کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


"پەیامی ڕۆژی قیامەت" لای هەردوو بنەماڵە!

Thursday, 07/04/2011, 12:00





دەبێت چی بێت وا لە سەرانی پارتی و یەکێتی بکات، کە لە بری دڵخۆشکردن و هیوادروستکردن لای میللەتی ئێمە، "پەیامی ڕۆژی قیامەت" دەدەن بە گوێماندا؟
هەمیشە هەر کە پێیان وترا پێیان خوارداناوە بەوە دەمانترسێنن، کە دنیای ئێمە کەشتیەکەی نوحە و، گەر ئەوان نەمێنن ئەوا هەمومان پێکەوە ژێر ئاو دەکەوین. ئەوە تەنیا بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانیانە و مانەوەی خۆیانە لە کورسی دەسەڵاتداو هیچی تر.

پێشتر کە باسی نەبونی کارەبا و خزمەتگوزاریمان دەکرد دەیانوت ئەوەتا عەلی بابا و شا عەباس و لەشکری ئەتاتورک لەسەر سنورن و چاوەڕێی کونکردنی کەشتیەکەن.
ئەزمونەکەمان لێ تێک دەچێت!

کە شۆڕشی گەنجان بەڕێوە بوو دیسان وتیان ئەزمونەکەمان لە مەترسیدایە و، ئەوان خەریکی دروستکردنی دەوڵەتن، کەچی گەنجەکان خەونەکانی ئەزمونەکە سەرەونگوم دەکەن!
ئەمڕۆ کە شەقام شەرعیەتی لێسەندونەتەوە، هەمان دیمەنەکانی ئەو قیامەتەمان بیر دەخەنەوە کە پێی ئاشناین و ناش یەت!

لە دوا دیداریدا فازیل میرانی، بەرپرس لە کوشتارەکەی بەردەم لقی چوار و فەرماندەرکەر بۆ پیاوکوژەکان دەڵێت:

ئۆپۆزسیۆن ‌و ده‌سه‌ڵات‌و شه‌قام پێویستییان به‌ئاشتبونه‌وه‌یه‌كی‌ سیاسی‌ هه‌یه‌. وه‌كو میللتێك كه‌ له‌ قه‌یرانداین پێویسته‌ هه‌موو روو له‌ چاره‌سه‌ری بكه‌ین، له‌ ئه‌گه‌ری‌ نه‌بوونی‌ چاره‌سه‌رییه‌ك كه‌س له‌ شوێنی خۆی‌ نامێنێ‌ نه‌ ئۆپۆزسیۆن نه‌ ده‌سه‌ڵات‌و نه‌ خه‌ڵكی‌ سه‌رشه‌قام، كه‌س نابێت به‌ ئه‌قڵییه‌تی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆی‌ بیربكاته‌وه‌، له‌ كوردستان هه‌موومان چاره‌نوسمان پێكه‌وه‌یه‌

ئەو دەڵێت کەس لە جێی خۆی نامێنێت و هەمومان چارەنوسمان پێکەوەیە! ئەمە بێجگە لەوەی دیسان قیامەتەکەمان بیردەخاتەوە، هەڕەشەشە لەوەی کە بۆمان ناچێتە سەر.
لە وەڵامی ئەم کابرا خەڵەفاوەدا دەڵێم:
ئێمە میللەتین، ئێمە چەندان ملیۆنین، هەزاران هەزار ساڵە، نە لەشکری عەجەم و نە لەشکری مەغۆل و نە لەشکری جزیرە و نە لەشکری ئینگلیز و نە لەشکری تورک و نە لەشکری سەدام و نە لەشکری کەس نەیانتوانیوە لەناومان بەرن و بێ چارەنوسمان بکەن.

ئێوە هەزار کەسۆڵەی ناسکۆڵەی دەم خرپۆلەی بەنازونیعمەتن، چارەنوستان لەگەڵ ئێمە نییە. ئێوە خۆتان فەوتانی خۆتان دیاری کردووە، خۆتان بەرپرسن لە چارەنوسی ڕەشی خۆتان!
ئێوە چین؟ کێ قوڕ بە جامانەتان دەپێوێت؟
خۆتان بۆ دەبەستنەوە بە چارەنوسی میللەتی ئێمەوە؟
ئەمڕۆ هەولێر تژی دەکەن لە بەیداخی ئەتاتان، ئەمڕۆ شورادەچنن لە دەوری پایتەختمان، ئەمڕۆ دەڵێن حکومەت پیرۆزنیە بەڵام مەسعود و کەمال پیرۆزن، لای ئێمە ئەوانە هیچیان نەک پیرۆز نین بەڵکو هەمویان بە خزمەتکاری منداڵێکی کۆڵانەکانمان دەزانین.
چارەنوسی ئێوە لەگەڵ ئێمە نیە!

ئەمڕۆ فڕۆکەخانەکەی هەولێرمان ناو دەنێن تورکیش ئۆن لاین، سبەینێ لافیتەکەی لە گەڵ ئێوەدا دەخەینە قەفەزی تاوانبارکردنەوە، چونکە لە پایتەختی کوردستان، فڕۆکەخانەکەمان دەبێت ناوی کوردستان بێت، دەبێت ناوی پەشێو بێت، دەبێت ناوی کوردی هەبێت!

ئێوە تاوانبارن دەبێت بدرێن بەدادگا!
ئێوە بێچارەن، هەموو چارەنوسی دنیا بۆ ئێمەیە!

دەڵێیت
له‌كاتی‌ قه‌یرانێكی‌ وه‌كو ئێستا هیچ شتێ‌ پیرۆز نییه‌

لەوەشدا هەڵەیت، لە کاتی قەیرانی وەکو ئێستەدا خوێنی تاکی کورد لە هەموو شت پیرۆزترە!
ئەوە ئێوەن لە خەون و خەیاڵی ئەوەدان سەرۆکایەتیەکانتان لا پیرۆزبێت، لای میللەت ئەوانە تەنیا دامەزراوەن بۆ مەبەستی ئیدارە و خۆشگوزەرانکردنی ژیانی تاکی کورد. ئەوانە دەبێت خزمەتکاری هاونیشتمانی کورد بن!
ئێمە هەر ناچارتان دەکەین دەستبەرداریان بن!
ئێوەن هیچ چارەیەکتان نیە!
ئەو پەیامی ترساندن و ڕۆژی قیامەتەی ئێوە کردوتانە بە سرودی ترساندنمان، غەمبارمان ناکات!
سەردەمی ئەو حیکایەتانەتان بەسەرچوو!

تێبینی:
سەرچاوەی قسەکانی فازیل مەتنی سایتی ئاوێنەیە.

 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە