کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گۆڕان بەو عەقڵییەتە ناكرێت.. ریفۆرمییەكان هەڵفڕێنن

Sunday, 31/01/2010, 12:00


ئەگەر گۆڕان و قەوارەكەى تەنها وەكوو دروشم و وشە بیری لێكرابێتەوەو سەری هەڵدابێت، ئەوا لەمیزەڵانێكی كونبوو زیاتر هیچی تر نییە، بەڵكو زەروورە وەكوو چەمكێكی فراوان و حەقیقی داڕێژرابێت و لەژەنگگرتووى عەقڵی ریفۆرمییە تەكەتولچێتی پاك كرابێتەوە.
گردەكە قابیل بەوەیە بدرێتە دەستی رۆشنبیرو عەقڵە زێڕینییەكانی وەكوو دكتۆر شاهۆو زاناو جەعفەر عەلی و ..تاد.
رێزگرتن لەریفرمییەكانی ناو گۆڕان هەمیشەییە، لێ بۆ سەردەمی ئێستا نەشیاو نەتوانان لەئاست گۆڕانی حەقیقیدا، چونكە پەندێكی كوردییە هەیە دەڵێت (رەفتارێ گرتی بە شیری تەركی ناكات تا پیری)، ئەوانیش بە دەستی خۆیان نییەو ناتوانن خۆیان لەرەفتارى كوتلەو كوتلەكارى پاك بكەنەوەو چیتر شانی لێهەڵماڵن بۆ وازهێنان لەو رەفتارە، چونكە كوتلەچێتی چووەتە ناخ و نێو دەمارى خوێنیانەوەو وەكوو جگەرەكێشان بە ئاسانی پێیان تەرك ناكرێت.
ئاشكرایە كە گۆڕان خەڵك كردی و دەنگی زۆرینەى ناڕەزایی و بەرهەمی نەوەی نوێ بوو، ناجایزە ریفۆرمییەكان بە هی خۆیانی بزانن و منەتی پێوە بكەن، وەك ئەوەی ئێستا دەبینرێت و خۆیان بە (كل فی كل)ى گۆدەكە دەزانن.

كەوایە دەبێت بپرسین ئەگەر ریفۆرییەكانی ناو گۆڕان مەبەستیان چاككردنی سیستم و نەهێشتنی گەندەڵییەو مەبەستیان پۆست و كورسی و پۆستكارى نەبووەو نییە، ئەوا پێویستە هیچ كەسێكیان ململانێ و تەكەتولی پۆست و پۆستچێتى نەكەن و خۆیان بكەن بە تەزحیەى چاككردنی بارودۆخەكە، بەڵام بە پێچەوانەوە هاوكێشەكە خەریكە وا دەرناچێت، دۆستێكى ئازیزم لەگردەكە بۆی گێڕامەوە كە گوایە لەچەند هەفتەى پێشوودا نەوشیروان مستەفا ویستویەتی بە مەبەستی چارەسەركردنى نەخۆشی سەردانی ئەڵمانیا بكات و عوسمانی حاجی مەحمود لەجێگەى خۆی دابنێت تەنها بۆ راییكردنی كارەكان و دواتر دەگەڕێتەوە، كەچی لەگردەكەو لەلایەن هەندێك لەریفۆرمییەكانەوە مقۆمقۆو ناڕەزایی دروست بووە لەسەر دانانی ئەو كابرایەو رێگر بوون لەو كارە، ئیدى نەوشیروان مستەفا سەفەرەكەى رەتكردووەتەوە.
كەواتە بۆمان دەردەكەوێت كە گۆڕان و گردەكە پەیوەستە بە نەوشیروان مستەفاوە، هیچ هەیكەلییەتێكی تەنزیمی نییە، بە نەمانی ئەو (نەوشیروان) گردەكەش وەك دووكەڵی جگەرە نامێنێت، وەك چۆن بوون و مانەوەى یەكێتی و پارتی پەیوەستكراوە بە مانەوەى تاڵەبانی و بارزانییەوە، چونكە حزب و بزووتنەوەی مۆدێرن لەسیستم و هەیكەلدایە، واتا بە گۆڕان و نەمانی سكرتێرو سەركردە ئەو حزبە هەمیشە لەبەردوامى كاركردن و مانەوەدایە.
پێویستە نەوشیروان مستەفا بە جۆرێك گۆڕان وەكوو بزووتنەوەیەك دابمەزرێنێت كە پەیوەست نەبێت بە سەركردەو شەخسەوە، هەرچەندە هاشاهەڵنەگرە خودى نەوشیروان دژی ئەو جۆرە حزب و رێكخراوو بزوتنەوانەیە، بەڵام ئایا دەتوانێت بزووتنەوەیەكى هەیكەلیی و سیستم و مۆدێرن دابمەزرێنێت و ئەم گۆڕانەى ئێستا لەو تەقلیدیبوونەى رزگار بكات؟.

بەكوردی بەكورتی ئەمڕۆ ریفۆرمییەكان بوونەتە بەڵایەك بۆ گۆڕان، ئەمەش بەو مەبەستە نییەو ناڵێین ریفۆرمییەكان كش مات بكرێن، بەڵكو مەبەستمانە گۆڕان و گردەكە بە ئاقاری یەكێتی و پارتیدا نەبرێت و نەڕوات و هەمان تەقلیدییەتی ئەوان دووبارە نەكاتەوە.
پێویستە سێ چەمكی سەرەكی كە كلیلی سەركەوتنی هەموو حزب و رێكخراوو قەوارەیەكەو بەرەو دیموكراسیبوون پەلكێشی دەكات پێڕەو بكات.
* یەكترقبوڵكردنی ئەو هەموو بەرپرس و سەركردانە لەنێو یەكتریدا كە لەگردێك كۆبوونەتەوە، بە بێ بوونی یەكترقبوڵكردن، گۆڕان و ئەو گردەى كە تەسمیەتان كردووە بە (گردی پیرۆز) هەر زوو دەتوێتەوە.
* شەڕنەكردن و رقلێنەبوونی یەكتری لەسەر پۆست و كورسی، بەڵكو سازشكردن لەنێوخۆیاندا باشترین چارەسەرو رێگایە.
* راهێنانی هەموو ئەندامانودۆست و لایەنگرانی خوارەوەى گۆڕِان لەسەر دوو خاڵە ڕەوشتییەى سەرەوە، چیتر خزم خزمێنەو كوتلەگەرى بنەبڕبكرێت و ئامادەیی خۆبەقوربانیكردنیان هەبێت.، ئاخر ئەگەر مەبەستتان كورسی و پۆست و دووبارەكردنەوەى هەمان رەفتارى پێشووتانە، ئەدی بۆچی لەیەكێتی هاتنە دەرەوە؟، هەموومان دەزانین ئەو سێ خاڵە یەكێتی بەو ئاقارەدا برد.
ئەگەر ریفۆرمییەكان ئەو سێ خاڵەیان پێ هەرس ناكرێت و قبوڵكردنیان قورس و حەرامە بەلایانەوە، چ زووە لەسەر ئەو گردە هەڵیانفڕێنن،.. ئاخر گۆڕان بەو جۆرە عەقڵانە ناكرێت، ئەگینا شكست و ئابڕووچوون دەبێتە میوانتان.
تێبینی/ ئەم وتارە چوار هەفتە پێش ئێستا ناردم بۆ كاك كەمال سەرنوسەرى هاوڵاتی و لاپەڕەى بیروڕا، بەڵام بڵاویان نەكردەوە؟! ئیتر نازانم بۆ؟.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە