31 ئاب ...بەتاڵكردنەوەی سوننەتی كوردایەتی
Sunday, 30/08/2009, 12:00
نووسینی: بێستوون خهلهکانیوابزانم هەموو كوردێك لەگەڵ باسی 31 ئابدا موچوركێكی ساردو دڵتەزێن جەستەی دەتەزێنێت , بێئاگا تابلۆی سوریالیزمی تراژیدیای گەلێكی چەوساوە وەكو فیلمێكی رەش و سپی بە بەردەمیدا گوزەر دەكات , خەباتی گەلێك كە هیچ كاتێك بەرچاو تەنگ نەبووە لەوەی رۆڵەی بەوەفاو گەنجی خوین گەرم و تەنانەت بە ساڵا چوانی دەستەویەخەی مەرگ بكاتەوە لە پێناوی كوردایەتی دا ...لە پێناوی ئازادیدا ... لە پێناوی خاكێكدا كە هەر قولانجێكی بۆنی ئیسقانی جوانەمەرگێكی لێ دێت و هەر ژێر خرنوكێـــــكی مەزاری سەربازێكی ونە .
هەر ماڵێكی بۆنی خوێنی لی دێت و هەر سەركردەیەكی بۆنی خەیانەت .
كولتوری خەیانەت بە لای سەركردەكانی كوردەوە بوە بە مۆدێل و میـــتۆد , ئەوەش پێشینەی دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی كە لە بنەچەدا ئەو سەركردانە هەڵــــگری پەیامی پیرۆزی كوردایەتی نین بەڵكو وێڵن بە دوای كۆمەڵێك خەیاڵی دۆنكیشۆتی و دەسەڵات و كورسیدا , لە كوردستاندا رۆژیّك لە رۆژان حزبێك نەبوە كە بتوانێت سەركردایەتی جەماوەر بكات و بەرەو ئامانجێك ئاراستەیان بكات بەڵكو هەمیشە سەركردەیەك هەبوە كە مێگەلێكی كۆیلەی داوەتە پێش خویی و بەرەو چارەنوسێكی رەش ئاراستەی كردون بە ناوی كوردایەتی و سەربەخۆیی كوردستان و دروشمی پرتەقاڵی خستونیە باوەشی گەرمی مەرگەوە كە زۆربەی كات بە دەستی دوژمنانی كورد نەخشەكێش كراوە بێ ئەوەی ئیرادەی خەڵكی كوردستان لەبەرچاو گیرابێت , وە دژی كورد بوە نەك لە بەرژەوەندی كورددا ,31 ئابیش لەوە بەدەر نیە ..بەشێكە لە خەیانەت و خۆفرۆشی بەناو سەركردەكانی كورد... بەشێكە لە مێژووی رەشی كورد كوژی ... بەشێكە لەو كەرنەڤاڵەی بێ كۆتایی لە بازنەیەكی داخراودا لە فۆرمێكی خەیانەتەوە بەرەو خەیانەتێكی ترو بە شێوەیەكی تر سور دەخواتەوە .
بۆیە لەو ساڵیادە شومەدا وەكو كوردێك نەعلەتی دونیاتان بە سەرا دەبارێنم .
چیتان لە دوژمن كەمترە ؟
چیتان بە كەرامەت و ویژدانی مرۆڤی كورد نەكرد لە ماڵویرانی و شەری برا كوژی و خەیانەت و وڵاتفرۆشی و ئاشبەتاڵ و مامەڵە كردن بە بەهاكانی تاكی كوردەوە , لە كۆتاییدا گەندەڵی و دزی و تاڵانكردنی نان و دانوی هەژارو زەحمەتكێشی گەلی ئێمە .
لەوە سەیر تر سەركردە خۆكردەكانی كورد بەر لەوەی نەخشە بۆ خەیانەتێكی تازە بكێشن , پاساوی بۆ ئامادە دەكەن وە هەمیشە خەیانەتەكانیان لەبەردەم گەلی كوردا بە سەركەوتنی مەزن و تاكتیكی ئەرخەوانی لەقەڵەم دەدەن , شەرم لەوە ناكەن كە مێژوو وەكو خۆی دەچێتە دیوانی مێژوەوە نەك وەكو ئەوەی كە ئارەزووی ئەوان دەخوازێت , هەمیشە هەوڵ دەدەن كە بە دروشمی درۆ خۆیان بخەنە ئامێزی جەماوەرەوە , بێ ئاگا لەوەی كە خەڵكی كوردستان رۆژێكی تۆڵەی دەبێت بۆ ئەوان , چـــارەنوسی سەركردەی خۆفرۆش تاریكایی لەبیرچونەوەیە نەك دڵی بێ نەوازان ...ئەو ســــەرۆك بارزانیەی كە لە 31 ئابدا دەبابەو تانكی رژێــمی سەدامی بە سەر خۆلەمێشی ئەنفال و هەلەبجەدا و لە ژێر پەرچەمی عێراقدا گەراندەوە بۆ بەر دەرگای پەرلەمانی كوردستان , دواتر بۆ چەواشە كردنی خەڵك ئەو راستیە دەخاتە روو كە لە ژێر سێبەری پەرچەمی عێراقدا كورد جینۆساید كراوە و توشی كارەسات بوە , ئەی ئەو رۆژەی كە گەورەترین خەیانەتی نیشتیمانیت كـــــرد خۆت و كۆیلە زەردەكانت بیرتان لە چی دەكردەوە جگە لە بەرژەوەندی خێل و تیرەكەت ؟؟؟
خەیانەتەكانی 66 , خەیانەتی ئاشبەتاڵی 1975 , خەیانەتی هەكاری هەكاری 1978 , شەری براكوژی ساڵانی 80 و 90 كانی سەدەی بوری , 31 ئابی 1996 , كوشتنی دەیان هەزار رۆڵەی گەلەكەمان لە جەنگی كورد كوژیدا , كوشتن و لەناو بردنی بە هەزاران خەڵكی دلسۆزو كورد پەروەری وەك فاخر مێرگەسوری - مامۆستا ئەمین - كوشتن و تەسلیم كردنەوەی سەدان ئەندام و كادێرانی حزبی دیموكراتی ئێران بە رژێمی شای ئێران و رژێمی ئاخوندەكان - خۆفروشی و سیخوری سەركردە مەلەفچیەكانی وەك بەهرۆز گەڵاڵی و مستەفا چاورەش و سەعدی ئەحمەد پیرەو دەیانی تر _ جەنگ و دوژمنایەتی كردنی پ.ك.ك جینۆسایدی ئافرەتان بە ناوی یاسای خێلەكی بنەماڵە ناپیرۆزەكان _ دزی سەروەت و سامانی گەلی كورد و شاردنەوەی لە بانكەكانی دەرەوە_ كۆكردنەوەی مێگەلێكی خەڵكی تا سەر ئێسقان هەلپەرست و نەخوێندەوار بە ناوی پەرلەمان و وەزارەت و دامو دەسگای حكومەتی هەرێم ..... ئەوەو بە دەیان چەواشەكاری تر بە بەرچاوی خەڵكی كوردستانەوەو بەناوی كوردەوە لە لایەن سەركردە و دارو دەستەكەیان ئەنجامدراوە , كەسیش نازانێ چەند خەیانەت و خۆفرۆشی تر لە هەگبەی ســــیحراوی ئەو دوو بنەماڵەیەدا خۆی مەڵاس داوەو لە كاتو ساتی خۆیدا تەپ و تۆزی قور بەسەریەكی تازەمان بەسەرا دەبارێنێت ..خەیانەت و خۆفرۆشی سەركردەكانی كوردو دامو دەزگاكانیان سوننەتی كوردایەتی لەكەدار كرد , ئەوەی كورد كوژو جەللاد بوو ئەورۆ شانازی بە كارەكەیەوە دەكات , ئەوەی سیخورو خۆفرۆش بوو ئەورۆ لافــی كوردایەتی لێ دەدات , ئەوەی ئەنفالچی و دەست خوێناوی بوو بە خوێنی خەڵكی كوردستان ئەورۆ خەنەبەدانی بنەماڵەكان گەرم دەكات , ئەوەی كە هەمیشە تەتەرو گوێ لەمستی دەربار بوو ئەورۆ جوێن بە رۆشنبیرەكانمان دەدات و مێژووی خەبات دەنوسێتەوە ...لە كۆتاییدا دەڵیم دوبارە نەعلەت لە مێژووی رەشتان , نەعلەت لە هەموو شتێكتان جگە لەو ساڵانەی كە ئێستە كۆرپە بوون و بیری خەیانەتتان نەكردبوەوە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست