بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە گروپ و رێکخراو نییە، پێویستی بە وشیاریی خەڵکە، ئەو رۆژە لە ماڵەکانتان مەچنە دەرەوە


ئایا کەمال میراودەلی کاندیدی گۆڕان بوو؟

Friday, 30/11/2012, 12:00


روونکردنەوەیەک لە د. کەمال میراودەلی یەوە













برای ئازیز و نووسەر کاک ناسر حەفید وتارێكی لە کوردستان پۆست بە ناونیشانی' گۆڕان حوکمی ویراسی قبوڵه ' بلاوکردۆتەوە.
لە میانەی وتارەکەیدا باسی هەلبژاردنی سەرۆکایەتیشی کرددووەو نووسیوێتی" بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ ئه‌وه‌ی پیشانی بدات که‌ حوکمی بنه‌ماڵه‌ی قبوڵ نییه‌ ده‌بوو به‌ زمانی کردار کاک نه‌وشیروان خۆی بۆ سه‌رۆکی هه‌رێم کاندید بکردایه‌. به‌ڵام له‌ کاتێکدا که‌ هه‌ڵبژاردن کارتۆنی بێت و بۆ چه‌واشه‌کردن بێت چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ ناکرێت شتێک بکرێت له‌ خه‌ت بچێتە ده‌ره‌وه‌. بۆ‌ کاک مه‌سعود بارزانی کاک که‌مال میراوده‌لی و دوو بێناوی تریان دابه‌زاند. من ئه‌و کاته‌ وتم: کاک مه‌سعود مولاکه‌مه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رینی په‌ڕدا ده‌کات. له‌ راستییدا هه‌ر دابه‌زاندنی کاندید به‌رامبه‌ر به‌ کاک مه‌سعود له‌سه‌ر ئه‌قڵ گران بوو. چونکه‌ کاک مه‌سعود سه‌رداری هه‌رێمه‌ نه‌ک سه‌رۆکی هه‌رێم. ئه‌م جێگه‌یه‌ش‌ په‌یوه‌ندیی به‌ که‌سه‌که‌وه‌ هه‌یه‌ نه‌ک به‌ پۆسته‌که‌وه.."

١ بەراستی من باوەرم بە چاوم نەکرد کە شتێکی وا بە تایبەتی لە لایەن برای خۆشەویست کاک ناسر حەفید ەوە بنووسرێ. لە دوای هەلبژاردنەوە وا بزانم دوو یان سێ جار یەکترمان بینیوەو هەر نەبێ دەیتوانی پرسیاری ئەوەی بکردایە داخۆ 'گۆڕان منی دابەزاندووە، یان نا. سەیری ئەو دەربرینە ناشیاوو ناشیرینە بکەن!

٢، من ٤٠ ساڵ زیاترە کاک ناسر دەناسم ئەویش من دەناسێ و لە پرۆژەی رٶشنبیریی و رۆژنامەنوسیشدا هاوکاریمان هەبووە. هەر لەو کاتەوە کە ل ١٩٨٤-١٩٨٥ سەرنووسەری گۆڤاری هەلوێست بووم لە لەندەن ئەوسا دامەزڕێنەرو سەرنووسەری گۆڤاری پەیڤ ١٩٨٦-١٩٩٠ من گرنگییەکی تایبەتیم بە نووسینەکانی کاک ناسر دەداو بە کەسیكی پاک و ڕٶشنبیر و بەهەلوێستیشم زانییوە. کاک ناسریش دیارە کەم زۆر ئاسایی ئاگاداری هەلوێستی من هەر لە کاتی ئاشبەتالی ١٩٧٥ و سەرەتای ٨٠ کاندا تا ئێستا بەرامبەر خەباتی شاخ و حیزبی شاخیی کوردیی و بە لای کەمەوە بە نووسینە ئینگلیزییەکانەوە زیاتر لە هەزار (١٠٠٠) وتارو باسی سیاسیم هەیە کە هەمووی رەخنەی فیکریی بووە لە بێ فەلسەفەیی و بێ ستراتیجی و شاخێتیی و بەربەرێتیی و لەم ساڵانەی دواییشدا بێ سەروبەری و خیانەتکاری و بێ ئەخلاقی و گەندەڵیی ئەو دەسەلاتە بۆشفیکرو بەربەرییە حیزبییەی کوردیی.

من قەت بۆ یەک سانیەش تووشی ئەو وەهمە نەبووم کە ئەوەی ئێستا بە ناهەق پێی دەوترێ گۆڕان بە شتێکی نوێ وجیاو دابڕانێکی رادیکالی لەو کەلتوورە شاخییە بزانم. ئەگینا هەر نەبێ تاکە یەک وتارم دەبوو کە ئاوا بیناسێنم.

جا نازانم کاک ناسر لە کوێوە گەیوەتە ئەو باوەڕەی کە من گۆڕان دایبەزاندووم. یا گەیوەتە ئەو قەناعەتەی دەبی من ئەوەندە ساوێلکە یان بێ فیکرو بێ کەرامەت بووبم لە پشتەوە بۆ خاتری دەسەلات درۆم لەگەڵ خۆم و بیرکردنەوەو مێژووی خۆم کردبێ.




ئەم قسەیەی کاک ناسر زۆر بە داخەوە درۆ یان بوختانێکی حاشا هەلنەگرە جا درۆو بوختانیش کارێکی ئەخلاقی نین، جگە لەمەش من بە ئیهانەیەکی گەورەی بۆ خۆم دەزانم کە دوای ئەو هەموو نووسین و خەباتە فیکرییە پیاوانی شاخ بتوانن من دابەزێنن یان هەڵبەزێنن.

گەر کاک ناسر وتارەکەی خۆی بە زانستی و فەلسەفی دەزانێ مەرجێکی جەوهەری زانست و پەیامێکی ئەخلاقی فەلسەفە وتن و دەرخستنی راستی یە. باشە ئەو بوختانەی بەرامبەر منی کردووە لە کوێی ئەو مەرجە زانستیی و پەیامە ئەخلاقییە دەوەستێ؟

بەلام ئەوەی کە کاک ناسر منی بە 'سەرینی پەڕۆ' زانیوەو دوای پرۆسەو ئەنجامی هەلبژاردنەکانیش هەر ئەو رایەی نەگٶڕیوەو تەنیا پیاوانی شاخ بە سەرینی پۆلا و شایانی کاندیدی سەرۆکایەتی دەزانێ، ئەوە رای تایبەتی خۆیەتی و هەقی خۆیەتی چۆن بیر دەکاتەوە.

٣. لە بەر ئەو هەلومەرجە لە ناکاوەی سیستمی هەلبژاردنی سەرۆکایەتی تێدا گٶڕاو ئەو کاتە کەمەی بەدەستەوە بوو تا پرۆسە یاسایی یەکە تەواو بکەم، من ئەم بریارەم تەنیا بۆخۆم و لەگەڵ خۆم دا کە خۆم کاندید بکەم و وەک چەند جار لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکانم وەلامم داوەتەوە، پێش ئەو بڕیارە تەنیا پێوەندیم بە برای ئازیز کاک کەمال رەئوفەوە کرد وەک هاوڕێ و بە تایبەتی وەک سەرنووسەری هاولاتی کە رای چییە، بە ئیمەیل بۆم نووسی و بە ئیمەیل وەلامی دامەوە کە کارێکی چاک دەکەم گەر خۆم کاندید بکەم منیش داوام لێکرد کە وەک هەوال بلاوی بکاتەوەو ئەویش بۆ رۆژی دوایی لە لاپەرەی یەکەم بلاوی کردەوە. پێش ئەوە بە هێچ شێوەیەک هیچ کەسێک یان هێزێک یان هاورێیەک یان خزمێک، یان حیزبێک نییە کە زانیبێتی یان ئاگاداری نیازی خۆکاندیدکردنم بووبێ یان کەمترین ئاسانکاری بۆ کردبم تا خۆم نەچوومە مەیدانەکەو راستەوخۆ نەچوومە ناو جەماوەرەوە. ئەوەش وەک وتم هەمووی لە بەر هەلومەرجی تایبەتی و پەلەپەلی پرۆسەی خۆکاندیدکردن و کەمکاتی هەڵبژاردنەکە بوو.

٤. من نامەوێ لێرەدا بە درێژی باسی وردەکاری کامپەینەکەم و هەلوێستی هیچ لایەنێک بکەم. بەلام راست نییە، ئەوەندەی من ئاگادار بووم، گردەکە کاندیدی خۆی هەبوو - و وا دیار بوو خۆکاندیدکردنی چاوەڕواننەکراوی من تووشی ئیحراجی کردن و نەیان کرد. لە کاتێکدا بزوتنەوەی گٶڕان وەک جەماوەر پشتیوانێکی گەورەی من بوو، هەر وەک چۆن بە دڵ و باوەڕ وهیوا منیش پشتیوان و هاوکاریان بووم وجیاوازییەکم لە نێوان خۆم و ئەواندا نەدەبینی و بە جەماوەری دژە عەقلی حیزبیی و فەلسەفەو هیوای گٶڕینی دیمۆکراتیم دەزانین و دەزانم نەک مڵکی هیچ کەس ، لە ئاستی کۆمپانیای وشە و کەی ئێن ئێن دا حیکایەتێکی تر بوو.




وەک رووناکبیرو لۆجیکزان خۆ دەبوو کاک ناسر کە ئەوەندە لە ولاتێکی دیمۆکراتی خاوەن سسیتمی هەلبژاردن- یش ژیاوە، هەر ئەو پرسیارە لۆجیکەی کردبایە: چۆنە کە کەمال میراودەلی کاندیدی[سەرینی پەڕ] ی گۆران بووە ، سەرانی گۆڕان ئاوا گەمارۆیەکی ئیعلامی توند لە سەر کاندیدی خۆیان دادەنێن و وەک لە ناوەراستی کاتی کەمپەینەکە هاوارم کردوو، بە سوپاس و پێزانینیكی زۆرەوە، [ئاوێنە] هاوارەکەمی وەک مانشێت لە لاپەرەی یەکەمی دا بلاوکردەوە: ئۆکسجینی راگەیاندنیان لێم بڕیبوو کەس نەیدەزانی تەنانەت کە ژمارەی کاندیدییەکەم ١٥ یە و کەی ئێن ئێن ئامادە نەبوو کە بۆ یەک جاریش ناوی من و ئەو ژمارەیە لە سەر شاشەکەی دابنێت؟ یان بە پارەش ڕێگام بدا بۆ ١٠ دەقیقە بەرنامەی هەڵبژاردنەکەم بخوێنمەوە؟

ئەم گەمارۆیە بە بی ئەوەی هۆکارەکەیم پێ بڵێن لە سەرەتای هەلبژاردنەوە، لە ماوەی هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردنیش تا ئەم لەحزەیەش کە ئەمە دەنووسم بەردەوامە . زۆربەی ئەو راگەیاندنانەی لە رۆژنامەو سایتەکاندا بلاوم کردوونەوە لە پێشەوە بۆ سایتی سبەی م ناردوون و هەند جار تکام کردووە هەر وەک رایەکی ئاسایی چۆن بۆ گەنجەکان و خەلکی تر بیروراکانیان بلاو دەکەنەوە هی منیش ئاوا بلاو بکەنەوە، یان وەلام نەبووە یان گەر بە دوادا چوونم کردوە وتوویانە: ببوورە ئێمە ناتوانین بلاوی بکەینەوە بە بێ ئەوەی هۆکارەکەیم پێ بلێن. بۆ راستیی ئەمە: لە بەشی گەڕان -ی سبەی ناوی [کەمال میراودەلی] بنووسە پێنج جار دەرناکەوێ: نەچاوپێکەوتنێک، نە را وەرگرتن، نە بلاوکردنەوەی هەواڵی هیچ چالاکییەک، و هیچ نووسینێک: سڕینەوەی تەواو. بۆ؟ نازانم. کەچی ‌هێشتا لای کەس نا، لای هاورییەکی رۆشنبیری گوایە وریا وئاگاداری وەک کاک ناسر من دابەزیوی گٶرانم!

تا ئێستاش چۆن بە تەنیا توانیومەو یان بتوانم بەرامبەر ئەو هەموو شالاوی درۆو دەڵەسەی میدیاودەسەلات وحیزب و سێبەری حیزبە بوەستم؟ کە ئێستا ئەوە تەنانەت [فەیسبووک] یشیان پیس کردووە؟

ئەی کاک ناسر ئاگادار نییە پار لە راپەرینی شوباتدا لە خۆپێشاندانی زۆربەی شارەکاندا بەشداریم کرد و هەندێکیان خۆم لە دروستکردنی راستەوخۆیان بەشدار بووم و چەندین جار لە بەر دەرکی سەراش وتارم دا، بۆ کەی ئێن ئێن و هیچ میدیایەک تەنانەت مەینستریمی ئەهلیش ئەمانەیان بلاونەدەکردەوەو دیسان ئۆکسجینی ئیعلامیان لێ بڕیم؟

تەنانەت ئێن. ئار.تی - ش لەگەل ئەو هەموو پشتیوانیەشم بۆیان لە کاتی سووتاندنەکەیدا و بەلێنی زۆریان دوای ئەوە، ئامادە نەبوون بە هێچ شێوەیەک تەنانەت یەک چاوپێکەوتنیشم لەگەل بکەن گەر چی هەولی زۆرم لەگەلیان دا؟بۆ؟ نازانم.

گەر کاک ناسر و رۆشنبیرانی وەک ئەو نەبن ئەی بە تەمای کام رووناکبیری کورد بم کە بە دوای ئەم راستییانە دا بگەرێن و بپرسێ بٶچی ئێستاش کە وەک بەڵگە ٤٢ سەعات کەمپەینی دیمۆکراتیی سەرۆکایەتی شیوەی هەر ولاتێكی ئەوروپاییم بە ڤیدیۆ هەیە، کەی-ئێن-ئێن ئامادە نەبوو کە تەنانەت (٤) دەقیقەشی لێ نیشان بدات گەرچی لە زیاتر لە ١٠ بارەگای تازەی گۆڕان دا من وتار بۆ جەماوەری گۆران دەدەم و دایەلۆگی دیمۆکراتی لەگەل ئەوان دەکەم و پشتگیری گۆڕان دەکەم؟

بە دڵنیایی یەوە نە خۆم و نە وتارەکانم و نە جەماوەرەکەش سەرینی پەڕ نیین.

ئایا کاک ناسر ئەم راستییە دەزانێ؟ گەر نا، بۆ دەبێ نەزانێ، یان بە لای ئەویشەوە هەول و خەباتی مرۆڤێکی رووناکبیر کە حیزب وەک خوا خەلقی نەکاو حیزبیی و شاخیی و خیانەتاویی نەبێت لای ئەو تەنیا شایانی ئەوەیە کە بە سەرینی پەڕۆ وەسف بکرێ ئەگەر چی بە موعجیزەش بێ ئەو سەرینە پەڕە لە گەڵ بێبەشکردنی لە ئۆکسجینی ریکلام و راگەیان و هەموو شتێكی تریش لە مولاکیمە ساختەکەی سەرۆکی تەزویری بردبێتەوە؟

دیارە بە داخەوەم و بە بەدبەختییەکی ناخۆشی دەزانم کە لەلایەن هاوڕێیەکی خۆشەویستی خۆمەوە ناچار بکرێم ئەم روونکردنەوە یە بنووسم. بەلام با ئەمە وشەی یەکەم بێ لە پرۆسەی دەرخستنی راستییەکانی هەڵبژاردندا.

کەمال میراودەلی

‌.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە