دکتۆر مەریوان ووریا قانع لە ساڵی 1989دا
Friday, 06/01/2012, 12:00
کوڕێکم ئەوێت کوڕی مەیدان بێت
بۆجێماوی خۆی پیشەی گریان بێت
بۆ گەلو هۆزی قۆچی قوربان بێت
لەڕێگای خەبات ڕاست و ڕەوان بێت
(قانع)
ئەم چیرۆکەی ساڵی 1989 گومان لە بیروڕا و بۆچوون و هەڵوێستی ڕابردوو و ئێستای کاك مەریوان دروست ئەکات، لە کاتێکدا، ئەم چیرۆکەی باسی لێوە ئەکەم بەتەواویی هیچ بۆ من جێناهێڵێت لەوەی، بۆچی هەنووکە چۆن ئەیەوێ لەو هەڵمەتە بەشدار بێت، کە وەك عێراقچییەك بیر لە کورد لە چوارچێوەی عێراقدا بکاتەوە؟ ! گەر لەڕابردوودا وەك کوردێکی هەژاری زوڵم لێکراو، خاوەن پاشخانێکی فراوانی ڕۆشنبیری کوردی و کەلتووری هونەری ناسیبێتم، ئەوا ئەبێ کاك مەریوان بەڕاشکاوی پێمان بڵێ، ئەوە چیە وای لێکردوە ئەم هەڵوێستە نوێیەی ساڵی 2012 ی پێباشتربێ لەجیاتی ئەوەی ساڵانی هەشتاکان.
ساڵی 1989 ئەو کاتەی من و کاك مەریوان لە زانکۆی موستەنسریە بوین، ئەو خەریکی خۆ ئامادەکردن بوو بۆ وەرگرتنی ماستەر لە ئابووریدا، منیش کۆتایی ساڵی چوارەمم بوو لە بەشی وێژەیی زمانی عەرەبی، وەك ئاشکرایە پێش تەواوبوون ئەبوو هەر خوێنکارێك نامەیەکی بنووسیایە و دواتر لەلایەن چەند مامۆستایەکەوە ووتوو وێژی لەسەر بکرایە و هەڵبسەنگێنرایە و بەو پێیە نمرەی دەرچوون دەست نیشان ئەکرا. دیارە کە باسی کۆتایی ساڵانی هەشتاکان ئەکەین ، ئەوا ساڵانی کیمیایی بارانکردنی شارو گوندو شارۆچکەکانی کوردستان و سەرەتای شاڵاوی ئەنفال و جینۆسایدەکانە. نەك هەر ئەمە، بەڵکە ئەو کاتە ئەوەندە زەحمەت و ناخۆش بوو، کە گەلی کورد زۆرترین مەترسی فەووتاندنی لەسەر بوو. بۆیە هەر لەوکاتەدا سەرۆك و سەرکردەکانی کورد، بەتایبەتی (تاڵەبانی و بارزانی) پێش دەستپێکردنی ئەو شاڵاوانە، کوردستانیان جێهێشت و بەمەبەستی کوردایەتی ڕوویان کردە ئێران و ئەوروپا و نەهاتنەوە تا هەموو کورد کوردستانی لە سوپا و حزبی بەعس پاكکردەوە.
یەکێک لەو خەسلەتە مەزنەی گەلی کورد هەیەتی و شایەنی ئەوەیە باسی لێوە بکرێ، لە کاتی نەهامەتی و ناخۆشیدا چۆك دانادا، ئەو کاتەی کورد گەیشتبێتە ئەو پەڕی نائومێدی و بێهیوایی، ئەو کاتە نەعرەتە و بوێری چەند کەس و کۆمەڵێك لە ئاسۆوە سەری هەڵداوە و دوژمنانیان تیا ماخۆلان و بێحەوسەڵە کردووە. هەر بۆ نمونە دوای ئاشبەتاڵ، کۆمەڵەی ڕەنجدەران توانی ئەو بێهیواییە بگوڕێ بە هیوا و ئاوات و سەرهەڵدانەوەی شۆڕش و بڵندکردنەوەی مەشخەڵی کوردایەتی. بەهەمان شێوەش، ئەو کاتەی سەرکردەکانی کورد لە دوا ساڵەکانی 1988 و 1989 فجوقیان کرد و تێیان تەقاند و پێشمەرگە و گوندنشنیان بێ باوك و بێ دایك و بێ شوان جێهێشت، چەندین کەسانی کوردپەروەر و نیشتمانخواز توانیان ئەو نووزە کەمە برەو پێبدەن و نەهێڵن لەناو بچێ.
دیارە چیرۆکەکە لێرەوە دەست پێئەکا، کاتێ وویستم نامەی دەرچوون بنووسم، ڕاوێژێکم بە کاك مەریوان کرد و ئەویش خۆشبەختانە هاوکاریی کردم لە دەوڵەمەندکردنی بابەتەکە و پێدانی چەندین دۆکیومێنت کە بووە هۆی ئەوەی نامەکە جێی ڕەزامەندی دکتۆر و مامۆستاکان بێت بە گەشتی (کە هەمویان عەرەب بوون) و کاك مەریوان و منیش بە تایبەتی. بیرۆکەی نامەکە بریتی بو لە کورد و کوردستان لەڕوانگەی هۆنراوەکانی شاعیری گەورەی کورد (قانع)، وەك ئاشکرایە کە قانعی شاعیر ژیانێکی گەلێ سەخت و دژوار ژیاوە و تا ئەوکاتەی مردیش بەو پەڕی سەربەرزیی و خاوەن هەڵوێستی کوردانەوە ژیا... بۆیە بۆ من ئەو بابەتە ، کە بۆ ئەو کاتە گەلێ ئاسان نەبوو خوێنکارێکی کورد کە بەعس دەستی خستبوە سەر قوڕقوڕاگەی و چەقۆی لە ملی هەموان ئەسواند، بنووسیایە. بۆیە گەلێ دڵخۆش بوم بەوەی کە لەو کاتە ناسکەدا بتوانین خزمەتێ بەگەلەکەمان بکەین و نەیەڵین لە نوزەی بخەن. بۆیە بەڕاستی لام سەیرە کاك مەریوان ئەو کاتە ئاوا بیری ئەکردەوە و ئێستاش واژوو لەسەر کەمپینێک ئەکات، کە سەد دەرسەد دژی خواستەکانی خۆی بووە لەکاتی ڕابردودا. تۆ بڵێی عێراقی سەدام حسێن و مالکی و ئەوانەی دوای ئەوان دێن هیچ جیاوازیەکیان بۆ کورد هەبێ؟ یان تورکیای ئەتاتورك و ئەردۆگان بۆ کورد هیچیان لەیەکتر جیاوازتربن؟ خۆ ئێرانی شای عیلمانی و خومەینی ئیسلامی بەهەمان شێوە نین بۆ کورد! دەبا کاك مەریوان وەڵامێكمان بداتەوە لەو گۆڕانکارییەی ساڵانی هەشتاکان و هەنووکە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست