کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


حزب و سێكس

Sunday, 16/09/2012, 12:00








گومانی تێدا نیە یەكێك لەناكۆكیە هەرە قوڵ وبەرجەستەكانی نێوان حزبە ئیسلامیەكان وعەلمانیەكان وچەپەكان وپێشكەوتنخوازەكان، مەسەلەی ژنە...كێشەی ژن جەوهەی گەورەی ململانێی هێزە دینی وعەلمانیەكانە.
ئێمە لێرەدا زۆر ناچینە ناو رەهەندە مێژویی وجیهانیەكەی، بەڵكو بەكورتی لەسەر كوردستان قسە دەكەین. لەكوردستان حزبە ئیسلامیەكان وخێڵ وگروپە كۆمەڵایەتیە داخراوەكان، رۆژانە ئەوەی دەیانەوێت و بیانەوێت، ئەوەی لەسەر دەمیان و ناو دڵیانە، بەرامبەر ژن دەیڵێن، نە شەرم دەكەن، نە دەترسن، نە سلأ لەهیچ وەڵامێك وكاردانەوەیەك دەكەن.
بەڵام حزبە عەلمانی وچەپەكان بێ ئەندازە شەرمن، ترسنۆك، بێ بەرنامە، بێ وەڵامن لەسەر ئازادی ژن، مافی ژن، جەستەی ژن.
ئیسلامیەكان دەیانەوێت ژن باڵاپۆش بێت وناویان لێناوە باڵاپۆشی زێڕین وئاهەنگی بۆ رێكدەخەن، بەڵام ژنێك تەنوورەی كورت بكاتە بەری وسنگ وبەرۆكی دیار بێت، ئەوا قیامەت هەڵدەستێ، واتە جەستەی ژن بۆتە شتێكی سیاسی..؟
حزبە عەلمانیەكان زۆر دواكەتووانە مامەڵە لەگەلأ جەستەی ژن ودەركەوتنی دەكەن. تێڕوانینی كادیرێكی یەكیەتی وپارتی وشیوعی وحزبە پێشكەوتوەكان وئەوانەی ناویان سۆسیالیست وهەر ناوێكی دیكەیە، وەكو تێڕوانینی پیاوێكی خێلأ وحزبە ئیسلامیەكانە.
پێتان سەیر نەبێت كە بڵێم حزبە عەلمانیەكان زیاد لەپێویست چاودێری كچ وژنەكانیان دەكەن ودنیایەك سانسۆری كۆمەڵایەتی وئەخلاقی دەخەنە سەر ژن ومنداڵەكانیان، بۆ بەڵگە سەیری فەیسبوك بكە هەموو پەیجەكانی كەسانی رۆشنبیرو عەلمانی وحزبە عەلمانیەكان تەنها وێنەی پیاوەكەیە، ژن حەرامە وقەدەغەیە دەركەوێت، ئەوەشی وێنەی ژنەكەی دابنێت یەك دنیاكۆمێنتی بۆ دەچێت وكەسوكاری قبولأ ناكەن.
رۆژ نیە لەكوردستان ئەتك بە جەستەی ژن نەكرێت، حزبە عەلمانیەكان ودیموكراسی خوازەكان لەهەموو كەس خراپترن. لێرەدا بابەتێكی ئاسایی هەیە كە سێكسە، بڕوا بكەن یەكێك لەبابەتە هەر سەرەكیەكانی پەیامی دیموكراسی وعەلمانی وحزبە پێشكەوتنخوازەكان مەسەلەی سێكسە. كەچی پێچەوانە دەبینین حزبە ئیسلامیەكان بەهەموو شێوەیەك وهێزێك دژی سێكس وئازادیەكانی دەوەستنەوەو وەكو ناشیرینترین وبێ ئەخلاقترین حەزی ژن سەیری دەكەن.
حزبە عەلمانیەكان خراپترن نەوەكو پەیامێكی زانستی وكرانەوەو رۆشنبیریان پێبێت. ترس لەسێكس وجەستەی ژن لەناو بارەگای هێزە عەلمانی ودیموكراسی وچەپەكان زۆر زیاترە وەكو لە ناو هێزە ئیسلامیەكان، ئەگەر بڕواش بەمن ناكەن توێژەرێك دەتوانێت بەوردی بچێت توێژینەوە بكات.
كەواتە لێرەدا زۆر بەرۆشنی یەك راستیمان بۆ دەردەكەوێت ئەویش ئەوەیە كە حزبە دیموكراتی وعەلمانی وچەپەكان لەسەر بنەمای خێل وناوچەگەری وبنەماڵە وكولتوری داخراوی كوردەواری لەدایك بوونە، واتە ئەمە راستە كە حزبەكان دەڵێن ئێمە لەهەناوی كۆمەڵگەی كوردی لەدایك بووینە، بەڵێ حزبە عەلمانی وچەپەكان ودیموكراسیەكان لەسەر میراتی كۆنی كوردی دەڕۆن وهەمان تەقلید وروانین وچەمكی دواكەوتویی بۆ سێكس وژن دووبارە دەكەنەوە. هیچ جۆرە بەرنامەو روانین وئازادیەكیان بۆ جەستەی ژن وئازادی سێكس وخەمی سێكس وگەنج وژن نیە. بەڵكو ئەمانیش حزبی ئیسلامین لەبەرگە كولتوریە كۆمەڵایەتیەكەدا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە