کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گه‌یشتن به‌ مافی چاره‌ی خۆنووسین بۆ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ته

Saturday, 12/02/2011, 12:00



ئا له‌م کات وساته‌دا که‌ پشتگیری نێو ده‌وڵه‌تی هه‌یه‌ بۆ ناڕه‌زایه‌کانی سه‌رشه‌قام وده‌نگی ئازادیخوازان له‌دیلی وچه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی وژێر ده‌سته‌ی وکۆیلایه‌تی سته‌می حوکم ڕانی دیکتاتۆره‌کان وله‌رزینی په‌یکه‌ری ده‌سته‌ڵاتیان وهه‌نگاونان به‌ره‌و دیموکراتیه‌ت و شارستانیه‌ت ولێ که‌وتنه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆی باشووری سۆدان و هه‌ڵهاتنی زین عابدین سه‌رۆکی تونس وده‌ست به‌رداری موباره‌ک له‌ سه‌رۆکایه‌تی وبه‌رده‌وامی خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌کانی هه‌ندێ ووڵاتانی تری عه‌ره‌بی ، هه‌موو ئه‌م ڕووداو گۆڕانکاریه‌ چاوه‌ڕوان نه‌کراوانه‌ ، ده‌رفه‌تێکی تره‌ بۆ ئه‌وه‌ی گه‌لی کورد که ‌ده‌نگی نه‌ته‌وه‌یی ڕه‌وای خۆی هه‌ڵبڕێ بۆ گه‌یشتن به‌و مافه‌ ، دیاره ‌ئێمه‌ پێش گه‌لی سۆدان ئه‌م هه‌نگاوه‌مان ناوه‌ وه‌ کورد له‌ ڕابردوودا، ته‌نها جیاوازیه‌ک له‌ مابه‌ینماندا هه‌بێ ئه‌وان له ‌دوای ڕێکه‌وتن نامه‌یه‌کی فه‌رمی نێوان حکومه‌ت وسوپای ڕزگاری سۆدان و ته‌واوبوونی واده‌که‌ی توانیان ئه‌م پرسه‌ بخه‌نه‌وه‌ به‌رده‌ست وبه‌ره‌وسندوقی ده‌نگ دان بڕۆن و داوای جیابوونه‌وه‌ بکه‌ن، به‌ڵام گه‌لی کورد له‌ باشووری کوردستان له‌ ساڵی 2005 له‌ ڕیگای بزووتنه‌وه‌ی ڕیفراندۆم له‌ باشووری کوردستان ، له‌ کاتی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق وخولی دووه‌می په‌رله‌مانی کوردستان له‌یه‌ک کاتدا له‌ ڕاپرسیه‌کی گشتی ڕیفراندۆم به‌ ڕێژه‌ی 98% ده‌نگی بۆ سه‌ربه‌خۆیی داو ئه‌نجامی ئه‌م ڕاپرسیه‌ له‌ڕێگه‌ی په‌رله‌مانی کوردستان وه‌ک دیکۆمێنت و ڕای گه‌لی کوردستان ڕه‌وانه‌ی(یوئێن) کرا ، وبه‌ هه‌رچ بیانویه‌ک بێ هیچ به‌ دوادا چونێک نه‌کرا بۆ سه‌رخستنی ویست وداوای خه‌ڵکی کوردستان له‌ باشوور، هۆکاره‌که‌ش ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ چی تا ئێستا هیچ زانیاریه‌کی پێویست له‌وباره‌یه‌وه‌ نیه‌ ته‌نها لێ که‌وتنه‌وه‌ی ئه‌م عێراقه‌ نوێ یه‌ نه‌بێ که‌ تا ئێستا دانی به‌ سنوور و گه‌ڕانه‌وه‌ی ناوچه‌ دابڕواوه‌کاندا نه‌ناوه‌و وه‌ک کێشه‌یه‌کی هه‌ڵواسراوماوه‌ته‌وه‌، ده‌بوو ئێمه‌ی کوردیش له‌ دوای بڕیاردانی ماده‌ی 140 و واده‌ی ته‌واوبوونی، کورد بڕیاری خۆی بدابه ‌یه‌ک هه‌ڵوێستی بۆ ده‌سته‌ به‌رکردنی ئه‌م ماف وپرسه‌ به‌ ڕاپرسی وهه‌نگاونان به‌ره‌و سندوقی ده‌نگدان ویه‌کلاکردنه‌وه‌ی کێشه‌ی کورد له‌و جه‌نجاڵه‌ی عێراق که‌ زۆربه‌ی زۆری زلهێزه‌کانی جیهانی به‌خۆیه‌وه‌ سه‌رقاڵ کردبووکه‌ ڕاسته‌وخۆ و لا به‌لا له ‌هه‌واڵ و ووورده‌کاریه‌کانی ئاگاداربوون .
وه‌ مێژووی ڕابردووی خوێناوی کوردیشیان له‌به‌رده‌ست دابووکه‌ تا ئه‌و کاته‌ چه‌ند غه‌دری مێژووی لێ کراوه‌، ڕاسته‌ زلهێزه‌کان له‌ ئاست به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیان بێ ده‌نگی وه‌ یاخود ئێمه‌یان هاندابێ بۆ پێکه‌وه‌ ژیانی عێراق وجیانه‌بوونه‌وه‌مان ،به‌ڵام ده‌کرا له‌ پاڵ ئه‌م پاڵه‌په‌ستۆیه‌ ڕێکه‌وتنامه‌یه‌کیان مۆرکردایه‌ هه‌روا به‌ سانای و دڵ سافی ته‌سلیم به‌ ئیراده‌یان نه‌بوونایه‌ وخواست و ویستی خه‌ڵکی خۆیان له‌به‌رچاو بگرتایه‌ که‌ دواتر لێ پرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵا نه‌که‌ن که‌ ده‌م ڕاست و سه‌رکرده‌یان بوون له‌ بڕیاردانی مافه‌ چاره‌نووس سازه‌کان .
له‌ دوای ئه‌و هه‌مووساڵه‌ش عێراق هه‌ر وه‌کو خۆیه‌تی ڕاسته‌ سیستیمی حوکم ڕانی گۆڕاوه‌ به‌ڵام هزروفیکری شۆڤێنیستی عه‌ره‌ب هه‌ربه‌رده‌وامه‌ چ شیعه‌ بی یان سونی ، نازانم سه‌رکردایه‌تی کورد چاوه‌ڕوانی چی له‌و عێراقه‌ ده‌که‌ن که‌ لێ ی سه‌وزبێ ،مانه‌وه‌ی کورد له‌وعێراقه‌ هێنده‌ی تر سنووری کوردستان ته‌سک ده‌کاته‌وه‌ کات له‌بیری کورد ده‌باته‌وه‌ که‌ هه‌ندێ ناوچه‌ هی کوردنیشین بووبێتن ده‌با پێکه‌وه‌ به‌ره‌وکه‌مپینی ڕاپرسی و دواتر به‌ره‌وسندوقی ده‌نگ دان بچین بۆ دیاری کردنی مافی چاره‌ی خۆنووسینمان، ئه‌ویش به‌ هاوکاری حکومه‌تی هه‌رێم وپه‌رله‌مانی کوردستان پاڵپشت بن له‌م داوایه‌ وناساندنی ئه‌نفال وهه‌ڵه‌بجه‌ به جینۆساید ده‌رگایه‌که‌ بۆ گه‌یشتن به‌سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌یمان، ئه‌گه‌ر سه‌رکرده‌کانمان له‌گه‌ڵمان بن نه‌ک له‌ ڕابردوودا به‌ چه‌واشه‌کاری هه‌زاران ڕۆڵه‌ی کوردیان کرده‌ سووته‌مه‌نی شه‌ڕی براکوژی له‌ژێر ناوی(مافی چاره‌ی خۆنووسین له‌سه‌رسنگمان ئه‌نووسین) ئیستا کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڵێنه‌کانیان ڕاست گۆبن .
ئه‌گه‌ر چاو له‌ خه‌بات وقوربانی نه‌ته‌وه‌یه‌کی وه‌کو کورد بخشێنرێ دووهێنده‌ی قوربانی پێشکه‌شی به‌ سه‌ربه‌خۆبوون کردوه‌ هه‌ر له‌ ڕاپه‌ڕینه‌کان وشۆڕشه‌کانی وازی له‌ جموجۆڵی به‌رگری وسیاسی نه‌هێناوه‌ تا گه‌یشتۆته‌ ئه‌م قۆناغه‌ی سه‌ده‌ی بیست ویه‌ک که‌چی هێشتا بۆیه‌ک لای کردنه‌وه‌ی کێشه‌کانی هیچ گۆڕانکاری یه‌ک وپشتگیریه‌کی نێوده‌وڵه‌تی له‌ ئارادا نێ یه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ئاواتی له‌مێژینه‌و خه‌ونی سه‌ربه‌خۆبوون که‌ هه‌ندێ که‌س به‌ خه‌ونی شاعیر وه‌سفی ده‌که‌ن ،هۆکاره‌که‌شی بۆ ڕابه‌روسه‌رکرده‌کانمان ده‌گه‌ڕیته‌وه‌ که‌ نه‌یان توانیوه‌ ئه‌م پرسه‌ وه‌کو خۆی له‌ نێو دیبلۆماسی نێوده‌وڵه‌تی گه‌رم وگوڕی پێوه‌ دیاربێ به‌ڵکو هه‌وڵ دراوه‌ به‌که‌م ڕازی وبرابچوک، ئه‌م هه‌سته‌ له‌ نێو دڵ و ده‌روونی گه‌لی کورد سست بکه‌ن یان به‌ ئایدیایه‌کی ئیستراد کراوی ئێکسپایه‌ر ڕازیان بکه‌ن ،ده‌بوو له‌ دوای ڕاپه‌ڕینی به‌هاری ساڵی 1991 نه‌وه‌ی نوێ له‌سه‌ربیروباوه‌ڕی نه‌ته‌وه‌یی گۆشکرایه‌ وڕابهێنرێ و واز له‌ترس و دڵه‌ ڕاوکیه‌ی کۆنه‌په‌رستان بهێنن وچیتر ده‌سته‌واژه‌ی سواوی ده‌می داگیرکارن که‌ ده‌ڵێن سنووری ده‌ریاوهه‌ڵکه‌وته‌ی جوگرافیاو چوارده‌ورمان گیراوه‌ به‌ داگیرکه‌ر به‌گوێ یانداوین، ئێمه‌ش دروست بوونی ده‌وڵه‌تی کوردی به‌ مه‌ترسی دار و نا واقیعی نه‌خنه‌ مێشکمان وتاکه‌ی چاوه‌ڕوانی بارودۆخی گونجاوبکرێ چه‌ند هه‌لمان له‌ ده‌س دا باشتروایه‌ ئه‌م پرسه‌ بخوڵقێنرێ چونکه‌ گه‌یشتن به‌مافی چاره‌ی خۆنووسین بۆ هه‌رنه‌ته‌وه‌یه‌ک دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ته‌ وه‌ک قه‌واره‌یه‌کی سیاسی ویاسایی و ئابووری وکلتوری ،مه‌به‌ستیش له‌ خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی ڕه‌گه‌زپه‌رستی نیه‌ به‌ڵکو ئامانجه‌ له‌وخه‌باته‌ که‌ ئه‌رک و ماف یه‌کسسان بن وبه‌شێوازێکی دیموکراسیانه‌و شارستانیانه‌ دوور له‌قین و ڕکابه‌ری و زه‌برو زه‌نگ وه‌کو میلله‌تانی دنیا کوردیش به‌ ئاواتی له‌ مێژینه‌ی دروست بوونی ده‌وڵه‌تی کوردی خۆی بگات که‌ هه‌موو پێداویستی قه‌واره‌ی سیاسی خۆی هه‌یه‌ وه‌ک خاک وزمان وکلتوری تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌وچیتر باواز له‌ عێراقچێتی وده‌نگ دان به ‌کۆیله‌یاتی کورد نه‌ده‌ین بۆ دروست بوونی ده‌وڵه‌تی عێراقی عه‌ره‌بی که‌ به‌شێکه‌ له‌ ئومه‌ی عه‌ره‌بی ئیسلام که‌ تا ئێستاش کورد به‌ میلله‌ت نازانن وبه‌کۆیله‌ی ئسلام وعه‌ره‌بی ده‌زانن .
که‌ دوا ده‌سکه‌وتیان بۆمان فتوای کوشتنمانه‌ له ‌دوای جیابوونه‌وه‌وگه‌یشتنمان به‌ ئاواتی له‌ مێژینه‌ی خۆمان و سه‌ربه‌خۆیی بوونمان ،که‌ ئه‌مینداری گشتی ده‌سته‌ی زانایانی موسڵمان وزانای ئاینی ناسراو دکتۆرعه‌بدولکریم زیدان له‌وته‌یه‌کدا دابه‌شبوونی عێراق و جیابوونه‌وه‌ لێێ به‌ حه‌رام داوه‌ته‌ قه‌ڵه‌م و ڕایگه‌یاندوه‌ که‌ سزای شه‌رعی جیابوونه‌وه‌ له‌ عێراق کوشتنه‌ .
خه‌ڵکی کوردستانیش ده‌پرسن تاکه‌ی کوردستان له‌ دڵه‌ ڕاوکێ وترس له‌ ده‌سکه‌وته‌کانی وبه‌فیڕۆنه‌دانی خوێنی شه‌هیدان ژیان به‌ڕی بکه‌ن وکێشه‌کانی به‌ هه‌ڵواسراوی بمێنێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و عێراقه‌ی که‌ سه‌رکرده‌کانمان چه‌ند به‌ دڵسۆزی خشتی دروست بوونه‌وه‌ی هه‌یکه‌لی ده‌سته‌ڵاتیان بنیات نایه‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ی هیچ ڕێکه‌وتن نامه‌یه‌کی فه‌رمی هه‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ پاڵپشتی نێوده‌وڵه‌تی بێ له‌ بێ په‌یمانی و دوودڵی له‌وعێراقه‌و جیابوونه‌وه‌مان ، له‌ ڕابردووشدا مێژوو هیچ کات ڕه‌حم به‌ هیچ که‌س وڵایه‌نێک ناکات که‌ ڕێگربێ له‌به‌رده‌م ئه‌م مافه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد چونکه‌ نه‌ خه‌ونی شاعیره‌ و نه‌خێری داگیرکاران ، ئه‌وه ‌مافه‌ و ده‌بێ هه‌ر کورد پێ ی بگات که‌ ئه‌ویش دروست بوونی ده‌وڵه‌تی کوردی یه‌ ئه‌ویش به‌هه‌وڵ وتێکۆشانی خه‌ڵکی کوردستان دێته‌ به‌رهه‌م له ‌ڕیگای که‌مپینی ڕاپرسی ودیاری کردنی مافی چاره‌ی خۆنووسین .
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە