کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


‌یه‌که‌م په‌یمانی (گۆڕان و چاکسازیی) له‌گه‌ڵ خه‌ڵک نا ڕاست ده‌رچوو

Tuesday, 11/08/2009, 12:00


کۆمسیۆن، ئه‌نجامی هه‌ڵبژادنه‌کانی ڕاگه‌یاند، که‌جیاوازیه‌کی ئه‌وتۆی له‌ گه‌ڵ سه‌ره‌تاکه‌ی نه‌بوو، سه‌ر‌باری 700 سکاڵا و ‌ساخته‌کاری ده‌نگدان، که‌ به ‌ڕۆژی رووناک لای ‌ئێمه‌ و خه‌لکی کوردستان له‌ نزیک و دووره‌وه‌ لێی ئاگاداربووین، که‌ ساخته‌کاریه‌که‌ به‌ لێشاو ده‌کرا و دیاربوون، ئیتر با هه‌ر کۆمسیۆن بلێت پاکترین هه‌لبژاردن بووه‌ له‌ عیراقدا. ‌تازه‌ ئه‌م حکومه‌ت و ده‌سه‌لاته‌ به‌ حکومه‌تێکی حه‌رام و ساخته‌کار ده‌ناسرێت، به‌لام نه‌‌گۆڕینی هاوکێشه‌ی ده‌ره‌نجامه‌کان، ئه‌م جاره‌ش، ده‌سه‌ڵاتی به‌ئاستی تاوانه‌که‌ی سزانه‌دا و نمونه‌یه‌کی جوانی یاسایی، له‌هه‌رێمه‌ بێ یاسایه‌که‌ی ئێمه‌، نمایش نه‌کرد.
18 ساڵه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ل ده‌سه‌ڵاتێکدا ده‌ژین، که‌ جۆره‌ها شێوه‌، بۆ درێژه‌دان به‌ده‌سه‌ڵات ده‌گرێته‌ به‌ر، وه‌ک گرتنه‌به‌ری ڕێگای نایاسایی، فشاری سیاسیی، ته‌خشان و په‌خشانی پاره‌ی گه‌ل، ئابلۆقه‌ی مادیی و به‌کارهێنانی زه‌بروزه‌نگ له‌به‌رامبه‌ر ده‌نگه‌ نه‌خێره‌کان و ساخته‌کردن له‌هه‌ڵبژاردندا.... سه‌رجه‌م ئه‌مانه‌ش ئه‌و هاوکێشه‌یه‌مان پێ ده‌ڵیت، که ‌ده‌سه‌لات خاوه‌نی ره‌وایه‌تی یاسایی و دیموکراسیه‌ت نییه‌؟
له‌ هه‌لبژاردنی ئه‌م جاره‌دا، لیسته‌ ڕکابه‌ره‌کانی ده‌سه‌ڵات و جه‌ماوه‌ر به‌گه‌رم و گۆڕیه‌کی زۆره‌وه‌ هاتنه‌ مه‌یدان، هۆکاره‌ سه‌ره‌کیه‌که‌ش سزادانی ده‌سه‌ڵات بوو . سه‌رباری ساخته‌کردن، ژماره‌یه‌کی باش کورسیان به‌ده‌ست هێنا. له‌گه‌ڵ راگه‌یاندنی سه‌ره‌تای ئاکامی هه‌لبژاردنه‌کان، لیستی خزمه‌تگوزاری و گۆران، به‌یه‌ک ئاواز، هه‌ڕه‌شه‌یان کرد، که ئه‌و ئه‌‌نجامه‌ قبول ناکه‌ن و هه‌لوێستی توندیان له ‌به‌رامبه‌ر وه‌رده‌گرن، چونکه‌ ئه‌مه‌ سوکایه‌تییه‌ به‌ده‌نگی هاولاتیان . که‌چی کاتێک کۆمسیۆن، راگه‌یاندنی کۆتایی ئاشکرا کرد، لیستی چاکسازیی، یه‌ک کاتژمیر دوای راگه‌یاندنه‌که‌ی کۆمسیۆن و به‌ر له‌لیستی کوردستانی، پیرۆزبایان له ‌ئه‌نجامی هه‌لبژاردنه‌کان و بارزانی کرد .هۆکاری به‌رژه‌وه‌ندی بالای نیشتمانیان له ‌بێده‌نگبونی به‌یانامه‌که‌ی 5 ڕۆژ له ‌مه‌وبه‌ریان وه‌ک پاساو هێنایه‌وه‌، ده‌بێت ئه‌وه‌ش بلێین ئه‌م هه‌لوێسته‌ دوای دیداریان له‌گه‌ل تاله‌بانییه‌وه‌ هات . لیستی گۆڕانیش رۆژێک دواتر هه‌مان دروشمیان پێ فرۆشتینه‌وه‌ ! . هه‌ردوولا پێچه‌وانه‌ی به‌یاننامه‌ی پێشوویان وه‌ستانه‌وه‌، که ‌نازانم ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ بالایه‌ی ‌نیشتمان، بۆ له‌وکاتدا نه‌ده‌وترا و هه‌ستی پێ نه‌ده‌کرا. تا هه‌رله‌ سه‌ره‌تاوه‌ ئاوا له ‌یه‌که‌م هه‌ڵوێستیان گۆلێکیان به‌ده‌ستی خۆیان له‌ خۆ تۆمار نه‌کردایه‌؟
زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی ره‌خنه‌ی جدیمان له‌ ده‌سه‌لات‌ هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ له‌ناوبردن و لاوازکردنی حکومه‌ت و په‌رله‌ماندا نین؟ به‌لام ئایا نه‌ده‌کرا ئه‌م 2 لیسته‌ خاوه‌ن په‌یمانی خۆیان بن ‌و به‌ ناره‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری مه‌ده‌نیانه‌یان، که‌ ده‌یان شێوازی مه‌ده‌نیانه‌ی هه‌یه‌ بیان گرتایه‌ته‌ به‌ر، بۆئه‌وه‌ی ساخته‌کاری هه‌روا به‌سانایی له‌م ولاته‌ تێ نه‌نه‌په‌ڕیت و سنورێکی بۆ دابنرێت!؟ ئایا له‌نێوان ڕه‌ش و سپیدا ره‌نگێکی تر نییه‌ و نه‌ده‌بوو؟ ئایا ڕه‌وایه‌ سه‌رجه‌م هه‌لبژاردنه‌کان، سوکایه‌تیی به‌ده‌نگده‌ران ب‌کرێت و لایه‌نی تاوانباریش، سزاکه‌ی ته‌نیا هه‌لایه‌کی راگه‌یاندن بێت ولیسته‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتیش به‌شداربن له‌ سوکایه‌تی به‌ دیموکراسیه‌ت وده‌نگده‌ران و ته‌زکیه‌کردنی ساخته‌کاریه‌که‌، به‌ ده‌ستکه‌وتێکی حیزبی یان به‌چاوسورکردنه‌وه‌ یان به‌ کۆبونه‌وه‌یه‌کی ژووره‌ تاریکه‌کان، کۆتایی پێ بێنن؟ له‌چه‌ند سالێ رابردوو ئه‌و 4 پارته‌ به‌رده‌وام سه‌ره‌تا هه‌ره‌شه ‌و ووته‌ی ئاگریان ده‌ربریه‌، به‌ڵام دواتر له شه‌و و ڕۆژێکدا، دژ به‌ وته‌کانی دوێنێیان وه‌ستاونه‌ته‌وه‌؟ به‌مه‌ش ده‌توانین به‌به‌ره‌ی ڕاڕا و ناڕاستگۆ له‌گه‌ڵ هه‌ڕه‌شه‌کانیان ئه‌ژمار بکه‌ین، که‌ وه‌ک پارته‌کانی ده‌سه‌ڵات دروشم وکرداریان ئاسمان و ڕێسمان جیایان هه‌یه‌ . لیستی گۆڕانیش له‌یه‌که‌می شه‌ر‌ وپه‌یمانی به‌ ده‌نگده‌رانی نا راستگۆ ده‌رچوو بێ هیوایه‌کی تری بۆخه‌لک دروست کرده‌وه‌‌، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ سه‌ره‌تا و گه‌رمه‌ی ئۆپزسیۆن بونتانه‌، ئه‌وا با فاتیحاتان بۆ بخوێنین . چونکه‌ له‌پێناوی کورسیی و ده‌نگده‌رانی خۆتان ململانێ نه‌که‌ن و خاوه‌ن وشه‌کانی 5 ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ری به‌یانامه‌یه‌کتان نه‌بن، ئه‌ی چۆن شه‌ره‌ گه‌وره‌کانی گه‌ل و به‌رپرسی باڵاده‌ست به‌ره‌و دادگا ده‌به‌ن؟ له‌یادیشتان نه‌چیت به‌ئاستی موسه‌وی وکه‌روبی له‌به‌رامبه‌ر ده‌نگده‌رانتان وه‌فادار نه‌بون، شه‌رعیه‌تیشتان به‌ ساخته‌کاری دا.
هیوادارم بۆ جاری ئاینده‌ که‌به‌یانامه‌یه‌ک ده‌رده‌که‌ن وردتر بن له‌ وشه‌ ده‌ربڕین . له‌یادتان نه‌چیت که‌خه‌لک له‌م پارتی ویه‌کێتی بێزاربوو، له‌تۆله‌ی ئه‌و بێزاریه‌، ده‌نگی به‌ ئێوه‌دا و یه‌کێک له‌ هۆکاره‌کان وته‌کانیان نه‌ده‌کرده‌ کردار.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە