کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئایا بۆ دانپێدانانی تاله‌بانی به‌ هه‌ڵه‌کانی دره‌نگ نییه‌ ؟

Sunday, 15/03/2009, 12:00


دوای ده‌ست له‌ کار کێشانه‌وه‌ی نه‌وشێروان مسته‌فا له‌ جێگری سکرتێری گشتی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان، دوا به‌ دوای ئه‌ویش هه‌ر چوار ئه‌ندامی مه‌کته‌ب سیاسی ینک عومه‌ری سه‌یدعه‌لی، جه‌لال جه‌وهه‌ر، مسته‌فای سه‌یدقادر، عوسمانی حاجی مه‌حمود به‌‌ بڕیارێکی له‌ خۆبردوانه‌ ده‌ستیان له‌ کاره‌کانیان له‌ م.س کێشایه‌وه‌، پاش ئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ بێ هیوا بوون له‌ چاکبوونی ئه‌و باره‌ خراپه‌ی ناو داموده‌زگاکانی ینک به‌ تایبه‌تی و ڕێکخستنه‌کانی به‌ گشتی، که‌ ماوه‌یه‌که‌ به‌ ئاقاری لێکترازان ده‌ڕوات، به‌ دروست بوونی ئه‌و که‌لێنه‌ زۆره‌ی که‌ که‌وتۆته‌ نێوان په‌یره‌و و پڕنسیبه‌کان له‌ لایه‌کو کادرو ئه‌ندامه‌کانی به‌تایبه‌تی و جه‌ماوه‌ری گه‌له‌که‌مان به‌ گشتی، دوای پشتگوێخستن و ڕووچونی دروشمه‌ بالاکانی ینک وه‌ک رێکخستنێکی کوردستانی، که‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا دروشمی پیرۆزی نیشتمانی ونه‌ته‌وایه‌تی هه‌موو لایه‌کمان بوو، له‌ ژێر چه‌تری دروشمی کوردستانی بوونی ئایدیاکه‌ی بۆ ئه‌و ئامانجه‌ ئه‌ندام و جه‌ماوه‌ره‌که‌ی تێده‌کۆشان بۆ به ‌ده‌ستهێنانی مافه‌ ڕه‌واکانی گه‌له‌ ژێرده‌سته‌که‌مان ، وه‌ک مافی چاره‌یخۆنوسین ،دیموکراسی و مافی مرۆڤ ، دوای ڕوو له‌ به‌غدا کردنی سه‌رانی ینک به‌ تایبه‌تی سکرتێره‌ گشتییه‌که‌ی، نه‌ هه‌رته‌نیا ڕوویان له‌ دروشم و حزبه‌که‌یان وه‌رگێڕا به‌لکو وه‌ک حزبێکی کوردی داش ئێراقی به‌ گوڕوتینێکیتر بۆ به‌رژه‌وه‌ندی برا چاوڕه‌شه‌کانمان و پایزه‌ براکانی تری ده‌وروبه‌رمان له‌ تێکۆشانی سیاسی بێوچاندابوون، هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندیه بالاکانی نیشتمانی ونه‌ته‌وایه‌تیه‌کانی تایبه‌ت به‌ ئایدلۆژیای ڕێکخستنه‌که‌ی خۆشیانه‌وه‌ فه‌رامۆش کرد، یان له‌بیر ئه‌ندام و کادره‌کانیان بردنه‌وه‌، ئه‌و فه‌رامۆش کردنه‌ بۆته‌ یه‌کێک له‌و هۆیانه‌ی که‌ نێوانی کادرو ئه‌ندامان وهه‌وادارانیان له‌ گه‌ل ڕیکخستنه‌کانیان هێنده‌ لێک دورکه‌وتۆته‌وه‌ خه‌ریکه‌ وه‌ک ئه‌و دووهێله‌ هاوته‌ریبه‌ی لێبێت که‌ جارێکیتر به‌ یه‌ک گه‌یشتنه‌وه‌یان ئه‌سته‌م بێ، جگه‌ له‌ نه‌بوونی نیه‌تپاکیش له‌ لایه‌ن سکرتێری گشتی بۆ‌ چاککردنی ریزه‌کانی ناو ینک به‌ گشتی و رێکخستنه‌کان به‌ تایبه‌تی ، دوای ئه‌وه‌ی به‌ گه‌نده‌لبوونی هه‌ندێ له‌ سه‌ران وکه‌سه‌کان وه‌ به‌ فه‌ساد بوونی زۆربه‌ی ده‌زگاکانی ناو رێکخستن و ده‌رکردن و په‌راوێز کردنی کادره‌ دلسۆزه‌کانیان وشوێن پڕکردنه‌وه‌یان به‌ خه‌لکی جاش وفایلدارو کۆنه‌ به‌عسی، که‌ زه‌مانێکه‌ زۆرینه‌ی کادر و ئه‌ندامه‌ دلسۆزه‌کانی ناو رێکخستن به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک بانگه‌وازی چاککردنی ئۆرگانه‌کانی ناو یه‌کێتی یان ده‌کرد و په‌رۆشی هه‌موو ئه‌و رۆژه‌ دژوارو سه‌ختانه‌ بوون که‌ به‌ ڕووبارێک له‌ خوێنی شه‌هیدان وجوامێری جه‌ماوه‌رو دلسۆزانی گه‌له‌که‌مان هاتبونه‌دی، ته‌مه‌نی ینک ئه‌وه‌ بۆ 34 سال ده‌چێت به‌و هه‌موو شه‌هید و بریندار و په‌ککه‌وته‌ و توانای پێشمه‌رگه‌ خۆراگره‌کان ، دوای ئه‌و هه‌موو ئه‌نفال و کیمیا باران و ئه‌شکه‌نجه‌ و زولمو سته‌مانه‌ی ده‌رهه‌ق به‌ زندانیانی سیاسی له‌ لایه‌ن رژێمی به‌عس و جار جاره‌ش له‌ لایه‌ن خۆمانه‌وه‌ ده‌کران، ئه‌و هه‌موو تراژیدیایه‌ ئه‌و هه‌موو کاره‌ شۆرشگێرانه‌ی گه‌له‌که‌مان له‌به‌ر چاوی ده‌سه‌لاتدار و سه‌رانی ینک تا ئێستاش نه‌بۆته‌ نیگایه‌کی واقیعانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌دی بکرێن و هه‌نگاوێکی عادیلانه‌ی بۆ بنرێت تا ببێته‌ رێزلێنانێک بۆ پێشمه‌رگه‌ شۆرشگێره‌کان به‌ گشتی وپێشمه‌رگه‌ دێرینه‌کان به‌ تایبه‌تی ، بۆ که‌س و کاری ئه‌نفال کراوان ، بۆشه‌هیدانی شاری هه‌له‌بجه‌ی خۆڕاگر و بۆ خه‌لکی سته‌مدیده‌‌ی نیشتمانه‌که‌مان.
خالێکی تری گرنگ که‌ زۆرینه‌ی مه‌کته‌ب سیاسی و سه‌رکردایه‌تی وکادرو ئه‌ندامانی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستانیان دڵکرمێ کردووه‌ ئه‌و ئیتفاقه‌ ئیستراتیجیه‌ زۆر نهێنییه‌یه‌ ،که‌ له‌ نێوان هه‌ردوو سه‌رکرده‌ تاله‌بانی و بارزانی مۆرکراوه‌و بۆته‌ پرسیارێکی بێ وه‌لام . له‌لایه‌کیتر دانپێدانانی تاله‌بانی به‌و هه‌ڵه‌ مێژووییه‌ پڕله‌ کاره‌ساته‌یه‌ که‌ 45 سال به‌ر له‌ ئێستا، به‌ بریارێکی به‌ قه‌ولی ئه‌و کاتی سه‌رده‌می خۆیان باڵی م.س له‌ گه‌ل پ. د.ک لێک جیا بونه‌وه‌و له‌و کاتییه‌وه‌ تاکو ئێستاش گیان وژیانی هه‌زاران له‌ باشترین ڕۆله‌کانی گه‌له‌که‌مان بونه‌ته‌‌ سوته‌مه‌نی ئه‌و هه‌ڵه‌ کوشنده‌یه‌، جگه‌ له‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی گه‌له‌که‌شمان هه‌موو ئه‌و ماوه‌یه‌ به‌ شه‌ڕی براکوژیه‌وه‌ خه‌ریک کردبوو،دوای ئه‌م هه‌موو زه‌ره‌رو زیانه‌ که‌ قه‌ره‌بوکردنه‌وه‌ی هه‌رگیز ناکێرته‌وه‌، تا ئێستاش تاله‌بانی ده‌رباره‌ی ئه‌و هه‌ڵه‌ جه‌رگبڕه‌ ئاماده‌ نه‌بووه‌ داوای لێبوردن له‌ گه‌لی کوردو هه‌وادارو که‌سوکاری زیانلێکراوانی خۆیشی بکات ،که‌ بونه‌ته‌ خۆراکی ئه‌و شه‌ڕه‌ نه‌گریسه‌ دوورو درێژه‌، هه‌رچه‌نده‌ من پێموایه‌ ئه‌و دانپێدانه‌ی تاله‌بانی زیاتر ڕوو له‌ نه‌وشێروان مسته‌فا و هه‌ر چوار ئه‌ندام مه‌کته‌ب سیاسیه‌که‌ی تره‌ ،بۆ ئه‌وه‌ی ناڕاسته‌وخۆ پێان بلێت هه‌ڵه‌کانی من دووباره‌ مه‌که‌نه‌وه‌ .
[email protected]
15-03-2009
  تێبینی کوردستانپۆست: کوردستانپۆست وشه‌ی به‌ڕێز، که‌ نووسه‌ر بۆ جه‌لال تاڵه‌بانی به‌کارهێنابوو، لایبرد، داوا له‌و نووسه‌ره‌ به‌ڕیزه‌ ده‌که‌ین، که‌ بۆمان بسه‌لمێنێت، تاڵه‌بانی به‌ڕیزه‌، تا ئێمه‌ به‌ڕیزه‌وه‌ بۆی دابنێینه‌وه‌، به‌لای ئێمه‌وه‌ که‌سایه‌تییه‌کی ناپاک و گه‌نده‌ڵ و خاوه‌ن و دزی ملیۆنه‌ها دۆلاری کوردستان، که‌سێكی به‌ڕێز نییه‌، به‌تایبه‌تی هه‌زاران ڕۆڵه‌ی ئه‌م کورده‌ی کرده‌ قوربانی و پشتگیری له‌تاوانبارانی ئه‌نفال و کیمیاباران ده‌کات و یارمه‌تییان ئه‌دات و به‌ره‌ڵایان ده‌کات.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە