ڕۆڵی لاوازی کورد لەئەمریکا
Thursday, 27/10/2011, 12:00
٣ هەفتە لەمەو بەر،ئەمریکا پلانی تیرۆرکردنی باڵوێزی سعودیەی لە واشنتۆن ڕاگەیاند، کەلەلایەن دەزگای ئیتلاعات و بەهاوکاری چەند کەسێکی بەکرێگیراوی سەر بە گروپی(کارتێل)، کەئەم گروپانە کاریان بە مادە هۆشبەرەکانەوە هەیەو لەزۆربەی ووڵاتانی ئەمریکای باشورو لاتین بونیان هەیە ، جگە لەمەش بەکاری توندو تیژی و تیرۆرکردن بەناوبانگن. ئەگەر چی پلانەکە جێبەجێ نەکراو کەسیش تیرۆر نەکرا،لێ توانرا چەند کەسێك دەست گیربکرێن لەلایەن دەزگاکانی ئەمریکی و تا ئێستاش لێکۆڵینەوە بەردەوامە. ئەگەر چی ئێران بەتەواوەتەی ئەم کارە ڕەت ئەکاتەوە و بەپاساوی ئەوەی ، ئێران کاری وا ناکاو ئەوان تیرۆری کەس ناکەن و ئەم پلانەش تەنها وەك فشارێك دژ بەئێران بەکاردێ تا پشتگیری خۆی بۆ سوریا و لوبنان ڕابگرێ و چی تر ئەوەندە دەست لەکارو باری عێراق وەر نەدا.
مێژووی تیرۆرکردن لەلایەن دەزگای ئیتلاعات سنووری دەوڵەتی ئێرانی لەمێژە بڕیوەو پەڕیوەتەوە گشت جیهان، هەر بۆ نمونە؛ لەبەرواری ١٣/٧/١٩٨٩ ، ئیلاعات توانی لەشاری ڤییەنای ووڵاتی نەمسا ، ئەبدولڕاحمان قاسملو وچەند هاوەڵێکی لە ئەپارتمێنتێکدا تیرۆر بکەن. هەر دوای ئەو کارە قێزەوەنە، لە بەرواری ١٧/٩/١٩٩٢ ،ئیلاعات توانی گورزی دووەمی تیرۆری لە سادق شەرەفکەندی بوەشێنێ و خۆی و چەند کەسێکی دی لەتەك ئەوەدا تیرۆر بکەن لە چێشتخانەیەك لەشاری بەرلینی ووڵاتی ئەڵمانیا. ئەمە جگە لەو هەوڵانەی کە دایان بۆ تیرۆرکردنی ڕۆمانوسی بەناوبانگ(سەلمان ڕوشدی) لەسەر بڵاوکردنەوەی ڕۆمانی(ئایات شەیتانیە) کەخۆشبەختانە نەیان توانی دەستی تیرۆریان بیگاتێ،،،، ئەمە چەند نمونەیەك بۆ ئەوەی ڕاستی ئەوە بسەلمێنێ کە سیستمە دکتاتۆریەکان چەند بەدوای نەیارانی خۆیانن و لەهەر شوێنكی ئەم گەردوونە بۆیان بلوێ و بۆیان بکرێ، تیرۆرکردن، باشترین ئامرازەو لەمانەشەوە، بە دوو مافیاکەی خۆشمان، خۆیان خەریکی هۆنینەوەی ئەو جۆرە کارە تیرۆرکردنان دژ بەنەیاران و ناحەزانیان.
کرۆکی ئەم باسە بۆ ئەوەیە نیە بەباس لەوە بکەین کە چۆن سەرکردەکانی پارتی و یەکێتی چەندین هەلی گونجاویان لەدەستدا بۆ بەزیندە بەچاڵکردنی دروست کردنی دەوڵەتی کوردی، بەڵکە لێرەدا تەنها مەبەستم ئەوەیە ، کەڕۆڵی لاوازی کورد بەگشتی و ئەوەی لێرە هەیە بەناوی(نوێنەری حکومەتی هەرێم)لە واشنتۆن دی سی، کەکەس نازانێ کاریان چیە،باس بکەم. کە جگە لەبارزگانی و نەوت فرۆشتن و ڤێلا کڕین هیچی تریان پێناکرێ. نامەوێ ڕۆڵی چەند کارمەندێك لەو ڕێکخراوە نادیدە بکەم لەوەی کەخەرێکی ڕاپەڕاندنی هەندێ کارن، وەك دروست کردنی پسولە و کەفالەت بۆ کوردستان، ئەوەی بەندە زیاتر مەبەستمە، بۆچی ئەم نوێنەرایەتیە نەیان توانی ئەو هەلە گەورەیە بقۆزنەوە و لەتەك هەواڵی تیرۆرکردنی سەفیری سعودیە ، گەورەترین هەڵایان دروست بکردایە دژ بەکۆماری ترس و تیرۆری ئێران و ئەو کەیس و دۆزانەی دژ بەکورد کراون کەلە سەرەوە ئاماژەم پێداون، زیندویان بکردایەتەوەو گەورەترین خزمەتیان بەدۆزی کورد بکردایە.
دیارە بەهەمان پێوەر، پارتەکانی کوردستان ڕۆژهەڵاتیش هەمان ڕۆڵی کەمتەرخەمیان هەبوو ، بەوەی نەیان توانی هیچ کاریگەریەك لەو ڕۆژەدا دژ بەئێران دروست بکەن،، خۆ ئەوە باس لە ئەنجومەنی گۆڕان لەواشنتۆن هەر مەکە، نەیان توانی تەنها بە ووتارێك وەیان نووسراویك کەڵك لەم بۆشایی کەمتەرخەمی نوێنەرانەی حکومەتی هەرێم وەربگرن و ئەوان لەجیاتی هەڵبستانایە و ئەو کارەیان بکردایەو خۆپیشاندانیان ساز بکردایە.
دیارە قوباد و جەماعەت، وەك تاڵەبانی بارزانی نایانەوێ دڵی ئێران لەخۆیان زوویر بکەن، ئەوەتا ئەمریکا ، ڕۆڵی تاڵەبانی بەنێگەتیڤانە لەقەڵەم ئەدا ئەڵێ؛ کاتێ تاڵەبانی سەردانی ئێران ئەکا، خۆی وەك سەرۆك کۆمار نیشان نادا، بەڵکە وەك موعارەزەیەك دەرئەکەوێ.. ئاخز تازە بەتازە ئەمریکا خەبەری بۆتەوە، ئەگینا لەمێژە ئەبوو بیانزانیانە کە تاڵەبانی پیاوی ئێرانەو مەسعودیش پیاوی تورکیا.
وەك لە چەندین شوێن و ووتار باسی لێوە کراوە، بودجەی نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئەمریکا، لەسەروو ٥ ملیۆن دۆلارە، باشە تا ئێستا کەس ئەزانێ ئەو پارەیە بۆ چیەو چۆن سەرف ئەکرێ؟ نەمان بیست ڕۆژێ، ئەم نوێنەرای کورد(لەڕاستیدا باشترە بڵێن نوێنەرانی هەردوو حزب) چەند کاریان وەك لۆبی کورد کردوە بۆ خزمەتکردنی دۆزی کورد؟؟ یان هەر خەریکی پارە بەخشینەوەن بەسەر چەند دزێکی وەك (پیتەر گالبریس و جای گارنەر)و چەند نەوت فرۆشێکی تر؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست