کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


گەردەلوولی دۆلار

Saturday, 30/03/2013, 12:00


هەر لە(ئەمین زەگی بەگ، کەمال مەزهەر، هەژار موکریانی، فەرهاد پیرباڵ، شێرکۆ بێکەس، بەختیار عەلی و هاوڕێکانی، ڕێبوار سیوەلی و تا جەلیل زەنگە) ئەمانە ئەو نووسەر، مێژوونوس، ڕۆمانووس، چیرۆكنووس ، شاعیر و بەناو ڕۆشنبیرانەی کوردن، کە وەك خۆرکە داویانه‌ لەجەستەی گەلێکی ناهۆشیار، نەخوێندەوار، کڵۆڵ، لەبەرخاتری جەرتەیەك پارە و دۆلار، مێژوو و داهاتووی میللەتی کورد سەرەو ژوور ئەکەنە و تاوانیان گەلێک زیاتره‌ لە هی دوژمن.
لە ئەڵقەی 5 ی گەردەلوولدا، باوکی (سیڤەر)، کە یەکێکە لەو کوردانەی دوای ئاشبەتاڵەکەی مەلا مستەفا بۆ شاری دیوانیە ڕاگواستراوەتەوە و  مامۆستایەتیە لەوێ، تەنها بەسەردان ئەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ لای خێزانەکەی لە سلێمانی.. ئەم باوکە ئاوا لە یەکێک لە نمایشەکانییدا ئەدوێ:
(من ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕق ئەستورتر ئەبم بەرانبەر بەڕژێمی بەعس، لێرە 8 هەزار بەرزانی لێیە و سوکایەتیان پێ ئەکرێ و ئیهانە بەجامانە سوورەکانیان ئەکرێ و داوایان لێ ئەکرێ کە کچەکانیان لە عەرەب مارە بکرێ.. بەڵام ئەم 8 هەزار بەرزانیە، ئەوەندە خۆڕاگر، تەبا و ئازان، کە ئەوەندە یەکێتییان تێدایه‌ و خۆڕاگران، بەهیچ جۆرێ دوژمن ناتوانێ زەفەریان پێببەن، منیش دوای ئەوەی ئەم هەمو ئازایەتیەی بارزانیەکان ئەبینم لێرە، زیاتر ڕق ئەستوورتر ئەبم و ئامادە نیم ببم بەبەعسی).

جەلیل زەنگە، مێژووی تەنها 35 تا 40 سالێکمان بۆ باس ئەکات و ئەیەوێ پێمان بڵێ کەوا بارزانیەکان نمونەی جوامێری و ئازایەتی و خۆڕاگری و بەرخوادان بوون، کاتێ ڕاگواسترابونەوە بۆ شارەکانی خوارووی عێراق.
ئەم کەڵە چیرۆكنووسە و بەویژدانە لەباتی ئەوەی ڕووداوەکانی دوای ئاشبەتاڵ بەباشی و بەڕاستی بڵاو بکردایەتەوانێ و بهاتایە و ئەو ڕاستیانەی وەک خۆی هەبوون تۆماری بکردنایە و بەبێ ئەوەی نەوەی نوێ زیاتر هەڵنەخەڵتێن و خۆڵ نەکرێتە چاویان. هاتووە ئەوەی ڕاستییە نایڵێت و هەڵەکان و چەوتییەکان وەك نوقڵی شەوی بەهار بەسەر بینەران و نەوەی نوێدا ئەبارێنێ. ئاخر کێ هەیە نەزانێ دوای ئاشبەتاڵ بنەماڵەی بارزانی و خودی مەلا مستەفا بڕی 10 ملیۆن دۆلاری میللەتیان دزی و ڕایان کرد بۆ ئەمریکا.. ئەمە جگە لەوەی ئەوانەی کە نەیان توانی بەرەو هاندەران بچن، زۆرینەیان لە کەرەج و ئێران مانەوە، ئێتر لە کوێوە ئەو 8  هەزار بەرزانییە بەرەو شاری دیوانیە بران و لەوێ داستانی قارەمانی و بەرخودانمان بۆ تومار بکەن.

فەرهاد پیرباڵ لەکاتی دەنگدانەکانی 2009 دەنگی بە سەرۆکی تەزویر دا و ئێستاش جەلیل زەنگە یەك ڕەشکە دۆلاری وەرگرتوە لە پای ئەوەی بارزانیەکانمان وەك پاڵەوان بۆ نمایش ئەکات و پێمان ئەڵێت ئەوا کاتی دەنگدانیش نزیك بۆتەوە و هەقی خۆیەتی منیش لەڕێگای گەردەلوولەوە هیچ نەبێت چەند دەفتەر دۆلارێك حەپەلووش بکەم.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە