ئەزمونەکەمان لێ تێک مەدەن!
Thursday, 17/02/2011, 12:00
گەنجانی لە دایک بووی ساڵی ٩١ و پێشتر، هاوڵاتیانی ناڕازی و کۆمەڵانی زەحمەتکێش ،و خێر لە خۆنەدیو ،مانگرتوانی ئامادەی ڕاپەڕین و خۆپیشاندان، نوسەرانی ئازادو سەبەخۆ، کرێکاران و کاسپکاران و مامۆستایان و فەرمانەران. پێشمەرگە و ئاسایش. زیندانیانی سیاسی، کەسوکاری شەهیدانی ئەنفال و هەڵەبجەو قەڵادزێ و بالیسان و شێخ وەسانان.
بە ئاشکراو ڕاشکاوانە پێتانی ڕادەگەیەنین.، ئێمە کۆمەڵێک برسی و ڕەشوڕوت و نەدار و دنیا نە دیدە بووین و بە هەرچ بارێک بوو گوزەراندمان و کاتی خۆی(لە تاران و کەرەج و ڕاژان ،زێوێ و قاسمەڕەش و بلەکێ و مەریوان، دزڵی و کانی دینارو جوجەسازی و مەرگاوان بووین) بەشێکیشمان ملی ڕێگای گرت بەرەو ئەوروپا وکە جادەکە تەخت بوو گەڕایەوە.
کاتێ ئێوە ڕاپەڕین، ئێمە بووینە پشتیوان و پەنای داوا ڕەواکەتان و بەیەکەوە گورگە گەورە کەمان تەفروتونا کرد. کە ٣٥ ساڵی ڕەبەق بە ئاگرو ئاسن مامەڵەی لەگەڵ دەکردین.
ڕاستە پاش ئەوەش لە پای پاداشتی ئەو یارمەتیدانەتاندا. پۆستەکانمان قۆرغ کرد.،هەندێک زەوی وزارو کۆمەڵێک باڵەخانەو چەندین گردو کەمێک داهاتی گومرگەکان و سەدان کۆمپانیامان، بۆ خۆمان و کەسوکارو ماستاوچیەکانی دەوروبەرمان داگیرکرد. بەڵام ئەوە دیاری ئەو هەموو ساڵەی خەباتمانە کە لە شاخ بوین و ئێوە لە شارا بە کەماڵی ئیسراحەت لێتان ئەخوڕی.
خۆ ئێمە ئەم ١٩ ساڵەی ڕابردوو بە ئاگرو ئاسن مامەڵەمان نەکردوون و تەنها تاوانمان ئەوەیە دۆلارمان لە ئێوە گرتەوە. ئەویش لەبەر ئەوە بوو. ئێوە نە مامەڵەی بازرگانی دەزانن و نە فێڵ و فڕی تەندەر لێدان تێئەگەن و نە دەشزانن چۆن و بەچ ڕێگەیەک کارئاسانی بۆ کۆمپانیا ئێرانی و تورکی وبیانیەکان بکەن و ببن بە شەریکە قازانجیان.
هیوامان وایە، خۆتان لەم بارودۆخە نەگریسەی ڕووی لە ناوچەکامان کردوە، بە دوور گرن و بە هاتوهوشی ئۆپۆزیسۆن فریو نەخۆن و تەحەموولتان هەبێ، تەحەموول.
ببینن موبارەکەکەی میسر سی ساڵی بە خۆشی گوزەراند! موبارەکەکانی تری ناوچەکەش گەر زیاتر نەبێ کەمتر نیە. کە وابوو بۆچی ئێمە ئەم نان و ڕۆنە لە خۆمان بکەین. لە کاتێکا تەمەنی خۆمان تەواو نەکردووە!
گەر بە ژمارە لێکی بدەینەوە ١١ ساڵمان ماوە، بۆ ئەوەی هاوتای حوسنی موبارەک بینەوە. تکامان وایە خۆپیشاندان ڕاگرن و بچنەوە سەر باری ژیانی ئاسایی خۆتان!
بەڵێنتان ئەدەینێ کاتێ گومرگەکان کۆتاییان هات و بیر نەوتەکان چۆڕ بڕ بوون و لوولە گازەکان هەناسەیان لێبڕا. ئەو کاتە ئێوەش نەڵێن ئەوا خۆمان ملی ڕێ دەگرین بەرەو (شەرم شێخ). دڵنیاشتان ئەکەینەوە، ئەو کاتی ڕۆیشتنمان میراتیەکتان بۆ جێئەهێڵین هیچی کەمتر نەبێ لەوەی سەدام حسێن جێیهێشت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست