ووریا لەنێوان،ئەگەر،بەڵگە و بکەرانیدا
Sunday, 25/03/2012, 12:00
هەریەك لە کاك(ئارام،ڕێباز و شەهاب) نووسینێکیان لەسەر چۆنێتی تیرۆرکردنی شەهید ووریاوە نووسیەوە کە هەریەکەیان بایەخی تایبەتی خۆی هەیە و پێوستە هەڵوەستەیان لەسەر بکرێ. پێشەکی کاك ئارام لەوەڵامی کاك تەها ئەمین هەڵەدنیدا لەتوێی ووتارێکدا چەند ئەگەرێك لەمەڕ تیرۆرکردنی شەهید ووریا باس لێوە ئەکا، دیارە ئەمەش شتێکی گەلێ دروستە بەتایبەتی کەئەم باسە لەمەو پێش نەورووژێنراوەو کەس نایەوێ سەرقاپی هەڵبداتەوە. بۆچی؟ لەبەرئەوەی بکەرو فەرماندەری ئەو کارە قێزەون و نامرۆڤانە نایانەوێ شانیان ئارداوی ببێ و ئەوەندەی تر ناشرین ببن. ئەگەرەکان ئەگەر چی لێك جیاوازن ، لێ لەهەموو حاڵەتێکدا ناشرینی ئەو سەردەمە نیشان ئەدا بەرانبەر کوڕی کورد کەخۆیان بۆ شۆڕش سووتاند و تەمەنی بەهاریان زوو کۆتایی پێهێنرا.
پاشان کاك ڕێباز بەچەند بەڵگەیەکی مێژوویی تر دێت و هەموو تاوانەکە ئەخاتە سەر فٶادی مەجی میسری، بەو پێیەی شەهید ووریا ئەخاتە گومانی ئەوەی کەچۆن فریو ئەدرێ و نایەوێ کاری کوشتنەکەی دژی فٶاد ئەنجام بدات و ئەڕواتەوە شاخ و درۆ لەگەڵ سەرکردایەتی ئەکا و ئەم درۆیەش ئەبێتە مایەی کوژرانی . ناڵین ئەم بەڵگەیە هەڵەیە، لێ ئەوەی سەیرە ئەوەیە، کاك ڕێباز تەنها فٶاد بەتاوانبار و بکەری ئەو کارە تیرۆریستیە ئەناسێنێ. کەخۆی ئەمە گەلێ دوورە لەڕاستیەوەو ئەبوایە کاك ڕێباز پەردەپۆشی بۆ هەریەکە لەبکەر و فەرماندەری ئەو کردەیە نەکردایە، جا کە کردویەتی ئەوا گومان ئەخاتە سەر ڕاستی و دروستی ئەم بەڕێزەو ،هەروەها گومانێکیش بەجێدێڵێ لامان کە بۆچی ئەم کارەی کردوە. واتە بۆچی دان نانێ بەو راستیەدا کە شەهید ووریا تەنها لەسەر ئەوە نەکوژراوە کەوەك باسی لێوە ئەکا.
دواتر کاك شەهاب بە ڕاشکاوانە دێت تەنها بکەری ئەو تاوانە دەست نیشان ئەکا، کە ئەویش جەبار فەرمانە، لێ پێمان ناڵێ ئەی ئەو کەسەی فەرمانی بەجەبار فەرمان کرد کێیە. ئاخۆ جگە لەنەوشیروان مستەفا کە ڕەنگە کاك شەهاب ئێستا خاتری ئەگرێ و نایەوێ لەم کارە تیرۆرستیەدا ناوی بهێنێ کەسی تر هەیە؟ من دڵنیام کاك شەهاب وەك ڕۆژی ڕووناك ئەزانێ کە ئەوە تەنها جەبار فرمان نیە بەشدارە لەو کارەدا، بەڵکە ئەو تەنها بکەری ئەو کارە بوەو بەڵام بۆ هەر هۆیەك بێ نایەوێ ناوی ئەو کەسە بێنێ کە فەرمانی بەو دا کە ووریا لەت و پەت بکەن.
گەر بگەڕێینەوە بۆ ساڵەکانی دوای ئاشبەتاڵ و سەرەتای ساڵەکانی ١٩٧٦ کە لەسلێمانی خەڵک کوشتن دەستی پێکردەو هەریەك بەشێوەیەك باسی لێوە ئەکرد، هەندێك پێیان وابوو ئەمە کاری حزبی بەعس خۆیەتی، هەندێكی تر ، پێیان وابوو ئەمە کاری شۆڕشە. لەڕاستیدا یەکێ لەئەجنداکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەران لەسەرەتادا ئەوەبوو، کە پێوستە ئەو کەسانەی کە دەوری نێگەتیڤ و خراپیان هەبوە لە ئاشبەتاڵ و دەست خستنەوە دەستی حزبی بەعس ، پێوستە ئەوانە یەکەمین ئامانج بن بۆ ئەوەی چاو ترسێن بکرێن و کەس نەوێرێ خۆی لەقەرەی جاشێتی و خیانەت نزیك بکاتەوە. دیارە ئەو کەسانەی کە کاك شەهاب ئاماژەی پێداوون کە شەهید ووریا لەچالاکیەکانیدا بەسزای گەل و شۆڕشی گەیاندوون ، لەڕاستیدا لەبەر ئەوە نەبووە کەئەمان پارتین. نەخێر، ئەمانە لەکاتی شۆڕشی ئەیلول ، مەلا مستەفا ئاسا، کەچۆن چوو بۆ ئەمریکا و بڕی ١٠ ملێۆن دینار ئەو کاتەی دزی ، ئاوهاش ئەو کەسانەی کە دواتر بەسزای گەل و شۆڕش گەیاندران هەمان کاریان کرد و لەکاتی دوای ئاشبەتاڵ هەریەك لەوانە چونکە لەقوتابخانە بێ سەروبەرەکەی مەلا مستەفا قوتابی بوون. ئەمانیش بەڕەشکە پارەی شۆڕشیان دزیبوو دواتر کەگەرانەوە هەریەکەو چەندین خانوو، زەوی و موڵك وبارزگانیان بە پارەی دزراوەوە کرد. بۆیە وەك دەسپێکێکی شۆڕش پێوست ئەو جۆرە کەسانە لەناو ببرێن. وەیان لەکەمترین حاڵەتدا چاوترسێن بکرێت.
ووریای مام ساڵح لەخێزانێکی هەژاری سلێمانی و بەکرێکاری گەورە کرا، کەچی هەموو ژیانی خۆی بۆ شۆڕش سەرف کرد و دواتر هەر شۆڕش بوو کە بەو شێوەیە کوشتیان. ووریا جگە لەوەی لەکاتی شاخ هەردەم ڕادێویەکی ئەخستە بن پەنا گوێی و زۆر ئاشنایەتی و حەزی بەگۆرانی عەرەبی ئەکرد، بەتایبەتی ئوم کەلسوم و خەریکی فێربوونی زمانی عەرەبی بوو. کەچی ئەمشیان بۆ کردە بەهانەیەك و سەریان تیا پەڕاند. ووریا کەسێکی دڵسۆز بوو ، ئازا و بوێر. لێ لەبەرئەوەی بکەرو داڕێژەری ئەم کارە کەسانی مەسئول و پایە بەرز بوون و هەر وا بەسانایی ووریایان کوشت چونکە پێیان وابوو کەوا نهێنێ لیژنەی ئیغتیالاتی سلێمانی داوەتە مودیر ئەمنی سلێمانی و فەرمانی کوشتنیان دەکرد. کەئەمەش گەلێ لەڕاستیەوە دوور بوو.
وەك ئاشکرایە ئەو کاتەی جەبار فەرمان بەتەور ووریای کوشت.لەخۆوە ئەو کارەی پێ نەئەکرا، لەبەرئەوەی ئەو کات بەرپرسیاری ئەوەندە گەورە نەبوو، پێم وایە گەر هەڵە نەبم ئەو کات تەنها ئامر کەرت بوو مەسئولی زیندانەکان بوو. ئێدی کەس بەبێ گەڕانەوە بۆ لیژنەی سەرکردایەتی نەیان ئەتوانی زیندانی بکوژن وەیان بەرەڵا کەن. هەر وەك نمونەکەی ئاکۆ چاو شین کەلەسەر ئەوەی کاری سێکسی لهگهڵ لەکچێك کردوە گولە بارانیان کرد.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست