كاتی ئەوە هاتووە لە یادی 21 ساڵەی كارەساتی ئەنفال پەیكەری ناپاكان لە گوندی ملەسورە درووست بكرێت
Thursday, 02/04/2009, 12:00
2227 بینراوە
وكو دەبینین هەموو ساڵێك لە یادی كارەساتی ئەنفالدا هەندێك لەبەرپرسانی كورد خۆیان دەكنە دەم ڕاستی ئەنفال و قسەی زل و بریقەدار دەكەن و خۆڵ لە چاوی خەڵك دەكەن بەوەی كە گوایە ئەوان فریاد رەسی كەس و كاری ئەنفالەكانن، بەڵام خەڵكی كوردستان لەوە گەیشتوون كە هەموو ئەو وتارانەی هەندێك لە بەرپرسانی حكومەت و حزب لە یادی كارەساتەكاندا بڵقی سەر ئاون، چونكە ئەو بەرپرسانە بە درێژای ئەو ساڵانە جگە لە بازرگانی بەئەنفالەوە هیچی ئەوتۆیان نەكردووە، كە ببێتە مایەی هیچ نەبێ تۆزێك ساڕێژ بونی زامەكانیان، بگرە ئەوەندەی تر زامی كەس و كاری ئەنفالیان كولاندوەتەوە خوێ َیان بەسەریدا كردووە.
یەكێ لەو كارانەی هەندێك لەبەرپرسانی حكومەت حزب كە بووتە مایەی توڕەبونی كەس و كاری ئەنفال ئەوەیە كە بەرپرسیارانی ئەنفال لەوانە جاش و موستەشارەكان لەلایەن ئەوانەوە داڵدە دراوون، لەبری ئەوەی ئەو خائینانەی دووێنێ لە قەفەزی دادگا شەرمەزار بكرێن و حكوم بدرێن، كەچی ئەو بەرپرسانەی كە لاف و گەزافی كوردایەتی لێ دەدەن بونەتە پارێزەری ئەو ئەنفالچیانە، هەر بەرپرسەو بووتە پارێزەری خائینێكی ئەنفالچی و موچەی باش و دویخانانەو بەرپرسیارێتی و چی وچیتریان داونەتێ، ئەوەتا لە چەند ڕۆژی ڕابردویشدا بینیمان هەندێك لەو ئەنفالچیانە خۆیان كردە پیاوی سوڵح، لە بەینی(تاڵەبانی ، نەوشیروان) ڕۆڵی خۆیان دەبینن!!!!!!!!ئەوە جگە لەوەش ئەو ئەنفالچیانە زۆربەی زۆریان لە ڕیزی پیرۆزی شەهیدانی گەلدا ناویان تۆمار كراوەو كراون بەشەهید، كە ئەو گەورەترین ئیهانەیە بە كەس و كاری شەهیدانی ئەنفال و كیمابارن و شەهیدانی ڕاستەقینەی گەلەكەمان.
دەسڵاتی كوردی بە حزب و حكومەتەوە لە بری ئەوەی خزمەتی كەس و كاری ئەنفال بكەن ناحییەی ڕزگاری شۆڕش خۆی بكەنە مۆنۆمێنت ، كەچی هاتوون هەریەكەی پێكەرێكیان لەو ناوچانە درووست كردووە ناویان لێ ناوە مۆنۆمێنت، درووست كردنی ئەو مۆنۆمێنتانە جگە لە خزمەتكردنی گیرفانی هەندێك لە بەرپرسانی سواڵكەری حكومەت و حیزب هیچ سودێكی بۆ كەس و كاری ئەنفال نیە، چونكە گەورەترین سوكایەتی بە كەس و كاری ئەنفال دەكرێت داڵدەدانی ئەو خائینانەی ئەنفالە لە لایەن بەرپرسانەوە، بۆ ئەوەی هیچ نەبێت تۆزێك مەڵهەم لەبرینی كەس و كاری ئەنفالەكان بدەین، دەبێت بۆ لەمەودوا لە بری ئەوەی پەیكەر بۆ ئەنفالەكان درووست بكرێت، هەموومان داوا بكەین پەیكەری ناپاكان و خائینانی كورد درووست بكەین لە گوندی ملە سورە كە زۆرترین خەڵكی گەرمیان لەو گوندەوە ئەنفالكران،ئەوتا ئێستا گەورەترین تاوانباری گوندی مللە سورە لە شاری كەلاردادەنیشێت و زیاتر لە 20 پاسەوانی بۆ دانراوە لە لایەن چەند بەرپرسێكی شۆڕشگێڕی دوێنێوە، ئەو ئەنفالچیەی گوندی ملە سورە دەتوانێت بە پشتگیری ئەو چەند بەرپرسە خەڵك لە ژوری سیدارەدا لە كوردستاندا دەربهێنی ئەوەندە دەسەت رۆیشتووە، تەنانەت 14 / 4 بە ناوی گوندی ملەسورەوە كرابە ڕۆژی ئەنفال، چونكە لەو ڕۆژەدا زۆرترین خەڵكی گەرمیان لەو گوندە گردكرابوونەوە و ئەنفالكران، باچیتر كەس و كاری ئەنفال بابە دهۆڵ و زۆڕنای ئەو بەرپرسانی كورد هەڵنەپەڕن و باوەڕیان پێ نەكەن،زۆرجار گوێ بیستی بەرپرسان دەبین پاساو بەوە دێننەوە كە ئەو ئەنفالچیانە پەرلەمانی كوردستان لێیان خۆش بووە و ئەوان بێ گوناهن، بۆ وڵامدانەوەی ئەو پاساوەیان، دەپرسین ئەرێ كام لەو بەرپرسانە ئامادەیە كەسێك براكەی بكوژێت بە بەرچایەوە بڕوات بتوانێت ددان بە خۆیدا بگرێت؟ لە وڵامدا دەڵێن نەخێرناتوان ، چونكە بەرپرسی واهەیە تەنها لەبەر ئەوەی یەك پاسەوانی كوژراوە، لە بەرامبەردا یان بڵێن لە تۆڵەیدا گوندێكی سوتاندووەو ئوێرانی كردووە،بۆیە كاتی ئەوە هاتووە ئەمساڵ كەس و كاری ئەنفال ڕوو لە گوندی ملە سورە بكەن لەوێ بەهەرچ شیوازێك دەبێت پەیكەری ناپاكان درووست بكەن،بشتوانرێت لە چەند ساڵی داهاتودا لەو جێگایەدا پەیكەری سەرجەم ناپاكان درروست بكرێت،بۆ ئەوەی هەمووساڵێك خەڵكی ئەنفالكراوی گەرمیان ڕوو لەو جێگایە بكەن و یەلكە باران و تەماتەبارانیان بكەن، هەرچ بەرپرسێكی بیانیش هاتە وەڵاتەكەوە سەردانی پەیكەری ناپاكانیا پێ بكرێت، بۆئەوەی بۆ جارێكی تر هیچ تاكێكی كورد نەتوانێت ئاوا بە ئاسانی ببێتە نۆكەری داگیر كەران و میللەتەكەی خۆی ئەنفال و شەهید بكات.
[email protected] تیبینی ئەم بابەتە لە رۆژنامەی هاوڵاتی ئازیزیشدا بڵاوبووەتەوە