ڕووداوێکی ساڵی ١٩١٨
Tuesday, 24/02/2015, 12:00
لەگەڵ باسی ساڵی ١٩١٨ دێتە پێش،یەکسەر ئەندێشەی مرۆڤ بۆ لای جەنگی جیهانی یەکەم ئەچێ کە لە ساڵی ١٩١٤ دەستی پێکرد و لە ١٩١٨ کۆتایی پێهات. هاوکێشەی ئەم جەنگەش بریتی بوو لە هەردوو هێزی جێرمەن (ئیمپراتۆریەتی پروسیا و نەمسا)و عوسمانیەکان لەلایەك و فەرەنسا و ئیتالیا و ئینگلیز و دواتر ئەمریکاش لەلای دووەم،وە دیارە کۆتاییەکەشی بە دۆڕاندنی جەرمەن و عوسمانیەکان کۆتایی هات.
کاتێ باسی کۆتایی جەنگی جیهانی یەکەم ئەکەین و براوەو دۆڕاو دەست نیشان ئەکەین،ئەبێ ئەوە بزانین کە دۆڕاندنی جێرمەنەکان تەواو جیاوازە لەو نوشست و دۆڕاندنە سەربازییەی کە لەجەنگی جیهانی دووەم تووشیان بوو. ئاشکرایە لەجەنگی جیهانی دووەم جێرمەن و نازیەت بەتەواوی لەبواری سەربازی و لەگۆڕەپانی جەنگدا داڕمان و ووڵاتەکەیان وێران بوو. هەروەها هێزەکانی تر(لەشکری سوور و هەڤاڵبەندێتی نێوان ئەمریکا و بەریتانیاو فەرەنسا) توانیان بگەنە (بەرلین)ی پایتەخت و کۆشکی ڕایخی ٣ و ژوورەکەی (هتلەر) داگیر بکەن . ئەمە سەرباری ئەوەی ژێر و خان وسەر خانی ئەو ووڵاتە بەتەواوی خاپوور کرا و هیچ شوێنێك نەما بوو نیگای کاولکاری پێوە دیار نەبێ.
کەچی لەجەنگی جیهانی یەکەم و تا کۆتاییەکەشی ،واتە ساڵی ١٩١٨ تەواو پێچەوانە بوو لەڕووی سەربازی و گۆڕەپانی جەنگەوە،جێرمەنەکان تا ئەو ڕۆژەی کۆتایی بەجەنگەکە هێنرا،سوپا و سەربازەکانیان نەك هەر پێشڕەویان کردبوو،بەڵکە لەهەموو بەرەکاندا سەرکەوتوو بوون. بۆیە کاتێ ووڵاتی جێرمەن لەسالێ ١٩١٨ هەواڵی یاداخی سپی هەڵکرد و تەسلیم بوونی خۆی ڕاگەیاند،زۆربەی سەربازەکانی تووشی شۆك بوون. کاتێ (هتلەر) کەخۆی لەبەرەکانی جەنگی ووڵاتی فەرەنسا ئەبێ و ئەو هەواڵەی پێ ڕائەگەیەنن زۆر خەفەت بار ئەبێ و ئەو میدالیای جوامێرییەی کە وەری گرتوە لەلایەن ئەفسەرێکی ووڵاتەکەیەوە تەواو نیگەرانی کردوەو بەلایەوە سەیرە کەئەمان نیوەی خاکی فەرەنسایان داگیر کردوەو لەهەمان کاتدا ووڵاتەکەیان خۆی بە دۆڕاو لەقەڵەم بدا و لە (فرسای) خۆی وەك دۆڕاوی جەنگ نیشان دا. ئەمەی باسمان کرد ڕووداوێکی مێژوویی تۆمار کراوەو گەڕانەوە بۆ دواوە مەحاڵە.
لێ مەبەستی ئەم ووتارە لێرەوە دەست پێ ئەکا کەوا چۆن ئەوڕۆ لە کوردستانی باشوور هێزەکانی کورد ،دیارە بە هاوکاری ئەمریکا و ئێران چەندە توانیویانە جەزرەبە لەداعش بوەشێنن و تێکیان بشکێنن و لەزۆر کاتدا پێشڕەویان کردوەو گەر بیانەوێ ئەوا ئەتوانن سەرکەوتنی زیاتریش تۆمار بکەن. هێزەکانی پێشمەرگە هەنووکە لەتوانایاندایە داعش تەواو لاواز بکەن وهەر شوێنێکیان بوێ ئەوا بێ شك ئەتوانن داعش ڕاماڵن و بچنە شوێنەکانیان. بەواتایەکی تر، کورد ئەتوانێ لەبواری سەربازی بیباتەوەو دوژمنەکەی ڕابماڵێ.
ئەو ڕووداوەی ساڵی ١٩١٨ کەوای کرد جێرمەنەکان دۆڕاوی یەکەم بن،لاوازی سەربازی و نا جوامێری و ترسنۆکی سەربازەکانیان نەبوو. بەڵکە، ئەو گەندەڵی و پیسخۆری و قات و قڕییەی لەناو ووڵاتدا گەشەی کردبوو. بەجۆرێك میلەت لەناوەوە تەواو ئۆقرەی لێ بڕابوو بەدەست چەند هێز و گرووپێکی مافیایی و شڕەخۆرەوە.ئەم هیز و گرووپانە کاریگەری نەرێنیان لەسەر ئابووری ووڵات دروست کردبوو کە نەقابەکان هانی کرێکارەکانیان ئەدا خۆپیشاندان ساز بدەن و پاڵیان پێوە نان ڕۆژانە ئەڕژانە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانیان ساز ئەدا و ووڵاتیان تووشی ئیفلیجی کرد،ئەم باروو دۆخە هێزی لە حکومەت بڕی و تەواو تووشی نەخۆشی و دواتر خستیە سەر ئەژنۆ و نەیتوانی چی تر ڕێ بکا. بۆیە دوا جار کارەساتەکە وای لێهات کە حکومەت دوای ئەو هەموو فشارەی ناوەوە ،پەنا بباتە بەر ئەو تەسلیم بوونەوەو هێزەکان پاشەکشە پێباکا و چی تر ئابووری ووڵات تەنها لەبواری سەربازیدا تەرخان نەکا.
ئەوەی ئەوڕۆ لەکوردستانی باشوور ئەبینرێ و هەستی پێ ئەکرێ ئەوەیە، هێزەکان لەبەرەکانی جەنگدا بەوورەیەکی بەرز و پۆڵاییەنوە دژ بەچەتەکانی داعش ئەجەنگێن،لێ لەناوەوەی ووڵات هەریەك لەو دوو بنەماڵەیە وەك خۆرکە داویانە لەجەستەی کۆمەڵگای کوردی باشوور و لەبوارەکانی(پەروەردە،تەندرووستی،داهێنان،ئابووری،کشتووکاڵ،فەرهەنگی و نەتەوەیی)تەواو هەرەسیان هێناوە.ئەم دوو هێزە نا نیشتمانیە وەك دوو دوژمنی سەرسەختی ئەم گەلە لەهەوڵدان بۆ ئەوەی گەلەکەمان تووشی نوشستی خێراتر بکەن ،لەهەوڵدان بەهۆی نەدانی مووچەوە فەرمانبەران لاواز وڕیسوا بکەن. ئەیانەوێ هەست و نەستی کوردایەتی لەناخی گەنج و لاواندا بسڕنەوە.ئەیانەوێ بوار و کایەکانی ووڵات ئیفلیجتر بکەن و کەس نەتوانێ باسی چاکسازی و سیستمی تەندرووست بکەن. ئەیانەوێ قەیران لەسەر قەیران بۆ گەلەکەمان دروست بکەن و ئەوەی ڕوو ئەدا بیخەنە سەر شان و ئەستۆی (بەغدا و عەبادی). ئەیانەوێ وا لەگەلەکەمان بکەن زیاتر دەستەمۆی بێگانە بێت و نەتوانێ خۆی پارێزگاری لەخۆی بکا.ئەیانەوێ ئابووری خۆماڵی بوونی نەبێ و تەنها پشت بە درواسێکان ببەستین. ئەیانەوێ بەتەواوی چۆن وازیان لەناوچە دایگیر کراوەکان هێناوە،ئەوەی کەماویشە هەمان چارەنووسی هەبێ.ئەیانەوێ لەڕێگای ئاوارەی عەرەبەوە کێشەی زیاتر و دوور مەودا دروست بکەن.دواتر بەهۆی ئەم هەموو کێشەو ئاریشە ئابووریانە وا لەجەماوەر ئەکا بڕژێنە سەر شەقامەکان و دژیان ڕاپەڕن.کەئەمەش بۆ ئەمان ئەو پاساوەیە کەوا چۆن کاتی خۆی لەئاشبەتاڵەکەی ساڵی ١٩٧٤ هێنایانەوە،هەنووکە بەدوای شتێکی هاوشێوە ئەگەڕێن تا ئۆباڵەکەی بخەنە سەر شانی میلەت. هەرچیەك ڕووبدا ئەوا ئۆباڵەکەی ئەگەڕێتەوە بۆ ناهەمواری و نابەجێی ئەم دوو هێزە. ئەوان خولقێنەر و داهێنەری گەندەڵی،پیسخۆری،جۆرەکانی تری هەموو کێشەکانن کەدواتر، کۆمەڵگا بەرەو یاخی بوون و ڕاپەڕین و بیرکردنەوە لە گۆڕانکاری بکەن. ئەوە ئەم دەسەڵاتە خۆ سەپێنەیە کەوا نەك هەر مافی هاوڵاتی بوون نادا،بەڵکە هەرچی ئەوەی بەدەستیش هاتوە لەگۆڕی ئەنێن. گەر سبەینێ حکومەت ڕووخا،ئەوا ئۆباڵی ئەو نووشستە تەنها لەسەر شانی ئەم دوو بنەماڵە دز و چەتەیەیە. میلەت لەساڵی ١٩٩١ وە ئەزموونی (بی مووچەیی و خۆڕاگری و خۆبەخشی)نیشان داوە،ئەوەی لەسەری بوە کردویەتی بەزیادەوە.کەواتە خەتا گەر هەبێ ئەوا بەشی میلەتی پێوە نیە،بەڵکە تەنها ئەوە دەسەڵاتی یەکێتی و پارتیە بەرپرسیارن لەم دۆخە و ئەو دۆخە نوێیەی کە ڕەنگە بەداڕمانی ئەم حکومەتە بێت و زیندە بەچاڵکردنیشی تەنها و تەنها لە ئەستۆی پارتی و یەکێتیە.
بۆیە وای بۆ ئەچین هەروەك چۆن جێرمەن لەساڵی ١٩١٨ دۆڕاندنی قبوڵ کرد،ئەوا لە کوردستانی باشووریش هەمان دۆخ لەئارادایەو ڕەنگە هەمان چارەنووسیش ڕووبدا. وە زۆر بەدووری نازانین کەلەم کاتەدا هێزێکی ئیسلامی شوێنی هەریەکە لە(پارتی و یەکێتی)بگرێتەوە. ئەمە ئەگەرێکی گەورەیەو لەوەتی کوردستانی باشوورە ئەوەندە نزیك نەبۆتەوە لەوەی کە پێوستی بەم جۆرە هێزانە هەبێ. وە پێم وایە لە سلێمانیەوە تا دهۆك ئامادەیەی ئەوەی هەیە بە هێزی ئیسلامی ڕازی ببن . لەبەرئەوەی هەردوو هێزی(یەکێتی و پارتی) لەڕووداوەکانی شوباتی ٢٠١١ و ڕۆژانی دواتر ،ئەزموونێکی وایان نیشانی هاوڵاتی دا کە هیچ کات لێیان چاوەڕوان نەئەکرد،ئەویش ئاڕاستەکردنی چەکەکانیان بوو بۆ سەر سنگ و مێشکی هاوڵاتی بێچەکی کورد. لەو ڕۆژەوە هیچ جۆرە متمانەیەك بەم دوو هێزە میلیشیاییە نەماوەو جەماوەر بەهەموو هێزێکی لەدەرەوەی ئەوانی پێ قبوڵە ،بە ئیسلامیەکانیشەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست