیکتاتۆریەت لەڕێگای پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و وبونی هێزێکی ڕێکخراوی دژە سیاسی و کاریگەریەکانی شۆرشی تونس..... هەموو ئەمانە پێمان دەلێن قۆناخی زێرینی دەسەڵاتتان لەخۆرئاوابون زۆر نزیکە. بۆیە بەو لوتبەرزیەی کۆنەی هەردو بنەماڵە (بارزانی و تاڵەبانی) مامەڵەی پێدەکەن، ها بەڕوداوێک کەبەخەیاڵی کەس دا نەچێت لە هاوشێوەی خۆسوتانی محەمەد تونسی تەقیەوە. لەمێژووشدا گەلحۆیی دیکتاتۆرەکانیش،ئەوەبووە لەکۆتایی چرکەکان هەست بەتاوانەکانیان دەکەن، کە ئەوکاتیش دادیان نادات.
..........................................................................
1. لە گەرمەی ململانێی گۆران و یەکێتی ئاماژەم بەمەترسی پلەیەکی پارتی کردووە
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=4279437b2. دوای هەلبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و عێراق لەم لینکەدا ئاماژەم بەوەکردوە کەپارتی توشی ململانێی لەگەل هەموو لایەنەکان دەبێت.
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=7bf385fe
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست