کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


یەكێتى پەكێتى

Saturday, 06/04/2013, 12:00


هەرچ حزب و رێكخراو و گروپێكى سیاسى گەر بەخۆیدا نەچێتەوە ،گوێ لەخواست و داواكارى میللەت و جەماوەرەكەى نەگرێت، باز بەسەر هەڵەوكەموكوڕى و ناراِستیەكاندا بدات. لەهێڵى بەرنامەو پێڕەوى ناوخۆى لابدات، بەدروشم و بەڵێن و خەڵكى َ فریو بدات.تا بگاتە پلە و دەسەڵات،بەڵام پاش ئەوە سەرجەم بڕیارو راسپاردەكان بكاتە خەونى حوشترى. ئەوە چارەنووسى وەك ئەمڕۆى یەكێتى لێ دێت.
تۆبڕوانە تەنها لەدواى نەخۆشیەكەى تاڵەبانى ،چ ململانێ و كێشەو ناكۆكى لەناو یەكێتیدا سەریان دەرهێناوە، خەریكە لەداخ و رقى یەكترى سەرجەم گەندەڵى و نهێنى و شتە شاراوەكان پەردەیان لەسەر لادەدرێت.
لەلایەك كۆسرەت مرخى لەجێگاكەى تاڵەبانى خۆشكردوە، هەموو هەوڵ و تەقەلایەك دەدات،تا بەوكورسیە بگات،ئەوەتا ئیستە دەبینن ، بۆ ئەو پۆست و پلەیە پەناى بردۆتە بەر مەسعود بارزانى،بەشكوم ئەو بتوانێت شتێكى بۆبكات، بێگومان مەسعودیش هێندە ساویلكەو نەزان نیە ،وا بەسانایى كۆسرەت و كارەكانى پێشوترى لەبیر ناكات. ئەو خوا خوای شتێكى واى بوو،تا بەهۆیەوە گەورەترین سوكایەتى بە كۆسرەت و یەكێتى بكات، بەتایبەت بۆ ئەمڕۆ كە نزیكبونەوە و دانوستان لەنێوان گۆران ویەكێتى دا هەیە، مەسعود گەرەكیەتى بەبەردێك چەندین چۆلەكە بكوژێت. شەڕ و دەمەقاڵێى نێوان كۆسرەت و مەلا بەختیاریش،دەرئەنجامى ئەو كارەى كۆسرەت و نزیكبونەوەیەتى لە پارتى وبارزانى
هەرچى مەلابەختیاریشە، ئەوە عەبدێكى گوێڕایەڵ و داشێكى دەستى بنەماڵەى تاڵەبانى یەو، دەربارێكى هێرۆ تاڵەبانیە.. هەروابێتەوە خەزورى پاڤێڵى كوڕى تاڵەبانیشە، بۆیە چارەنوسى مەلا بەندە بەچارەنوسى بنەماڵەوە.ئەو ناز ونیعمەت و پلەو دەسەڵاتەى كە ئێستا هەیەتى ،هەرگیز بەخۆیەوە نەبینیوە،گەربێت و بارى یەكێتى لاسەنگ بێت و هێرۆ و تەكەتولەكەى كورسیەكەى تاڵەبانى بدۆڕێنن، زیانمەندى یەكەم لەو نێوەندەدا خودى مەلا دەبێت، چونكە جگەلەوەى كەسێكى بێ هەڵوێست و دۆڕاوە،لەناو رێزەكانى یەكێتیشدا خۆشەویست نیە،هەروا بێتەوە تاكە یەك كار و پرۆژە و بەرنامەى باشیش، بێجگە لەقسە باق و بریقەكانى لەسەر(مۆدێرنەو پۆست مۆدرێنە) چیە، بۆ خەڵك و جەماوەرى یەكێتى نەیكردوە، جوداى ئەوەش كەسێكى گوم ناوەو وەكو زۆرێك لەبەرپرسانى دیكە خاون عەشیرەت و بنەماڵە نیە،بۆیە هەقى خۆیەتى بترسێت و شەڕى چارەنووس ساز بكات.
كۆسرەتیش وەنەبێت هێندە ژیر و وریا و لێهاتوو بێت،بتوانێت یەكێتى لەو قەیرانە دەرباز بكات بۆخۆى بچێتە سەر عەرشى دەسەڵات،نەخێر ئەویش ،هاوشێوەى مەلابەختیار شین و واوەیلایەتى كە پۆستەكەى لەدەست بدات،حەتمەن لەدەستیشى دەدات،ئەوە بۆ ئەو بۆتە شتێكى حەتمى و كۆتایى پێ هاتوە، بۆیە دەخوازێت پێش ئەوەى كار لەكار بترازێت ، لەرێگەى پارتیەوە شتێكى بۆ بمێنێتەوە و بەرژەوەندى و پرۆژەكانى پارێزراوبن .
باشە من تێناگەم كۆسرەت تا دواى خیانەتى 31 ئابیش خاوەنى هیچ شتێك نەبو، تەنانەت خانوەكەشى موڵكى تاڵەبانى بوو،كەچى ئێستا خاوەنى نەخۆشخانەیەكى گەورەو گرانە، رێكخراوێكى خێرخوازى بەناوى كوڕەكەیەوە هەیە، چەندین بیرە نەوتى لەتەق تەق و شیواشۆك بۆخۆى پاوان كردوە،دەیان كۆمپانیا و پرۆژەى گەورەو گرانى لەكوردستان و ئەوروپا هەیە.هەروەها خاوەنى نزیكەى چوار فەوجى خەیاڵیە كە لەئەسڵدا نیو فەوجیشى نیە، بەڵام بۆ خاترى پارە وئیمتیازەكانى ئەو ژمارەیەى بەیانكردوە،هەر ئەمەشە خۆشى بەمەسعود بەخشیوە ،كە بتوانێت لەرێگەى كۆسرەت و فەوجەكانیەو بارگرژى و نائارامى لەناو یەكێتیدا بخوڵقێنێت .ئەگەر بَیت و لیژنەیەكى نەزاهە یان یاسایەك هەبێت لێپرسینەوەى لەگەڵدا بكات،دەگاتە ئەو راستیەى كە لەسەدا هەشتا بەرەو سەرى ئەو داهاتەى ناشەرعیە، قسەكەى مەلا بەختیار لەسەر دۆلارى ژێرزەمینەكان بەپلەى یەكەم مەخسەدى لەو بوو،پاشان لە بنەماڵى بارزانى.
باسى گرژى و ناكۆكى یە نەبڕاوەكانى نێوان هێرو و بەرهەم ساڵح و هێرۆ وحاكم قادر ناكەم، كە تا ئەم سات و كاتەش هەر بەردەوامە وكۆتایى نەهاتوە،ئەوانیش بۆخۆیان هێندەى دیكە، پەرتەوازەیى و تەكەتولات و روانیى جیاوازیان، لەنێو یەكێتى وباڵەكانیدا خوڵقاندوە ،بەڕادەیەكى زۆریش لە پەك خستن و ئیفلیج كردنى یەكێتیدا رۆڵیان هەیە .
كە دەڵێم یەكێتى پەكێتى ، لەخۆڕا وا ناڵێم،ئەوەتا سەركردەكەیان تاڵەبانى كە كەس نازانێت ماوە یان مردوە،بەجارێ پەكى كەوتوە،تەنها هەر هەناسەى ماوە. هەموو جارێكیش دكتۆر نەجمەدین كەریم پارێزگارى كەركوك، پێمان دەڵێت تەندروستى بەرەوباش بون دەچێت، قسەدەكات،دەجوڵێت ،وەرزش دەكات،بەڵام تاكو ئێستا یەك وێنە چ بەفۆتۆ چ بەڤیدیۆ نەبینرا ،كە ئەو هەواڵە پشت راست بكاتەوە.تۆ بڵێى دەست كەوتنى یەك دیمەن و وێنەى تاڵەبانى هێندە ئەستەم وگران بێت، ئەو گومان وبیركردنەوانەمان لەلا نەهێڵێت؟ ئەمەش بەجارێك قەیرانەكەو قوڕەكەى بۆ یەكێتى خەستتر كردۆتەوە، تاكە شتێك كە بەدەستیەوە ماوە و دەتوانێت بۆمانەوەى خۆى پیادەى بكات، درێژە دان بە چەواشەكاری و ، فریودان و مەشغولكردنى خەڵكە، تا بەهۆیەوە خەڵك ئاگایان لەحاڵ وباسى یەكێتى نەمێنێت و، بە كێشەو گرفتى خۆیانەوە سەرقاڵبن، ئەوە هەموو ئاگادارن ، چەندین مانگ بەدرۆ و ساختەو، بەبیانوى دواكەوتنى مووچە ،خاڵى بونى بانكەكان و، تۆمەتباركردنى حكومەتى بەغدا بەوەى كە پارەى تەواو نانێرێت ،بۆماوەی چەند مانگێك، میللەت و خەڵكیان سەرقاڵكرد،سەیرەكە ئەوە بوو بانكەكانى ئێرە خاڵى بوون ،كەچى لەهەولێر ودهۆك پڕلە پارەبوو،تا سەرەنجام دەستەكەو درۆكەیان ئاشكرا بوو، بۆیە ئێستا كەوتونەتە ئەنجامدانى كارێكى لەوە قێزەونتر ،ئەویش گرفتى سوتەمەنى و كێشەى بەنزینە، ئەمە لەكاتێكدایە كە رۆژانە وەكو خۆى، بڕە سوتەمەنى لە حكومەتى مەركەزیەوە، دەگاتە هەرێم،لەولاشەوە پاڵاوگەكانى خۆمان ،ئەوانەشى كە نایاساین، وەكو جاران بەرهەمیان زیاتر بێت كەمتر نیە،ئەوەباسى نەوت وبەنزینى قاچاغ و بەتاڵان براوى كێگەكانى بەرپرسان ناكەم، كە تائێستاش بە قاچاغ و دزى بەغدا ،بەرەو ئێران دەچێت.
ئەم گرفتە لەهەموویان سەخترە، چونكە ژیانى هەمووانى پێوە بەندە، بەنزین راستەوخۆ پەیوەندى بە گرانى كرێى هاتۆچۆ و ناوبازاڕ وكاڵاو هەموو پێداویستەكانەوە هەیە، ئێستا لەبرى هەمو باس و خواسێك باس هەر باسى ئەو گرفت و كێشە خۆڵقاوەیە. خەڵك لەبەر ئەوكێشەیەزۆر ئاگاى لە بارى سیاسى و بارودۆخى كوردستان نەماوە و نازانێت چى روودەدات و پێشهات و گۆڕانكاریەكان بەرەو كام ئاراستە مل دەنێن.!
چاكترە یەكێتى بەخۆیدا بچێتەوە، سیاسەتێكى حەكیمانە و راست و دروست بگرێتە بەر،لەبرى ئەوەى بیەوێت خەڵك بەقەیران و كێشەو گرفتى رۆژانەوە سەرقاڵ بكات،تا ئاگایان لەبارو دۆخى یەكێتى و پێشهاتەكان نەبێت،ئەوا كارێكى هەڵە دەكات و خۆى دەخەڵەتێنێ،چونكە بۆخۆشى چاك دەزانێت كەسەردەمى لەخشتە بردن و فریودان و هەڵخەلەَتاندن كۆتایى پێ هاتوە، خەڵك لەجاران زیاتر چاوى كراوەتەوە ،درك بەهەمو شتێك ئەكات.هەروابێتەوە ئەزموونى 37 دانە ساڵى یەكێتى وەكو حیزب و 22 دانەساڵیش وەكو بەشدارێكى حكومەت بەسە بۆ ئەوەى راست و چەوتى هەڵەكانى بناسرێت.
تاكە شتێك كە زۆر هێنامیە پێكەنین و بوە هۆى نوسینى ئەم بابەتەم ،هەواڵێكى هەردوكەناڵى كوردسات و گەلى كوردستان بوو، تیایدا باسكرابوو كە نزیكەى 200 كەسى كەڕو لاڵ لەناو بزوتنەوەى گۆڕانەوە، گەڕاونەتەوە ناو ریزەكانى یەكێتى،لەگەڵ رێزم بۆ هەموو ئەوكەڕ ولاڵە بەڕێزانەو بیرو راو هەڵوێستیان ،مەبەستەكەم ئەوان نیە، یەكێتى بۆدەرمان بەدواى ئەو كەسانەدا دەگەڕێت، چونكە بوونى ئەندامانى لەوجۆرە ،بۆ ئەمڕۆى یەكێتى شتێكى زۆرباشە، لەبەر ئەوەى ئەوان، هیچ لەدرۆكانى دكتۆر نەجمەدین و عیماد ئەحمەد و پارێزگارى سلێمانى و وەزیرەكان نابیستن،تا سبەینێ رەخنەیان لێ بگرن و بڵێن واتان وت ،هەروابێتەو ئەو بەڕێزانە لاڵن وتواناى قسەكردنیان نیە، بەو هۆیەشەوە ناتوانن رەخنەو گلەیى وگازندە، لەیەكێتى و كارە خراپەكانى بگرن. بەدورى مەزانە پاشەرۆژ ئەگەر یەكێتى مایەوە ونەپوكایەوە زۆربەى ئەندامانى مەكتەب سیاسى یەكەى لەو تویژە بن.سیاسەتى كەڕەى شەربەت جێبەجێ بكەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە