کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)

  • Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  • 1
  • 2
  • 24
  • 25
  • 26
  • 27
  • 28
  • 29
  • 30

ڕیکلام

وشە: لە ڕۆژی: تا ڕۆژی:


لە سێدارەدانى موعارەزە و ناڕەزایى

Thursday, 29/01/2009, 12:00

1482 بینراوە


وەڵامێك بۆ وەڵامنامەكەى یەكێتى و پارتى بۆ راى گشتى

دواى بڵاوبوونەوەى راپۆرتى چوارحیزبە كوردستانییەكە بۆ بەردەم راى گشتى هەرێمى كوردستان و وروژاندنى كۆمەڵێك باس و خواس و پەنجەدانان لەسەر ئەو برینانەى كە هەناوى حكومەت و حیزب و دەسەڵاتى سیاسى و سیاسییەكانى ئێمەى خواردووە، هەنگاوێكى بوێرانەیە بەڕووى ئەو تارماییانەى كە خەریكە رۆڵەكانى ئەم گەلە ترسنۆك و ناواقیعبین و خەمۆكاوى بكات، چونكە ساڵانێكە بەهۆى بڤەبوونى كۆمەڵێك باس و خواس لەلایەن دەسەڵاتى سیاسییەوە خەریكە ئازادییەكان لەدار دەدرێت و دیموكراسیەت مانایەكى نەماوەوە و حیزب هەناوى حكومەتى خواردووە و گەندەڵییەكان بە شێوەیەك وەك ڤایرۆس بڵاو بۆتەوە حكومەتى هەراسان كردووە.
هەروەك پێشبینى دەكرا وەك هەر جارێك ئەم دوو حیزبە بە نەفەسێكى كورت و بە عەقڵیەتێكى چەقبەستوو و ترس لە فرەیى و رەتكردنەوەى دیموكراسى و خنكاندنى ئازادى و لەسێدارەدانى موعارەزە وەڵامى راپۆرتى ئەم چوار حیزبە بدەنەوە، چونكە ئەوان نەوەى گۆشراون بە میراتى دیكتاتۆریەت و خوێن و چەك و شۆڕش. حكومەتێك بەڕشێوە دەبەن كە دەیانەوێت هەموو هاووڵاتى بۆیان پێشمەرگە بێت و ئەوانیش فەرماندە و خەڵكى تریش دوژمن.
سەرەتا ئەگەر دیقەت بدەیتە كۆبوونەوەكە كە بەسەرۆكایەتى سەرۆكى هەرێم بەرێوەچووە و دواتر ئەو رونكردنەوەى بەدواوە هات خۆى پرسیار گەڵێك دروست دەكات كە چۆن سەرۆكى هەرێم هەرچەندە سەرۆكى پارتێكى دەسەڵاتدارە خۆى سەرپەرشتى كۆبوونەوەیەكى لەم بابەتە دەكات كە باس لەنەمانى ئازادیەكان و رەخنە و ئیفلیج بوونى كارى سیاسى و كۆمەڵایەتى دەكات.
ئەگەر سەیرى وەڵامە پر لە هەڵچوون و بێ ئومێدى لە گۆڕان و بنەبڕكردنى گەندەڵى و تەزویرى ئەم دوو حیزبە بگریت، كە ئاراستەى ئەم چوار حیزبە كراوە، هەمان كۆنە قەوان دووبارە كراوەتەوە، كە هەر رۆژەى حیزبێكى سیاسى و كەسێكى كاریگەر لە ساحەى سیاسیى هەرێمدا بەخۆیەوە بینیوە، باس لە زۆرینە و كەمینەى ئەنجامى هەڵبژاردن و متمانەى هاووڵاتیان دەكرێت و پرسیار رووبەڕوویان دەكرێتەوە و موزایەدەى دەنگى هاووڵاتى و سندووقى هەڵبژاردن دەكەن لەسەر ئەم چوار حیزبە، بەڵام جارێكى تر ئەم دوو حیزبە دەسەڵاتدارە ئەوەیان لەبیر خۆیان بردەوە كە راپۆرتى كۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە كوردستان سەبارەت بە هەڵبژاردنەكانى كوردستان چۆن بووە و تەزویر و سندوقى هەڵبژاردن و كارى ساختەكارى و تەنانەت كوشتن و بارەگا سوتاندن و ... هتد) بارودۆخیان چۆن بووە، دیسان خۆیان لە گەندەڵى و كەموكوڕى و ناعەداڵەتى و تێكچوونى باردۆخى سیاسى و پەیوەندییەكانى هەرێم و ناوەند دزیوەتەوە و ئاراستەى ئەم چوار حیزبەى دەكەن، كە ئەمەشیان ئەوپەڕى خۆشاردنەوەیە لەو واقیعە تاڵەى كە رووبەڕوویان كراوەتەوە. ئەگەرنا.. بۆ وەڵامى ناوەڕۆكى راپۆرتەكە نادەنەوە؟!
ئەمەى لەم وەڵامدانەوەدا بەدى دەكرێت، كوشتنى هەناسەى ئۆپۆزسیۆنە، چونكە ئۆپۆزسۆن وەك چەمكێكی بەرهەمهاتووی خۆرئاوا و دەوڵەتی یاسا و دەستوور، ناكرێت ئێمە لە چوار پارتی كوردی لە كوردستانی عێراق و لە كۆمەڵگایەكی گۆشكراو بە شیری رژێمێكی دیكتاتۆری بەعسیدا ببینینەوە، كە بەشێكە لە كوردستانی لكێنراو بە عێراقەوە، كە تا ئێستاش سنوری دیاری نەكراوە، لە شوێنێك كە دەستورێكی دەنگ بۆدراوی نییە!
ئەو تۆمەتانەى كە ئەو دوو هێزە ئاراستەى ئەم چوار حیزبەى دەكەن، ماناى رابردووى خۆیان لەبیر چۆتەوە، كاتێك باس لە كۆنگرەكەى قاهیرە دەكەن و خۆیان بە پارێزەرى مادەى (140) دادەنێن، كە تاوەكو ئێستا نەگەڕاوەتەوە سەر هەرێم، بەڵكو لەبەر ئەو مونافەسە حیزبییەى كە دەیكەن لەو شارەدا، خەڵكە تێكۆشەرەكەشیان لەخۆیان بێزار كردووە و خەڵكیش بە خائین و خۆفرۆش ناوزەد دەكەن. باس لەوە دەكەن كە ئەم چوار حیزبە ئیدانەى تۆپبارانەكانى توركیا و ئێران ناكەن و داواى ئاشكراكردنى سەرچاوەى دارایى ئەو چوار حیزبە دەكەن، بەڵام ئەو چەند ساڵەى شەڕى ناوخۆیان بیر چووەتەوە كە چۆن رژێمى بەعسى فاشى و سوپاى ئێران و توركیایان هێنایە كوردستان و ئەوەى لەدەستیان هات لە تیرۆرى سیاسى و كۆمەڵایەتى و ئابوورى بەرامبەر یەكتر و كۆمەڵانى خەڵك، كردیان، كە تاوەكو ئێستا سەدان كەس شوێن بزرن و چارەنووسیان دیار نییە.
بۆیە پرسى ئۆپۆزسیۆن بوون كە لە واقیعێك بین و لە هەرێمێكدا كە دوو حیزب بەڕێوەی دەبەن، كە تاكو ئێستاش شەرعیەتی بوونیان لە رابردووی پڕ لەخوێن و شۆڕشەوە وەردەگرن. لە هەرێمیكدا كە حیزب و حكومەت و ئۆپۆزسۆن و خیانەت لەیەك جیانەكرێتەوە، داواكردن لەو چوار حیزبە، بەتایبەت لە یەكگرتوو كە ببێتە ئۆپۆزسیۆنێكی رووت، بە داواكارییەكی هەرزەكارانەی دەبینرێت، چونكە كوردستان دەوڵەتێكی قانوونی نییە كە حكومەت و شوێن سنوری خۆی بزانێت و لە بەرامبەریشدا ئۆپۆزسیۆن شوێن و سنوری دیاری بێت و سەرجەم دەزگاكانی تر لە شێوەی دامەزراو و دەزگای جێگری سەربەخۆدا دیار بن، كوردستان لەلایەن دووحیزبی خاوەن دوو میلیشای تایبەت و دوو ئاسایش بەڕێوە دەبرێت، كە هەریەكەیان هەیمەنەی كردووە بەسەر بەشێك لە كوردستاندا !
كوردستانێك كە دەسەڵاتی جێبەجێكردنی بە شێوەیەكی زۆر ترسناك لەلایەن ئەو دوو هێزەوە قۆرغ كراوە و دەسەڵاتی یاسادانانی بە شێوەیەكی زۆر گاڵتەئامێز لەلایەن هەردوو مەكتەبی سیاسی و ئەو دوو هێزەوە پووچەڵ كراوەتەوە لە مانا، بێ دەسەڵاتی و سەربەخۆنەبوونی دەسەڵاتی قەزائی بە جۆرێك كە هەموو كەس و دەسەڵا ت و خوارەوەش لەسەرى هاوڕان، بە جۆرێك دادگا بوو بە شوێنی دادگاییكردنی بێ دەسەڵاتەكان.
خۆ هەمووشمان شایەد عەیانی ئەوەشین ئەم دوو هێزە نەیانتوانی بەرگەی مانگێك بانگەشەی هەڵبژاردن بگرن و چەمكەكانى دیموكراسی و رای جیاواز و .. بۆ داوە گەڕایەوە ، دەكرێت ئێوە پێمان بڵێن چی دەقەومێت ئەگەر ئەم چوار حیزبە ببنە ئۆپۆزسیۆنی رووت و قوت لە بەرامبەر حكومەتێكی یەكنەگرتوو بۆ چوار ساڵ، لە كاتێكدا ئەگەر هەڵبژاردن ئەنجام بدرێتەوە ؟! چونكە ئەم دوو هێزە بە ئاگاداریی هەموو لایەك رێككەوتوون كە ئەگەر هەڵبژاردنیش ئەنجام بدرێت، ئەوا هەردووكیان دوو خولی هەڵبژاردنی تریش بە یەك لیستی هاوبەش بەشداری دەكەن.
ئەم وەڵامەى یەكێتى و پارتى بەرامبەر راپۆرتەكەى ئەم چوار حیزبە گورزێكى كوشندەیە لەجەستەى فرەیى و ئازادى و نەرێیەكان دەدرێت لەكوردستاندا.

هۆگر غەریب خۆشناو / هەولێر


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 0)