کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نیلسۆن ماندێلا لەپێناو ئازادییدا کۆتایی بەگەشتە دوورەکەی هێنا

Friday, 06/12/2013, 12:00


کە پێم هاویشتە سەکۆی زیندان ، بەرنامەم ڕزگارکردنی ستەمکار و ستەملێکراو بووە ، لە ڕێگای دووری ئازادییدا ڕۆیشتم و کۆششم زۆرکرد .هەڵە نەکەم و نەکەوم و هەنگاوەکانم نەشێوێت، ئەوەشم بۆ دەرکەوت مرۆڤی ئازاد کە بەسەر چیایەکدا سەردەکەوێت با بڵندیش بێت ، چیای تری لەو بڵندتری لە پێشێوەی دەبێت بۆ سەرکەوتن ، ئێستا من پشوو دەدەم ، پشودانی شەڕکەرێک ، پشودانێکی کورتە، چونکە ئازادی پاشکۆی زۆرە ، ناکرێ چاوەڕوان بم ، چونکە ڕێگەکەم دوورە و هێشتا تەواو نەبووە "ماندێلا"

نیسڵسۆن ماندێلا :
ئیتر خەمی گەڕانەوەت نەبێت بە ئاسودەیی پشوو بدە چونکە تۆی ئازاد لەپێناوی ئازادیی دوژمنەکەشدا هەر لەخەباتکردندا بووی ، جوانترین شۆشگێڕ ئەوە یە دوژمنەکەشی ئیرەیی پێ ببات ، گەرچی تۆ بۆ شەیدای ئازادی میللەتەکەت خەباتت کرد ، کەچی بەدوای ئازادیدا بۆ ئێمە وێڵیش بوویت، ئێمەیەک کە هەموو ڕۆژێک لەپێناوی ئازادیدا ئەتک دەکرێین ، ئازادییەکمان دەوێت و خەونی ئێمەیە، باوکێکی وەک تۆ سەرسپی و ئازاد ببێتە خاوەنمان و مرۆڤەیەتی شانازیمان پێوە بکات، بێن ناشرینێکان و دزێوێکانیان لەگەڵ باوکە جوانەکەی ئێمەشدا بشارنەوە .


کاتێک "کلینتۆن" سەرۆکی پێشوی ئەمەریکا دێت و بە تامەزرۆیەوە دەیەوێت سەر لەو زیندانە بدات کە تۆ تێدا زیندان بوویت ، ئەوە ئیتر گەواهی ئەوە دەدەن پێمان دەڵێن، کە تۆ چ پێغەمبەرێک بوویت و چۆن توانیت "ئەمکا" * ئاسا بچیت بەچاوی هەموو هەڵگرانی بیروباوەڕێ " ئەپارتایدا " و ببیتە سەرکردەی سپیە داگیر کەرەکان و ئەوانیش بەتامەزرۆیەوە بێنە دیدارت و وێنەت لەگەڵدا بگرن و تۆش تەنها بەزەردەخەنە مانادارەکەتەوە باسی مێژووی تاوانەکانیان بکەیت ، عیسا ئاسا لێیان ببووری و فێریان بکەیت و پێیان بڵێیت ستەمکار بەقەدەر ستەم لێکراو بگرە زیاتریش پێویستی بەئازاد بوونە . تۆ لەم وێنەیەدا پێمان دەڵێیت لەپشت شیشبەندی توند ڕەوی و ستەمەوە ئاسۆیەک هەیە بۆ ئازادیی . تۆ خۆت دەڵێت ئێمە تەنها سەر بەست بووین ، دەڵێی مافی خۆمانە جارێکی تر زوڵمان لێنەکرێت ، بۆیە ئەو دەم لە ووتارێکدا ووتت' ئێمەدوا هەنگاومان نەهاویشتوە دەبێ بیهاوین و بەردەوام بین" .
ئەمڕۆ سەرۆکی ئەفەریقای باشور لەخۆیەوە ناڵێت " ووڵاتەکەمان کوڕە گەورەکەی لەدەست دا و گەلەکەشمان باوکێکی پڕلە کەسایەتی و فیگورێکی مەزنی لە دەستچوو".
ماندێلا : ئێمە وەک گەلی کورد هەڵوێستەیەکی جوامێری تۆمان بۆ هەرگیز لەیاد ناچێت ، کاتێک دەوڵەتی تورک ویستیان مەدالیای " ئەتاتورک " بە بەرۆکتا هەڵواسن تۆ قبوڵت نەکرد ، کاتێک ڕۆژنامەنووسێک پرسیاری لێ کردی داخۆ بۆ ئەو مەدالیایە وەرناگری ؟ لەوەوڵامدا ووتت " گەر دەتەوێت بزانێ بۆ مەدالیای ئەتەتورک بۆ بە بەرۆکما هەڵناواسم ، بڕۆ بۆ تورکیاو ، ماوەیەک ببە بە کورد و وەک کورد بژی، ئەوسا تێدەگەیت " ئەمە ئەو هەڵوێستە مێژوویەت تۆ بوو کە تۆی وەک پاڵەوان بە ئێمە ناساند و کەوتینە سۆراغی ژیانت و زانیمان باوکێک میهرەبان دەزانێت گەلێک هەیە وەک گەلی ئەفەریقای باشور بە دەست شێوەیەکی تری ڕاسیستەوە دەچەوسێتەوە و کۆیلە کراوە و خاکەکەی داگیرکراوە و سامانەکەی هەڵدەلوشرێت و دوایش بەسامانەکەی بارووتی بەسەردا دەدەن و شۆشگێڕەکانی زیندانی دەکەن و خەڵکەکەشی ڕەشەکوژ دەکەن و باڵندە و گیاندارو گوندو دارو بەردی سوتماک دەکەن ، دەتزانی تورکەکانیش لەمنداڵدانی ئەپارتایدەوە هاتونەتەدەرەوە و داگیر کەرەنی ووڵاتەکەی منیش لەهەمان قوتابخانە دەرچوون و دەرچووی هەمان قوتابخانەی تیرۆرو ڕەشەکوژین. لەجێگەیەکدا کە بڕیارتان دا خەباتی چەکدارانە بکەن ئاوات دەگووت " لەڕاستیدا خەباتی ئاشتیانە شەرمەزاری کردووین چونکە بوارێکی بۆ نەڕەخساندوین بۆ بەررپەرچدانەوەی ئەو توند و تیژییەی کە ڕژێم دەرهەقمان دەیکات و هیچیشی بۆ گۆڕینی زۆرداران نەکردووە ".
پاشان هەرگیز ئەوەمان بیر ناچێت کە ئەو پارێزەرەی بەرگری لەکەیسی تۆ دەکرد لەزینداندا بەتامەزرۆیەوە دەیویست ببێتە پارێزەری" ئاپۆ"کەی کورد لە زیندانی ئیمراڵیدا لەلای تورکەکان . من دڵنیام ئەو هەڵوێستەی تۆ پارێزەرەکەشتی والێکرد کەیسی ئاپۆ ی لەخەمدا بێت .
کە مرۆڤ گەشتێک بەناو گەشتە دوور و درێژەکەی ژیانتا دەکات کە پڕێتی لەوانە ی جوان و پڕ مانادارو فێربوون لێتەوە کە تۆ چ خەونێکت هەبووە ، جارێک لەیەکێک لەدادگاکاندا تاوانبارت دەکەن بەوەی کە تۆ شیوعییت . تۆش ئاوا وەڵامیان دەدەیتەوە پێیان بڵێت کە ئەوانەی بەرگی شیوعی بوون دەپۆشن نابنە شیوعی و ئەوانە شیوعییەت ئەتک دەکەن بۆیە شیوعێت دوای ئەو هەموو ساڵە لەجێگەی خۆی پایدۆس دەکات . پێت ووتن : من هەرگیز شیوعی نەبووم و بەردەوام خۆم بە نیشتمانپەروەرێکی ئەفەریقی زانیوە ، ئینکاری ئەوەش ناکەم حەز بەخوڵقاندنی کۆمەڵگایەکی بێجیاوازیی دەکەم و مەیلی مارکسیەتم هەیە .
گەورەیی ماندێلا لەوەدا بوو کە هەرچی کردوە سوپاس گوزاری هاوڕێکانی بوە و لای وابوەو بێ هاوڕێکانی ئەو نەیتوانیوە هیچ شتێک بکات ، هەرچیەکی کردووە لێی پەشیمان نەبۆتەوە و بڕوای بەئاکام و ئەنجامەکەی بووە ، بۆیە لەجێگەیەکدا باسی ووتەیەکی شکسپیر دەکات و دەڵێت " وەرگرتنی ئاکامی مردن بەخۆشی، تامی مردنەکە وەک تامی ژیان خۆش دەکات" .
کاتێک بۆ خولێکی سەربازی گەشتێک دەکات بەر لەگرتنەکەی ، ئەوەی زۆر جودایە کاتێک کۆمەڵێک ڕاهێنان دەکات و هەست دەکات بۆتە سەربەزێکی ڕاهاتوو لەو یادا ماندێڵا دەڵێت : "وەک سەربازێک ڕاهاتبووم ،هەستدەکەم وەک سەربازێکیش بیردەکەمەوە" دەڵێت سەرباز بیرکردنەوەی جیاوازە لەگەڵ کەسێکی سیاسیدا ، لەگەشتەکەیدا جگە لەوەی خەونی ئەوەی هەیە ببێتە سەرکردەیەکی پارتیزان و خۆی ووتەنی لەماوەیەکی کەمدا هەرچی کتێبی گیڤاراو کاسترۆ هەیە و هەرچی لەسەر شەڕی چەکداری هەیە و ئەو کاتە دەستی کەوتوە خوێندوویەتەوە ، جگە لەوە مرۆڤ دەبات بۆ ناو سیحری گەشتێک بەئەفەریقادا کە مێژوویەکی پڕ لە ڕووداو شارستانییەت خۆی لەهەناودا هەڵگرتوە و شاردۆتەوە و پێست ڕەشەکان خاوەنی ئەو مێژووەن لەوێدا ، ئەوە ماندێلایە پێمان دەڵێ کە ئەم کیشوەر ئەم بەشە لەجیهان تەنها خاوەنی زەڕافەی ملدرێژوو ئاژەڵی کێوی نییە بەڵکو ئێرەش خاوەنی شارستانێتە و بەشێکە دانەبڕاو لەمێژووی مرۆڤایەتی و گۆی زەمین .
دوایی ئەوەی لەزینداندا هاتەدەرەوە لەدوای ٢٧ ساڵ پاشان نۆبلی ئاشتیان دایە و لەگەشتێکیشدا سەفەری ووڵاتی سوئیدی کرد ،چونکە وەفا ئەو پیاوەی هێندەی تر جوان کرد ، کاتێک "پاڵمێ " ڕاستەو خۆ لەکاتی شۆڕشدا پشتگیری کۆنگرەی نەتەوەیی ئەفەریقای کرد دژی سیاسەتی ئەپارتاید ، ماندێلا هەڵوێستی " پاڵمێی"ی لەیاد نەکرد و لەگەشتەکەی بۆ ووڵاتی سوئید چووە سەر گۆڕی ئەو پیاوە مەزنەی سوئید لەگەڵ خانمەکەی پاڵمێدا .


ماوەتەوە بڵێم کە بێمەڵامەت نەبوو کاتێک وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمەریکا "کۆندەلیزا ڕایز" ووتی من شەرم دەکەم کاتێک کەسێکی وەک ماندێلا ناتوانێت بێت بۆ ووڵاتەکەم . شایەنی باسە ماندێلا تا ساڵی‌ 2008 ناوی‌ له‌ لیستی‌ تیرۆری‌ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكادا بوو

پێش ئه‌و مێژووه‌ ماندێلا و ئه‌ندامانی‌ تری‌ سه‌ركردایه‌تی‌ حیزبی‌ كۆنگره‌ی‌ ئه‌فریقی‌ نه‌یانده‌توانی‌ سه‌ردانی‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان بكه‌ن به‌بێ‌ مۆڵه‌تی‌ تایبه‌تی‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ و ئه‌و حزبه‌ وه‌ك رێكخراوێكی‌ تیرۆریستی‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ ئاپارتایدی‌ باشووری‌ ئه‌فریقا ناوده‌برا.

له‌ ساڵی‌ 2008دا كۆندالیزا رایس وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌وكاتی‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا ناڕه‌زایی خۆی‌ له‌و بڕیاره‌ی‌ حكومه‌تی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ ده‌ربڕی‌ و رایگه‌یاند كه‌ بڕیاره‌كه‌ مایه‌ی‌ شه‌رمه‌زارییه‌كی‌ گه‌وره‌یه‌ و دواتر به‌ یاسایه‌ك كه‌ له‌لایه‌ن "هاوه‌رد بیرمان" سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ كاروباری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ كۆنگرێسی‌ ئه‌مریكاوه‌ دانرا، ناوی‌ ماندێلا و حزبه‌كه‌ی‌ له‌ لیستی‌ تیرۆر لابرا.

له‌ هه‌شتاكانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوودا رۆناڵد ریگن سه‌رۆكی‌ ئه‌و كاتی‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌کانی‌ ئه‌مریكا ناوی‌ حزبی‌ كۆنگره‌ی‌ ئه‌فریقی‌ خسته‌ناو لیستی‌ تیرۆره‌وه‌. بەڵام ماندێلا هەر نەچووە ئەمەریکا تەنها بەزەردە خەنەکەی قسەکەی کۆندەلیزاڕایزو گۆڕین و لابردنی ناوەکەی لەلیستی تیرۆر وەڵام دایەوە ، وەک بڵێت من چۆن دێمە ووڵاتێک کە هۆکاری ئەو هەموو تاوانەیە لە سەر ئەم ئەستێرەیە.
ساڵی پار کۆمەڵێک چەند بەرپرسی یەکێتی چوون بۆ خوارووی ئەفەریقا بۆ کۆنگرەی سۆسیال دیمکراتەکان ، ئەوان لەهەوڵی ئەوەدابوون ماندێلاببینن ، بەڵام گوایە ئەو تەندروستی خراپ بوو لەو کاتەداو نەیوویست ئەم کەسانە ببینێت ، بۆیە ئەوانیش چون بۆ ئەو زیندانە مێژوویەی کە ماندێلا تێیدا زیندان بووە و وێنەیان گرتبوو ، دوای لەمێدیاکاندا بڵاویان کردەوە ،. منیش شانۆگەریەکی ستیگ داگەرمانم بیرکەوتەوە "تارمایی مەرگ " لەوێدا ڕستەیەکی جوانی تێدایە کە دەڵێ " زۆرجاران کەسە ترسنۆکەکان دەتوانن پاڵ بدەن بەکێلی خەڵکی قارەمانەوە" ئەوەی چوو لە ژووری زیندانێکەی ماندێلادا وێنەی گرت نابێتە ماندێلا ، بەڵکو تەنها وێنەیەکە کەسەکان خۆیان لەپاڵیا دەشارنەوە.
لەدوایدا ئەوە دەڵێم کوردستانپۆست هەڵە نەبوو مەدالیایی یەکەم ساڵی شەهید سەردەشتی بەخشیە ماندێلا لەگەڵ نامەیەک کە باسی لەدەسەڵاتدارانی ئێستای کوردی لەباشوری کوردستان لەخۆیی گرتبوو .
ووتارەکەم بە ووتەیەکی ماندێلا کۆتایی پێدێنین کە دەیووت :"من مەسیح نیم من مرۆڤێکی ئاساییم و بەهاتنی چەندین بارو کەشی نائاسایی بوومە ڕابەرێک "
سڵاو لەو گەشتە دوور و درێژەی ماندێلا بۆ ئازادیی .
ئەمکا * ووشەیەکی ئەفەریقی یە بەمانایی سەرە ڕم دێت و ڕێخراوی کۆنگرەیی نەتەوەی ئەفەریقا بەشی چەکداریان ئەو ووشەیەیان بۆ دانابوو.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە