کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نهێنی سه‌ردانه‌که‌ی مه‌سعود بۆ تورکیا .

Thursday, 03/06/2010, 12:00


وه‌ك له‌ چه‌ند شوێنێ باسی لێوه‌ کراوه‌، گوایا دۆسیه‌ی عێراق دوای کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا ڕاده‌ستی تورکیا ئه‌کرێ. وه‌یان تورکیا ڕۆڵێکی گه‌وره‌ی پێئه‌درێ که‌له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ئه‌مریکا یه‌ك ئه‌گرنه‌وه‌. وه‌یان تورکیا ئه‌و ‌هێزه‌یه‌ که‌ له‌توانایدایه‌ هاوکێشه‌کان به‌هاوسه‌نگی بهێڵێته‌وه‌. ئه‌م گریمان و بۆچوونانه‌ له‌قسه‌یه‌کی پڕو پووچ و لاسه‌نگ هیچی تر نیه‌، ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانه‌کانی ئاماده‌نین کوڕو کچی خۆیان به‌قوربانی که‌س بکه‌ن،، ئه‌م جۆره‌ لێدوان و بۆچوونانه‌ هی ده‌سه‌ڵاتی کوردکوژی خۆماڵین و ئه‌یانه‌وێ زیاتر خۆیان له‌ تورکیا نزیك بکه‌نه‌وه‌و به‌هۆیه‌وه‌ لوقمه‌یه‌کی ئاسانیان ده‌ست بکه‌وێت. ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك و له‌لایه‌کی دی ئه‌یانه‌وێ وای ده‌ربخه‌ن که‌تورکیا هاوپه‌یمانی پارتیه‌و له‌هه‌موو کاتێك ئه‌توانن په‌نایان بۆ ببه‌ن و پشتیان پێ ببه‌ستن. له‌ڕاستیدا تورکیا جگه‌ له‌وه‌ی کوردستانی باشووری وه‌ك بازارێکی کراوه‌ بۆ کۆمپانیاکانی و کاڵاکانی واڵا کردوه‌‌، ئه‌وا هێزی پارتی وه‌ك جاشێکی به‌کرێگرته‌ دێته‌ به‌رچاوو هیچ جۆره‌ هاوپه‌یمانێتیه‌کی له‌گه‌ڵ مۆر نه‌کردوه‌. پارتی و خودی مه‌سعود کلك بۆ تورکان ڕائه‌وشێنن و وایان له‌خۆیان و میدیاکانیان گه‌یاندوه‌ که‌ تورکیا هه‌وپه‌یمانی ئه‌وانن.

له‌ ووتاره‌ پڕ هه‌ڕه‌شاوییه‌که‌ی 29/5 دا ، مه‌سعود به‌ڕاشکاوانه‌ ئه‌وه‌ی خسته‌ به‌ردیدی لیستی گۆڕان، که‌چیدی نابێ خه‌ڵکی هان بده‌ن دژیان . له‌به‌رئه‌وه‌ی کاری له‌و جۆره‌ ئه‌بێته‌ مایه‌ی ئاشوب و تێکدانی ئاسایش. ئه‌مه‌ له‌کاتێکدا ئاشکرایه‌ که‌ هیچ جۆره‌ ئاسایشێک له‌هه‌رێمدا بوونی نیه‌، ئه‌گه‌ر هه‌یه‌، چۆن چۆنی گه‌نجێکی ڕۆژنه‌مه‌نووس وه‌ك کاکه‌ سه‌رده‌شت تیرۆر ئه‌کرێ؟ و بکوژانیشی ده‌ستگیر ناکرێ؟ کام ئاسایش له‌م گه‌ردوونه‌دا دوو کاری هاوشێوه‌ی شاری هه‌ولێریان له‌ماوه‌ی دوو ڕۆژدا به‌سه‌ردا تێئه‌په‌ڕێ؟ گریمان نه‌یان توانی هاوکێشه‌ی یه‌که‌م گه‌لێ به‌زوویی هه‌ستی پێبکه‌ن، ئه‌ی چۆن توانرا به‌و هه‌موو بازگانه‌دا تێپه‌ڕ بکه‌ن و دواتر له‌ته‌رمه‌که‌ی ئاگادار ببنه‌وه‌؟

پرسی هه‌ڕه‌شه‌که‌ی مه‌سعود و به‌و جل وبه‌رگه‌ سه‌ربازی و که‌تافیانه‌وه‌، ته‌نها وه‌ك ووتاره‌کانی سه‌رده‌می شه‌ڕی ناوخۆ وابوو، ئه‌گینا گه‌ر یه‌کێ باس له‌ئاسایش و ئارامی بکاته‌وه‌، بۆ ئه‌بێ به‌ جلی سه‌ربازی و په‌نجه‌ ڕاوه‌شان و چاوسوورکردنه‌وه‌ خۆی نمایش بکا؟ . مه‌سعود وا ئه‌زانێ که‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ته‌نها 25 کورسی له‌په‌رله‌مان هه‌یه‌و هیچی تر، نه‌ی ئه‌زانی که‌وا جگه‌ له‌وه‌ش توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ که‌ی وویستی ئه‌توانێ جه‌ماوه‌ر بهێنێته‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان و دژی هه‌ر نایه‌کسانی وگه‌نده‌ڵی و تیرۆرێك بیان شڵه‌قێنێ!! پارتی هیچ کات لێکدانه‌وه‌ی بۆ جه‌ماوه‌ر نه‌کردبوو، وای ئه‌زانی جه‌ماوه‌ر سفری دوای فاریزه‌یه‌و ته‌نها به‌نه‌قیزه‌ی ئه‌وان دێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان! لێره‌وه‌ مه‌سعود توشی شۆك بوو به‌شێوه‌یه‌ك که‌ڕه‌نگه‌ بۆ ماوه‌یه‌کی دوورو درێژ له‌یادیان نه‌کات. لێره‌وه‌ پێوسته‌ ده‌ستخۆشی له‌جه‌ماوه‌ر بکرێت که‌ توانیان خه‌ونه‌کانی سه‌رده‌شته‌کان بێننه‌ دێ. لێره‌وه‌ جه‌ماوه‌ر به‌ده‌سه‌ڵاتی ووت که‌چی دی ئێمه‌ جیاوازی ناکه‌ین له‌نێوان دیکتاتۆرێکی ده‌ره‌کی له‌گه‌ڵ یه‌کێکی خۆماڵی. ئه‌وه‌ی کورد ئه‌کوژێ گرنگ نیه‌ چ ناسنامه‌و ڕه‌گه‌زو زمانی هه‌یه‌، لێ ئه‌وه‌ی گرنگه‌ چی دی وه‌ك میله‌ت دیکتاتۆریه‌ت قبوڵ ناکرێ و ئه‌و ڕۆژه‌ی که‌زه‌نگی مردنی گه‌نجه‌کان لێ ئه‌ده‌ن، هه‌مان زه‌نگی مردنی خۆیان زیاتر نزیك ئه‌که‌نه‌وه‌. دیاره‌ ئه‌م په‌شۆکاوی وسه‌رلێشێواویه‌ی مه‌سعود زیاتری کرد له‌وه‌ی گۆڕان و کاك نه‌وشیروان تا ئێستا هیچ وه‌ڵامێکیان نه‌بوه‌، ئه‌مه‌ش له‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ئه‌گرێ، که‌هه‌ڕه‌شه‌کانی مه‌سعود ته‌نها گوێی خۆی و بنه‌ماڵه‌و کۆیله‌ی حزبه‌که‌ی ئه‌یبستن، نه‌ك جه‌ماوه‌رو ئۆپۆزیسێۆن .

هۆکاری سه‌ره‌کی و نهێنی سه‌ردانه‌که‌ی مه‌سعود ته‌نها له‌م ڕاستیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتوه‌ که‌هه‌نوکه‌ هه‌ستی به‌ بوونی هێزی جه‌ماوه‌ری دژ به‌خۆی کردوه‌. ئێستا ئه‌زانێ که‌ کارێکی تر واتا کۆتایی هێنان به‌خۆی و بنه‌مه‌ڵه‌و حزبه‌ ته‌مه‌ن 65 ساڵه‌که‌ی. تازه‌ پارتی نه‌ك هه‌ر نایه‌ته‌وه‌ سلێمانی و وه‌ك ئه‌وه‌ی نه‌خشه‌یان بۆ کێشابوو.، لێ هه‌نووکه‌ هه‌ولێریشیان له‌ده‌ست داو ڕۆژ دوای ڕۆژ زیاتر ڕسوایی ئه‌بینن. بۆیه‌ ئه‌م ترسه‌ زه‌به‌لاحه‌ وای له‌مه‌سعود کردوه‌ که‌ جارێکی تر بیر له‌هه‌ڵبژارده‌ی به‌کارهێنانی هێزی ده‌ره‌کی بۆ سه‌ر هێزه‌ ناوخۆییه‌ جه‌ماوه‌ریه‌ دڵسۆزه‌کان بکاته‌وه‌ له‌هاوشێوه‌ی 31 ئاب. لێره‌وه‌ مه‌سعود په‌یامی خۆی به‌تورکان ئه‌دات که‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی وا خه‌ریکه‌ تل ئه‌دات و هه‌روه‌ك خۆی له‌ووتاره‌که‌دا ئاماژه‌ی پێداوه‌ که‌ ئه‌م ڕه‌وشه‌ نوێیه‌ (( ئێستا وه‌زعێك له‌كوردستان هاتۆته‌ ئاراوه‌ كه‌خه‌ریكه‌ هێزو توانامان له‌مه‌ساری خۆی لاببات‌و ئامانجه‌كانمان له‌به‌رچاو ون بكات،)) که‌مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی ئه‌وه‌یه‌، وا خه‌ریکه‌ وه‌زعه‌که‌ له‌ده‌ست ده‌رئه‌چی، که‌له‌ڕاستیدا ته‌نها مه‌به‌ستی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیه‌تی و نه‌ك به‌رژه‌وه‌ندی به‌رزو باڵای کورد. ئه‌گینا بۆچی دژی ئه‌و تۆپباران و سنوور به‌زاندنه‌ی هه‌ریه‌ك له‌تورکیا وئێران به‌مه‌ترسی نازانێ؟

بۆیه‌ هه‌روه‌ك چۆن مه‌سعود له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ سینارێۆی 31 ئابی 1996 له‌گه‌ڵ تورکان ئاماده‌ بکات، له‌هه‌مان کاتدا حه‌ز ئه‌که‌ین جه‌ماوه‌ری گه‌له‌که‌مان له‌وه‌ ئاگادار بکه‌ینه‌وه‌ که‌ هه‌وڵی له‌م جۆره‌ نه‌ك هه‌ر مه‌حاڵه‌و سه‌رناگرێ، لێ تورکیاش ناچێته‌ ژێر باری هه‌ڵه‌یه‌کی له‌م جۆره‌و ئه‌وسا هه‌موو ده‌ستکه‌وت و پاڵپشتی و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆی بخاته‌ ژێر مه‌ترسیه‌وه‌. بۆیه‌ ئه‌م هه‌وڵه‌ی پارتی ومه‌سعود ته‌نهاو ته‌نها بۆ چاو ترساندنی جه‌ماوه‌ره‌ له‌وه‌ی که‌چی نه‌چنه‌ سه‌رشه‌قامه‌کان. چی دی پێڵاو نه‌که‌نه‌ ڕووی په‌رله‌مانه‌ کارتۆنیه‌کی بکوژانی عه‌لی عه‌سکه‌ری و گه‌له‌که‌مان. بۆیه‌ هه‌قی خۆیه‌تی میله‌ته‌که‌مان له‌سه‌ر بوێری ومافه‌کانی خۆیان هه‌میشه‌ گۆڕه‌پان و شه‌قامه‌کان بکه‌نه‌ شاهید و گۆڤانی ڕووداوه‌کانیان .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە