راچڵه‌کین به سوتاندنی کتێب
Saturday, 27/07/2013, 12:00
2899 بینراوە
کرداری سوتاندنی کتێب باش نییه، به‌ڵام راچڵهکێنهره. پرسیار ئه‌وه‌یه که بۆچی ئه‌و کرداره راچڵهکێنهره؟ ئایا ئه‌وە چییه که ناوده‌نرێت کتێب؟ به‌ڵام هاوکات گه‌ره‌که بپرسین: ئایا به فراوانی له چیهتیهکهیدا نرخێنراوه و به‌مه‌ش بووبێت به نه‌شیاوی ده‌ستبه‌رداری؟ به ئاتاج؟ یان ئایا ئه‌میش تا راده‌یه‌ک بابه‌تی کونزومه؟
ئه‌وه فاکتێکی حاشاهه‌ڵنه‌گره که چالاکیه‌کانی به‌رهه‌مهێنان له بواری ئه‌ده‌ب و هونه‌ر یان هزردا یه‌کجار زۆرن، به‌ڵام هه‌تا ئه‌مڕۆ نزیکه‌ی "به دیدێکی مۆدێرن" لێنهتوێژراوهنهتهوه، که ئیتر بزانین کێ به‌ڕاستی نووسه‌ر یان هۆزانڤان یان توێژه‌ره. هه‌تا ئه‌م کاره نه‌کرێت، ده‌بێت قایل بین به‌وه که ته‌نیا هه‌ستی خۆیی بۆ ئیشێکی ئه‌ده‌بی یان هونه‌ری (بواری زانست وه‌لاوه ده‌نێم) هه‌یه. مرۆڤ حه‌زی بۆ بابه‌تێک هه‌یه یان نییه‌تی. جگه له‌وه ده‌بێت به‌رهه‌مهێنه‌ران (نووسه‌ران، شانۆسازان، فیلمسازان و موزیکیه‌کان) خۆیشیان تا خستنه به‌رده‌می ئه‌و توێژینه‌وانه گومانیان له ئیشه‌کانیان هه‌بێت و وه‌ک ساغنهکراوه لێیان بڕوانن، به‌رده‌وام خه‌می سه‌رکه‌وتن یان شکست ئه‌وانی ته‌نی بێت، چونکه جارێ ئاوێنه‌یه‌کیان نه‌خراوه‌ته به‌رده‌م و تێیدا له ئیشه‌کانیان بڕواننه‌وه، ئه‌وجا ببینن که پێیان ده‌گوترێت: "زۆر جوانه، به‌ڵام به خۆتدا بچۆره‌وه"، "تا راده‌یه‌ک جوانه، که‌واته پێش ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام بیت، به خۆتدا بچۆره‌وه"، "ئه‌وه ئیش نییه، که‌واته پڕ و پاتاڵهکهت بپێچهره و بڕۆ ملت بشکێنه، هیچ شوره‌یی نییه و ببه با سایه‌ق ته‌کسی یان دهلاکخانهیهک بکه‌ره‌وه، یان گه‌ر بڕوانامه‌یه‌کت هه‌یه، ببه به مامۆستای کوردی".
کێشه‌یه‌کی زۆر کرۆکی له به‌رهه‌مهێنانی هۆشه‌کیدا لای ئێمه (لای به‌رهه‌مهێنه‌ر و وه‌رگر) ئه‌وه‌یه که نزیکه‌ی نازانرێت ئیشێک دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی له خاوه‌نه‌که‌ی جیابۆته‌وه و بووه به موڵکی گشتی، به‌رهه‌مهێنه‌ران (زۆرینه‌ی هه‌ره زۆریان) هێشتا هه‌ر به‌جیڕی خۆیان به به‌رهه‌مه‌کانیانه‌وه راده‌گرن ("هێی! به نه‌وعێ نه‌چیت به‌لایدا؟"). کێشه‌که ئه‌وه‌یه که له ئاگایی ئه‌واندا ئه‌و سه‌ربه‌خۆبوونه‌ی ئیش نییه، ئه‌وان ناتوانن ببینن که کاره‌که‌یان بڵاوبۆته‌وه، که‌واته له ده‌ست ئه‌وان بۆته‌وه، ئێستاش کاتی ئه‌وه‌یه بڕیاری به‌سه‌ردا بدرێت. په‌رچه‌کرداری پارته سیاسیه‌کان (بێگومان هه‌موویان) چۆنه کاتێک یه‌کێک یان پارتێک رووبه‌ڕوویان ده‌بێته‌وه، هینی نووسه‌رانیش هه‌ر ئه‌وهایه. هه‌مان مێنتالێتییه. ئه‌وانیش هاوشێوه‌ی سیاسیه‌کان به‌رگری له مانه‌وه‌ی خۆیان یان له ده‌سه‌ڵاته وههمیهکهیان ده‌که‌ن. بهرهگهراییهکهیان شه‌ڕه له‌سه‌ر ئه‌م فاکته نه‌ک پێشاندانی جیاوازی. ئه‌سڵه‌ن هه‌ر شه‌ڕی جیاوازی ناکرێت، ئاخر گه‌ر بکرایه، ئه‌وسا نێوه‌نده‌که‌مان به دێباتی ناوه‌رۆکه‌کان داگیر ده‌کرا.
ئێمه له بنه‌ڕه‌تدا حه‌زمان له ئیشێکه یان حه‌زمان لێی نییه. بێگومان من نامه‌وێت لێره‌دا هیچ روانگه‌یه‌کی ئێستێتیکیی تایبه‌تی وه‌ربگرم، به‌ڵام هه‌ستی خۆیی که له ژینجیهانهوه بۆ ئیشێکی ئه‌ده‌بی یان هونه‌ری هه‌یه، به‌واتایه، چونکه ده‌یڤید هیوم واته‌نی هه‌موو که‌سێک به ئاشکرا داواکاری به‌رز ده‌کاته‌وه که خاوه‌نی هه‌ست بۆ جوانییه، ئه‌مه‌ش ناته‌باییه‌کی هه‌سته‌کان ده‌خاته‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی که‌س بۆی هه‌بێت هه‌ستی که‌سێکی دی بۆ هونه‌ر وه‌ک ناجوان دابنێت. ئه‌م به شمشاڵی شوان چێژ ده‌بینێت، ئه‌و به عه‌زیز وه‌یسی ده‌خرۆشێت، ئه‌و به خالقی مه‌ست ده‌بێت. ئه‌م حه‌زی له وێنه‌ی فریشته‌ی باڵداره، ئه‌و له ئیشی ئهبسراکت. ئه‌م رۆژانه چاوه‌ڕێی ته‌مسیلیه تورکیه‌که‌ی "خۆی" ده‌کات، ئه‌و هۆشسامه به سینه‌مای روسی. به‌ڵام ئێستێتیکهکان، که لێوه‌یان تیۆرییه ئه‌ده‌بی یان هونه‌ریه‌کان ئاوه‌ڵا ده‌کرین، ده‌ربازمان ده‌که‌ن له‌م گیرۆده‌ییه، چونکه به پرسیاری "هونه‌ر یان ئه‌ده‌ب چییه؟" هه‌قیقه‌تی ئه‌م بوونهوهرهمان پێده‌ناسێنن، ئه‌وجا هاوکات هه‌سته سروشتیه‌کان بۆ هونه‌ر ناسک‌تر ده‌که‌نه‌وه، ناڕاسته‌وخۆ پێوه‌ره‌کانی چێژبینینمان فێرده‌که‌ن و به‌مه‌ش توانستی بڕیاردانمان یان نرخاندنمان پتر شکۆفه ده‌کات. ئێمه نزیکه‌ی هیچ پێگهیاندنێکمان له‌م بواره‌دا نییه. له بنه‌ڕه‌تدا له‌م پێگه‌یاندنه‌وه ده‌شێت دوای فیربوونی رێساکانی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر (ئاخر ئه‌وان رێسایان هه‌یه و هه‌ڕه‌مه‌کی نین) فێرببین چۆن ئیشی چاک (جوان) و به‌رهه‌مهێنراوی ناچاک (ناجوان) بنرخێنین. ئاخر ئه‌وه ئیشی چاک یان به‌رهه‌مهێنراوی هه‌ڕه‌مه‌کی و ناچاکه که له کتێبه‌کاندا تۆمار کراون، له‌سه‌ر شانۆ یان له ته‌له‌ڤیزیۆندا نمایش ده‌کرێن، یان وه‌ک موزیک له‌سه‌ر هه‌ڵگری ئه‌له‌کترۆنی تۆمار ده‌کرێن.
جگه له‌وه ئێمه به‌ڕاستی گیرۆده‌ی ئه‌قڵیه‌تی ته‌مه‌ڵ و لاساییکه‌ره‌وه‌ی ئیسلامین که زانسته ئه‌وروپیه‌کان کتومت وه‌رده‌گرێت و له توێژینه‌وه‌ی زانکۆیی‌دا ته‌تبیقیان ده‌کات، به واتایه‌کی دی، به ده‌گمه‌ن کار بۆ ئازادیی هزر و رێگهبڕینی (واتا مێتۆدی) خۆیی هزرین کراوه که ئیتر فێرمان بکات چۆن نووسراو بخوێنینه‌وه، بینرخێنین و هتد. مامۆستایانی ئه‌ده‌ب راسته‌وخۆ، هه‌ر وا سووک و ئاسان، دابه‌شاندنی قۆناغه‌کانی مێژووی ئه‌ده‌بی ئه‌وروپیان وه‌رگرتووه و به‌سه‌ر مێژووی ئه‌ده‌بی کوردی‌دا به‌کاریان بردووه. بۆ نموونه هۆزانڤانانی وه‌ک خانی و نالی و مه‌وله‌وی و هتد ناوده‌نێن کلاسیکی، به‌بێ ئه‌وه‌ی پرسیاریان کردبێت که کلاسیک چییه، چۆن له ئه‌وروپا سه‌ریهه‌ڵدا، ئه‌وه هه‌روه‌ها چه په‌یوه‌ندییه‌کی به ئه‌ده‌بی کوردیه‌وه هه‌یه. کلاسیک بریتییه له بوونی ئیشه هونه‌ریه‌کانی رابردوو به نموونه بۆ به‌رهه‌مهێنانی هونه‌ریی سه‌رده‌مێک یان با بڵێین هه‌نووکه‌یی، به‌ڵام ئایا تا چه‌ند هۆزانڤانانی ناوبراو بوون به‌و نموونه‌یه؟ به‌ڵام با بوێرین پرسیارێکی هه‌نووکه‌یی بکه‌ین: ئایا ته‌مسیلیه کوردیه‌کان که له تهلهڤیزیۆدا ده‌یانبینین، هونه‌رن؟ من وه‌ڵام ناده‌مه‌وه که داخۆ هونه‌ر بن یان نه‌بن، به‌ڵام پرسیاره‌که گرنگه، چونکه به‌نده، هه‌میشه به‌نده، به به‌رهه‌مهێنانی هونه‌رییه‌وه. یان با پرسیار بکه‌ین سه‌باره‌ت به کتێب وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی تایبه‌تی. ئایا له چه‌ند ماڵی ئه‌م هه‌رێمه‌دا کتێبه‌کانی هۆزانڤانانی کۆن (خانی ونالی، سالم و هتد) به ریز له کتێبخانه‌یه‌کی بچووکی ژووری دانیشتن وه‌ک مایه‌ی شانازی به که‌له‌پوری کولتووریه‌وه دانراون؟ بۆیه جارێ پرسیاره‌که ئاڕاسته‌ی رۆڵی ئه‌م بوونه‌وه‌ره ده‌بێته‌وه که له‌نێو ئێمه‌دا هه‌یه. ئێمه تا ئه‌مڕۆ باوه‌ڕ ده‌که‌ین زۆر ئاسان په‌ی پێبه‌رین. ئاخر کێ له‌م وڵاته کتێب نانووسێت؟ که‌واته کتێبنووسین بۆ خه‌ڵکی ئه‌م وڵاته کارێکی زۆر ئاسانه. ئه‌مه‌ش پرسیارێکی توخمیه سه‌باره‌ت به به‌های ئه‌م بوونه‌وه‌ره لای ئێمه.
به‌ڵام با خوێنه‌ر به هه‌ڵه لێم تێنه‌گات. ئه‌مڕۆ زۆر زۆرتر له جاران کتێب ده‌خوێنرێته‌وه، ئه‌مڕۆ رێژه‌ی خوێنه‌ری جدی زۆر په‌ره‌ی سه‌ندووه، ئه‌مڕۆ پرسیاری هۆشه‌کیی جدی زۆر له جاران زیاتره. که‌واته ئه‌وه راست نییه خه‌ڵکی ئه‌م ده‌ڤه‌ره و به تایبه‌تی گه‌نجان داویانه‌ته به‌ری. ئێمه ئه‌م راستییه زۆر که‌م ده‌بینین، چونکه ژیان ئاڵۆز بووه، چونکه ژماره‌ی دانیشتوان و به‌مه‌ش گه‌نجان په‌ره‌ی سه‌ندووه، به‌ڵام نه‌قسه کرۆکیهکه له زانستی مۆدێرندایه که سه‌رله‌به‌ری کتێبه "چاکه‌کان"مان بۆ بکات به بابه‌تی توێژینه‌وه و به‌مه‌ش ئیدی بۆمان ساغبێته‌وه کێ نووسه‌ره و کێ ئه‌وه نییه.
به‌ڵام هه‌رچۆنێک بێت، کتێبه‌کان دۆکومێنتن بۆ هۆشی شێواو و ههڵپهکهری سه‌رده‌مێک، ده‌شێت رۆژێک، به‌دووی تێپه‌ڕبوونی چه‌ند نه‌وه‌یه‌کدا له ئه‌رشیڤه‌کان بهێنرێنه ده‌ره‌وه و توێژه‌ران به ده‌م کاره‌وه قا قا به هۆشه شیواوهکهی ئه‌م سه‌رده‌مه پێبکه‌نن، یان سه‌ریان سووڕ بمێنێت و ببێژن: "وه‌ی! ئه‌رێ ئه‌م هه‌موو سنگدهرپهڕیوه چییه له‌نێویاندا هه‌بوون؟!". ئاخر نه‌شیاوه بتوانین گومان له‌وه بکه‌ین، که ئه‌مڕۆ نێو جه‌رگه‌ی بازاڕه‌کان چۆنه، جیهانی کتێبیش ئه‌وهایه. که‌واته په‌یوه‌ند به کتێبه‌وه ئه‌م کێشه‌یه‌ش له‌گۆڕێیه.
ئه‌وجا ده‌شێت کت‌وپڕ له میدیاکانه‌وه هه‌واڵی سووتاندنی کتێبی هۆزانڤانێک ببیستین، رابچڵهکێین، په‌رچه‌کردار بنوێنین. له بنه‌ڕتدا زۆرتر په‌رچه‌کرداره‌کان مایه‌ی لێڕامانن، که‌متر روداوه‌که (که بێگومان وه‌ک گۆتم کردارێکی باش نییه). به دیدی من سوتاندنی کتێبی جه‌مال غه‌مبار له لایه‌ن گه‌نجێکی که‌لاره‌وه کردارێکی تووڕه‌ی ساویلکانه بوو، ئه‌و کوڕه نه‌یده‌زانی کرداره‌که‌ی وه‌ک "ئه‌کسیۆن" ده‌که‌وێته‌وه. ئه‌و کرداره بوو به ئه‌کسیۆن، چونکه سه‌ره‌نجامی خسته‌وه و زۆر که‌سی ئه‌م "کورده ئیگنۆرانته"ی هێنایه گۆ. ته‌نانه‌ت له‌نێو زۆر کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌ی به‌ڕێکه‌وت و هه‌ڤاڵاندا باس ده‌کرێت. مرۆڤ وه‌ک له‌گه‌ڵ و دژ، وه‌ک کۆمێنتنووس بۆ تێبینیی دۆستێکی یان که‌سێک له فه‌یسبوکدا هه‌ڵوێست پێشان ده‌دات. ئه‌م روداوه له بنه‌ڕه‌تدا زۆر ئاڵۆزه. ئاخر پرسیاره‌که ئه‌وه‌یه که بۆچی گه‌نجێک به‌ڕێی سوتاندنی کتێبه‌وه داخی دڵی خۆی هه‌ڵده‌ڕێژێت. له رۆژانی رابردوودا به چه‌ندین شێوه‌ی جیا وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره دراوه‌ته‌وه، به‌ڵام ئێستا پرسیاره‌که ئه‌وه‌یه که تا چه‌ند ئه‌و کاره پتر وریای کردینه‌وه، تا چه‌ند گه‌یاندینی به‌وه که له ئاگاییه‌وه چییه‌تیی ئه‌و بوونه‌وه‌ره بنرخێنین که ناو ده‌نرێت کتێب. ئایا تا چه‌ند له هۆسه‌ی رۆژانه هێناینیه ده‌ره‌وه، تا چه‌ند خستینیه دۆخێکه‌وه که لێوه‌ی ده‌رک به پرسێکی گرنگ بکه‌ین: ئیدی پێویسته به جدی رووبکرێته نووسراوه‌کان، گه‌ره‌که به جدی پرسیار بکرێت که داخۆ ئه‌وان چی بن، که بۆچی ئه‌وها یان ئه‌وها بن؟ ئایا ئه‌وه‌یه‌ک به‌ڕاستی ئه‌وه‌یه که ئه‌وی پێداده‌نرێت؟ له کۆڕ و پێکه‌وه دانیشتنه‌کاندا، له قاوه‌خانه یان له‌سه‌ر مێزی نادی زۆر ده‌گۆترێت، ته‌نیا له کتێب‌دا زۆر که‌م به‌جدی له‌سه‌ر کتێب قسه ده‌کرێت. کتێبه‌کانی خۆمان! مه‌هزه‌له‌ی مۆدهگهری هه‌میشه له بواری کولتووریدا کارا بووه، بۆ نموونه ئه‌مڕۆ لای ئێمه ناوی نزیکه‌ی سه‌رجه‌م هزرڤانانی به‌واتا و نیمچه به‌واتای خۆرئاوا ده‌زانرێت، که‌چی شاره‌زایانی ئه‌و ناوانه به‌ده‌گمه‌ن له ئه‌ده‌بی خۆماندا قووڵ ده‌بنه‌وه. ره‌نگه ئه‌وه‌یان پێ شووره‌یی بێت، ره‌نگه بترسن وه‌ک دواکه‌وتوو ناوزه‌د بکرێن. که‌واته جارێ به‌های کتێب خۆی له‌ژێر پرسیاردایه، جارێ ده‌بێت دێبات به‌ربخرێت سه‌باره‌ت به‌وه که داخۆ ئێمه چه ئاگاییه‌کمان بۆ هۆشی تۆمارکراوی نێو کتێب هه‌بێت، هه‌روه‌ها چۆن ده‌گه‌ین به پێوره‌کان بۆ نرخاندنی نووسراوی نێو کتێب. که‌واته ئه‌وه به‌س نییه که ئێمه ته‌نیا حه‌زمان له ئه‌ده‌ب و هونه‌ر بێت، له حه‌زه‌وه خوێنه‌ر یان لێڕوانه‌ر یان بیسته‌ر بین، به‌ڵکو گه‌ره‌که ئه‌ده‌بناس و هونه‌رناس بین.