کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مانگرتنی گشتی

Friday, 08/04/2011, 12:00


ڕاپەڕینی ئاشتیانەو خۆپیشاندانی سپی و مانگرتنی سەرتاسەری، گەر لەگشت ووڵاتانی دونیادا سەرکەوتنی بەدەست هێنابێ، ئەوا بۆ کوردستانی باشوور، مانای بچوك کردنەوەو پووکانەوەی شۆڕشی نێرگزە.

پێشەکی ئەبێ قەوارەو توانای خۆمان بەباشی بپێوین و ئەو ڕاستیە لەخۆمان نەشارینەوە ، کەگەلی ئێمە بەحوکمی ئەوەی مێژووی بەردەوامی پڕە لەشۆڕش و کارەساتی مرۆیی و کوشتن و قەتڵ وعام کردن، جۆرێک لەسروشتی بێ سەروبەرەیی بەخۆوە بینوە، کەئەمەش، نەك لەبەرئەوەبوبێ ، کەمیلەتەکەمان وەك میلەتانی ترنەبن و لەوان نەچن . لێ لەبەرئەوەی ، ناکرێ هەموو ژیان هەر لەناخۆشی و ناسۆری و دڵە ڕاوکێیدا بژین و بەسەربەرین.

بەڵگەمان بۆ ئەوەش ئەوەیە، هەرکاتێ لەماڵێك پرسەیەك هەبوبێ، لەپیشت ئەو ماڵە وەیا ن لەنزیکیانەوە پێچەوانەی بینراوە، ڕەنگە هەموان بزانین لەکاتی ئەنفال و کیمیایی باران و کوشتن و بڕینی بەشێکی میلەتەکەمان ، لەم لاوە خەڵکی تر، خەریکی شایی ولۆغان بون و لەبەزمی خۆیان نەکەوتون. ڕەنگە لەلایەك شەڕێکی دەستەو یەخە کرابێ و لەدوری چەند سەد مەترێکەوە مێز ڕازانرابێتەوە و جەماعەت کۆمپلیت سەرخۆش بوبن. .لەڕاستیدا ئەمە سروشتێکە ، کەهەموان درکی پێ ئەکەین و لەو بڕوایەشدا نیم کە شتێکی بەئەنقەست و هەڵە بێ.. لێ مەبەستم لەوەیە ، کاتێ زۆربەی گەنجان سەرقاڵی ڕاپەڕین وخۆپیشاندانن لەبەردەکی سەرا، ڕەنگە، دوو ئەوەندەش لەسەیرانگاکان و شوێنەکانی تربن، خەریکی شتێ بن ، جیاواز لەوەی گەنجان خوێنی خۆیانیان کردۆتە کاسەوە بۆی.

هەر لەو ڕوانگەیەی سەرەوە، ئەمان باتە نێو ئەو بیردۆزەی کە مەحاڵە بتوانرێ لەکوردستان بەگشتی مانگرتنی سەرتاسەری بخوڵقێنرێ، بڕوانە، ماوەی نزیەکەی ٢ مانگە شاری سلێمانی زۆرینەی خەریکی ڕاپەڕینن، کەچی هاونیشتمانیان لەشارەکانی تر، ڕەنگە نەشیان بیستبێت. ئێ باشە ئەمەی گەنجانی سلێمانی ئەیکەن، مەگەر تەنها بۆ خۆیانە!!!؟؟ بەدڵنیاییەوە ، کێشەی گەنج و لاوێکی سلێمانی هیچ جیاوازیەکی نیە لەگەڵ هەمان گەنج لەهەولێر و بادینان. ئەوەی گەنجی سلێمانی داکۆکی لەسەر ئەکا، بەدڵنیاییەوە، هەمان داخوازی و ئاواتی گەنجانی هەولێرو دهۆکیشە بەبێ کەم وکوڕی .

مانگرتنی سەرتاسەری لەووڵاتێکی کوشتوکاڵی وپیشەسازی ئاکامی باشی لێ ئەکەوێتەوە. لێ لەشوێنێکی چەتەگەری وەك کوردستان ، کەلەلایەن دوو بنەمەڵەی چەتەوەو تفەنگچیەوە لێ ئەخوڕدرێ، کە هیچ بوارێکی وایان نەڕەخساندوە بۆ جووتیار، ئەندازیار، کارگەی بەرهەم هێن و کەرتی خزمەت گوزاری گەورە ، تابە وەستاندنی کار بکاتە سەر ڕەوشی سیاسی و ئابووری هەرێمەکە، هەرگیز ، هەر جۆرە خۆپیشاندانێك و مانگرتنێك سەرکەوتن وە دەست ناهێنێ.

خۆ کوردستان هەموو کاڵایەکی لەدەرەوە دێنێت ، هەر لە سەلکە توورێک ،دەبەیە دۆ، جاملکەیەك ماست و تا ئەگاتە کاڵا گەورەو گرانبەهاکان.. واتا ، میلەتیان کردۆتە ، مشەخۆرو بێ بەرهەم ، کەواتە ئەم جۆرە خواستانەی دەسەڵاتی چەتەگەرایی کوردی ، هەموو جۆرە شۆڕشێکی سپی لەبەردەمیدا نوشست ئەهێنێ.. جگە لەوەش ، ڕێگە چارەی گۆڕان و گۆڕانکاری ڕیشەیی ونەمانی دەسەڵاتی بنەماڵەیی و تفەنگچێتیانەیان ، تەنها لەڕێگەی شۆڕشی چەکداریانەوە بەئاکام ئەگا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە