تۆ سه‌ری " باوه ئاده‌م " ، هێنده مهمان کوژن!
Thursday, 29/01/2009, 12:00
1801 بینراوە
به‌ناوی کوردستانی گه‌وره
تاران - 9/11/ 2708
به لای که‌مه‌وه به پێی ئه‌و کتێبه ئایینیانه ، که هی پێغه‌مبه‌رانی رێڕه‌وی برایم پێغه‌مبه‌رن ، ته‌واوی به‌ره‌ی مرۆڤ منداڵی "ئاده‌م"ن ، که عاره‌ب کوته‌نی پێیان ده‌ڵێن : "بنیاده‌م = به‌نی ئاده‌م " .
ره‌نگه ژماره‌ی بنیاده‌م به ناو زیندو له‌سه‌ر گۆی زه‌وی ، ئێستا نزیک له لێواری ئه‌ژمارده‌ی 7 میلیارد که‌س بووبێته‌وه . ده‌توانین بڵێین ئه‌م 7 میلیارد که‌سه ، ره‌نگه 99 له سه‌دی ئهندامگهل و ماشینی سه‌ره‌کی له‌شیان وه‌ک یه‌ک وان و تۆفیرێکی ئه‌وتۆیان نیه ، بۆ وێنه هه‌مو یه‌ک دانه مێشک ،دو دانه چاو ، یه‌ک لووت ، دو گوێ ،یه‌ک ده‌م ، دو پا ، دو ده‌ست و ... یان هه‌یه.
چه‌ند تۆفیری زۆر که‌م که له‌گه‌ڵ یه‌ک دا هه‌یانبێ ، له ره‌نگی پێست ، زمانی ئاخه‌فتن ، ئایین و نه‌ریت و شتی وا دا بێ ، تازه ئه‌و زمانانه‌ش که تۆفیریان هه‌یه ، پاکیان به له‌ته گۆشتێک ئاخه‌فتن ده‌که‌ن ، که له نێو ده‌م دایه و پێی ده‌ڵێن " زمان" . زوربه‌شیان ددان به هه‌بوونی چه‌شنه خودایه‌ک(خوداگهلێک) دا ، ده‌نێن . تازه زوربه‌ی ئه‌وانه‌ش که " ماتێڕیالیستن " بڕوایان به چه‌شنه هێز ، پێک هێنه‌ر و شتێکی وا هه‌یه ، که سیستمی جیهانی پێک هێناوه و به‌ڕێوه‌ی ده‌با - که‌متا کورتێکی وا هه‌ن ، که ئه‌مه به رێکه‌وتێکی بێ به‌رنامه و به هه‌ڵکه‌وتێکی هه‌ڵه بزانن .
جا به‌م حه‌یس و به‌یسه‌وه که وه‌بیرم خسته‌وه ، هه‌ر که‌سێک به پێی زۆر و توانای خۆی ، وه‌ک سه‌رۆک هۆزه‌کانی سه‌ده‌گه‌لی نێوه‌ڕاست ، به پاڵهپهستێ هێندێک له گۆی زه‌وی بڕ داوه و ناوی ناوه وڵاتی فڵان وفیسار و له‌وانه‌یه بڵێم، زۆریشیان مێژوی ساختهگیان بۆ ئه‌و وڵاتانه دروست کردوه که زوربه‌یان وه‌ک ئه‌فسانه وان . ئه‌گه‌ر بڕوانینه خه‌ریته (نه‌خشه) ی وڵاتانی جیهان ، گشت سنووره کانیان وه‌ک گوریسی نێو ههمانهوان ، به ده‌گمه‌ن نه‌ختێک هێڵی راستیان تێ دا نابینی ، مه‌گه‌ر بڕێک زه‌وی بووره و به‌یار له بیابانی رۆژهه‌ڵاتی باشووری ئافریقا ، که چون قاقڕ و به‌کار هیچ نه‌هاتوه ، به چه‌شنی زه‌وی پێوی (هه‌نده‌سی) ، به هێڵێکی راست سنووره‌که‌یان کێشاوه ! .
ده‌بێ بشزانین ئه‌م سنوورانه ، هیچیان ده‌ستکردی خودا نین ، خودا چاوه‌ڕێیه گه‌لان بۆ خۆیان سنووری خۆیان بکێشن . ئه‌گه‌ر بڕوانینه خه‌ریته‌ی رامیاری زوه‌ی ، هه‌ر سه‌د ساڵ جارێک ئه‌م خه‌ریته‌یه وه‌ها ده‌گۆڕرێ ، ناسینه‌وه‌ی کارێکی ئاسان نیه !
له‌م نێوه دا ، هه‌ر گه‌لێک که زۆر و گوشاری نه‌بوه یا ئاشتی خواز بوه و داگیرکهرنهبوه - وه‌ک گه‌لی کورد - بسته خه‌ریته‌یه‌کی فه‌ڕمی نیه و هه‌میشه کردویانه به پارسه‌نگی ته‌رازو ، لامژی رامیاری و به قه‌ره (ره‌شایی) جیهانی و به کورتی سه‌ری بێ کڵاو ماوه‌ته‌وه.
ئه‌و راسته‌قینانه‌ی که له سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێ کردن ، هیچیان حاشا هه‌ڵگر نین و تا راده‌یه‌کیش، خه‌ڵک له‌گه‌ڵیان دا داهاتوون ، به‌ڵام شتێک که زۆر جێی داخ و که‌سه‌ره و ده‌بێ باوه ئاده‌م یا زانستی تر بڵێم " سیستمی خولقێنه‌ر" (نیزامی ئافهرینش) گریانی به کرده‌وه‌ی مرۆڤ بێ، ئه‌و هه‌مو کوشت و کوشتاره‌یه، که به‌و رۆژگاره له‌م به‌ستێنانه‌ی خواره‌وه دا دهیبانبینین و ده‌یانبیستین:
- کوشتاری ئایینی .
- کوشتاری ره‌گه‌زی .
- کوشتاری رامیاری .
- کوشتار بۆ وه‌ده‌ست هێنانی سه‌رۆکایه‌تی و پلله پایه .
- کوشتار له پێناوی پاره و سامان دا .
- کوشتاری به ناو نامووسی و چی و چی ... .
بۆ ئه‌وه‌ی وته‌کانم به پێی به‌ڵگه بسه‌لمێنم ، بڕواننه بارودۆخی ئه‌و بنیاده‌م کوژیانه‌ی که ئێستا له دهڤهرگهلی جۆربه‌جۆری قوڕنه‌ی ئاسیا وئافریقا ، هێندێک جێگه‌ی ئوووپا ، ئامریکای نێوه‌ندی و ته‌ناته، تاقل و تۆقل له قوڕنه‌ی ئوستڕالیا به‌ڕێوه ده‌چێ .
ئایا کاتی ئه‌وه نه‌هاتوه ، که ئه‌م شهڕوشۆرانه دابکوژێن وا نه‌بێ، که ته‌نانه‌ت گورگ و پلینگه کان ، تانه له مرۆڤ بده‌ن؟
با وه‌ک مشتێکی چکۆله له گشتێکی زل، وێنه‌یه‌کی زۆر سه‌یرتان له‌و مرۆڤکوژیانه وه‌بیر بهێنمه‌وه ، که هه‌ر گامێشێ بیبیستێ ، شاخی چه‌ند گه‌زی دیکه درێژ تر ده‌بێته‌وه : خه‌ڵیفه ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان ، که له هێندێک له شه‌ره‌کانی دیکه دا به ناو ده‌بێته ردێن سپی و ناونجی که‌ر، بۆ خۆی خه‌ڵکی بێ سووچ و تاوانی کوردی قه‌ندیل بۆمبارانی کیمیایی و فڵان وفیسار ده‌کا و ده‌ڵێی مێشێکیش نهیگهستوه ؟. ده‌ڵێن که‌چه‌ڵ ئه‌گه‌ر دوکتور بوایه، ده‌رمانی سه‌ری خۆی ده‌کرد! کامه ناونجێ؟
تۆ سه‌ری باوه ئاده‌م هێنده مهمان کوژن .