عەدالەت عەبدوڵاش لاسایی كۆسرەت ئەكاتەوە؟!
Thursday, 26/02/2009, 12:00
1835 بینراوە
عەدالەت عەبدوڵای سكرتێری نوسین لە رۆژنامەی كوردستانی نوێ ئیستیقالەی پێشكەشی مەكتەبی راگەیاندن كرد، وەك لە هاووڵاتیدا بڵاوی كردۆتەوە گوایە لە كوردستانی نوێدا عەدالەت نییەو رەخنەی لە كاوە عەبدوڵای سەرنوسەرو شێركۆمەنگوری جێگری سەرنوسەر هەیەو بە رێگر تەماشایان ئەكات بۆیە تەحەمولی ئەو رەوشە ناتەندروستەی نەكردووەو هاتۆتە دەرێ، رێك ئەم ئیستیقالەیە وەك ئیستیقالە شەرمنەكەی كاك كۆسرەت دێتە بەرچاوم، ئێ وایە عەدالەتیش لالەبلەبانەو وەك كۆسرەت گەمەی داشەكان ئەكات، بەڵام هەردوكیان یەك فیگۆری سەقەتن لە دونیای سیاسەت و نوسینداو لێبوونەتەوە، عەدالەت شەلەلی فكرو سەداقەت و جوامێری و راستی ووتنی هەیە.
سەیرە تازە بەتازە كاك عەدالەتە تاریكبین و بیرتەسكەكەی كوردستانی نوێ تێئەگات كوردستانی نوێش خەراباتەو وەك مەكتەب سیاسیەكەی ینك وایەو پڕپڕە لە تەكەتول كە شانامە نەما نەینوسێ بۆ مامە، ئەی پێش تۆ برالەی بێ خەبەر، چەندینی وەكو كەژاڵ ئەحمەدو ئازاد سدیق و ستران عەبدوڵاو عەتا محمدیان دەرنەكرد؟ عەدالەت ماوەیەك وا خۆی تیژكردبوویەوە كە جاری وا هەبوو لە یەك ژمارەی كوردستانی نوێدا بە چوار بابەت نمایشی ماسولكەكانی خۆی ئەكرد بە ناوەكانی سكرتێری نوسین و چاودێرو عەدالەت و عەدالەت عەبدوڵاو گەرمیانی، وای ئەزانی بەم نوسینە پراڤدایی و دیماگۆگیانە كە لە زۆربەیاندا راستیەكانی لە خەڵك و یەكێتیە پاكەكان ئەشاردەوە، كێرڤی دڵسۆزی خۆی بۆ یەكێتی بەرەو هەڵكشان دەچێ، وای ئەزانی تیۆریسەنی كوردستانی نوێ هەر خۆیەتی و هەر خۆی لا ئەكادیمی بوو ئەوانی دی ناو نابوون قەڵەم تەقلیدیەكانی حیزب، یان جارێك ووتی قەڵەمی حیكایەتەكانی حیزب، لە كوردستانی نوێ عەدالەت باش پێشكەوت بەهۆی ستایش و ماستاوە بێتامەكانی بۆ باڵی مام جەلال و مەلا بەختیارو جارجاریش دەیویست فەراغی جەماڵ عەبدوڵای زوڕناژەن پڕ بكاتەوە لە كوردستانی نوێ و دەمیشی ئەكوتی لە پشتگیری حكومەتی گەندەڵ، ویستی بە رێگاكەی جەمال عەبدوڵادا بروات تا ئەمیش تۆزێ ووتەبێژی حكومەتی بكات،
نوسەری مۆدێرن و ئەكادیمیك، ماستاو ساردكردنەوە، خۆ گیڤكردنەوە، گەرمیانیچێتی، غرورو كیبری لادێییانە لەخەسڵەتەكانی عەدالەتن، ئەوەندەی عەدالەتی بنەماڵە بوو عەدالەتی عەبدی خوا نەبوو، ئەو ماوەی پێشووە وەك ئەوەی كە نانی شوانی خواردبێت تەعنی گرتە ووتەبێژەكەی كۆمپانیای ووشە، كە ئامۆژگاری ئەكرد بۆچی نایانەوێت لەگەل مەلا بەختیار مونازەرە بكەن؟ خۆی لە گێلی ئەدا بەبێ ئەوەی بزانێ گرفتە ستراتیژیەكانی كورد چین؟ ئەم هەزەلیە نوسەرە ئەوكات لە كوردستانی نوێ ووتی با لەسەر گرفتە ناستراتیژیەكان مونازەرە بكرێت قەیدی چییە؟ رۆژێكیش لە كوردستانی نوێ وتبووی ئەبێ بتی نەوشیروان بشكێنم وەك چۆن نەوشیروان كاتی خۆی بتی مەلا مستەفای شكاند،...!؟ سەیركەن ئەم عەدالەتە هەزەلیە چۆن خۆی لێ بوەتە شەبەح و ئەیەوێت وەك ئارام و نەوشیروان و مەلا مستەفا خۆ بنوێنێ، نازانین چۆن خۆی هەڵواسی بە باڵای رۆژنامەگەریداو لە بەدبەختی یەكێتی خۆی كردبوو بە دەمراست و لەسەر كۆی دیاردەو دەركەوت و پێشهات و شتێ قسەی ئەكرد، وەكو دڕكی مەم و زین ئەكەوتە نێوان كەسایەتیەكان و كوتلە ناكۆكەكانی یەكێتی و هەر جارەش ماستاوی بۆ كەسێ ئەكرد و ئێستاش لە لایەك ماستاو بۆ مەلا بەختیار ئەكات تا پارەكەی لە مەكتەبی رێكخراوەكان بۆ زیادكات و نەیبڕێ و لە لایەكی تریشەوە شەرمنانە ئەیەوێت نەقدی نەوشیروان مستەفا بكات و خۆی ووتەنی "چەمك یان كۆنسێبپی مەعریفی و ئەبستمۆلۆژی بە مانا فۆكۆییەكەی لە سیاقی شاردا" بۆ راست بكاتەوە.
لە تازەترین هەنگاویشیدا كوردستانی نوێی بەدڵ نیەو وا ئەزانێ كوردستانی نوێ شوێنی ئیسراحەتەو ئوتێلی 5 ئەستێرەیە، هەر ئەوەندەی پێ ئەڵێم زۆر نەبوو كاتی خۆی ئەو هەموو شانامەو تەفسیرە نالۆجیكی و تەئویلە سەقەتە ئایدۆلۆژیانەت ئەكرد بەباڵای یەكێتیدا؟ هەی نوسەری خاوەن پەیام رۆژێ لە رۆژان یەك ووتارت نوسی لەسەر گەندەڵیەكانی بنەماڵەی مامەو كاكەو حیزبەكەت تا رۆحت ئاسودە بكەیت لە ئێستای تەنهاییتدا بگەنە فریات، ئەی ئێستا خەڵك چۆن باوەر بە تۆ بكەن كە راست ئەكەیت و ململانێی شەریفانەت هەیە لەگەڵ ستافەكەی كوردستانی نوێ و شتی دیكە نیە؟