نەوشیروان لەنێوان ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتدا
Monday, 04/02/2013, 12:00
من و زۆر کهسی دیکه چهند جارى دیكەش وتومانه، كە دروستبوونى گۆڕان تاكتیك و فێڵیكى یەكێتى بوو، تا بەهۆیەوە ناڕەزایى و گلەیى و بۆڵە بۆڵ و زۆرى و فشارەكانى سەر خۆى كەم بكاتەوە، ببێتە مەنفەس و رێگایەك بۆ دەربازبونى لەو قەیران ونەهامەتیانەى تێی كەوتوە.ئایا بەعەقلى كەسدا دەچێت سیاسەتمەدارێكى رۆژهەڵاتى، نزیكەى 30 ساڵ لەناو پارتێكدا بوبێت، لەهەموو تاوان و خراپەو تاڵانى و دەستكەوت و ئیمتیازەدا بەشداربێت ،وابەسانایى دەستبەردارى ئەو مافەى خۆى بێت و،رەنج وقوربانى و بەرهەمى ئەو ماوەیە بكاتە دیارى و،بیداتە دەست بەرهەم و سەنگاوى شێخ جەعفەر؟!.
گەربیرتان بێت سەرەتاى دەركەوتنى ململانێى و گرژبوونى نێوانى نەوشیروان ویەكێتى ،مەلا بەختیار بەراشكاوى ئەوەى بە نەوشیروان وت، كە ئێمە پارەمان پێداوە تا دەزگاى راگەیاندنى پێ دروست بكات،كەچى بەپارەى خۆمان دژایەتیمان دەكات.هاوكات نەوشیروان مستەفاش بەزمانە توندو زبرەكەى خۆى وەڵامى دایەوە، پێى گوت من لەهەموو شتێكى یەكێتیدا بووم لە هەموو موكەسەرات و ئیمتیازات و موڵك و ماڵێكى بەشدارم و، بشكى خۆم هەیە.ئەمەش زەنگێكى ئاگادار كردنەوە بوو، بۆ هەموو بەرپرس و سەرانى یەكێتى، تا بزانن كە نەوشیروان وا بەسانایى و بێ عەرەق دەستبەردارى ئەو مافە نابێت،ئێستاش گەرچى لەیەكێتى لالوت ورەنجاوە،بەڵام هەر قاچێكى لەناو یەكێتیدایەو لەخێر وبێرو داهاتى برابەشە،هەر لەگەرمەى بانگەشەى هەڵبژاردن و شەڕى راگەیاندن و توندبوونى زمانى نێوانیان،بۆساتێكیش هاوكارى مادى و دارایى نەوشیروان نەبڕا و، پیاوى پارەكەى یەكێتى دلێرى سەید مەجید راسپێردرابوو مانگانە لەكات وساتىخۆیدا بەخۆى و جانتا پڕ لەدۆلارەوە بگاتە لاى نەوشیروان.
من حاڵى نابم ئۆپۆزسیۆن ماناى چیە؟لەهیچ سوچێكى دنیا شتى وام نەدیوە،گۆڕان بۆ شەڕو ململانێ و بەزەویدا دانى یەكێتى بەخۆی و كۆمەڵێك دەمووچاوىنوێوە، كەسایەتى ئەكتیف و لێهاتوى هاوشێوەى حاكم شێخ لەتیف و زانا و شاهۆ و یوسف و كەسانى دیكە هاتنەسەر شانۆ، بون بەوەحشى شاشە و هەموو دەمو ساتێك لە كەناڵەكەى، لەناو جەماوەر ،لەپەرلەمان ،حزوریان هەبوو،بەڵام ئێستا گەر دیقەت بدەین دەبیین ئەوانە تەواو بێ ئومێدى و هیوابڕاویان پێوە دیارە و، بەهۆى هەڵەو پاشقولە سیاسیەكانى نەوشیروانەوە ئەوانە تەكیونەتەوە ،لە كایە سیاسیەكاندا نەدەنگیان هەیە ،نەرەنگ ، نەپرس و راشیان پێدەكرێت ، سەرجەمیان پێیان خوش نیە ببنە پاشكۆ و پێرى ئەشمابیلاى نەوشیروان و، لەسەر ریتم وئیقاعى ئەو بجوڵێنەوە،لەگەمە دۆڕاوەكانى نەوشیرواندا ببنە داشەهارە، لەبەرامبەریشدا نەوشیروان بۆپڕكردنەوەى ئەوبۆشاییەو جێگرتنەوەى ئەو كەسانە: كەسانى وەكو هوشیار عەبدولڵا ى كردوەبە بەدیلى ئەوان.
پێم سەیرە نازانم چۆن شڕۆڤەو لێكدانەوەى بۆبكەم،لەسەرانسەرى دونیا ئۆپۆزسیۆن لەدژى دەسەلاًت ونەیارەكەى خەبات دەكات ،تاسەرئێسقان دژایەتى و رقى خۆى دەبارێنێت و، سەنگەرى لێدەگرێت، پێى خۆشە هەموو نەهامەتى و كارەساتێك رووبەرووى بێتەوە، گۆج و شەل و ئیفلیجى سیاسى بێت،كەچى گۆڕان بەپێچەوانەوە ،سیاسەتێكى چەوت و تەم ومژاوى پیادە دەكات،كەوتۆتە ناوگێژاوێكەوە بۆخۆشى نازانێت بەكام ئاراستە سەوڵ لێبدات و، بگاتە كەنارى ئارامى! لەلایەك لەرێگەى بزوتنەوەكەى و راگەیاندنەكانى و هەوادارانى ،هەرچى عەیب و عارو گەندەڵى وناهەقى بەهەدەردانى موڵك وماڵى میللەتە، دەكاتە باس و خواس، لەلایەكى دیكەوە بۆخۆڵ كردنە چاوى ئۆپۆزسیۆن وهاوپەیمانانى پایەندبوونى خۆى بۆ(كۆمەڵ و یەكگرتو) دوپات دەكاتەوە. جارجارە كۆبونەوەى تەشریفاتى و میوە خواردن سازدەكات،تا ئەوانیش دڵنیا بكاتەوە كە تائێستاش پابەندە بە رێكەوتنى نێوانیان. لەلایەكى دیكەوە گەمەیەكى مناڵانەو ساویلكانە دەكات. ئەو نەوشیروانەى خۆى بەئاریا میهر و فیرعەون نەدەگۆڕیەوە، ئەو نەوشیروانەى خۆى لە سەرو هەموو پلەو پۆستێكدا دەبینیەوە،نەوشیروانێك خۆى لەتاڵەبانى و بارزانى گەورەتر دەبینى،چەندان جار ئەوان و نێردراوەكانیان سەردانیان كرد،كەچى ئەوگەورەیى و بوغرایى و خۆ بە گەورەزانینى رێگەیان نەدا سەردانیان بكاتەوە، بەڵام كاتێك دەبیستێت تاڵەبانى لەگیانەڵاندایە و یەكێتى و سەركردایەتیەكەى بەرەو نغروبون و نەمان دەچن،زۆێك لە بەرپرسان و سەرانى یەكێتێش خۆیان بۆقۆناغى پاش تاڵەبانى و میراتیەكەى ئامادەكردوە،دێتە سەر خەت ،هەموو تەكەبور و خۆ بەشت زانین وەلادەنێت ، بەهەڵەداوان دەچێتە دیدەنى هێرۆ تاڵەبانى،رێو شوێن وسیاسەتى نوێى بۆدادەنێت ،ئامۆژكارى دەكات ،هاوسۆزى خۆى بۆدووپات دەكاتەوە،بەئاشكراو بێ پەردە دەڵێت پێمان خۆش نیە یەكێتى لێك بترازێت و هەڵبوەشێت،بۆچى و لەبەرچى؟؟چونكە نەوشیروان و یەكێتى دوانەیەكى لێك دانەبڕاون،هەروابێتەوە سەنگ و قورسایى و نەوشیروان و بزوتنەوەكەى بەیەكێتیەوە بەندە،لاوازى و سستى یەكێتیە كە نەوشیروانى گەیاندۆتە ئەو ئاست و پلەیە،شتێكى مەعلومیشە كەگۆڕان لەمنداڵدانى یەكێتى لەدایك بووە، بمانەوێت یان نا هەر كوڕى ئەو باوكەیە،لەسەر ئەو رێچكەو رێبازە گەورە و پەروەردەكراوە،نەمانى یەكێتى و تاڵەبانى بەواتاى ئاوابوونى خۆرى گۆڕان ونەوشیروان ،خۆ ئەگەر بێت و لە ئەنجامى ململانێ و تەكەتول و كێشەكانى ناو یەكێتى، یەكێتى پەرت و پارچە ببێت، زەرەمەندى یەكەم و گەورەترین گورز بەر نەوشیروان دەكەوێت و، ئەودەمەش بەئەندازەى زەحمەتكێشان و سەركردایەتیەكەى پێگەى جەماوەرى نامێنێتەوە. بۆیە واچاكە نەوشیروان لەو نێوەدا خۆى یەكلا بكاتەوە،ئەگەر نەیارە و دەخوازێت ئۆپۆزسیۆنێكى راستەقینە بێت ئەوا واچاكە بەهاوكارى هاوپەیمانانى كار بۆ لاوزاكردن و سڕینەوەى ئاسەوارى دەسەڵات(یەكێتى وپارتى)بدات و ببێتە ئەلتەرناتیفى ئەوان،ئەگەریش ئێستاش هەر دڵى بۆ یەكێتى لێ دەدات وحەزدەكات ببێتە فریاد رەسىو، پێى خۆشە دوارۆژەكانى ژیانى لەناو یەكێتیدا بگوزەرێنێت ،واچاكترە چیدیكە بیلال وئومێد ورێژوان وگەرمیانەكان بەكوشت نەدات ، كەسانىدیكەش نانبڕاو بێ لانەو حاڵ نەكات وبگەڕێتەوە سەر باى بەڕەكۆن،كەئەوەیان لاى من ئەگەرێكى زۆر بەهێزە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست